٢٨\٩\٢٠٢١
فیلمی کوردیی
"زاڵاوا"
لە فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی "تۆڕۆنتۆ"ی کەنەدا پێشوازیی لێکرا.
مەنسوور جیھانی
فیلمی
سینەمایی کوردیی "زاڵاوا" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "ئەرسەلان
ئەمیری" لە بەشی "شەیدایانی نیوە شەو" لە چل و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "تۆڕۆنتۆ" لە وڵاتی کەنەدا پێشوازیی لێکرا.
فیلمی سینەمایی "زاڵاوا" لە دەرھێنانی سینەماکاری سنەیی "ئەرسەلان
ئەمیری" لە نووسینی ھاوبەشی خاتوو "ئایدا پەناھەندە"، خاتوو "تەھمینە
بەھرام" و "ئەرسەلان ئەمیری" و ھەروەھا لە بەرھەمھێنانی خاتوو "سەمیرا
بەرادەری" و "روحوڵڵا بەرادەری" لە دووھەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە
چوار سانسی جیاوازدا لەوانە: کاتژمێر ٨:٣٠ی پیشنیوەڕۆ و ٦:٣٠ی
دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢١، کاتژمێر ٦:٣٠ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی
١٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ و ھەروەھا کاتژمێر ٣:٣٠ی بەرەبەیانی ڕۆژی ١٨ی
سێپتەمبەری ٢٠٢١ بە شێوەی ئامادەبوون و بە شێوەی ئۆنلاین لە بەشی "شەیدایانی
نیوە شەو" لە چل و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆڕۆنتۆ"
لە شاری توڕۆنتۆ لە وڵاتی کەنەدا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن
بینەرانی ھونەری سینەما و ھەروەھا ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و ڕخنەگرانی
سینەماییەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.
"زاڵاوا" وەکوو یەکەمین فیلمی ھەڵبژاردەی کوردیی و ئێرانی لە تەنیشت ٥
بەرھەمی سینەمایی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لەم بەشە پڕبینەرەی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆڕۆنتۆ" نمایشکرا، کە فیلمی سینەمایی
"تیتانێ" لە دەرھێنانی خانمە سینەماکاری فەڕەنسا "جولیا دۆکۆڕنۆ"
ھەڵگری خەڵاتی چلەخورمای زێڕینی ٧٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"کان"ی ٢٠٢١ یەکێک بوو لەم شاکارانەی سینەمای ئەمساڵی جیھان.
بەشی "شەیدایانی نیوە شەو" یەکێکە لە بەشە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "تۆڕۆنتۆ" کە لە ساڵی ١٩٨٨ و بە مەبەستی نمایشی
فیلمەکانی ژانڕی تۆقێنەر، فانتازیا، زانستی، خەیاڵ و پڕشەڕ و شۆڕ
دامەزراوە. نمایشی فیلمەکانی ئەم بەشە لە نیوەی شەو دەستپێدەکات و
یەکێکە لەو بەشانەی کە گەنجەکانی ھۆگریی ھونەری سینەما زۆر تامەجرۆی
فیلمەکانی ئەم ڕووداوە پلەیەکەی سینەمای جیھانن.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆڕۆنتۆ" لە تەنیشت فێستیڤاڵی "ساندەنس"،
گرینگترین فێستیڤاڵی ئەمەریکای باکوور دێنەئەژمار و چل و شەشەمین خولی
ئەم ڕووداوە سینەماییە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی
جۆراوجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٩ تا ١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢١ لە شاری تۆڕۆنتۆ
لە کەنەدا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
www.tiff.net/events/zalava
راگەیاندنی فیلمی سینەمایی "زاڵاوا"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|