په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١٠

گاڵته‌جاڕیی دەنگدان و قه‌یرانی ویژدان.


هەردى شەفیق   

 

ژنە ده‌رۆزه‌که‌رێک پێم دەڵێ بەخوا ڕۆڵە من لەجێی بەر پرسەکان بوومایە چین چین لەتەریقیدا دەبووم بەئاو. سەیرى گۆڕى شەهیدێکیش دەکەم عیبادەتى نیشتیمانى کردوە ئەوەم پێدەڵى ژیان قومارێکى بێمانایەو تەنها سیاسیەکان تیایدا براوەن .شۆفێرى تاکسیەک پێم دەڵێ کام کوڕى بەرپرسە ئەتوانێ شەو وەک من لەسەرەى بەنزینا ڕۆژ بکاتەوە؟ جگەلەوەى خۆیان هۆکارو دروستکەرى گرانیەکەن ؟وەڵاهى لێگەڕێن کۆڵبەرو قاچاخچیەکان ئەتوانن نرخى بەنزین دابەزێنن بەڵام ئەوان بۆ خۆیان ڕێ بەقاچاخچیەکانى هەندەران ئەدەن نەک ئەوان .ئەوان تەنها فێرن کاڵا لەم دیو بکەن بەو دیوا و لەو دیویش شتێک بێت ئیلا خێرەکەى بۆخۆیانە و خێرى خۆیانى تیا نەبێت ناهێڵن بۆیە ئائەمەى ئێمە دەیکەین بۆ ئەوانە کە هۆکار و دروستکەرى گرانین .حەماڵێک بۆى گێڕامەوە بازرگانەکان فێربوون لەسەر سنور کەخواردەمەنى بەسەر چوودێنن فەردەکەى دەگۆڕن و دەیوت نازانم چۆن ئەو خەڵکە قڕیان تێنا کەوێت ؟؟پێشمەرگەیەکى دێرین پێم دەڵێ ئێمە قەڵغانى گوللەى ئەم خاکەو بەرپرسە کان بووین و جاش و مستە شار خواردیان ،نەمانزانى ئەو کاتە ئێمەش وابکەین!کوڕە شەهیدێک پێم دەڵێ ئەگەر ئەوان خەباتیان کردوەو حەقى خۆیانە بیخۆن خۆ ئەو هەموو پێشمەرگە دێرینەش خەباتیانکردووە لەوەش خراپتر ئەوانەى کەشەهیدبوون لەپێناوى ئەم خاکەدا شەهید بوون کوڕى ئەم خاکە بوون و لەژنە عارەبەکە نەبوون.


بێکاریی هەزاران گەنج ى بە ئەزموون سەرت دەئاوسێنێ لەولاتریشەوە هەرباباى نەخوێنەوارە دامەزراوە بۆیارى کردن بە کۆمپیوتەرى فەرمانگە کان وsmsناردن.


تادێ شوقەى و باڵه‌خانه‌ی کۆمپانیاکان و بازرگانەکان دەچێت بەئاسماناو خوێنى ئەو خەڵکە دەمژن بەخوێن و فرمێسک خستنیانە سەر کورسى دەسەڵات ،تادێ کۆمپانیا زەبەلاحەکان ژیان ئەخەنە ژێر چەپۆکى میحنەت و بە کۆیلە کردنەوە و سەرمایەى کۆمەڵێکى کەمى ئەم وڵاتە کەڵەکە ئەبێ و کرێچێتى زیاد ئەکاو زەویش وەکو گۆشتى خێر و ئاوى حەمام چاکەو پیاوەتى بەسەرەوە دەکرێت .تادێ ڤێلاو کۆمپانیاى بەرپرسان چاو برسى تر ئەبن و ماڵە دەڵاڵ و لەشفرۆشەکانى شار ڕو لە زیاد بوون ئەکەن و شیرازەى خێزان ڕو لە هەڵوەشانەوەئەکات.


تادێ سنورێک لەخوێنى شەهیدان سورتر ڕەنگ ئەکرێ و دروست ئەکرێ لەنێوان خەڵکى بەر پرس و خەڵکى هەژارو مەینەتباردا بەجۆرێک ئەم سنورە گەورەبووە ئەوان لەکێوێک لەبەهەشت دەژین وخەڵکیش لە دۆڵێک لە جەهەنەم.تادێت دیاردەى سەیرو نامۆ لەنێو بەر پرسەکانى شاردا بەدەر دەکەوێت و چیرۆکى قومارە جۆراو جۆرە کانیان و دۆڕاندن و بردنەوەی دەفتەرە دۆلارە کانیان بڵاوە دەکاو لەولاتریشەوە کۆمەڵێک خەڵکى هەژار دێننە سەر شاشەى تیڤیەکان بۆ ڕووشکاندن و فێرە ده‌رۆزه‌کردنیان دەنا خۆ ئەوەندە توانایان هەیە هەژارى نەک لەو چەند ماڵە کەمەى دەیانەوێت بەپارەى خەڵکى خێرخوا چارەیان بکەن بەڵکو دەتوانن هەژارى لە کوردستانیشدا نەهێڵن .تادێ هەژارى هەواڵى سەیر سەیرت دەخاتە بەر گوێ لەوانە ڕیکلامکردن بۆ گورچیلە فرۆشتن و ده‌رۆزه‌کردنى نوێترو خۆکوشتن بەتازە ترین مۆدێل.


بۆیە دەنگ نادەم بە حکومەتێک پیازو تورو خواردنى ئیکسپایەرى وڵاتانى دراوسێ ى لێببڕە لەبرسان دەمرێت ،دەنگ نادەم بە حکومەتێک هەرچى کۆمپانیادێنن عەزابەکەى بۆ خەڵکەو بەقسەى ئەندام پەرلەمانێکیش لەسەدا شێستى لەلیستى ڕەشدان لەوڵاتانى دەرەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان شەریکى بەر پرسانن .دەنگ نادەم بە حکومەتێک لە17ساڵى تەمەنیدا کێشەى کارەباى پێ چاک نەکرێت ونەتوانێت لایەنى کەم پشت بەپیازو تورى خۆى ببەستێت.


ئاخر هەمان یارۆى کەخوێنى شەهیدەکان و نانە ڕەقى گوند نیشینەکان و ترس و ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانە سیاسیەکان و خوێن وفرمێسکى منداڵە شەهیدەکان و شکاندنى شەرەفیان لەلایەن بەعسەوە بوون بەپەیژەى ئەو بۆ سەرکەوتنە سەر کورسى دەسەڵات هەتا خوا حەزکات غەرقى نورى نیعمەتەو لەشەڕى خواردن و لولدانى نیعمەتەکاندا لەپێشى پێشەوەیەو لەکارەسات و خوێن ڕشتنەکانیشدا عەینەن کاسپەڕەکەى فیلم کارتۆن کەس نازانێت بۆ کوێ غەیب ئەبێت .بۆیە کاتى ئەوە هاتووە سەرمایەداراەکانى وڵات و کەهەمان بەرپرسەکانى دوێنێی شاخن لەبەهەشتى کورسیەکانیانەوە سەیرى ژیان نەکەن و گۆرانى بۆ کوڕى خەڵک نەڵێن لەماڵى ئەو بێوەژنەوە سەیرى گوزەران بکەن خەمى نان لاشەى پێئەفرۆشێ ،لەسەر ئەو شەقامەوە سەیرى ژیان بکەن ده‌رۆزه‌که‌رێک بەڤالیۆم مناڵەکەى ئەخەوێنێ تا خێر خوایەک دینارێکى بداتێ و بەزەیی بجوڵێ.خۆ ئەگەر دیوارى ئەو بەهەشت و جەهەننەمەى نێوان خۆیان وخەڵک نەڕوخێنن ئەوا هەرگیز کورد حاڵى لەمە باشتر نابێت . بۆیە کاتێک نیشتیمان دەبێتە دایکى ڕاستەقینەى هەمووان مردن هەبوو بۆ هەمومان و ژیانیش هەبوو بۆ هەموومان .بۆیە دەنگ نادەم بۆ دۆزه‌خی خۆم و بەهەشتى بەرپرسان ،دەنگ نادەم بەحکومەتێک دایکى بەرپرسەکان بێت و باوەژنە دڵڕەقەکەى هەژاران .با موچەکەم ببڕن ڕاگەیاندنەکان هەربڵێن بچۆ بۆ دۆزینەوەى ناوەکەت و منیش هەر ئەڵێم ئەو پەنجەم ئەبڕم تا بارودۆخ بەم شێوە بێت دەنگى پێبدەم.

 


Jgarsoz8181@yahoo.com