په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

                 گه‌مارۆ.

بەرزان هەستیار

-1-
دابەشی هەر ژمارەیەکی بکەیت ،....
وەک خۆی ئەمێنێتەوە ، مردن ؛
لە هەر ژمارەیەکی بدەیت ،....
هەر ئەکاتەوە خۆی ، مردن ؛
لەگەڵ هەر ژمارەیەک کۆی کەیتەوە ،...
سەر ئەنجام خۆیەتی ، مردن ؛
هەر ژمارەیەکی لێ دەرکەیت ،....
ئەمێنێتەوە خۆی ، مردن !!!!
*******
لە دەریای هەڵکێشیت ،
ئەیکاتە کوشتارگەی ماسی و
لەوسەرەوە ، وەک نە بای دیبێت نە بۆران ،....
ئەکەوێتەوە سەر ئاو ، مردن ؛
وەکو گڕە بەسەر گلێنەی سەوزاییەکاندا ڕەت ئەبێ و
چەشنی سەهۆڵ ئەنیشێتە سەر خوێنە گەرمەکان ،
لەسەر ناسکترین پەڕەی گوڵ .....
دەست ئەخاتە سەر شانی پەپوولە و
لە هێمنترین ئێوارەدا لە عیشق مۆڕ ئەبێتەوە ،
بەردەوام چاڵ بۆ ژیان هەڵئەکەنێت و
شانازیی بە نامەردی خۆیەوە ئەکات ، مردن

-2-


بە شانی کچێکی غەجەرییەوە ، جانتایەک ،
لەسەر سینەی ، تاڤگەی قژێکی قەترانیی ،
لە ژێر کراسێکی سپییەوە ، ستیانێکی پەمەیی ،
لە گەردنیا ، ملوانکەیەکی زیویین ،
لە دەستەکانیا ، ڕستێک بازنگ لە نەسلی پێکەنین ،
لە لێوانیا ، ئای لەسەر لێوەکانی ....
تەنکە سووراوێک لە ڕەنگی منداڵبوونەوە ،
لە کەمەریا ، پشتێنێک ، لە تەیمانی باخی بەهەشت ،
بە شانی کچێکی غەجەرییەوە ،
لەسەر سینەی ،
لە ژێر کراسەکەیەوە ،
لە دەستەکانیا ،
لە لێوانیا ،
لە کەمەریا ،....
پاڵی داوەتەوە ، مردن
*******
سەری ئەنێمە سەر قۆڵم و
جامێک ئاو ئەکەم بە دەمییەوە
بۆ ئەوەی نەخنکێت ، باران !
ئەیخەمە ژێر پاڵتۆکەم و
سەری ، توند..توند ئەنێم بە سنگی خۆمەوە
با ڕەق نەبێتەوە ، ئاگر !
ئەیبەمە ژوورەکەی خۆم و
تا بەیانی حیکایەتی خۆش خۆشی بۆ ئەگێڕمەوە
با نیگەران نەبێت ئەو سەگە !
ئەیانخەمە نێو لەپی دەستەکانمەوە
کەچی لەوێش ، خۆی بۆ تەیار کردوون ، مردن
*******
گرەو لەگەڵ قومارچیی و
نوێژکەر و
شاعیر و
گاڵتەباز و
قومار لەگەڵ " مولحید " و
"عابید "یش ئەکات و
هەمیشە ئەیباتەوە ، مردن

- 3 -


کوڕی کێیت تۆ ، ئەی مردن ؟
لە کام داوێن بەربوویتەوە !؟
*******
سەیرە ، لە بێ ڕەنگییدا چەندە لە ئاو ئەچیت ،
لە سپڵەییدا ، تەنها لە خۆت ئەچیت ،
لە بێ تامییدا هەر ئەڵێی لە نەسلی ئاویت ،
لە ناشرینییدا ، لە هیچ ڕۆح لەبەرێک ناچیت ،
لە بێ بۆنییدا ، ئەچیتەوە سەر خانەوادەی ئاو ،
لە بۆگەنییدا ، هەر خۆت لە ڕەنگی خۆتیت ،
لە زەلیلییشدا ،......
هیچ شتێک لەم هەموو مەخلووقە ناچێت
هیچ لە ڕەنگی پەڕیوی ئێمە ناکات .....
لەبەردەم چریسکەی شمشێرەکەی تۆدا ، مردن
*******
دابەشی هیچ ژمارەیەکت ناکەین و
لە هیچ ژمارەیەکت نادەین و
لەگەڵ هیچ ژمارەیەک کۆت ناکەینەوە و
هیچ ژمارەیەکیشت لێ دەرناکەین ، کەچی
هەمیشە هەر خۆتیت و هەمووشمانیت
ئێمەش هەردەم ، هەر خۆمانین و خۆشمان نین ،
هەر خۆمانین و تۆش ؛ مردن!


ئۆکتۆبەر و نۆڤێمبەری 2008
ئەڵمانیا - کۆلن
bhastiar@yahoo.de