په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١٩

فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان.

 

مەنسوور جیهانی

 

"خەڵاتی زاون" لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان پێشکەش دەکرێ.

دەبیر و بەرپرسی "خەڵاتی زاون" لە سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران گوتی: بڕیار وایە کە سی و دوو ھونەرمەندی دیزاینەر و شێوەکار، سیما و روخساری "زاون قۆکاسیان" لێکۆڵەر، نووسەری سینەما و رەخنەگری سینەمای ئێران بکێشنەوە و ھەموو ئامانجمان ئەمەیە کە شەوێکی لەبیرنەکراو تۆمار بکەین.


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و دووھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "سیاوەش گوڵشیری" دەبیر و بەرپرسی "خەڵاتی زاون" لە وتووێژ لەگەڵ لێژنەی راگەیاندنی ئەم فیستیڤاڵە سەبارەت بە بەرنامەکانی شەوی زاون کە ئەمساڵ دووھەمین خولی بەڕێوەدەچێت، گوتی: شەوی زاون، نزیکەی یەک ھەفتە بەر لە فیستیڤاڵ لە شوێنی سەرئاوەڵای مۆزەخانەی ھونەرەکانی ھاوچەرخی ئیسفەھان بەڕێوەدەچێت.


ھەروەھا ئەوەشی راگەیاند: لەم شەوەدا، سەبارەت بە "زاون قۆکاسیان" لێکۆڵەر، نووسەری سینەما و رەخنەگری سینەمای ئێران قسە دەکەین و کلیپێک لەو ھونەرمەندە پەخش و بڵاو دەکرێتەوە و بڕیار وایە کە سی و دوو دیزانەر و شێوەکار، سیما و روخساری "زاون قۆکاسیان" بکێشنەوە و ھەموو ئامانجمان ئەمەیە کە شەوێکی لەبیرنەکراو تۆمار بکەین.


گوڵشیری سەبارەت بە روانگەی ئەم خولە لە خەڵاتی زاون و جیاوازییەکانی لەگەڵ خولی رابردوو رایگەیاند: لە ئەنجومەنی سیاسەت داڕشتنی ساڵی پار، لەسەر ئەوە بڕیار درابوو کە لە پێشەنگەکان و دۆستانی زاون بۆ لێژنەی ھەڵبژاردن، کەڵک وەربگرین کە لە کۆتاییدا فیلمی سینەمایی "زەربە فەنی" بەرھەمی "غوڵامڕەزا رەمەزانی" توانی "خەڵاتی زاون قۆکاسیان" بەدەست بھێنێت؛ بەڵام ئەمساڵ لە ئەنجومەنی سیاسەت داڕشتن بڕیار لەسەر ئەمە درا کە ناوبژیوانانی ئەم خولە لە نێوان قوتابیان و فێرخوازانی ھونەری زاون ھەڵبژێردرێن و لێژنەی ناوبژیوانی ئەم خولە، پێنج کەس لە نێو ئەم کەسانەدا دەبن.

 
"سیاوەش گوڵشیری" ھەروەھا بە ئاماژەدان بە پێگەی ھونەری و فەرھەنگیی ‌"زاون


قۆکاسیان" گوتی: "زاون قۆکاسیان" لە زومرەی ئەو کەسانەیە کە بەشێکی گەورەی لە ھونەری ئیسفەھاندا ھەیە و سیمایەکە ھەمیشە لە سینەمادا لەبیر دەمێنێتەوە، پێشکەش کردنی خەڵاتی زاونیش ھەر بەم ھۆکارەیە کە ناوی ئەم گەورە پیاوەی سینەما بە زیندوویی رابگرین.


‌ دەبیر و بەرپرسی "خەڵاتی زاون" ئەوەشی زیاد کرد: کاتێک بە پێی ناوی یەک ھونەرمەند، خەڵاتێک پێشکەش دەکرێت، بەو مانایە نیە کە ناوەرۆکی بەرھەمەکە بە سەلیقەی ئەو کەسە بێت، بەڵکوو ئەمە سەلیقەی لێژنەی ناوبژیوانە کە لە کۆتاییدا بەپێی بنەمای بابەت گەلی تەکنیکی و چۆنایەتی، بڕیار دەدەن کە خەڵات بە کامە بەرھەم پێشکەش بکرێت. ئەم رووداوە سەبارەت بە خەڵاتی زاونیش دێتە ئاراوە و خەڵاتەکە ھەر بەم پێیە بە براوە دەبەخشرێت.


سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران  بە بەرپرسیاریی "عەلیڕەزا تابێش" لە بەشەکانی فیلمی درێژی چیرۆکی، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، وێب سێری، فیلمەکانی ئەنیمەیشێنی درێژ و کورتە فیلمەکانی ئەنیمەیشێن لە رۆژانی ٢٨ی گەلاوێژ تا ٤ی خەرمانانی ١٣٩٨ی ھەتاوی رێکەوتی ١٩ تا ٢٦ی ئۆگۆستی ٢٠١٩ی زایینی لە شاری مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.
 

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------


بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان دامەزرێندران.



لە بڕیارێکدا لە لایەن دەبیر و بەرپرسی فێستیڤاڵ، بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە شارەکانی ئیسفەھان و تاران دامەزرێندران.


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و دووھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، بە حوکم و بڕیارێک لە لایەن "عەلیڕەزا تابێش" دەبیر و بەرپرسی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "ئیمان حوجەتی" وەکوو "بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سی و دووھەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئیسفەھان" و "مەسعوود ئەحمەدیان" وەکوو "بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سی و دووھەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان لە تاران دامەزرێندران.

لەم دوو بڕیارەدا ھاتووە:


بەڕێز ئاغای "ئیمان حوجەتی"

بە لەبەر چاو گرتنی لێھاتووییەکان و ئەزموونە پڕبایخەکانی ئێوە، بە پشت بەستن بە رێککەوتننامەی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان و بە لەبەر چاو گرتنی ناساندنی بەڕێزتان لە لایەن شارەوانی بەڕێزی ئیسفەھان، بەپێی ئەم حوکمە وەکوو "بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئیسفەھان" دیاری دەکرێیت. بەو ھیوایە لە پەنای لوتف و تیشکی بەزەیی حەزرەتی حەق و ئەو بەرنامەداڕشتن و ھاودەنگییانەی کە لە نێوان ھەموو لایەنەکانی بەڕێوەبردندا دەیخەنە گەڕ، بە کەڵک وەرگرتن لە ھەموو دەفرایەتییەکان کە لە شار و پارێزگای ئیسفەھان بوونی ھەیە، فیستیڤاڵێکی شایستە لە پێگەی شیاوی بەردەنگەکان و ئاستی سینەمای ئێراندا بەڕێوەبچێت و ئامانجە بەرزەکانی بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە لە رێگای سینەماوە لە گەشەکردن، بردنەسەرێ و بەرزکردنەوەی فەرھەنگیی ئەم گروپەی کۆمەڵگا بھێتە دی.

بەڕێز ئاغای "مەسعوود ئەحمەدیان"
بە لەبەر چاو گرتنی لێھاتووییەکان و پێشینە پڕبایخەکانی ئێوە لە بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکانی سینەمایی و ھەبوونی باوەڕمەندیی باشی چالاکانی سینەمای ئێران، بەپێی ئەم حوکمە وەکوو "بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان لە تاران" دیاری دەکرێیت.


بەو ھیوایە لە پەنای لوتف و تیشکی بەزەیی حەزرەتی حەق و ئەو بەرنامەداڕشتن و ھاودەنگییانەی کە لە نێوان ھەموو لایەنەکانی بەڕێوەبردندا دەیخەنە گەڕ، بە کەڵک وەرگرتن لە ھەموو دەفرایەتییەکان کە ھەیە، فیستیڤاڵێکی شایستە لە پێگەی شیاوی بەردەنگەکان و ئاستی سینەمای ئێراندا بەڕێوەبچێت و ئامانجە بەرزەکانی بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە لە رێگای سینەماوە لە گەشەکردن، بردنەسەرێ و بەرزکردنەوەی فەرھەنگیی ئەم گروپەی کۆمەڵگا بھێتە دی.

"ئیمان حوجەتی"
ئەندامێتی لە ئەنجومەنی سیاسەتدانان و بەرنامەداڕشتنی سی و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و کاروباری نێونەتەوەیی شارەوانیی ئیسفەھان، ئەندامی دەبیرخانە و نوویسنگەی شاری لایەنگر و خۆشەویستی منداڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی گروپی پیشەیی ئینتخاب، ھاوکاری لەگەڵ راگەیاندنە جۆراوجۆرەکان لەوانە گروپی گۆڤارەکانی ھەمشەھری، ھەواڵدەرییەکانی ئیلنا، ئیسنا و میھر لە زومرەی پێشینە و ئەزموونەکانی بواری راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی ئەوە.

"مەسعوود ئەحمەدیان"
ئەحمەدیان نووسەری سینەما و تەلەڤیزیۆنە. ئەو لە فیستیڤاڵەکانی "فیلمی فەجر"، "حەسەنات" و "فیلمی شەھر" چالاکی ھەبووە و نووسین و داڕشتنی سیناریۆی فیلمەکانی "جەعبەی مۆسیقا" ، "دیمۆکراسی لە رۆژی رووندا" و "سیانۆر"ی لە کارنامەی ھونەریی خۆیدا ھەیە.


جێگری فەرھەنگی و لێکۆڵینەوەیی دامەزراوەی سینەمایی فارابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی فیستیڤاڵی دامەزراوەی سینەمایی فارابی و دەبیری فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە خولەکانی بیست و سێھەم و بیست و چوارەم لە زومرەی ئەزموونەکانی ھونەری و کارگێڕیی ئەوە.

 

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------



خەڵاتی تایبەتی یونیسێف بۆ باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵانی ئێران.


نووسینگەی رێکخراوی یونیسێفی ئێران، بەپێی بەرنامەیەکی کاریی واژۆکراو لەگەڵ وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، لە ناوبژیوانی کردنی فیلمەکانی ئێرانی لە سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لەمساڵدا بەشداری دەکات.


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و دووھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە ئامادەبوونی "عەلیڕەزا تابێش" دەبیر و بەرپرسی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "مەھتاب کرامەتی" باڵیۆزی نیازپاکیی رێکخراوی یونیسێف و "بەھارە یەگانەفەر" بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی یونیسێف لە دامەزراوەی سینەمایی فاڕابی بەڕێوەچوو، وردەکارییەکانی بەشداری یونیسێف و ناوبژیوانی کردنی فیلمەکان لە روانگەی یونیسێف لەم فیستیڤاڵەدا خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.


لە دوای پێکھێنانی دەستەی ناوبژیوانی سەربەخۆی یونیسێف بە ھاوکاری "مەھتاب کرامەتی" ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران و باڵیۆزی نیازپاکیی یونیسێف، ھەموو فیلمەکانی درێژی چیرۆکی، فیلمەکانی نیوەدرێژ و کورتە فیلمی چیرۆکی بەشی کێبڕکێی سینەمای ئێران بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تایبەتی یونیسێف دەخرێنە قۆناغی بینین و لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن.

ھاوکاری لەگەڵ یونیسێف لە پەرەپێدانی ئامانجەکانی فیستیڤاڵی فیلمی منداڵان.


"عەلیڕەزا تابێش" دەبیر و بەرپرسی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا بە ئاماژەدان بە روانگە نوێیەکانی فیستیڤاڵی ئەمساڵ وەبیری ھێنایەوە: ھاوکاری لەگەڵ یونیسێف دەتوانێت لە پەرەپێدانی ئامانجەکانی فیستیڤاڵ لەوانە دابین کردنی زنجیرەی فەرھەنگی ـ ئابووری و نوێخوازی لە پیشەسازیی سەرقاڵبوونی منداڵان و مێرمنداڵان کە تایبەتمەندییەکەی لە فیستیڤاڵی ئەمساڵدا بەشی تایبەتی "وێب سێری" دەبێت، یارمەتییەکی باش و شایانی ھەبێت.

ھاوکاری یونیسێف و فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان لە درێژایی ساڵدا بەردەوام ھەبێت.


دەبیر و بەرپرسی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ھەروەھا رایگەیاند: ھاوکاری نێوان رێکخراوی یونیسێف و فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان دەتوانێت لە درێژایی ساڵدا درێژەی ھەبێت و بەردەوام بێت و بە بەڕێوەچوونی رووداوەکانی تایبەتی منداڵان، ئەم ھاوکارییە لە پێناو پشکوتن و گەشەکردنی سازێنەرانی داھاتووی ئێران و جیھان زیاتر لە جاران پەرە بستێنێت. ھەروەھا بە لەبەر چاو گرتنی گرینگیی چارەنووسی منداڵانی کار، ئەمساڵ بەرنامەیەکی تایبەتی لەبەر دەستدا بۆ ئەنجامدان ھەیە بۆ ئەوەی کە ئەزموونی بینینی فیلم لە کەشوھەوای فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان بۆ ئەوان پێک بھێنرێت.


لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، دوکتۆر "رائید فەریدزادە" بەڕێوەبەری بەشی نێونەتەوەیی ‌ سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، روونکردنەوەیەکی لە پەیوەندی لەگەڵ بەشە جۆراوجۆرەکان و بەشە نوێیەکانی ئەم فیستیڤاڵە وەکوو پانێلی بەرھەمھێنانی ھاوبەش، کتێبخانەی ڤیدیۆیی، بانگھێشتن کردنی کڕیارانی نێونەتەوەیی فیلم، دەستەی ناوبژیوانی منداڵان و مێرمنداڵان لە وڵاتانی دیکە، دەستەی ناوبژیوانی نێونەتەوەیی لە دوو بەشی فیلمی درێژ و کورتە فیلمی راستەوخۆ و ئەنیمەیشێن، بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوەکان بە بابەتەکانی رۆژی سینەمای منداڵان و ھەروەھا بەرھەمھێنانی فیلم بە تەکنەلۆژیای VR، دیدار و وتووێژ لەگەڵ کارگێڕانی پیشەیی و پسپۆڕی سینەمای منداڵانی ئێران و جیھان ئاراستە کرد.


پێوەرەکانی یونیسێف بۆ ھەڵبژاردنی باشترین فیلم لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بەم پێیەی خوارەوە راگەیەندراوە:

 
• روانینی تایبەت بۆ یەکێک لە پرسەکان و کەڵکەڵەکانی رۆژانەی منداڵان و مێرمنداڵان
• حەقیقەت خوازی و باوەڕمەندی
• داھێنان و تازەگەری لە سیناریۆ و جێبەجێکردن
• ھاودەنگی و یەکدەست بوونی فیلم
• بەکارنەھێنانی بازرگانی لە کەسایەتی منداڵ
• بە دوور بوون لە روانینی بەزەیی و دڵسۆزانە بە کەسایەتی منداڵ
• بە دوور بوون لە دیمەنی توند و تیژی بۆ بەردەنگی منداڵ
• روانینێکی تایبەت بۆ منداڵانی چینی ھەژار و کەم داھات
• تێبینییەکانی ئەخلاقی لە ‌نمایش کردنی کەسایەتی منداڵ و مێرمنداڵ
• کەڵک وەرگرتن لە منداڵ و مێرمنداڵ لە فیلمدا بە کەسایەتییەکی چالاک و زیندوو
• لەبەر چاوگرتنی بنەماکانی تەکنیکی (مۆسیقا + رووناکی + وێنە ‌+ دەنگ + مۆنتاژ)
• بە دوور بوونی کەشوھەوای فیلم لە ھەر جۆرە لایەنگیرییەکی سیاسی
 


 

------------------------------------------------------------------------------------------

 


سیمۆن سیمۆنیان: بەشی "وێب سێری" لە فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان گرینگی ھەیە
.

بەڕێوەبەری دەبیرخانە و نووسینگەی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان سەبارەت بە رەوت و بارودۆخی ناردنی بەرھەمەکانی کورتەفیلم بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵ روونکردنەوەی ئاراستە کرد.


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و دووھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "سیمۆن سیمۆنیان" بەڕێوەبەری دەبیرخانە و نووسینگەی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان لە دیمانە لەگەڵ لێژنەی راگەیاندنی فیستیڤاڵ سەبارەت بە پێشوازیی سینەماکاران لە فیستیڤاڵ و رێژەی ئەو بەرھەمانەی کە بۆ بەشداری لەم رووداوە سینەماییە لە بەشی بەرھەمەکانی کورتەفیلم و ئەنیمەیشێن گەیشتۆتە دەبیرخانە گوتی: تا ئێستا زیاتر لە سەد و پەنجا فیلم لە بەشی کورتە فیلمەکان و ئەنیمەیشێن ‌بە ناردنی بەرھەم، خوازیاری بەشداری لە سی و دووھەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە بوونە. رێژەیەکی زۆر لە سینەماکاران، کەسایەتییەکان و روخساری لاو و بەھرەکانی تازە دەرکەوتوون کە خوازیاری بەشداری لەم خولەی فیستیڤاڵەکە بوون.


بەڕێوەبەری دەبیرخانە و نووسینگەی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەو یاسا و رێسایانەی کە لە بانگەوازی فیستیڤاڵی ئەمساڵدا ئاماژەیان پێدراوە، رایگەیاند: بەپێی یاسا و رێساکانی فیستیڤاڵ، ئەو فیلمانەی کە ماوە و کاتەکەیان لە نێوان ٣ تا ١٥ خولەکە، بە کورتە فیلم دێنە ئەژماردن و فیستیڤاڵیش میوانداری ئەم بەرھەمانەیە. بەم پێیە سینەماکاران ئەم خاڵە لەبەر چاو بگرن کە فیلم گەلی بە ماوەی کەمتر یا زیاتر بەپێی دەقی رێکارەکانی بانگەواز، بارودۆخی بەشداری لە فیستیڤاڵیان نیە و تەنیا ئەو بەرھەمانەی کە ئەم ھەلومەرج و بارودۆخەیان ھەیە، وەردەگیرێن و لە لایەن دەستەی ھەڵبژاردن ‌پێداچوونەوە و دووبارە بینینەوەیان بۆ دەکرێت. ‌


"سیمۆن سیمۆنیان" لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە لەم خولەی فیستیڤاڵەکەدا بۆ یەکەمین جار چاوەری بەڕێوەچوونی بەشی وێب سێرییەکان، بە شێوەی رکابەری دەبین، بەڕێوەچوونی ئەم بەشەی بە نیشانەی گۆڕینی روانینی دەسەڵاتدار بەسەر فیستیڤاڵ و بە فەرمی ناسینی بارودۆخی نوێی پیشەسازی وێنە لە بواری منداڵ و مێرمنداڵدا زانی و لە شیکردنەوە و روونکردنەوەی بارودۆخی بەشداری کردن لەم بەشە گوتی: بەرھەمەکانی زنجیرەیی کە بە شێوەی تایبەت بۆ پەخش و بڵاوکردنەوە لەسەر رایەڵەکانی ئینتەرنێتی دیزاین و ئامادە کراون و بەردەنگی خۆیان لە چینی منداڵ و مێرمنداڵ ھەڵبژاردووە، بەدەر لەوەی کە بە شێوەی بێ بەرامبەر یان بۆ کڕین و بۆ بەستێنەکانی جۆراوجۆری UGC یان بەستێنەکانی VOD بەرھەمھێنرابن، دەتوانن لەم بەشەدا بەشداری بکەن. درێژایی ماوەی ھەر بەشێک یان وێبزۆرد لەم کۆمەڵە زنجیرە بەرھەمانەش لە وەرگرتنی ئەم بەرھەمانە لەم بەشە لە فیستیڤاڵدا کاریگەری نیە و فیستیڤاڵ میوانداری ھەموو بەرھەمەکانی ویب سێری لە کورتەفیلمەکانی یەک خولەکی ھەتا کۆمەڵەی زنجیرەکانی درێژی نێوان ٣٠ تا ٤٥ خولەکی دەبێت.


بەڕێوەبەری دەبیرخانە و نووسینگەی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان جەختی لەوە کردەوە: دەستەی ناوبژیوان و ھەڵبژاردن لەم بەشەدا، ھەم سەرنج دەداتە پێوەرەکانی پەیوەندیدار بە چۆنایەتی ھونەری بەرھەمەکان و ھەم پێناسە و ناوەرۆکی کار و پیشەیی ئەمانە لەبەر چاو دەگرێت و پێشبینی ئێمە ئەوەیە کە ئەمساڵ، بەشداربوونی ئەم بەرھەمانە، رۆحیەتی نوێخوازی و ھاوپەیوەند لەگەڵ بارودۆخی رۆژی پیشەسازیی وێنە لە وڵاتی ئێران، دەڕژێنێتەوە نێو فیستیڤاڵەوە. ‌


"سیمۆن سیمۆنیان" لە کۆتاییدا وەبیری ھێنایەوە: رۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی ھەتاوی رێکەوتی ٦ی جولای ٢٠١٩ی زایینی دوایین مۆڵەتی ناونووسی و رادەست کردنی بەرھەمەکان بۆ سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانە و بێجگە لە بەشی وێب سێرییەکان کە لەبەر ھۆکارگەلی جۆراوجۆر لەوانەیە ماوەی بانگەوازەکەی درێژ بکرێتەوە، لە بەشەکانی دیکەدا چاوەری درێژ کردنەوەی ئەم ماوەیە نابین.

 


 

------------------------------------------------------------------------------------------



بانگەوازی ھەڵبژاردنی ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵی فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان بڵاو کرایەوە.

بانگەوازی ھەڵبژاردنی ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵ بە پاڵپشتی قوتابخانەی فێستیڤاڵ بۆ فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، دەستی پێکردووە و ھەر لەم ماوە کەمەدا پێشوازییەکی بەرچاو لەم بانگەوازە ئەنجام دراوە. ‌


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و دووھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازی ھەڵبژاردنی ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵ کە بە پاڵپشتی قوتابخانەی فێستیڤاڵ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، ئەنجام دراوە، ھۆگران بە ناوبژیوانی کردنی بەرھەمەکانی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵ کە لە نێو منداڵان و مێرمنداڵانی تەمەنی ٩ تا ١٤ ساڵان دەبن، لە رۆژەکانی سەرەتایدا پێشوازییەکی بەرچاویان لەم پلانە کردووە.


ماوەی ناونووسی کردن لە رۆژی ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ رێکەوتی ٦ی جوولای ٢٠١٩ دەستی پێکردووە و تا رۆژی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی ھەتاوی رێکەوتی ١٨ی جولای ٢٠١٩ی زایینی درێژەی ھەیە و ھۆگران دەتوانن لە ماوەی ئەم رۆژاندەدا لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٧ی ئێوارە بە ئامادەبوونی لە شاری ئیسفەھان، باڵەخانەی ھونەرمەند ھەڵکەوتوو لە مەیدانی شوھەدا، سەرەتای شەقامی ئیبنی سینا، کۆڵانی دووھەم بۆ ناونووسی کردن ھەنگاو بنێن.


بەڵگە و پێداویستییەکان بۆ ناونووسی کردن لەم پلانەدا، بریتیە لە ئەسڵ و کۆپی ناسنامە و کارتی میلی و دوو دانە وێنەی بچووکی پێرسۆنێلی کە دەبێ لەگەڵ خۆیان پێیان بێت.



 

------------------------------------------------------------------------------------------

 


دەستەی ھەڵبژاردنی بەشی سینەمای ئێرانی فیستیڤاڵی فیلمەکانی منداڵان ناسێندران.


دەستەی ھەڵبژاردنی بەشی سینەمای ئێران لە سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ناسێندران.


بە پێی راپۆڕتی لێژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سی و دووھەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، "جەواد حاتەمی" ، "حوسێن شێخولئیسلامی" ، "نادرە تورکەمانی" ، "سوھەیل موەفەق" و "حامید جەعفەری" لە لایەن "عەلیڕەزا تابێش" دەبیر و بەرپرسی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران وەکوو ئەندامانی دەستەی ھەڵبژاردنی سینەمای ئێرانی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان ناسێندران.


دەستەی ھەڵبژاردنی بەشی سینەمای ئێران لە چەند رۆژی داھاتوو‌دا کاری خۆی دەست پێدەکات و بەپێی یاسا و رێسا دیاریکراوەکان لە بانگەوازی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، لە نێوان بەرھەم گەلی خوازیاری بەشداری لەم بەشەدا بەلای کەمەوە ٧ بەرھەم کە ئامادەکردن و بەرھەمھێنانی ئەوانە نابێت بەر لە ساڵی ١٣٩٧ی ھەتاوی رێکەوتی ٢٠١٨ی زایینی بێت، ھەڵدەبژێرن.


