فرهژنیی و یاسای
ناهەموارکراوی باری کەسی
هێمای پێشێلی مافی
یەکسانی مرۆڤەکانە لە باشوری کوردستاندا!

سەرکەش
سەپاندنی مافی فرهژنیی لە یاسای بەناو
هەموارکراوی باری کەسیدا، رێخۆشکەری درێژەدانە بە دەست درێژی و ستەمی
رەگەزی نێر لە کۆمەلگا بۆ سەر رەگەزی مێ، بەواتایەکی تر پێشێلیکاری
بەندەکانی جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و مافی یەکسانی ژن پیاوە لە
لایەن دەسەلاتی پیاوسالارییەوە.
ئەم یاسایە بە گشتی و ئەم مافە بە تایبەت، جیاکاری و هەلاواردنی
ئاشکرای هەردوو رەگەز دەکا، ئەمە لە کاتێکدا کۆمەلانی خەلک، ژنان و
پیاوانی ئازاد و یەکسانیخواز سالە هایە خوێن و کاسە سەر دەدەن لە پێناو
دەستەبەر کردنی سەرەتاکانی مافی مرۆڤ و مافی یەکسانی ژن پیاو لە
کۆمەلگای کوردەواری و لە دەڤەری باشوری کوردستان.
بە تێپەراندنی ئەم یاسا دواکەوتووە جارێکی تر هەردوو زلهێزی خاوەن
پەرلەمان و حکومەت لە باشوور، لە هەموو بانگەشەیەکی ئازیخوازانە،
پێشکەوتنخوازانە، لایەنگر لە یەکسانی خوازی، پاشگەز بوونەوە*.
دەسەلاتدارانی پ.د.ک و ی.ن.ک، لەبەر خاتری پاراستنی کورسی دەسەلات و بۆ
دلنەوایی رەوتی پاشڤەرۆ و کۆنەپارێز، ئامادەییان پێشاندا کە
پراکتیزەکردنی ماف و ئازادییەکان لە باشوری کوردستان بۆ ماوەیەکی تر
پەراوێز بخرێنەوە.
ئەم یاسا بەناو هەمووار کراوەی باری کەسی بە گشتی و مافی فرەهاوسەری بۆ
رەگەزی نێر بە تایبەتی پێشێلکاریەکی روون و ئاشکرای ئەم بەندانەی
جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە، فەرموون با وێکرا ئاورێکیان لێ
بدەینەوە.
بەندی ١
هەموو مرۆڤان بە ئازادی لە دایک دەبن و یەکسانیشن لە نرخ و پایە و
مافدا، عەقل و ویژدانیان پێ بەخشراوە و دەبێ بە رۆحێکی برایانە رەفتار
و هەلسوکەوت لەگەل یەکدیدا بکەن.
لە کوێی ئەم یاسا ناهەمووارکراوەدا ژن وەک مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک
دەبێ و یەکسانیشە لە نرخ و پایە و مافدا، لە کوێی ئەم یاسادا داننراوە
کە ژن عەقل و ویژدانیان پێ بەخشراوە وەک پیاو، ئایا بە رۆحێکی برایانە
رەفتار و هەلسوکەوتکردنی پیاوان لەگەل ژنان بە پێی ناوەرۆکی
کۆنەپەرستانەی یاساکە هەبوونی مافی فرەهاوسەرییە. دەبێ چ ژنێکی ئازاد
ئامادەبێ ببێت بە هاوسەری سێیەم و چاورەمی پیاوێک، ئەگەر توند و تیژی و
زۆرداری دەسەلاتدارەتی پیاوان سنووردار بکرێ، لە هەموو ئەوروپا ژنێکی
وا بوونی نیە چونکە ژن لە ئەوروپا دروست وەک مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک
دەبێ و یەکسانیشە لە نرخ و پایە و مافدا، ئەم بەندەی جارنامەی مافی
مرۆڤیش بەراستی پراکتیزە دەکرێ و یاسای بنەرەتی وولات و دەسەلاتی
دەولەوتیش بەکردەوە پشتیوانی لێ دەکەن.
بەندی ٢
١.
هەموو مرۆڤێک بە بێ هیچ جیاوازی بە هۆی رەگەز، زمان، ئایین،بیرورای
سیاسی یان هەر رایەکی دیکە و بنەچە و بنەمای نیشتیمانی ، کۆمەلایەتی،
دارای و لە دایکبوون یان هەر شتێکی دیکە، شیاوی سوود وەرگرتنە لە
تەواوی ئەو ماف و ئازادییانەی کەلەم بانگەوازەدا هاتوون.
٢.
سەرەرای ئەوانەش نابێ پایەی سیاسی،
قانوونی یان نەتەوەیی ئەو ولاتە یان ئەو ناوچەیەی کە مرۆڤەکەی لێوە
دێت، بکرێتە بناغەی هیچ جۆرە جیاوازییەک، ئێدی ئەگەر ئەو ولاتە یان ئەو
ناوچەیە سەربەخۆ بوو یان لە ژێر چاوەدێریدا بوو یان خاوەنی ئۆتۆنۆمی
نەبوو یان سەروەری و سەربەخۆییەکەی گرێدراوی هەر چەشنە مەرج و بەندێک
بوو.
ئەگەر کەمترین رێز و روومەت لەم بەندەی جارنامەی جیهانی مافی
مرۆڤ گیرابا لە پەرلەمانی لە باشووری کوردستان، یاسایەکی وا کۆنەپەرست
بەسەر ژناندا نەدەسەپێنرا، مافێکی وا نارەوا بەپیاون نەدەبەخشرا.
بەهەزارو یەک درۆی شاخ داریش پیننەو پەرۆ نەدەکرا. ئەم بەندە هیچ
بوارێک ناهێلێتەوە بۆ ئەوانەی دەخوازن لە پەنای بروبەهانەی جۆربە بەجۆر
بلێن خۆ باشووری کوردستان ئەورووپا نییە.
بەندی
٣
هەموو کەسێک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی خۆی هەیە.
هەر ژنێک لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایە ئەگەر بە راستی وەک دەسەلاتی
کوردی بانگەشەی بۆدەکا، مافی ژیان و ئازادی و ئاسایش خۆی هەبێ قەت بە
یاسای باری کەسی هەمووارکراو و مافی زۆر ژنی بۆ پیاوان دەنگ نادا،
مەگەر ئەو ژنەی تریاکی دەرخوارددرابێ.
بۆ ژنانی بێچارە لە باشووری کوردستان مافی ژیان
و ئازادی و ئاسایش تەنیا قسەی قۆر و بێ مانا دەبێ لە ژێر بێ
رەحمی یاسای باری کەسی و مافی زۆر ژنی و تەگەیی بۆ پیاوان.
بەندی ٦
هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بێت مافی دانپیانانی کەسایەتی قانوونی هەیە.
ژن لەم یاسا داسەپاوەدا کەسایەتی لێ زەوت کراوە، بە مرۆڤی پلە دوو و
کەمتریش چاوی لێکراوە.
بەندی ٧
هەموو مرۆڤان لەبەردەم قانووندا یەکسانن و مافی ئەوەشیان هەیە کە
چوونیەک و بێ جیاوازی لە لایەن قانوونەوە بپارێزرێن. هەروەها هەموویش
مافی پاراستنی یەکسانیان دژ بە هەر جیاوازییەک کە بە پێچەوانەی ئەم
بانگەوازەوەیەو دژ بە هەر هاندان و ئاژاوەنانەوەیەکیشە کە ئاوها
جیاوازییەک رەچاو دەکات.
هەر لەم یاسایە و بە پێی مافی زۆر ژنی پیاوان، ژن لەبەردەم قانووندا
یەکسان نابێ بە پیاو، مافی ئەوەشیان نیە کە
چوونیەک و بێ جیاوازی لە لایەن قانوونەوە بپارێزرێن. مافی پاراستنی
یەکسانیشیان دژ بە هەر جیاوازییەک کە بە پێچەوانەی ئەم بانگەوازەوەیەو
دژ بە هەر هاندان و ئاژاوەنانەوەیەکە کە ئاوها جیاوازییەک رەچاو دەکات
لێ زەوتکراوە.
بەندی ١٧
١.پیاو
و ژنی رەسیو مافی ژن و مێردێتی و دامەزراندنی خێزانیان هەیە، بێگوێدانە
رەگەز و نەتەوە و ئایین و کاتێک کە دەبنە ژن و مێرد و کاتی ژن و
مێردێتی وکاتی تێکچوونیشی مافی یەکسانیان هەیە.
٢.
مارە برین تەنێ بەقایل بوون و سەربەستی تەواوی ژن و مێردەوە دەکرێت.
٣.خێزان
یەکەیەکی سروشتی و بنەرەتی کۆمەلگەیە ومافی ئەوەی هەیە کە لە لایەن
کۆمەلگە و دەولەتەوە بپارێزرێ.
کوا لە یاسای باری کەسی بەناو هەمووارکراودا
پیاو و ژنی رەسیو مافی ژن و مێردێتی و دامەزراندنی خێزانیان هەیە،
بێگوێدانە رەگەز و نەتەوە و ئایین و کاتێک کە دەبنە ژن و مێرد و کاتی
ژن و مێردێتی کاتی تێکچوونیشی مافی یەکسانیان هەیە. کەی لەم
یاسا سەیر و سەمەرەیەدا مارە برین تەنێ بە قایل
بوون و سەربەستی تەواوی ژن و مێردەوە دەکرێت.
بەندی ٢٥
٢.
دایک و منال مافی یارمەتی و چاودێرییەکی تایبەتیان هەیە و هەموو
مندلانیش ئەگەر بە رێگەی شەرعی یان نا شەرعیش لە دایک بووبن دەبێ هەمان
پارێزگاریی کۆمەلایەتییان هەبێت.
لە کوێی یاسای باری کەسی بەناو هەمووارکراو و لە سایەی مافی زۆر ژنی
پیاوان، مافی یارمەتی و چاودێرییەکی تایبەت بە
دایک و مندلانێک هەیە ئەگەر بە رێگەی شەرعی یان نا شەرعیش لە دایک
بووبن، کوا لەوێدا هەمان پارێزگاریی
کۆمەلایەتییان بۆ دەستەبەر دەکرێ.
ئوپسالە/سوید
٣٠\١١\٢٠٠٨
a_sarkash@hotmail.com
_______________________________________________
* لە
دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەرێز نێچیروان
بارزانی لەگەل کۆمەلێ مەلا و زانای ئایینی ئیسلام، بەلێن و پەیمانی دا
کە هەرگیز رێگا بە یاسایەک نادا لەگەل دەقەکانی قورئان نەیەتەوە، ئەم
قسەیە دەق وەک قسەی بنلادن، خومێنی، سیستانی دەچوو، کە دژ بە مافی مرۆڤ
و یەکسانی ژن پیاوە، تەواوی دەسەلاتە ئاینییە ئیسلامییەکانیش هەر
قسەیەکی وا دەلێن، خوازیارانی شەریعەتی ئیسلام بۆ بەرێوەبردنی دەولەتیش
هەر ئەوەیان دەوێ، بۆیە میوانەکان و خەلکانی کۆنەپەرست، هەناسەیەکی
نویان هاتەوە بەر، چونکە نە ئەوان نە هیچ کەسی تر چاوەروانی بەلێن و
پەیمانێکی وا نەبوون لە سەرۆک وەزیرانێکی بەتەمەن گەنج، بەهەندێ هەلس و
کەوت پێچەوانەی سەرانی کلاسیکی کورد، وەک لایەنگیری مافی ژنان خۆی
دەردخستبوو، بوێرانە ژنی خۆی وەک سیمبولی ژنان بە میدیا و کۆمەلانی
خەلک پێشان دابوو لە چەند بۆنەیەکدا، ئامادەبوو خەلاتی ژن پارێزی بە
بەشداری نوێنەرانی سەفارەتی سویدی و ئیسپانی بە کچە کوردێک بدا، هەروا
هەفتەیەکیشی بۆ بەرنگاربوونەوەی تووند و تیژی دژی ژنان لە باشوری
کوردستان سەرپەرشتی دەکرد.
گومانی تیانیە رەوتە ئیسلامخوازەکان ئەگەر خۆشیان لە دەسەلاتدا بووان
رەنگە هەلوێستێکی وایان دەبوو لە رووی ئەم کۆمەلە مەلا و زانا ئایینیەی
ئیسلام، لێرەدا دەکرێ بگوترێ ئەمە ئەوپەری پاشەکشەو هەلوێستی دووفاقیە
لەم بارەیەوە.
|