په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١٤

فیلمی سینەمایی "مەردان"

لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "گۆوا" لە ھیندستان نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە وڵاتی ھیندستان نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە کوردە کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٧ تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە وڵاتی ھیندستان چووە سەر پەردەی سینەما.


ئەم فیستیڤاڵە کە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم دێتەئەژمار لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٣٠ تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە شاری گۆوا کە یەکێکە لە شارە گەشتیارییەکانی وڵاتی ھیندستان بەڕێوەچوو.


لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا"دا دوایین بەرھەمی سینەماکارانی ناوداری جیھان، لەوانە: "ژان لۆک گۆدار"، "برایانی داڕدەن"، "نووری بیلگە جەیلان" و چەندین سینەماکاری دیکە نمایشکران.


دوای نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، ئەم فیلمە لە لایەن عێڕاقەوە بۆ کاندیدبوون لە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥ دەستنیشانکرا و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بڵاوکەرەوە جیھانییەکانی فیلم، لەوانە: "ئێم.کەی ٢"، "وایلدبانچ"، "وێرسیتالە فیلمز" و چەندین کۆمپانیای ناوداری جیھانی دیکە داواکاری بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە کوردییە لە ئاستی جیھاندا بوون.


تا ئێستا وڵاتانی جۆراوجۆر داواکای نمایشی ئەم فیلمە لە سینەماکانی خۆیان بوون و ھەروەھا فیستیڤاڵەکانی نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی دنیادا خوازیاری بەشداری فیلمی سینەمایی "مەردان" لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی خۆیان بوون.


"مەردان" لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی "دۆزینەوەکان" بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا.

کورتەیەکی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی بەتین قوبادی:

 



ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک