په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١٣

فیلمسازانى خۆرهەڵات لە باشوور.


کەریمۆک       


لەبەهارى ١٩٩١وە کەباشوورى کوردستان، رەوشێکى تایبەتى بەخۆوەدى و پەراوێزێک لە ئازادى و ئارامى لە ناوچەکە هاتە ئاراوە، سینەما وەک باقى لایەنە رۆشنبیرەیەکانیتر جموجۆلێکى بەرفراوانى بەخۆوە دیت، دەرگا بۆ فیلمسازە کوردەکانى خۆرهەڵات واڵا بوو بێن لەکوردستان ئەزموونى خۆیان تاقیبکەنەوە، لەم پێناوەشدا دەیان لاوى خۆرهەڵات بەتاسوقە و حەزێکى زۆرەوە لەم دیوەوە هاتنە ئەم دیو و دەستیان دایە کار و دەیان کورتە فیلم و فیلمى درێژیان دروستکرد، کەهەندێک لەو فیلمانە چ لەنێو فێستیڤاڵەکانى ناوخۆ چ لە دەرەوە خەڵاتى باشیان بۆخۆ مسۆگەر کرد.


ئەوان کە لەخۆرهەڵاتەوە هاتبوون، لەسەرخانى سەد ساڵەى سینەماى ئێران بەهرەمەندبوون و خاوەن ئەزمونێکى باش بوون، بۆیە ئەو ئەزمونەیان لەگەڵ خۆیان گواستەوە و فیملسازانى باشوور کەتا ئەو دەمە دەرفەتى وایان بۆ نەرەخسا بوو، هەر زوو باوەشیان بۆ کردنەوە و لەنێو کارەکانیاندا دەبوونە ستاف و رۆلى بەرچاویان دەگێڕا.


بێ ئەزموونى ئێمەى ئەوسا و بەئەزموونى ئەوان لەهەندێک خاڵدا پۆزەتیڤانەو لە هەندێ خاڵیشدا نێگەتیفانە شکایەوە.


لەدوتوێى ئەم نووسینەدا ئاماژەیەکى ناراستەوخۆ بەپۆزەتیف و نێگەتیڤى کارى فیلمسازانى خۆرهەڵات لە باشوور دەدەین. مەبەست لەو کارەش رووشاندنى هیچ کەس و لایەنێک نییە، چونکە ئەو هونەرمەندانە چەندەیان بێرە بەخشى، باشووریش دە ئەوەندەى بەوان بەخشێ، ئەگەرچى لەئاستى نەتەوەیەوە سەیرى بکەین، ئەوانیش بەشێکن لەو خاکەو بۆ کەس نییە منەت بکات لەهاوکارکردنیان، بەڵام ماوەیەکە لێرەو لەوێ بەرگوێمان دەکەوێ، کە تاکەى پشکى شێر بۆ کوردانى خۆرهەڵات بێت و لاوانى فیلمسازى ئێرەش لەچاوەڕوانى دەستگیرۆى دابن؟!


نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە لەرابردوو ئەو سەرزەمینەى ئێمە خاڵى بووە لە باگراوەندێکى قولى سینەمایى، چونکە ئێمە بەدەسەڵاتى ناوەند پەیوەست کرابووین، ئاشکرایە رەوتى سینەمایى لەبەغدا و خوار و لەئاستێکى زۆر لاوازدا بوو، دەتوانین بڵێن هەر نەبووە، بەدرێژى مێژووى دەسەڵاتى بەعس جگە لەبەرهەمهێنانى چەند فیلمێکى ئاست نزم و بەشەڕ و بەعسدا هەڵگوتن چیدى نەبووە، ئێدى ئێمەى فیلمسازانى باشوور لەکوێ و لەکێ فێربباین..؟!


ئەم لاوازیەى بوارى فیلمسازى لەعێراقدا راستەوخۆ رەنگدانەوەى هەبووە لەسەر هەرێمى کوردستان، هەر بۆیە ئێمە هەتا ماوەیەک دواى راپەرینیش خاوەن هیچ ئاماژەیەکى سینەمایى و فیلمى سینەماى نەبووین، تەنانەت ئەو هونەرمەندانەى توانیان جموجۆلێک دەست پێبکەن ساڵانێکى زۆر لە ئێران ژیان بوون، لەوێ لەسینەماى نەوجەواناندا خوێندبوویان.


بەڵام ئەم رەوشە لە خۆرهەڵات سەد دەر سەد پێچەوانەیە، سینەما لەوڵاتى ئێران لەبەرەبەیانى مێژوووە هەر چەند ساڵێک دواى لەدایکبوونى ئامێرى (سینەماتۆگراف) لە فرنسا لەلایەن لۆمێریەکان، لەرێگەى مزەفەرەدین شاوە گەیشتە ئێران، لەو ساوە سینەما پێگەى لە ئێران دامەزراند، ئێستا ناتوانین بڵێین سینەما نەبۆتە بەشێک لەکلتور و ژیارى دانیشتوانى ئێران، ئەمەش وایکرد فیلمسازانى رۆژهەڵات بەر ئەو حاڵەتە بکەون و ساڵانە بەهەر نرخێک بێت لاوانى کورد لەدانیشگا هونەریەکانى تاران بخوێنن، دیارە ئەم بارە کاریگەرەیەکى راستەوخۆى هەبوو لەسەر دروستکردنى باگراوەندێکى سینەماى لاى ئەو لاوانە. کەدواتر باشوورى کوردستان باوەشى بۆ کردنەوە، بەهرە و تواناکانى خۆیان تەقاندەوە، چەندین فیلمساز توانیان بۆ یەکەمجار فیلمى درێژى خۆیان دروست بکەن کەتا ئەوکاتە تەنها چەند کورتە فیلمێکیان دروستکردبوو، وەک هونەرمەندى لاو (شەهرام عەلیدى)، کەدواى سەرکەوتن لە کورتە فیلمى (سەرژمێرى دواین ئاوایى)، یەکەم فیلمى بڵندى خۆى بەناوى (سرتە لەگەڵ با) لەسەر بوجەى هەرێمى کوردستان و لەسەر خاکى هەرێم بەپاڵپشتى هونەرمەندانى سینەماى هەولێر دروست کرد، کەتوانى رەزامەندى بەشدار بوون لە شەست و دووەمین خوڵى فێستیڤاڵى کان بەدەست بێنێ و سێ خەڵاتى بەشى رەخنەگرانى ئەو فێستیڤاڵە وەربگرێت.


هەروەها بەڕێز (تەها کەریمى) بەدروستکردنى فیلمى (کوێستانى قەندیل) بووە خاوەنى یەکەم فیلمى بڵندى خۆى و کەلەسەر بۆجەى هەرێم دروستکراو توانى بۆ یەکەمجار خەڵاتى سیناریۆ لە فێستیڤاڵى ئۆرێنس لەئسپانیا بەدەست بێنێ، هەروەها فیلمى (ماندوو) لەدەرهێنانى براى سینەماکار (ئیبراهیم سەعیدى) ئەمیش فیلمێکى خاوەن سەبک و ستایلى خۆیەتى و بەیەکەم فیلمى بلندى سینەماى ناوبراو دادەنرێت، کەلەسەر خاکى هەرێم و بەبۆجەى حکومەتى هەرێم دروستکراوە، ئەوە سەرەڕاى دروستکردنى چەند فیلمێکى بڵندى سەرکەوتوو لەلایەن دەرهێنەرى دیارى کوردستان (بەهمەن قوبادى) کەلەسەر بوجەى هەرێم و بەپاڵپشتى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى دروستکران و توانیان چەندین خەڵاتى جیهانى بەدەست بێنن، هەروەها نابێت رۆمانى (ژانى گەل)یش لەبیر بکەین، کەبەڕێز (جەمیل رۆستەمى)ى بە پاڵشتى ماددى و مەعنەوى هێرۆ خان و هونەرمەندانى سلێمانى هاتە دروستکردن. بەو واتایەى باشوور بوە لانکەى ئەزموون و داهێنان بۆ لاوانى فیلمسازى رۆژهەڵات و لەدایکبوونى چەندین بەرهەمى ناوازە. ئەم کارانەى ئەوان گەرم و گوڕیەکى باشى بەرەوتى سینەمایى لە باشوور بەخشى، بەڵام هێدى هێدى بارى کلتورى لەباشووریش گۆڕا، چونکە حەزێکى زۆر هەبوو بۆ دروستکردنى فیلم و فێربوون و شارەزا بوون لەکارى فیلمسازى.


فیلمسازانى باشوور سەرەراى تارمایى ئەو هەموو مەینەتیە و بوونى پاشماوەى وێرانەى رژێمى بەعس و شەڕى کاولکارى ناوخۆ، سەرەڕاى نەبوونى کلتورێکى سینەمایى لەهەرێمدا، نەبوونى رۆژنامە، گۆڤار، تەنانەت هیچ سەرچاوەیەک بەزمانى کوردى، نەبونى تەکنیکى پێویست و کادرى پسپۆر، قۆلیان لێ هەڵماڵى و توانیان چەندین کورتە فیلم و فیلمى درێژ دروست بکەن، تا گەیشتە ئەو ئاستە فیلمى فیلمسازانى باشوور پێشبرکێى فیلمى فیلمسازانى خۆرهەڵات بکات، کەپێشتر نەدەتوانرا بەراورد بکرێت.


ئێستا لەباشوور رەوتێکى پڕ لەهەژموون بەڕێوەیە، دەیان و سەدان لاو، هونەرمەندانى فیلمساز سەرقاڵێ دروستکردنى فیلمن، لەم نێوەشدا تێبینى و سەرنجى زۆر هەیە و پێموایە لەئاستى پێویستدا نییە، چونکە خواستى ئێمەى فیلمساز زۆر لەوە زیاترە کە بۆى ئەنجامدراوە.


ئومێد دەکەین ئەم رەوتە زیاتر گەشەى پێبدرێت و نەوەستێت و رۆژهەڵاتیش وەک پارچەیەکى گرنگى کوردستان رۆژى دابێ ببێتە خاوەن کیانى خۆى و فیلمسازانى باشوور لەوێ وچانێک بدەن. ئەوسا پێکەوە ئەم رەوتەى سینەما بگەینینە مەنزەڵ.

 

ماڵپه‌ڕی که‌ریمۆک

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک