په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠١٠

گەلۆ هوشیاربن! کەرکوک دەکرێتە پایتەختى رۆشنبیریى عێراق!!


رابه‌ر ره‌شید   

 

خەمەکانى کەرکوک هێندە زۆرن، ئەگەر دەیان گۆشەى رۆژانەیشیان لە رۆژنامەکاندا بۆ تەرخان بکرێت، هێشتا هەر خەمەکان وەکو خۆیانن. بەپێى ئەو دەنگۆیانەى لەنێو رۆشنبیرانى کەرکوک بڵاوبۆتەوە و هەوڵى زۆریش لە ئارادایە و کۆبوونەوەش بۆ ئەو مەبەستە کراوە کە وەزارەتى رۆشنبیریی عێراق بۆ ساڵى 2010 لە بەرنامەیدایە کەرکوک بکاتە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق!!


گومان لەوەدا نییە کە کردنى کەرکوک بە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق بۆ ئەمساڵ (2010) کە ساڵى هەڵبژاردن و هەوڵى یەکلایی کردنەوەى پرسى کەرکوکە لەگەڵ بەغدا، خۆى لەخۆیدا، پیلانێکى دیکەى داگیرکەرانە بۆ جارێکى دیکە بە عەرەبکردنەوەى کەرکوک. گومانیشم لەوەدا نییە کە تا ئێستا دەمانتوانى وەکو کورد زۆر هەنگاویترمان بۆ داکۆکیکردن لە کوردستانییەتى کەرکوک بنابوایە، بەڵام کورتبینیمان و نەخوێندنەوەى واقیعەکە بەشێوەیەکى لۆژیکیانەو داننانمان و دەنگدانمان بە دەستوورى هەمیشەیی عێراق، بەوەى کە کەرکوک بەشێکە لە (ناوچە کێشە لەسەرەکان)، نەک (ناوچە دابڕاوەکان لە هەرێمى کوردستان) و شەڕى ساردى حزبایەتی لە شارەکە، دۆخەکەى ترشاندو بەمڕۆژە رەشەى گەیاند کە جارێکى دیکە بە مەمنوونى لەگەڵ کۆنە بەعسییەکانى شاردا ئاشتبینەوە، وەک ئەوەى نە با بووبێت و نە باران. ئاخر ئەوانەى گۆشکراوى بەعسن، مەحاڵە لەبیرى شۆفێنییەتى خۆیاندا پاک ببنەوەو بە دڵێکى پاکژو بێگەردەوە مامەڵە لەگەڵ کوردو دۆزى کورددا بکەن!!


ئەوەى زۆر مایەى نیگەرانییە ئەوەیە کە ئێمە وەکو رۆشنبیرانى کورد خۆمان هاوکاریی ئەوانەبین بۆ جێبەجێکردنى ئەو پیلانەى کە لەپاڵ بە پایتەختکردنى رۆشنبیریی کەرکوکەوە دەیانەوآ جارێکى دیکە بە دونیاى عەرەبى و وڵاتانى دەوروبەر بڵێن: ئەوە ئەو کەرکوکى عەرەب و عێراقەیە کە کورد بە خاک و زێدى خۆى دەزانێت، کەچى راستییەکەى ئەوەیە، نەک هەر عێراقییە، بەڵکو پایتەختى رۆشنبیریی عێراقیشە.


سەیر لەوەدایە ئێمە زۆرجار بە سیاسەتمەدارانمان دەڵێین: نازانن لەگەڵ دژو دوژمنەکانى کوردستاندا مامەڵە بکەن و هەرجارەو لە شەڕێکى دیبلۆماسی و یاساییدا دەدۆڕێین، کەچى وا ئێمەى رۆشنبیرانى شاریش خۆمان بەدەستى خۆمان بەشدارى ئەو دۆڕانە دەکەین و لەوانەیشە بە کارێکى باشى بزانین!.


تیامان هەیە دەڵێت: مادام سیاسییەکانمان وایان لێکردین دەنگ بۆ دەستوور بدەین و دۆخى شاریان والێکرد، دەبا ئێمەش چیدیکە خۆمان بە هەرێمى کوردستانەوە هەڵنەواسین و بۆ خۆمان پردێک لەگەڵ عێراقى عەرەبیدا دروست بکەین!!.


ئەرێ گەلۆ! ئەمە چ لۆژیکێکە، کەى هەڵە بە هەڵە چارەسەر کراوە؟، تا ئەمڕۆکە ئێمەى رۆشنبیرانى شار، تۆڵەى تەمومژاوى کردنى دۆزى کەرکوک، بە کردنى شار بە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق لە سیاسییەکانى خۆمان بکەینەوە؟


ئەوان، رۆشنبیران و سیاسییەکانیان و گەورە بەرپرسەکانیشیان لە بەغدا ئامادەنین وشەى (فیدرالی)ش بە عێراقەکەیانەوە بلکێنن کە بەپێى ئەو دەستوورەى خۆیان دەنگیان پێداوە، لێ ئێمە بێین و خۆمان ببینە هاوکارو هاوئاهەنگیان، بۆچیش؟ بۆ جارێکى دیکە تەعریبکردنەوەى کەرکوک.


وا گریمان هاوئاهەنگیان بووین و لە چالاکی و فیستیڤاڵەکانیشیان بەشداریمان کرد، ئەرێ کوا تیپێکى مۆسیقاى کارامەو لێهاتوو و یەکگرتووى کەرکوییەکان کە گۆرانى و میوزیکى کەرکوک و گەرمیانیان پێبناسێنێت؟.. ئەى کوا تیپە شانۆییە کارامەکانى شار، بە نمایشکردنى خەمە گەورەو کۆستە لە بن نەهاتووەکانى خەڵکى شار، پێیان بڵێت: ئێوە بە تەعریبکردنى شار ئاوا ئازارتانداین و ئەنفالتان کردین و کۆستتان خستین، بۆیە واچاکترە وازمان لێبێنن، زامەکانى خۆمان ساڕێژ بکەینەوە!!
 

 

rabersaley@yahoo.com