٢٠\٧\٢٠٢٤ فستانەکە.
دایکم تەنیا یەک فستانی هەبوو شەوانە دەیشوشت و لە تەنیشت ناندینەکە هەڵیدەخست سپێدان بۆنی گوڵی لێدەهات. هەرگیز ئەوەم لێنەپرسی چما یەکیدیکەی نییە ١ هەر خۆشم ئەوەم نەدەخواست. ئەمن بەوە دایکم ناسی بەو فستانە پەمبەی تا سەر ئەژنۆیانی.
کە ڕۆژێکیان فستانێکی زەردی ئاوریشمینی کڕی بە دزییەوە وەبەر نووکە قەیچیانم دا ٢ چەندین تیلمی گچکەم بڕین گیرفانانم لێ پڕکردن ئەو دوو ڕۆژان مت و بێدەنگ ئەمنیش شادبووم لە ناخەوە کە ئیدی هەر ئەوەی گۆرینێ دەپۆشێ ٣ هەر ئەو هزرەم لە مەژییدا دەزرنگاوە ٤ تا چەند دەمخواست وەک ئەو بم.
ئەوڕۆ لە دایکم تێدەگەم گومانانم دەڕەونەوە، لە کۆشان و لە ئاوازە غەمگینکەی لە هەنسک هەڵکێشانی شەوانی لە لایەلایەی ئومێد لە خەونانم لە هەر تشتەک تێدەگەم.
لێ لەبەرچی دەبووا دایکم تەنێ یەک فستانی هەبێ؟ ٥
پەڕەکانی گیانم هەڵدەدەمەوە هاوشێوەکەی خۆم دەبینم هەموو ساڵانی تەمەنم لەبەردەم ئاوێنەی یادەوەرییدا خۆڵەمێشیی دەردەکەون. ______________________________________ ١- چما: بۆ، بۆچی، لۆ، ئەڕا، لەبەرچی، مەگەر... ٢- قەیچی: (مقەس). ٣- گۆرین: ناوبراو و ناسراو، لە جیاتی (هین، ئەوە، ئەو کەسە، ئەو تشتە، وانەک و... تد)یێش بەکاردێ. ٤- مەژی: مێشک، مۆخ. ٥- تەنێ: تنێ، تەنیا، تەنها، بەس.
|
|