په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١\٢٠١٥

فوئاد مەعسوم و حیزبی شیوعی و مەسەلەی کورد!


جەلال دەباغ     

 

فوئاد مەعسووم لە پێشینەو لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری ئێراق، وەک نوێنەری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لە دیدارێک و وتەدەربڕێنێکدا رایگەیاند کە کاتی خۆی " چۆتە پاڵ حیزبی شیوعی ئێراق، بەڵام دوای سەفەری بۆ سوریاو دیداری لەگەڵ خالید بەگداشی سکرتێری حیزبی شیوعی سوریاو لەسەر پاشخانی هەڵوێستەکانی بەگداش لە مەسەلەی کورد، دەستی لە حیزبی شیوعی کێشاوەتەوەو چۆتە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.."!!


چاودێرانی سیاسی بە چەند پرسیارێک رووی دەمیان دەکەنە جەنابی فوئاد مەعسوم و دەڵێن:


- ئایا بۆچی کاک فوئاد مەعسوم دەیان هەڵوێستی باشی بەگداشی لە ئاست مەسەلەی کورد بەهەند وەرنەگرتووەو تەنیا لەسەر قسەوباسی "دیدارێک و پاشخانی هەڵوێستەکانی دیکەی بەگداش"، بەبێ ناوبردنی یەک لەو هەڵوێستانەو بەبێ سەرچاوەو دۆکومێنت ئەو بڕیارە سەرپێییەی داوە؟


- ئەی باشە بۆچی دەیان و سەدان هەڵوێستی حیزبەکەی ئەوکاتەی خۆی و دواتری حیزبی شیوعی ئێراقی لە ئاست مەسەلەی رەوای گەلی کورد، بەهەند وەرنەگرتووە؟ تەنیا بۆ نمونە، نەک سەرجەم هەڵوێستەکان، دەڵێین:


(حیزبی شیوعی ئێراق یەکەم حیزب بوو کە دانی نا بە مافی چارەنووسی هەموو گەلاندا بەگەورەو بچوکیانەوە، لەوانەش گەلی کورد، ئەمەش لە رۆژنامەو بۆچوون و ئەدەبیاتەکانیدا، لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا، رەنگیداوەتەوە).


حشع یەکەم حیزب بوو کە ساڵی ١٩٣٦ لە رۆژنامەی(کفاح الشعب- تێکۆشانی گەل) دا، دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی بەرزکردەوە.


حشع یەکەم حیزبی شیوعی بوو لە هەرچوار وڵاتەکەی کە کوردستانی دابەشکراویان پێوەلکێندراوە، کە یەکەمجار لقی کوردی وپاشان لقی کوردستان و، پاشتر هەرێمی کوردستانی بۆ رێکخراوەکانی خۆی لە کوردستاندا پێکهێناون و دواجار کردنیە (حیزبی شیوعی کوردستان) کە خاوەنی سەربەخۆیی و بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆو سەرکردایەتیی خۆیەتی و تەنانەت حشع لە هەڵوێستەکانیدا سەبارەت بە مەسەلەی کورد هەڵوێستەکانی حشک بەهەند وەردەگرێت.


حیزبی شیوعی ئێراق یەکەم حیزب بوو کە لە راپۆرتەکەی کۆنفڕانسی دووەمی ساڵی ١٩٥٦دا جەختی لەسەر هەڵوێستە راست و دروستەکانی لە مەسەلەی گەلی کوردستان کردەوە، لەسەر بنەمای مافی چارەنووس.


حشع یەکەم حیزب بوو کە لە راپۆرتەکەی ساڵی ١٩٦٢داو بە ناونیشانی "سیاسەتمان و رێگەمان بۆ چاری مەسەلەی کورد" بۆ یەکەمینجار دروشمی ئۆتۆنۆمی بەپێی هەلومەرجی ئەوکاتە بەرزکردەوەو روونیشی کردەوە کە ئۆتۆنۆمی مانای چیەو چی دەگەیەنێت..


حشع بوو لەسەرەتای ساڵانی شەستدا دروشمی (راگرتنی شەڕ لە کوردستاندا)ی بەرزکردەوەو بەم هۆیەوە هەزاران ئەندام و دۆستی کەتنە بەر داپڵۆسین و زیندانی کردن لەلایەن رێژیمی دیکتاتۆری ئەو کاتەوەو بە دەیانیشی لێ شەهیدبوون.


حشع لە هەموو خۆپیشاندان و راپەڕین و شۆڕشە هاوچەرخەکانی گەلی کوردا بەشداریی کردووەو، سەدان قوربانیی بەخشیوەو یەکەم حیزب بوو کەبۆ پشتگیریی شۆڕشەکەی ١٩٤٣- ١٩٤٥ بە سەرۆکایەتیی بارزانی مستەفای نەمر بەیاننامەی بڵاوکردەوە.


حشع لەسەردەمی هەموو رژێمە دیکتاتۆرەکانی بەرەودوای ئێراقدا،گەلێک لاپەڕەی گەشەداری قارەمانانەی هەبووە لەم بوارانەداو، لە ئەنجامی کارو تێکۆشانی دا هەڵەو ناتەواویشی هەبووە، بەڵام هەرخۆی راستی کردونەتەوەو، دەرس و پەندو تاقیکردنەوەی لە ڕابوردوی خەباتی حیزب و بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان پوختەکردووە.


بێگومان ناکرێ لە وتارێکی وەک ئەمەدا هەموو سەروەریەکانی حشع باسبکرێن، بەڵام بۆمان هەیە لە جەنابی کاک فوئاد مەعسووم بپرسین:


ئایا پێویستی بەو پاکانەکردنە درەنگە لە حیزبی شیوعی هەبوو، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماریی بەناوی کوردەوە؟ یان تێگەیاندنی بیانییەکان لەو بابەتە، ئەگەرچی کەس ئەوەی هەرنەدەزانی، لە کاتێکدا بەپێی سادەترین مافی مرۆڤ، مافی خۆی بووە کە ئارەزوومەندانە لە حیزبی شیوعیدا بووەو ئارەزوومەندانەش دەستی لە حیزبی شیوعی کێشاوەتەوەو چۆتە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان..!


ئیتر چ پێویستی بە تانەوتەشەر هەبوو لەدژی هاوڕێ بەگداش و لە دژی حشع؟!


هیوادارین و چاومان لەڕێیە جەنابی سەرکۆماری ئیستای ئێراق خاوەنی هەندێک دەسەڵاتبێ و بزانین لەو پۆستەی دا چەندو چۆن خزمەتی گەلی کوردستانی پێدەکرێت؟!

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک