٢٦\١٠\٢٠١٧
گەمە قورسەکە نزیک
بۆتەوە.

سەردار رەزا
بەرایی.
ئەو رەوشە سیاسییە ئاڵۆز و چڕوپڕ و تەونی جاڵجاڵۆکییە رووی لە
خۆرھەڵاتی ناوین کردووە، و کوردیش یاریزانێکی باش یان خراپی نێو ئەو
گەمە قورس و قووڵ و گەورەیەیە، کە رۆژ دوای سەختتر و ئاڵۆزتر دەبێت،
ئاخۆ سەرەتای کۆتایی ھاتنی سایکس _ پیکۆی سەدەیەک لەمەوبەرە ، یا نەخشە
رێگایەکی تازەیە بە پێی سیستەماتیکی گونجاو لە تەک بیرو دیدە
جیاوازەکانی وڵاتانی زلھێز و ھێنانە کایەی رێکەوتنێکی دیکەیە لە بارەی
دەڤەرەکەوە یان دەسکاریکردنی چەند بەندێکی سایکس _ پیکۆ دەبێت، بە ھەر
حاڵ گۆڕانێک روو دەدات و ھەموو جگە لە وڵاتانی ھەرێمایەتی پێ دەچێت
ھەموو کۆک بن، ئیرە بۆتە جمەی تەواوی جڵەو کێش و لەشکرکێشی وڵاتانی
دونیا، سەرەرای ئەوە ھەرەشە گەورەکە لەم سنوورەوە وا نیشانی دەدەن دوور
بێت و بەردەوامیش باس لە تەنگژە و قەیرانێکی سەربازی و سیاسی گەورەی
وەک ھەرەشەکانی سەرۆکی کوریای باکووری ھەرزە و گەنج دەبێتە مانشێتی
ھەواڵە پڕ قەیراناوییەکان، کەچی پێ دەچێت ئەوەیش لە نێو گەمەکەدا
یاریزانێکی دیکەی سەرنج راکێشی پەیگیرانی رەوشی سیاسی جیھانی بن...
ماوەیەکیش سەرنجی دونیا بەلای قەیرانی قەتەر و وڵاتانی کەنداو تەنگژەی
لاگیری ئەم وڵاتە لە گروپە توندئاژۆکانی ناوچەکە نیشان دا، گەمارۆکان و
گەیشتنە ئاستی بەکارھێنانی ھێزی سەربازی وای کرد، ئیران دەرگای
ئابلّوقەی ئابووری لە رێی دەریاوە بە رووی قەتەرا بکاتەوە و تورکیایش
لە رێی ئاسمانەوە ھەم دەرگای گەمارۆی ئابووری بکاتەوە ھەم ھێزی
سەربازیش، لە ھەموو حاڵەتەکانیش ئەوە مەبەست بووە تورکیا و ئێران لەو
چوارچێوەیە بئاڵێنن، تاوەکو ئالۆسکاوی ناوچەکە ئەو دوو وڵاتە زیاتر
بگرێتەوە وەلێ وا ھەست دەکرێ پێویستە قەبارەیان بچوک بکرێتەوە و
پەلھاویشتنیان بۆ ناوچەکە بەرتەسک و نەمان بکرێتەوە، بنەمایەکیش لە
سیستماتیکی جیھانیدا ھەیە ھەر شەڕێکی گەورە بۆتە مایەی بچوک کردنەوە و
بڕینی دەستی چەندین وڵات لە داگیرکردنی وڵاتان و قورخکردن و بەرتەسک
کردنەوەی لە چوارچێوەی دوو یا نسێ دەوڵەتێکی زلھێز و دواجار و لە
کۆتاییشدا لە یەک وڵاتدا پەنگ بخواتەوە، رێک ئەو گوتەیە جێبەجێ دەکرێ
کە دەلێ (( پەرت بکە سوود وەرگرە )) بۆیە پەرتکردنی وڵاتانی ناوچەکە
پێدەچێ مەحاڵ نەبێت ھەنگاوەکان دەستی پێکرد بێت.
کوردستان.
بەر لە گشتپرسییەکەی ٢٥ ی ئەیلوولی رابردووی ھەرێمی کوردستان زۆربەی
وڵاتانی دونیا ئەوانەی پەیوەستن بە پرسەکەوە لە سەروو ھەموویانیشەوە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شێلگیرانە داکۆکی دواخستنی
ریفراندۆمەکەیان دەکرد، جگە لە وڵاتانی ھەرێمایەتی کە داوای
ھەڵوەشانەوەی گشتپرسییەکەیان دەکرد، کەچی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان
بە پێچەوانەوە گوێی ھەڵنەخست بۆ ئەو داخوازی و داواکاریانە و پێداگری
لە سەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە کرد و ئەنجامیشیدا، لێرەدا چەند
پرسیارێک سەرھەڵدەدات، ئاخۆ کام لەم لایەنانە راستە ڕێی خۆیان گرتۆتە؟
مرۆڤ ناتوانی بە ھیچ کام لەم لایەنانە بڵێت کەوتوونەتە ھەڵەوە و رەوا
نین ، ھەرچی کوردە ماران گەستەیە و لە خشپەی مێروو دەترسێت، چونکە
رەوشە خودی و بابەتییەکە وا دەخوازێت ئەو ھەلە لە دەست نەدات، بە
درێژایی مێژووی سەدەی رابردوو و ئەم دوو دەیەی سەدەی بیست و یەکیش کورد
ئەزموونی تاڵ و سوێری لە گەڵ دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی
ئێراقەوە ھەیە ، بە حوکمڕانی تایفەگەری ئێشتەیشەوە کە جگە لە ملھوڕی و
خۆ دزینەوە لە خواستەکانی کورد ھیچ تروسکاییەکیان لێ بەدی ناکرێت،
بیرکردنەوەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە جێی خۆی بووە و ئەو
دەرفەتەی رسکاوە لە دەست نەدرێت نەمازە کە ھەژموونی دەسەڵاتی پاسداری
ئێرانی شیعی حەشدی شەعبییەوە بە سەر ئێراقدا تەشەنەی کردووە و جگە لە
ماڵوێرانی ھیچ تروسکاییەکی دیکە بەدی نەدەکرێت و نەدەکرا، بۆیە ئەگەر
کوردستان لە پێناو خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەی دووچاری تەنگژە و
قەیرانی قووڵ و قورس بێتەوە باشترە وەک لەوەی لە پێناوی پرسێکی ناوخۆیی
و دەخالەت نەکردنی وڵاتان بە پرسی کوردەوە دووچاری ماڵوێرانی ببێت،
کەواتە ئەنجامدانی تاوەکو ئێستا سەرکەوتنی بریاری سیاسی کوردستانی لێوە
دەرکەوتووە و ئاگری بەرداوەتە ھەناوی وڵاتانی ھەرێمایەتی و نەخشە رێگای
وڵاتانی زلھێزیشی ھینایە پیشەوە و لە دواخستن و موماتەلەکردنی کاتەوە
سڕی کردن ، بیرکردنەوەی کوردستان بەو جۆرەیە کە بیرکردنەوەیەکی
ئەزموندارییە و رێک لە جێی خۆیدایە کە پاش تەواو بوون و کوتایی ھاتنی
داعش عەبادی گرەوەکەی دەبردەوە و ئەوەی کورد چاوەنواڕی دەکرد کە حەشدی
شەعبی ھێرشی بکاتە سەر و سوپای ئیراقیش ھاوکاری دەبوو سەری دەگرت و ئەو
پلان و پیلانەی عەبادی و مالیکی و قاسمی دەبووە دیفاکتۆ و ئەمریکای
ناچار دەکرد دەست لە ناوچەکە ھەڵبگرێت، و بۆ ئێرانی جێ بھێڵێت ھەرچەندە
گومانێکی زوور لە پەیوەندی ژێر بەژێری ئیرانی _ ئەمریکی دەکرێت، دەشێ
ئەو پەیوەندییەیش بۆ بەرژەوەندی شەڕێکی قورسی ناوچەکە بێت، ھەروەک لە
شەڕی کەنداوی یەکەم سەددام حوسێن لەو بڕوایەدا نەبوو ئەمریکا گورزەکەی
خۆی لێ بوەشێنێت، ئێستا مرۆڤی ئێراقی باش لەوە حاڵی بوون بۆچی ئەمریکا
ئەو سەردەم لە ١٩٩١ سەددامی نەرووخان کە ئەو کات ئیران بە تەواوی دەست
بە سەر ئێراقدا دەگرت.
کورد دەستی خۆی وەشاند ماوەتەوە وڵاتانی زلھێز، ئەمریکا کە داوای
دواخستنی دەکرد مەبەستی بوو ژەمەکە پێبگات پاشان دەست پێ بکات، بە
مەنزووری ئەمریکا عەبادی کەسێکی تەواو ئەمریکییە، چونکە بۆ خۆی لە
ناوچەکە نییە و لە عەقلییەتی خەڵکی رۆژھەڵاتی ورد بین نییە، نەخاسمە کە
ولاتاتەکانیان بەرەو پارچە پارچە بوون و پەرتبوون بچێت و لە بەر یەک
ھەڵبوەشێتەوە لەم روانگەوە شیکاری بکرێت پێدەچێ کورد راژەی بە پرۆژەی
نیودەوڵەتی لە تێکشکان و ھەڵوەشاندنەوەی سایکس _ پیکۆ کرد بێت ،
ئەمریکا ئەگەر مەبەستی بێت عەبادی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت وەربگرێتەوە
نەکەوێتە دەست مالیکی ئەوا کارتی زور لە ناوچەکە و لە ناوخۆ ھەیە تاب
توانێت ئەو مەرامەی مەیسەر ببێت نەک کورد بکاتە مقاش و ئاگرەکەی پێب
گرێت و پاشان تیا بچێت، کورد گورزی خۆی وەشاند و ئەمریکایشی ناچار
کردووە دڵکارانە بیر لە چارەسەرییەک بکاتەوە، بەتایبەت کە کورد دوو
ھەنگاوی زور گەورەی بەرنامە و نەخشە بۆ داڕێژراوی جێ بەجێ کرد کە زور
لە لایەنە سیاسییە ھەرزە ناوخۆییەکان نەزانانە و کالفامانە لە
سیاسەتیان رووانی ئەوانیش ئەم دوو خاڵەن:
١- رێکەوتنی وزە و پیترۆڵی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ تورکیا بۆ ماوەی
پەنجا ساڵ.
٢- رێکەوتنی ھەرێمی کوردستان لە مانگی دووی رابردوو لە کاتی کۆنگرەی
سانپیرسپۆرگی رووسی لە گەل کۆمپانیای رۆسنەفت.
ئێستا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە ئەنجامدانی گشتپرسی جگە لە
سەرکەوتنی گەورە کە بەرھەمیشی دەبێت پرسی کورد کرد بە پرسێکی نێو
دەوڵەتی و نێو نەتەوەیی.
تورکیا.
چەشەی ئابووری ئەو ئالیکە بوو لە رێکەوتنە پەنجا ساڵییەکەی نێوان ھەرێم
و تورکیا بۆ لایەنی دووەم رۆکراو ئامانج و مەبەستیش لێی ئەمڕۆ بوو کە
کورد ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت، و ریفراندۆم بکات و رای گەلی خۆی بە
دونیا بگەیەنێت، گورزی گەورەیش بەر ئابووری تورکیا بگەیەنێت، ھەنگاو
نەنانی تورکیا لە داخستنی سنوور و گرتنەوەی بۆری نەوتەکە و لەشکر کێشی
پەیوەستە بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە، یەکەمیان ئابووری و دووەمیان دەست
بەتاڵبوونی سەران و دەولەتی تورک لە پەیوەندی دیپلۆماسی کە خەریکە
سەریان دەخوات و دووچاری گێژاوی کردوون.
دەسەلاتدارانی تورکیا ھەر زوو درکیان بەم گەمە قورسە کردبوو چاک لەوە
حاڵی ببوون کە مەبەستی بەرتەسککردنەوەی ئاگرەکەیە لە دەوروبەری سنووری
وڵاتەکەیان و بینەقاقای دابەشبوونی خاکەکەیان دەگرێتەوە، سەرەتا بە
بڕوبیانووی ھەبوونی دەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کودەتاکەی
مانگی تەموزی ساڵی رابردوو و دنەدان و دەست لە پشتدان و پشتگیریکردنی
بزوتنەوەکەی فەتحوڵلا گویلەن، ھێدی ھێدی رووی ئەم وڵاتە بەرەو بلۆکی
رۆژھەڵات وەرچەرخا، لە بنەرەتیشدا مەبەست ئەو بزوتنەوە نەیارەی دەوڵەتی
تورکیا نەبوو، وەلی ئامانجەکە ئەو گەمە قورسەیە کەوا دەردەکەوێت نزیک
بووبێتەوە، تەواو پشتقایمی خۆی لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە بۆ روسیا
راگەیاند، ھەر کڕینی موشەکی دوور مەودا تا بە غازی روسی دەگات، ئمە وای
کرد پشت ئەستوور بێت بە وڵاتی روسیا، لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە روسیا
لە سەروبەندی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە لایەن تورکیاوە، لایەنی دووەم
بە ئاشکرا پشتگرییەکی خۆی بۆ شەڕڤانان و گەریلاکانی سەر بە پارتی
کرێکارنی کوردستان دەردەبڕی و تورکیا ھەستی بە زەبری گورچکبڕ دەکرد
بۆیە بە خێرایی ئەو پەیوەندیانەی لە گەڵ روسیا چێ کرد، ئێستایش جگە لە
پشتگیری کردنێکی کەمی روسی بۆ شەرڤانانی پارتی یەکێتی دیموکراتی لە
کوردستانی رۆژئاوا ئەو باس و خواسە گەرم لاگیرییەی بۆ گەریلاکان نەما،
بەڵام تورکیا جارێکی دیکە دووچاری دۆزەخێکی دیکە بۆتەوە ئەویش کە
ناتوانی تەواوی سنووری بەرووی کوردستانی باشووردا دابخات، بەھۆی ئەو
رێکەوتننامە وزەییەی مانگی دووی رابردووی نێوان گەورە کۆمپانیای رووسی
و ھەرێمی کوردستان، کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بە کوردستانەوە
بەستەوە لە حاڵەتی داخستنی لە لایەن تورکیاوە گوشارەکانی روسیای
بەسەرەوە زیاد دەکات و دەولەتی روسی ئەوەی نەشاردۆتەوە و چەندین جار
لێدوانیان لەو بارەیەوە داوە، لە لایەکی دیکەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییە
گرژییەکانی تورکیا و ئەوروپا گەیشتۆتە ترۆپک نەمازە لە گەڵ دەوڵەتی
ئەڵمان کە بە گەورەترین بازاڕی تورکی ھەژمار دەکرێ و وڵاتی دووەمیش بە
ھۆی ناکۆکییەکانیانەوە لە ئەنچەرلیک کشانەوەی خۆی جاڕدا، سەرەڕای ئەم
ئاڵۆسکبوونی رەوشە بە دۆراندۆری تورکیاوە، چاوبڕینی وڵاتی تورکیا لە
پەلھاویشتن بۆ وڵاتانی دەورو بەر کە بەلاسایی کردنەوەیەکی سەردەمیانەی
کۆماری ئیسلامی ئیران دادەنرێت، زیانێکی دیکەی گەورەی پێ دەگەیەنێت، خۆ
ھەڵقورتاندن لە سووریا و ئێراق و شکاندنی گەمارۆی ئابووری سەر قەتەر و
ناردنی ھێز ئەو دەستە شاراو و پرَ گومانەی لای وڵاتانی رۆژئاوا و
رۆژھەڵات ئاشکرا کرد و پێویستە بە جۆرێک ھەنگاو بنێت وڵاتەکەی لەو
دابەشبوونە بپارێزێت کە سەرو تەپۆکی دەگرێتەوە، پێشتریش دەوڵەتی تورک
چەندین پەلوپۆی دیکەی ھاویشتووە و کۆمەڵی نێو دەوڵەتی بە ھۆی ھاوڕابوون
و ھاویار بوونیانەوە بێدەنگیان نواندووە،قبرسی تورکی و تورکمانستان و
ناگورنوکەرەباغ بە نمونە رەنگە ئەو دۆسیانەیشی ھەڵبدرێتەوە ئەگەر دوور
خستنەوەیشی بە دوور نازانین لە پەیمانی ناتۆ، کودەتای سەربازیش جارێکی
دیکە لە تورگکیا و لە سایەی ئەم تاک دەسەڵاتیەی کە ھەیە بە دوور
دەزانرێت، نائومێد بوونی زلھێزانیش لە کودەتا، وا دەکات ھەنگاو بۆ
پلانی ٢ و ئەوانی دی ببرێت، ھەر ئەمەیش وا دەکات لە ئایندەدا بە ھەر
پاساو و دەریچەیەک بێت پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تیرۆری
ولاتانی ئەوروپی و خۆرئاوا دەربکرێت و گەمە بەرەو خۆش بوون ھەنگاو
دەنێت.... تاکە مەنفەز بۆ تورکیا داننانە بە دەوڵەتی کوردستانی باشوور
بۆ ئەوەی ماوەیەک ئاگری پارچە پارچە بوونی خاکەکەی لە خۆ دوور بخاتەوە.
ئێران.
ھەر لە دەسپێکی شۆڕشی ئیسلامی لە وڵاتی شانشینی ئێران بە سەرکردایەتی
ئایەتوڵلا خومەینی لە بەرایی ساڵی ١٩٧٩ ھەڵگری یەک دروشمی زەق بوو کە
ئێستا خۆرھەڵاتی ناوین بە دەستییەوە گیرۆدە بوون، ئەویش ھەناردەکردنی
شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی وڵاتی ئێران، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا
پەلھاویشتنی مەزھەبگەرایی شیعەبوو بەرەو وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە،
سەرەتا لە رێگای چەند پارتێکی شیعە مەزھەبەوە پەلیان بەرەو ئێراق
ھاویشت، دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی ئێراق کە خۆی لە حزبی بەعس
دەبینییەوە بە سانایی لە مەرامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشت، بۆ
رێگەگرتن لە تەوژمی ئیسلامی ھەژموونی ئێرانی بە سەر وڵاتەکەدا، تاک
لایەنە رێکەوتننامەکەی جەزائیری ھەڵوەشاندەوە و نیەتەکانی ھەڵگیرساندنی
شەڕ دەستی پێکرد، لە ناوخۆیش دەستی بە سەرکوتکردنی ئەو بیرە
مەزھەبییەکرد، لەم رووەیشەوە زۆربەی وڵاتانی عارەبی پاڵپشتی ئێراق بوون،
تاکە وڵات سوریا بوو کە بە فەرمی پشتگیری لە ئێران دەکرد، ئەمەیش
پەیوەست بوو بە دەرھاویشتە ناکۆکی خودی ئەو حیزبە کە بەبالی سوری و
ئێراقی ناسراو بوو، ھەر لە ھەمان ساڵی کودەتاکەی ئێران بە سەر شاھەنشای
ئێراندا کرا ، سوریایش لە رێگای محمد عایش و ھاوڕاکانی ھەوڵی
کودەتایەکیان دا و سەرنەکەوتن.
لە ولاتانی سوریا و لوبنان و فەلەستینیش دوو حزبی شیعە مەزھەب سەریان
ھەڵدا و کەوتنە ناوانەوە و ئێرانیش تاکە فریاد رەسیان بوو تا بە
ئەمڕۆیش دەگات ئەوانیش ( حەماس ) و ( حزب اللە )، لەم جموجوڵە بە
پەلانەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گورزی ھەڵکوتانە سەر
باڵوێزخانەکەی ھەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە تاران بەرکەوت،
سەرباری ئەوەیش ھەندێک پێیان وایە پەیوەندی ژێربە ژێر لە نێوان ( ئێران
و ئەمریکا ) ھەبێت، چونکە لەوکاتەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ئەمریکا زور
شەرمنانە باس لە پاڵپشتیکردنی ئێران دەکات لە پەلھاویشتن و
پشتگپریکردنی تیرۆر ، وتارەکەی رۆژی ١٣ / ١٠ / ٢٠١٧ ترامپ زور بە
شەرمنی ھەڵوێستێکی رەزیلانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دەربڕی،
ترس و بێ توانایی وڵاتەکەی لە بریاردان نیشانی ھەموو جیھان دا، ئەمەیش
بە ڕای ئێمە ئەو پەیوەندییە ژێربە ژیّرانە نەبێت ھیچی دیکە نیشان نادات.
قۆرخکردنی ئێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و خولقاندنی ئاژاوە لە
وڵاتانی بەحرێن و کوەیت و سعودیە لەلایەن ئێرانەوە بۆ خۆی ھەندی بەڵگەی
ئەوتۆ بە دەستەوە دەدەن کە ئەمریکا و رۆژئاوا ھاوڕان لە سەر ئەو نەخشە
رێگایەی بۆ ناوچەکە ھاتۆتە ئاراوە و رۆڵی ئێرانیش چی دەبێت، ئەمە یەکێک
لە سیناریۆکان دەبێت ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری ئەمریکا بن ،
بەڵام خۆ بە دەستەوەنەدانی چین و رووس لە پرسی ھەرەشەکانی کۆریای
باکوور وای کردووە گەمەکە بۆ ئەمریکا قورس بێت، ئیدی رۆژگار
چارەنوسەکان دەردەخات. یا ئەوەتا ئەمریکا و ھاوپەیمانانی دێنە سەر
بیروراکەی ھینگتون و کێشمەکێش و ململانێی شارستانیەتەکان دەست پێبکات،
یانیش ئەوەیە بلۆکی دووەم سەرکەوتن تۆمار دەکات و ئەو مەرامە بەدی
نایەت و لە ھەر دوو حاڵەتەکەدا ئێران مل بۆ داخوازی کوردان دەدات دەنا
بۆ خۆی باش دەزانیت، چارەنووسی بە کوێ دەگات.
ئێراق.
ئێراق ئەو وڵاتەی ھەموو دونیای تەماعکار چاوی تێبڕیوە، ھەر لە بلۆکی
خۆرئاوا و خورھەڵاتەوە تا بە ئاسیای دوور و ناوەڕاست دەگات، لە ناو بە
بەھاری عارەبیش یەکەم وڵات بوو بەر پەلاماری ھاوپەیمانان کەوت و سەرۆکە
دیکتاتۆرەکەی بەکۆتا ھات و دواتر ژیانیشی ھەمان چارەنوسی پێبڕا و لە
سێدارە درا، ئەم وڵاتە کەخۆی لە خۆیدا کۆکراوە و بە پێی نەخشە رێگای
رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی سەد ساڵی بەری ئێستا دروستبوو نەخشەیەکی
نوێشی بە ناوچەکە دا، ئێستا ھەمان وڵات ئەو رۆڵە دەگێرێتەوەو کێشمەکێش
و ململانێیەکە لێرەوە پەرە دەسێنێ و ھەر یەک لە رۆژئاوا و رۆژھەڵات
ھەوڵی سەپاندنی ھەژموونی خۆیان بە سەر ناوچەکەدا دەدەن، چونکە ئەم
وڵاتە کلیلی کۆنترۆڵ کردنی خۆرھەڵاتی ناوینە، ھەروەک چۆن میسر ھەمان
رۆڵی ھەیە و بە پەلە پرووزێ فریای کەوتن و دەسەڵاتی سیاسی ، سەربازی
خۆیان بۆ گەڕاندەوە، بە ھۆی لێکەوتەیی سنووری ئەم وڵاتە بە ھەردوو
وڵاتی تورکیا و ئێران و ھەندی وڵاتی دیکەی ھەستیار لە ناوچەکەدا وەک
ئوردن و سعودیە، ھاوکێشەکە تیایدا ئالۆزە و چەشتنی تەونی جاڵجاڵۆکەیە و
یەکلایی کردنەوەی سانا نییە بۆیە کورد و سوننە بوونیان ھەبێت یان نا
لەم وڵاتەدا ھەر دەبێ ھەڵبوەشێتەوە.
