په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٦\٢٠١٩

کالیگۆلا.

بورهان جۆڵا      


ئۆگستۆس لە(٦٣پ ز) لەدایک بووەو لە(٢٧پ ز) تاکو (١٤ساڵی ز) بووە بەیەکەم ئیمپراتۆری رۆمانی و کۆتایی بەحوکمی کۆماری ھێناو حوکمی (باکس روما)ی داھێنا واتا (ئاشتی رۆمانی) لە(١٤ ساڵی ز) کۆچی دوایی کردووەو دوای خۆی (تیبیریۆس)ی کوڕی بوو بە دووەم ئیمپراتۆری رۆمانی.

سەرەتای کالیگۆلا.

کالیگۆلا ناوی راستەقینەی (جایۆس)ە، کچەزای ئۆگستۆسە واتا خوشکەزای تیبیریۆس، لە (٣١/٨/ی ساڵی١٢ز) لەو خێزانە حوکمڕانە خێزانی(جۆلیۆ کلاودیان) لەدایک بووە. لە(٢٤/١/ ساڵی ٤١ز) لەتەمەنی ٢٥ ساڵی بۆ ماوەی تەنھا ٤ساڵ بوو بە سێیەم ئیمپراتۆری رۆمانی.

کالیگۆلا لە دایکەوە دەچێتەوە سەر (نەیروون) کە ھەموو شاری رۆمای سووتاند، باوکیشی (جرمانیکوس) جەنەراڵێکی گەورەی سەردەمی (ئۆگستۆس)ی باپیری بووە، بەھۆی جەنەڕاڵێتی باوکیەوە سەردەمی مناڵی لەناو سەربازانی ئەوسەردەمە بەسەربردووە بۆیە چەقاوەسوو و سورتک و بێشەرم بووە، بەھۆی بچووکی و لاوازیەوە سەربازەکان بۆ گاڵتەجاڕی ناویان نابوو (کالی گۆلا) واتا (پێڵاوی رۆمانی) تاکو کۆتایی ژیانیشی ھەربەو ناوەوە مایەوە.

کالیگۆلا بەناوبانگترین خوێنڕێژە لەمێژووی مرۆڤایەتی و بەدڕندە شێت و سادیەکە ناسراوە، بەھۆی شێتیی دەسەڵاتەکەیەوە کوشتن و بڕینی وای ئەنجام داوە لەڕادەی ئەقڵی مرۆڤ بەدەربوو بچووکترین کردەوەکانی ئەوەبوو چێژی وەرگرتووە لەسووکایەتی کردن بە بەرامبەرەکەی، لێزان بووە لەئازاردانی دەروونی مرۆڤ وەک دروستکردنی پەیکەری گەورەی خۆی لەشاری ئۆرشەلیم بۆ ئازاردانی دەروونی جوولەکەکان، گواستنەوەی پەیکەرو کەلوپەکی (تەحتەمس) فیرعەونی سێیەم، دەروونناسانیش دەیگەڕێننەوە بۆ جەنجاڵی سەردەمی مناڵیی و دەشیسەلمێنن کە زیرەکییە لەڕادەبەدەرەکەی بۆتە ھۆی نەخۆشکەوتنی ئەقڵی دەسەڵاتدارێتیی، مێژووش سەلماندوویەتی زۆرجار شێتی و زیرەکی لەیەک مرۆڤدا کۆبوونەتەوە.

کالیگۆلا خۆی بەخودای سەرزەوی دادەناو ھەموو جیھانی بەھی خۆی دەزانی، جارێکیان زۆر بێزاردەبێت چوونکە ناتوانێ مانگ دابگرێ وبیکات بەموڵکی خۆی، زۆرجار دەگریا چونکە نەیدەتوانی وابکات خۆر لەخۆراوا ھەڵبێت و وابکات ھیچ بوونەوەرێک نەمرێت.

کالیگۆلا کاری دزیکردنی بەسەر خەڵک دەسەپاند، وەسیەتنامەی بە دەوڵەمەندان دەنووسی کە دوای خۆیان سامانەکانیان ببێت بەموڵکی دەوڵەت، ھەندێجاریش بەپێی لیستێکی تایبەت لەژێر دروشمی (بەئاشکرا دزی دەکەم) دەوڵەمەندەکانی دەکوشت بۆئەوەی زووتر دەستبگرێت بەسەر سامانەکانیان، ئەمانەو وێڕای سووکایەتیکردن بە دارودەستەکەی، ئەوانیش ترسنۆک و بێدەنگ بوون لە پێناو دەسکەوتیان لەپەنا دەسەڵاتی ئەودا.

جارێکیان کالیگۆلا بەفێڵ بڵاوی دەکاتەوە گوایە لەسەرەمەرگدایەو دەمرێت بادوعاونزای چاکبوونەوەی بۆبکەن و قوربانی بۆبدەن و پارەوسامان ببەخشنەوە بەڵکو خودا شیفای بۆبنێرێت، زۆرینەی خەڵک نزای چاکبوونەوەی بۆدەکەن، ھەندێک کەس بڕیار دەدەن پارچە زێڕ بکەنە خێر، کەسێکیش بڕیار دەدات رۆحی خۆی بکاتە قوربانی لەپێناو چاکبوونەوەی کالیگۆلا، لەپڕ دەردەکەوێت ئەوانەی پارەوزێڕیان نەدرکردبوو لێیان وەردەگرێت و ئەوەی رۆحی خۆی پێشکەش کردبوو دەیگرێت و دەیکوژێت.

