٢٦\٣\٢٠١٩
فۆکسەکانی نمایشی (ئافرەت لە دۆزەخ دا)
چیمان پێدەڵێن.

کامەران ئەلیاس
ئەگەر لە مانشێتی شانۆگەرییەکە دەست پێبکەین (ئافرەت لە دۆزەخ دا)
سەرەتا راستەوخۆ فۆکسمان بۆ ئەو دۆزەخە دەچێ کە دینەکان باسی
لێوەدەکەن، بەڵام
دوای
بینینی نمایشەکە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە دەرھێنەر مەبەستی لەو
دۆزەخەیە کە خودی مرۆڤ لەم جیھانەدا بە گشتی بەرامبەر بە مرۆڤ وەبە
تایبەتیش بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدا.
روداوەکانی شانۆگەرییەکە لە رێگەی گێرانەوەی روداوی راستەقینەی پێنج
ئافرەتە کە لە ژێر دڕندایەتیی مرۆڤدا
گەیشتوون بە دۆزەخ دەست پێدەکا کاتێ پیاو بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە دژی
رەگەزی مێینە ھەڵسوکەوت دەکا باس لە پێنج دیاردەی قێزەونی ناو کۆمەڵگا
کە لە ژێر
پەردەی ئاین و کلتوور و حەز و
ئارەزووەکان، ئەنجامی دەدا.
دەرھێنەر بە شێوەیەکی فیدباک روداوەکان دەگێرَتەوە، کاتێ پێنج
ئافرەتەکە لە تابوتەکان دێنەدەرەوە ھەرەیەکەو باس لە چۆنیەتی کوشتنی
خۆیان دەکەن، دەرھێنەر بە نیشاندان و فۆکسکردنی لەسەر رووداوێکی وەکو
کوشتنی (دوعا) بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بە ھۆی ئەوەی ئەوینداری لەگەڵ
کورە موسڵمانێک ھەیە پاشان روداوی کچە کریستانەکەی بەغدا و لەگەڵ ئەو
کچەئینگلیزەی تەمەن (١٧) ساڵان (ساراکان) کەلەلایەن باوکی دەستدرێژی
سێکسی دەکرێتە سەری بۆیە (ساراکان) خۆی دەکوژێت بەھەمان شێوەش لەرێگەی
کارکتەری (ڤیان) باس لە ئافرەتانی ئێزێدییەکان و کریستانیەکانی ژێر
دەستی داعش دەکا کە چۆن بە ناوی ئاین جینۆساید دەکرێن و دەستدرێژی
سێکسیان لەگەڵ دەکرێت، لەگەڵ بوونی چەندین فۆکسی تر وەکو کوشتنی
ئافرەتێک بەھۆی بوختان ھەڵبستن وکوشتنی ئافرەت لەسەر ئابروو بەڵام
ھەندێک لە تاوانەکان خودی ئافرەت ھۆکار بوو بۆ کوشتنی ئافرەت بە
تایبەتی لە دیمەنی بووختان ھەڵبستن لەسەر ناپاکی و خیانەتکردن.
دەرھێنەر ئەو ھەموو رووداوە تاوانکارییەی نەبەستۆتەوە بە شوێنێک یان
کۆمەڵگایەک بۆ ئەوەی پێمان بڵێت مرۆڤ دڕندەیە لە ھەر شوێنێک بێت یان
لەسەر ھەر ئایین و مەزھەبێک بێت بەڵام زیاتر فۆکسەکان بۆ سەر نێو
کۆمەڵگای خۆمان بوون.
دەرھێنەر بۆ ئەوەی ھەر لە سەرەتای نمایش بینەر بخاتە نێو کەشوھەوای
شانۆگەرییەکە و بەشداربووی رووداوەکان ببن لە رێگەی تونێلێکی تاریک
دەچنە ناو ھۆڵی نمایش کە گوزراشت لەو دۆزەخە دەکات کە مرۆڤی دڕندە
بەدەستی خۆی بەرامبەر بە ئافرەت ئەنجامی دەدا.
راستە پێنج ئەکتەری کچ رۆڵەکانیان بەرجەستە دەکرد بەڵام لە ھەمان کاتدا
جگە لە رۆڵی سەرەکی خۆیان چەندین رۆڵی تریان بەرجەستە دەکرد ئەمەش
کارێکی ئاسان نییە کە لەیەک کاتدا بتوانی دوو تا سێ کارکتەر بەرجەستە
بکەین بەتایبەتی لە رووی دەنگ و ئاماژەکان بەڵام پێنج ئەکتەرە کچەکە
تارادەیەک سەرکەوتوو بوون ئەگەرچی ھەندێک جار لە رووی دەمودوو جۆرە
تێکەڵبوونێک ھەبوو بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر نواندنەکە نەبوو
چونکە وەکو زانراوە جۆری دەنگی ئافرەت لەگەڵ دەنگی پیاو جیاوازە بەڵام
ئەوان زۆر جار لە رێگەی گۆرینی بەشێک لە جلوبەرگیان کەسایەتی پیاویان
بەرجەستە دەکرد گرنگ ئەوە بوو بەگشتی کاریگەری نەرێنی لەسەر نمایشەکە
نەبوو ئەوەی دەرھێنەر مەبەستی بوو لەگەیاندنی پەیامەکە گەیشتە بینەران،
قوماشە سپییەکە(کفن) ھاوکارێکی باش بوو ھەم وەکو ئیکسسوارات ھەم وەکو
جلوبەرگ بە چەندین شێوە بەکاری بھێنن ئەمە جگە لە لەوەی قوماشی سپی
مانا و مەدلوولی زۆر ھەڵدەگرێت وەکو پاکی و راستگۆیی.
ئەگەر باس لە سینۆگرافیای نمایشکە بکەین دیکۆر و رووناکی و میوزک لەگەڵ
ئیکسسوارت ھاوکارێکی باشی ئەکتەرەکان بوو بەکارھێنانی تابووتەکان
گۆرینی بۆ چەندین فۆرم لای من مایەی تێڕامان بوو لە ھەمان کاتدا
ھاوکارێکی زۆری کەشی گشتیی نمایشەکە بوو تا ئەو رادەیەی بینەرانی بە
تەواوی نقومی نمایشەکە کردبوو. لە کۆتاییدا دەست خۆشی لە ستاڤی
شانۆگەری (ئافرەت لە دۆزەخ دا) دەکەم بە ھیوای کاری زیاتر.
________________________________________________
•
شانۆگەری (ئافرەت لە دۆزەخ دا): نووسین و دەرھێنانی ھونەرمەند "ھیوا
سوعاد یونس"، نواندنی ھەر یەک لە (کەژاڵ حەسەنی، شەیما فریاد، سۆنیا
ھیوا، عەسەل ئەحمەد حەسەنی، ئەژین بێلاف سارمەمی)، لە ٢٢-٢٤/١/٢٠١٩
بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ھەولێری پایتەخت نمایش کرا، لە ٥/٢/٢٠١٩ لە شاری
دەربەندیخان نمایش کرا، لە ٧/٢/٢٠١٩ لە شاری سلێمانی پایتەختی
رۆشنبیریی نمایش کرا، (ئافرەت لە دۆزەخ دا) بەرھەمی بەرێوەبەرایەتی
ھونەری شانۆیی ھەولێر بوو.
kamaranrawandzi@yahoo.com
|