ئەگەر بە وردی دیقەتی ئێراق بدەین لە پاش ٢٠٠٣ وە لە ناوخۆ وەک وڵات
بوونی نەماوە و میلیشیا و گروپی سیاسی ھەر یەکە و بە مەیلی خۆی دەسەڵات
دەباتە رێوە کەسیش بریار و فەرمانەکانی حکومەتەکەی بەلاوە نەپەسەندە و
نە گرینگە و نەجێبەجێشی دەکات، کەچی وەک فۆرمەلەیەکی یاسایی خودان
قەوارەیەکە لە ئاستی نێو دەوڵەتی، وڵاتانی زلھێزیش ھەموو ئاگاداری ئەم
حاڵەتەن و چاوی خویان لی نوقاندووە زۆر زۆر بە نەرمی ھەنگاوی بۆ دەنێن،
کە سوپای ئەمریکا لە ئێراق دەرکرا، رێکخراوێکی وەک (( داعشیان )لە خەڵک
و میللەت کرد بە زلھیزترین وڵاتی دونیا کە خۆی لە راستیشدا وا نەبوو
جگە لە مەبەستی گەڕانەوەی ئەمریکا و ھێزی دەیان وڵات بە ناوی مەشقی
ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان، کە ئەمە خوی لە خۆیدا ئەو پێگە ستراتیژییەی
ئێراق لە ناوچەکە بە دەردەخات و ناکرێ جێبھێڵدرێت و پشتگوێ بخرێت،
ھەندێ زلھێزان خەڵکی پێیان وایە ھەنگاوی ھەڵەی دژی ئەم یان ئەو پیادە
کردووە، لە راستیدا مەبەست پەردە لادانە لە نیاز و مەبەستی وڵاتە
ھەرێمایەتییەکان، لەم سۆنگەیەوە ئێستایش ھەمان ئاماژە ھەن کە ئێراق
یەکەم وڵات دەبێت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەڵدەوەشێتەوە و دوا بە دوای
ئەویش وڵاتانی تر دێت ئیدی ھەر لایەکی زلھێز بە پێی رێکەوتن پشکی خۆی
دەبێت لە خاک و ئەو وڵاتانەی بۆ ئەو ساغ دەبێتەوە، بە پێچەوانەکەیشی
سەر ھەڵدانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییە کە ئێران رابەرایەتی دەکات و
سنووریشی بەرەو دەریای سپی و دەریای مردوو و دەریای سوور و خوار یەمەن
و بەرەو کوەیت دێتەوە، لەم حاڵەتەیشدا ئەو بیرۆکەیەی بیرمەند ھنکتون
سەر دەگرێت کە لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو باسی لە شەری شارستانیەت
کردووە، لێرەدا پرسیارێک زەق دەبێتەوە ئاخۆ روسیا قایلە بەوەی ئەو
ئیمپراتۆریەتە ئیسلامیە بە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران جێگرەوەی
ئەو بێت لە رۆژھەڵاتدا؟ باشترین وەڵام بۆ ئەمەیش رۆژی ٢٣ / ١٠ / ٢٠١٧
وەزیری دەرەوەی روسیا وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئێراقی دایەوە کە پشت لە
کوردستان ناکات، و کونسوڵخانەیان داناخات و پەرەیش بە بواری ئابووری
دەدات لە گەڵ ھەرێم ، ئەمە لە خۆشەویستی چاوی کاڵی کورد و کوردستانیان
نییە، بەڵکۆ ھاوکێشەیەکی نێودەوڵەتییە و لە رێگای تورکیایشەوە روسیا
دەتوانی گرەوی خۆی بباتەوە و ئەو دوای نەخشەکان پوچەڵ بکاتەوە، ئەوەی
کەسێکی راگوزەری ئاساییش بیری لێبکاتەوە ئەوەیە گۆڕانکاری بەڕێوەیە و
نزیک بۆتەوە، چونکە گەمە سەربازییەکان بەرەو لێوار دەچن کە ئەمەیش
ناکرێ کۆتایی پێ بێت چونکە ھێشتان حیساباتی سیاسی یەکلا نەبۆتەوە .
کەواتە با ھەموو لە چاوەنواڕی گۆڕانکاری ناوچەکەدا بین رەنگە ئەو
گۆڕانکارییە بۆ سەد ساڵ درێژە بکێشێت یانیش زیاتر کە ئێمە نایبینین.
رۆژگاری ئایندە شتێکمان پێ دەڵێ.
serdarjaff@yahoo.com
|