جارێکیان کالیگۆلا بیردەکاتەوە با لەمێژوودا برسیەتی تۆماربکەم، سەرجام کۆگاکانی خواردەمەنی دادەخات و برسیەتی بڵاودەکاتەوە، چێژ لەو برسیبوونەی خەڵک وەردەگرێت و دەڵێت:- (من لەجیاتی دەردو نەخۆشیم بۆ ئێوە).

جارێکیان کالیگۆلا یەکێک لەپیاوەکانی بەناوی (میریا) بەھۆی نەخۆشییەکەوە دەرمان دەخوات، کالیگۆلا واتێدەگات ئەمە دەرمانی دژە ژەھرەو بەکاری دەھێنێت لەترسی بەژەھرکوشتنی لەلایەن کالیگۆلاوە بۆیە دەیکوژێت.

پاساوی کالیگۆلا بۆ کوشتن و خوێن ڕشتن: (ئەگەر کوشتن ئەنجام نەدەم ھەست بەتەنیایی دەکەم)، (تەنھا لە نێو کوژراواندا ئارام دەبم)، ئەم دوو دەستەواژەیە روخساری کەسێتییە نەخۆشەکەی کالیگۆلا دەردەخەن کە نووسەری بەناوبانگی فەڕەنسی (ئەلبێر کامۆ) لە شانۆگەری (کالیگۆلا)دا ناساندنی پێدەکات بۆ کەسێتی ئەو خوێنڕێژە.

کۆتایی کالیگۆلا.

کالیگۆلا بەسەر پشتی ئەسپە خۆشەویستەکەی (تانتۆس) دەچێتە ناو ئەنجومەنی پیران، ئەندامێکیان رەخنەی لێدەگرێت ئەویش پێیدەڵێت:- (کە ئەسپە بەڕێزەکەم بەڕێزترە لەو ئەندامە بەڕێزەی رەخنەی لێدەگرێت، ئەی چۆن من بچمە سەرپشتی؟) بێگوومان ئەندامەکانیتر دەیکەن بە چەپڵەڕێزان ئەویش ئەسپەکەی وەک ئەندامێک لەئەنجومەنی پیران دادەمەزرێنێت و ھەر بەم بۆنەیەوە فەرمان دەکات ئاھەنگێکی گەورە سازبکرێت. لە رۆژی ئاھەنگەکەدا خوانێکی گەورە بۆ ئەنجومەنی پیران سازدەکرێت کە تەنھا کاوجۆی تیایە..!

کالیگۆلا: ئەمە شەڕەفێکی گەورەیە بۆ ئێوە کەھەمان خواردنی ئەسپەکەم دەخۆن.

ھەموویان دەستدەکەن بەخواردنی کاوجۆ تەنھا ئەندامێک بەناوی (براکۆس) ئەم خواردنە رەتدەکاتەوە.

کالیگۆلا: تۆ کێیت خواردنی ئەسپەکەم رەتدەکەیەوە؟ بڕیارم دا تۆ دەربکەم و ئەسپەکام بخەمە جێی تۆ.

بێگوومان ئامادەبووان بەدەمی پڕ لەکاوجۆ ھاواردەکەن و پشتگیری بڕیارەکەی کالیگۆلا دەکەن، بەڵام براکۆس دەگاتە لووتکەی توڕەبوون و ھاواردەکات بەسەر کالیگۆلاو ئەنجومەنی پیراندا.

براکۆس: ئەی پیاوماقولانی رۆما تاکەی ژێردەستەی کالیگۆلا دەبن؟ (تاکێ پێڵاو دەگرێتە دەموچاوی ئەسپەکە) ئەی پیاوماقولانی رۆما وەکو من بکەن و شەڕەفو کەسایەتیتان بپارێز.

شەڕی قاپ و کەوچک و دەستەویەخە رودەدات لە نێوان ئەنجومەنی پیران و پاسەوانەکانی کالیگۆلا، لە ئاکامدا ئەسپەکە دەکوژرێ و کالیگۆلاش دەستگیر دەکرێ، ئەم ھەواڵە دەگاتە خەڵک و دەست دەکرێت بەشکاندنی سەرجەم پەیکەرەکانی کالیگۆلاو ئەندامانی خێزانەکەی تەنانەت ھی نەیرون-یش.

ھەندێکیش پێیان وایە لەداڵانێکی تاریکی شوێن پیاسەیکردنی خۆی بەدەستی دوو پاسەوان دەکوژرێت چونکە پێشتر دەستدرێژی سێکسی کردبوو بۆ ژنی یەکێکیان و ئەوەی تریشیانی بەھۆی دەنگە ناسکەکەیەوە بەئافرەت لە قەڵەم دابوو. دڕندەیی کالیگۆلا ئەوەندە ترسناک بوو خەڵک باوەڕیان بەمردنەکەی نەکرد لەترسی ئەوەی نەوەکو وەکو جارانی پێشوو درۆبێت و بەھۆی خۆشحاڵیان بەو مردنەوە لە سێدارە بدرێن.
 

ماڵپەڕی بوڕهان جۆڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک