په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٩

    فرمێسکێ لە گوزەرگای مێژوودا.

                                  

فەره‌یدونی موشیری*                     و: نەژاد عەزیز سورمێ
 

لەو ڕۆژەی
دەستی حەزرەتی (قابیل)
لە خوێنی حەزرەتی (ھابیل)دا سوور بوو..
لەو ڕۆژەوە، مناڵەکانی (ئادەم)
کاکڵی پەیامی پڕ ئیمانی خوا
ژاری تاڵی دژمنایەتی لە خوێن جۆشاندن،
گەرچی (ئادەم)یش زیندوو بوو
ئادەمییەت مرد.

لەو ڕۆژەیدا (یوسف)
بە دەستی براکانییەوە خرایە بیر
لەو ڕۆژەوەی بە شەق و خوێن
شورەی (چین)یان دروست کرد
ئینسانیەت مردبوو .
لە دوایشدا دونیا پڕ بوو لە مرۆڤ و
ئەو ئاشەش ھەر گەڕا و ھەر گەڕا..
چەندان سەدە بەسەر مەرگی(ئادەم) تێپەڕی
بەداخەوە
ئادەمییەت نەگەڕایەوە..


ئەم چاخەی ئێمە
ڕۆژگاری مەرگی ئینسانیەتە
سنگی دونیا
لە چاکەکاری خاڵییە
باسکردنی :
ئازادی، پاکی، مروەت شێتییە!
باسکردنی
موسا، عیسا، محەمەد نابەجێیە
ئا ئەم چەرخەی ئێمە
چاخی تیخێکی ئەستورە.

من لە سیس بوونی چڵێ گوڵ
لە نیگای کپی مناڵێ بیمار
لە ھاواری مەلێکی ناو قەفەس
لە خەمی مرۆڤێکی
لە زنجیردا سندم کراو
تا وەختێ جەللادەکەی لێی دەگەڕێ
فرمێسک لە چاو و کینەم لە گەرودا ماوە
بە درێژایی ڕۆژگار،
ژارم دەپیاڵە دایە و ژاری ماریش لە گۆزە
چۆن بڕوا بە مەرگی ئەو بکەم؟

قسە لەسەر سیس بوونی گەڵایێ نییە
وای ئەوە دارستانان دەکەنە بیابان
دەستی خوێنمژان
لەبەر چاوی خەڵکی دەشارنەوە
ھیچ گیاندارێ بە گیاندارێکی دی ڕەوا نابینێ
ئەوەی کە ئەو نامەردانە،
بە گیانی مرۆڤی دەکەن..

قسە لەسەر سیس بوونی گەڵایێ نییە
وای دابنێ
مەرگی مەلێکی ناو قەفەس
مەرگ نییە
وای دابنێ چڵە گوڵێ لەم جیھانەدا شین نەبووە
وای دابنێ لە ئەزەلەوە
دارستانەکان بیابانی
وشک و برنگ بوون
لە ناو ئەو مرۆیانەی،
بەرگەی ھەموو کارەساتێکیان گرتووە
قسە لەسەر مەرگی خۆشەویستییە
مەرگی عەشق
گفتوگۆ لەسەر مەرگی ئینسانیەتە.

_____________________________________________
فەرەیدونی موشیری: یەکێکە لە ئاڵاھەڵگرانی شیعری نوێی فارسی. لە پەرتووکی (راھیان شعر امروز - داریوش شاھین - لاپەڕە ٣٢٤), چاپی تاران.

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک