په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٧\٢٠١٠

فتواى ده‌ستبڕینم دەرکرا!


گەرمیانى حەمەى پوور


لەم هەرێمە، لەوەتەى کارى ڕۆژنامەگەرى و ڕاگەیاندن دەکرێت و بە تایبەتیش دواى دەرکەوتنى میدیا ئازاد لە کوردستان، هەر ڕۆژەو ڕووداوێکى چاوەڕوان نەکراو ڕوودەداو دەزگایەکى ڕاگەیاندن یان ڕۆژنامەنووسێک دەکەوێتە بەر پەلامارو سوکایەتى پێ کردن و هەڕەشەو لە کوشتنیش بێ بەش نەکراوین و بەشمان هەیە، بەڵام هەندێ جار شتی سەیر دەبینیت و دەبیستیت بەشێوەیەک نازانى چۆنى باسى بکەیت و گوزارشتى لێ بکەیت.


من لەوەتەى وەکو ڕاگەیاندنکارێک، کارى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرى دەکەم، چەندین جار کەوتوومەتە بەر هەڕەشەو سوکایەتى پێ کردن و تەنانەت زیندانى کردن، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنى سروشتى دەسەڵات و کۆمەڵایەتى گۆمەلگاکەم هەموو ئەوانەم بەلاوە شتێکى نامۆ نەبووە، بەڵام کاتێک هەوڵی فەتواى دەست بڕینیان پێ ڕاگەیاندم لە لایەن وتار خوێنى مزگەوتێکەوە، نەمتوانى بڕوا بکەم تا ئەوەى پاش نزیکەى هەفتەیەک هێنان و بردن لە زارى ئەو مامۆستا ئایینییە وتار خوێن و ڕابەرەى ئیسلامەوە ڕاستى ئەو فتوایەم بە گوێدا درا.


دەرکردنى ئەم فتوایە دواى ئەوە دێت کە لە لایەن کەسانێکى نەناسراوەوە بەیاننامەیەکى پڕ لە قسەى ناشیرین بەرامبەر بە پێڕەوکارانى ئاینزاى شیعەو ئیمامەکانیان لەکەلار بڵاو کرایەوە، منیش وەکو ڕۆژنامەنووسێک بۆ ئاگادار کردنەوەى بەرپرسانى ئەمنى و هەروەها هەردوو لایەنى شیعەو سونە لە مەترسى بڵاو کردنەوەى وەها بەیاننامەیەک کە ڕەنگە ببێتە هۆى دروستکردنى دووبەرەکى لە نێوان ئەو دوو ئاینزایەدا لە کوردستان، لە ژمارە 132 گۆڤارى لڤیندا ڕاپۆرتێکم بڵاو کردەوە کە هەریەکە لەلایەنى شیعەو سونەم دواندووەو دژى ئەو کارە و کەسانەشن کە بەدەرکردنى ئەو بەیاننامەیە هەستاون،بەڵام هە ر زوو کەوتمە بەر هێرشى مامۆستایەکى ئایینى سونە مەزهەب و سەلەفى و لە مینبەرى مزگەوتەکەى خۆیەوەو بەرامبەر بە سەدان نوێژکەرى ئەو مزگەوتە فتواى دەست بڕینى دەرکردم و ئامۆژگاریی لە حکومەت دەکات کە هەر کەسێک وەکو من ڕاپۆرتى لەو جۆرە بڵاو دەکاتەوە، دەستى بگرێت و دەستى ببڕێتەوە، ئەمەش بۆ خۆى جێگەى پرسیارەو ئەو پرسیارەمان لا دروست دەکات، بۆ بە وورووژاندنى ئەو بابەتە مەلایەکى سونە مەزهەب دێتە دەنگ و تەنانەت فتواى دەست بڕینى ڕۆژنامەنووسێک دەردەکات؟


هەر چەندە ئەم ڕستەیە بۆ من خۆش نییە باسى بکەم، لە دواى بڵاو بوونەوەى ئەو ڕاپۆرتەوە لەلایەن چەند کەسایەتییەکى شیعەو هەم سونەشەوە دەست خۆشیم لێ کرا، چونکە لەو ڕاپۆرتەدا لە بەرژەوەندیی ئەو دەستە و تاقمە دراوه‌ کە ویستوویانە لە ڕێگەى بەیاننامە پڕ لەقسە ناخۆش ئیستفزارکەرەکەیانەوە ناکۆکى و کێشە لە نێوان شیعەو سونەدا دروست بکەن، ئیتر نازانم ئەوەى من کارێکى خراپە و دووبەرەکى دروست دەکات (وەک مامۆستا ئایینییەکە لە وتارى هەینیدا باسى کردووە) کە جێگەى دەست خۆشیی هەریەکە لە مەزهەبى شیعەو سونە بووە، یان بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەک کە ئەگەر هەر کەس بیبینێت دەزانێت بۆ چی نووسراوە و ئامانج لێی چییە و ئەگەر کارێکى لەو جۆرە بەردەوام بێت چ کارەسات و ماڵ وێرانییەکى بە دوادا دێت.


هەرچەندە من پێم وایە ئەو مامۆستا ئایینییە، بە هزر و بۆچوون لە ساڵانى چلەکانى کۆچییدا دەژى و جەستەکەى هاتووەتە هەزارەى دووەمى کۆچى، بەڵام هێشتا سەرم لە دەرکردنى وەها فتوایەک سوڕدەمێنێت.


بۆیە من جگە لەوەى داواى لێپێچینەوە دەکەم لە وەزارەتى ئەو قاف بەرامبەر بەو مەلایە، هاوکات لە بەرامبەر هەر شتێک کە ڕووبەڕووى ژیانم بێتە، ئەم مەلا سونە مەزهەبە سەلەفییە و شوێنکەوتووانى بە بەرپرسیار دەزانم.

 

ماڵپه‌ڕی گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور