په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١\٢٠١٢

فتوانامەکەی ئیمپراتۆر!

کازم قادر       


سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین کە واژۆی چوار ئەندام پەرلەمانی فراکسێونی گۆڕان بۆ تاپۆکردن و وەرگرتنی شوقەکانی پەرلەمان،بە پلەی یەکەم سکانداڵێکی گەورەی ئەو چوار ئەندام پەرلەمانەیە و بە جۆرێکیش بۆ فراکسێونی گۆڕان.هەروەها پاساوی ئەو چوار ئەندامە (گۆڕانخوازە)هەرگیز نەگۆڕاوانە هەرچییەک بن،حەقانێتی ئەو گەندەڵکاریی و ڕیسواییە ناشارێتەوە.هەروەها هەرچەندە ئەو سکانداڵە بچووک نییە بۆ بزوتنەوەیێک کە بانگەشەو بەڵێنی گەورەی بە کۆمەڵگە دەداو پێوستە سیاسەت و کارنامەی ئەو بزوتنەوەیە بخرێتە ژێرپرسیارەوە،بە تایبەت لەلایێن هەموو ئەو کەسانەی دەنگیان بەو فراکسێونە داوەو ئومێدیان لەسەر چنیوە.بەڵام بە لای منەوە لایەنی هەرەگرنگترو هەڵبەتە ترسناکتر،فتوانامەکەی نەوشێروان مستەفایە کە خەریکە بە خشکەیی تێپەڕ دەبێت،نەک بە خشکە تێپەڕبوونیش بەڵکو لە میدیای گەمژەی کوردییدا خەریکن وەک موعجیزەی ئاخرزەمان دەردخواردی خەڵکی دەدەن.

 

پرسیار ئەوەیە:ئەگەر گەندەڵیی و سکانداڵێک ڕوویداوە،یان هەر تاوان و پێشێلکارییەک کراوە،بۆ دەبێت خودی نەوشێروان وەک ئیمپراتۆرو ئایەتوڵاکان بێتە سەر خەت و فتوای سیاسیی دەربکات؟ئایە نەدەکرا لایەنی کەم بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەو بڕیارەیان بدایەو لێپرسینەوەیان بکردایە؟نەدەکرا ڕاستەوخۆ لەگەڵ فراکسێونەکەیدا پەیوەندیی بگرتایەو لە دواجاردا وەک مەرجعێکی ڕێکخراوەیی دوابڕیاری خۆیان بدایە؟بێگومان هەموو ئەو ئەگەرانە زەمینەی زۆر دروست و بابەتیین و ئەگەر گۆڕان و نەوشێروان - ئیمپراتۆرەکەی ئەو بزوتنەوەیە یەک هەنگاو لە مەنتالیتێتی گۆڕان خوازیی نزیک بوونایەتەوە دەکرا هەر ئەو کارەیان بکردایە.

 

لێرەوە ئەگەر وەڵامێکی دروستمان بۆ ئەو پرسیارانە هەبێت ئەویە:کە ئەو فتوا سیاسییەی نەوشێروان هیچ ناتەبایی و نامۆییەکی بە خەسڵەت و ڕەفتارەکانی خۆیی و بزوتنەوەکەی نییە.ئەو ڕیسواکارییەی نەوشێروان بەو ئەندام پەرلەمانانە هەمان نەرێت و لۆژیکی(جەك کردنی شاخە)!ئەو نەرێتە بەدو ناشیرینەی سەردەمی شاخ،کە ئەگەر پێشمەرگەیێک کڵاو و جامانەی کوردایەتیی لەسەر نەنایە،بەرپرسێک چەکی دەکرد و کۆڵێ گولە (ئار بی جی)یان لە کۆڵ دەناو ئاوایی بە ئاوایی دەیانگەڕاندو ڕیسوایان دەکرد.نەوشێروان مستەفا بەو فتوایەی پەردەی لەسەر ڕۆخساری ڕاستینەی خۆی لابرد،سەرباری ئەو هەموو چەواشەکاریی و بانگەشانە لە بارەی ئازادیی و دژە تاکڕەهەندیی و گوایە ئەوان پارتی ستالینیی نین،بە غەریزە چووەوە سەر بنجی خۆی،بە غەریزە هاواری کرد،کەیی و چۆن بمەوێت مرۆڤەکان ڕیسواو وێران دەکەم!


٢٩\١\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک