٢٣\٧\٢٠٢٣
فیستیڤاڵی بەهرەی
نوێ و دەستپێکێکی جوان.

عەلی حەمەڕەشید*
فیستیڤاڵی
بەهرەی نوێ کارێکی گرنگ و چالاکییەکی پێویست بوو کەبەڕێوەبەرێتی چالاکی
هونەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سلێمانی وەک ئەرکێکی گرنگی سەرشانیان
ئەنجامیان دا..کە خۆی دەبینییەوە لە نمایشکردنی کۆمەڵێک شانۆیی تایبەت
دا کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە لە چەند پەروەردەیەکی سەربە
بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە پێشکەش کران.من ئاستی دەق و
نمایش و دەرهێنان و هەموو ئەو کارانەی کە پەیوەستن بە سەما و
شانۆییەکانەوە بەجێ دەهێڵم بۆ کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بوارەکە،ئەوەی
لای من گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە کە توانرا ئەو ڕێچکە هونەرییە بەرزەی
کە لە سلێمانی و لەلایەن چالاکی قوتابخانەکانەوە پێشکەش دەکرا
بەردەوامی پێبدرێت و لەساڵانی داهاتوودا هەوڵبدرێت کە کاری زۆرتر و
جوان تر و باشتر ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو توانا و بەهرە جوانانەی
قوتابیان و خوێندکاران و شارەزایی و سەلیقەی مامۆستایانی بوارەکە
بەهەند وەربگیرێن و لەو ڕێگەیەشەوە بتوانن قوتابخانە و خوێندن زیاتر
لای قوتابی و خوێندکار شیرین بکەن ،تا وا نەزانن هەر وانە خوێندن و پۆل
و وایت بۆرد و داتاشۆ ،ئەوانە لە خوێندندا هەن بەڵکو شانۆ و شێوەکاری و
مۆزیک و گۆرانی و سرود و سەما لە پاڵ ئەوانەدا کە باسمان کردن هەن و
منداڵ دەتوانێت بە خۆشییەوە پەرە بە حەز و خولیا و توانا و بەهرە
شاراوەکانی خۆی بدات.شانۆ وەک هەمووان دەیزانین کە کۆکەرەوەی گشت
هونەرەکانی ترە،لەشانۆدا دەق و هۆنراوە وەک ئەدەب ئاوێزانی نواندن و
جوڵە و سەماو دەنگ و مۆزیک و گۆرانی و شێوەکاری دەبن و پێکەوە ئەو
پەیامە پەروەردەیی و مرۆڤدۆستی و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستییە دەگەیەنن
و جوانییەکی تر بە ژیان و خوێندن و قوتابخانە و پۆل و مامۆستا
دەدەن.ئارایشتێکی ڕازاوە و جوان دەبەخشن بە پرۆسەی پەروەردە و دەبنە
تەواوکەری بەشێوەیەکی دروست و گونجاو.بەهرەکان دەردەکەون و بە شێوەیەکی
دروست و زانستیانە لەلایەن مامۆستایانی بوارەکەوە پەرەیان پێدەدرێت و
زۆر بەجوانی گەشە دەکەن.ئیتر گوڵی حەزەکانی منداڵان ناژاکێن و
دەگەشێنەوە،بەشنەی زەردەخەنە و ئافەرینی مامۆستا دڵسۆزەکانیان،منداڵ
خۆشەویستییەکی زۆری بۆ قوتابخانە لادروست دەبێتەوە و ڕۆژانە بەپەرۆشەوە
ڕوو لە قوتابخانەکەی دەکات و دەیکاتە مەڵبەندی بەدیهێنانی خولیاکانی و
بەگەڕخسنی تواناکانی ، خونچەی باوەڕ بەخۆ بوونیشی باشتر دەگەشێتەوە و
نەشونما دەکات بە بڕوایەکی پتەوەوە کاروچالاکییەکانی ئەنجام دەدات و بێ
ترس و دوو دڵی بوونی خۆی دەسەلمێنێت.دەستخۆشیمان بۆ هەموو ئەوانەی کە
بەشداربوون لە بەڕێوەچوون و سەرخستنی چالاکییەکاندا.
________________________________________
*
عەلی حەمەڕەشید:
نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.
ماڵپەڕی عەلی
حەمەڕەشید
|