گەمەی دۆڕان!!

ستار محەمەد قادر
بە پێی لێدوانەکانی "ستیڤان دیمیستۆرا"ی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان
بێت، دەبێت شەش مانگی دیی بدرێت لە یەخەی 140و بەم حیسابەیش بێت ئەوا
ئێستا دوو شەش لە دەستی خۆماندایە و 140یش لە رووی چەندایەتییەوە بەرەو
سەرمایەداریی هەنگاو دەنێت! لێ لە رووی چلۆنایەتییەوە مەگەر فاڵی بۆ
بگرینەوە، تا بزانین ئەو دوو شەشەی کە لە یەخەی 140 دەدرێت، دەتۆپێت،
یان لە کاتی دیاریکراودا دەیکەین بە موفاجەئەو بەرانبەرەکانمانی پێ
تووشی شۆک دەکەین!
بە پێی ئەو سەرمایە گووزارییە بێت کە 140 بەم دوواییە دەستی داوەتێ، لە
سەقفێکی زەممەنی کەمدا تووانی 12 خاڵ بۆ خۆی بگرێ و ژمارەی خاڵەکانی لە
ژێر چرپەی لێوەوە بە 152خاڵ بگەیەنێت! ئەگەر بە پێی ئەو گەمەیە بێت کە
140 دەیکات، ساڵێکمان لە دوو شەشی پێکدێت، هەر دوو شەشەکانی ساڵەکان بۆ
خۆی قۆرخ دەکاو لە هەپی بەیاز زیاتر تاکە خاڵێک چییە بۆ بەرانبەرەکانی
ناهێڵێتەوە!
ئەگەریش ئەم گەمەیە تا بیست ساڵی کە درێژەی هەبێت، ئەوا دەبێت
ژمێریارێک بگرین بۆ ئەوەی بە ئامانەتەوە ژمارەی بیست لە 2 بداو سەت و
چل 240 خاڵی کە بۆ خۆی بکات بە ماڵ و هەموو ئەو شەش مانگانەی کە ستیڤان
دیمیستۆرا لە پەرلەمانی کوردستاندا بەردی بناغەی بۆ داناو ئێمەیش بە بێ
دوو دڵی لە بەر ئەوەی دەمانزانی ئەگەر قبووڵی نەکەین دوو شەشەکان
دەکەونە دەستی یاریزانەکانی بەرانبەرمانەوە، بۆ خۆمان دەقۆزینەوە و
بەرانبەرەکانمان چاو بەست دەکەین و ناهێڵین درک بەوە بکەن کە لە ناو
هەر ساڵێکدا دوو شەش لە دەستی خۆماندا دەبێت!
بەو حیسابەش بێت، لە کۆتایی یارییەکەدا هەر ئێمە گرەو دەبەینەوە، چونکە
لە ناو گەمەکەدا لەو ژمارە بەهێزتر نییە کە ستیڤان دیمۆستۆرا لە
پەرلەمانی کوردستاندا نەخشەی رێگای بۆی کێشا!
ئێستا ئێمە خاڵەکانی دەستمان روویان لە زیاد بوونە و بەمەیش دەبێت کەیف
خۆش بین، بەڵام ئەوەی کە وامان لێ دەکات بکەوینە گوومانەوە، ئەویش ئەو
جۆرە زاراوانەیە کە بەم دوواییە کەوتوونەتە سەر زوبانی
یاریزانەکانمانەوە، ئا بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئەویش هەر لە داهێنانی خودی
دیمۆستۆرایەو لە فەلسەفەی ئەوەوە هاتووەتە نێو دونیای ئێمەوە، ناوچەی
نەرم و ...گەرمە! بۆ ئێوە لەو باوەڕەدان کەسێک دوو شەشی لە دەستدا بێت،
بە گوومان بێت لە بردنەوەی یارییەکە؟! خۆ ئێمە بڕیاری بردنەوەمان لە
سەرەتای گەمەکەوە دابوو، ئیدی چی پێویست دەکات ئەوە پشت راست بکەنەوە
کە هەر لە بەرایی یارییەکەوە ئەوەمان دەزانی کە دوو شەشەکان لە
دەستماندا دەهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەست بە لێهاتووییمان نەکەن، نەک بچن
لە وڵاتانی دراوسێوە داوای کۆمەک بکەن، بۆیە پاکانەی نەرم و گەرممان
کردووە بە بنێشتە خۆشەی سەر زارمان!!
Star_qadr@yahoo.com
|