پوختەیەک لە ئەزموونەکانی ئەندامانی ‌دەستەی ھەڵبژاردنی بەشی سینەمای ئێرانی سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەھان:


"جەواد حاتەمی" دەروونناس و ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی تاران، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەت دانانی سینەمای منداڵان و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی منداڵی دامەزراوەی فاڕابی، ئەندامی دەستەی ھەڵبژاردن و ناوبژیوانی بەشی نێونەتەوەیی خولەکانی رابردووی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان، نووسەر و لێکۆڵەر لە بواری بەرنامە سازکردنی منداڵ و مێرمنداڵ و بەڕێوەبەرایەتی گروپی منداڵی تەلەڤیزیۆنی ئێران.


"حوسێن شێخولئیسلامی" نووسەر، رەخنەگر و کارداھێنەر، دەرچووی قۆناغی کارناسی باڵا و ماستەری فەلسەفەی رۆژئاوا، ئەندامی دامەزرێنەران و ئەندامی ئەنجومەنی کارناسیی سینەمای منداڵی دامەزراوەی سینەمایی فاڕابی و بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی وەپێشخەری سینەمای ئێرانە. نووسینی زیاتر لە ٧٠ وتاری پسپۆڕانە لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی کتێبی مانگی منداڵ و مێرمنداڵ، کتێبی مانگی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڤاری توێژینەوەیی ئەدەبیاتی منداڵ و مێرمنداڵ و ھەندێک لە رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی دیکە لە زومرەی کارەکانی ئەوە.


"نادرە تورکەمانی" نووسەر، دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر، کارناسی سینەما (بەشی دەرھێنان) لە کۆلێژی سینەما و شانۆ، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای منداڵ و مێرمنداڵ، ئەندامی دەستەی ھەڵبژاردنی فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان، ئەندامی یەکێتی بەرھەمھێنەرانی سینەمای ئێران، براوەی خەڵاتەکانی جۆراوجۆری نەتەوەیی بۆ سازکردنی بەرھەمەکانی بواری منداڵان و مێرمنداڵان لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵان و فیستیڤاڵەکانی دیکە، تورکەمانی ھەروەھا ئەزموونی نووسین و ئامادەکردنی چەندین کتێبی لە کارنامەی کاریی خۆیدا ھەیە.


"سوھەیل موەفەق" بەرھەمھێنەر، دەرھێنەر و ئەکتەر. یەکەمین بەرھەمی ئەو "شوکۆلاتی" لە ژانری منداڵ لە فیستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ئیسفەھان پاڵێوراوی باشترین دەرھێنان، باشترین فیلم، باشترین ئەکتەری منداڵ بووە. ھەروەھا دوایین بەرھەمی ئەو فیلمی سینەمایی "پاستاریۆنی" لە ھەموو بەشەکانی فیستیڤاڵدا ناوەزەد و پاڵێوراو بوو کە توانی ٢ پەپوولەی زێڕینی باشترین فیلم لە لایەن ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵ و پەپوولەی زێڕینی باشترین فیلم لە لایەن ناوبژیوانانی منداڵ و مێرمنداڵ و ھەروەھا لەوحەی رێزلێنانی باشترین دەرھێنان و باشترین ئەکتەری دەوری منداڵ لە بەشی جیلوەگای ئومێد ھەر لەم فیستیڤاڵەدا بەدەست بھێنێت.


"حامید جەعفەری" بەرھەمھێنەری بەرھەم گەلی سینەمای منداڵ کە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکاندا بەشدارییەکی سەرکەوتووی ھەبووە و خەڵاتێکی زۆری بەدەستھێناوە. بەڕێوەبەری گشتی و بەرھەمھێنەری گروپی ھونەری پوویا، ناوبژیوانی فیستیڤاڵەکانی ئەنیمەیشێن، قوتابخانە، سیمورغ، فیلمی عەمار و ھتد.


سی و دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمەکانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بە بەرپرسیاریی "عەلیڕەزا تابێش" لە بەشەکانی فیلمی درێژی چیرۆکی، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، وێب سێری، فیلمەکانی ئەنیمەیشێنی درێژ و کورتە فیلمەکانی ئەنیمەیشێن لە رۆژانی ٢٨ی گەلاوێژ تا ٤ی خەرمانانی ١٣٩٨ی ھەتاوی رێکەوتی ١٩ تا ٢٦ی ئابی ٢٠١٩ی زایینی لە دوو بەشی "نەتەوەیی" و "نێونەتەوەیی"دا لە شاری مێژوویی ئیسفەھان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک