په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٣

    گەمەیەک لەگەڵ منداڵییم.


ئاوێزان نوری

فرسەتێکم لە قەدەر وەرگرت و
ئیجازەم لە تەمەنم خواست
تا بۆ لەحزەیەک
پەلى منداڵییم بگرم و
گەمەیەکى چکۆلانەى لەگەڵدا بکەم
بە خێرایى (با) رابکەینە ئەوپەڕى جیهان و
بە نەرمیی (ئاو) بڕژێینە گەرووى ژیانەوە
وەک داربییەک شۆڕبینەوە سەر دەریاى خەیاڵ و
وەک لاولاوێک خۆمان هەڵزنین بە موحیببەتدا
گەمەیەکى چکۆلانە ئەى منداڵییم
وەک هەڵدانى کۆلارەى دەستى کوڕێکى چەتوون
کە سڵاوى پێدەنارد بۆ گەورەیى
منداڵیى
بمبەخشە گەلێک زوو بەجێمهێشتى
دڵڕەقانە دەزووى کۆلارەکەتم پچڕاند و
بووکە شووشەکەتم گریاند
ئاى منداڵیى
گەمە چاوشارکێکانى نەهامەتیی
تۆى لێشاردەمەوە
زۆر گەڕام
پشت دیوارى ئەندێشە و
نێو ئەلبوومى یادگارییەکان
نەمدیتیەوە
خێرا ون بوویت و
لە پشت دیوارى گەورەیى خۆت لێ شاردمەوە
منداڵیى چەند بیرت دەکەم
تۆ خەونێک بوویت بەرائەتت لێ دەتکا
بۆنى ژینت لێ دەهات و
رۆحت تیشکى بوونى دەدا
پێ خاوسیەکەت لە هەموو پێڵاوەکانى ئێستام جوانتر بوون
راوڕاوکێى نێو کۆڵان و کەلاوەکانت
لە پیاسەى نێو باخچەکانى ئێستام جوانتر بوون
بەرگە شەپوشۆڕەکانت
لە کراس و تەنوورە مۆدەکانى ئێستام جوانتر بوون
بێ ئاگاییەکانت
لە ئەندێشە بەربڵاوەکانى ئێستام جوانتر بوون
ئاى منداڵیى
ساتێک وەرە و بۆ تەنها لەحزەیەک
باوەشم لێبدە و
گەورەییم لەبیربەرەوە
ساتێک وەرە و پەنجا فلسییەکم بەرێ و
دۆلارە بێ نرخەکانى ئێستام بدڕێنە
وەرە ژیانم بدەرێ و
مردنم لەبیربەرەوە
وەرە و پێم بڵێ ژیان بە بچووکیی بۆ هێندە جوان و..
ئێستاش هێندە رەزاگران
حاڵییم بکە
ژیان بە بچووکیی بۆ پڕ بوو لە پێکەنین و
ئێستاش پڕە لە گریان
باخچەکانى جاران بۆ پڕ بوون لە گوڵ و پەپوولە و
ئێستاش پڕن لە تەرمى نەناسراو؟
توخوا وەرە گەورەییم لەبیربەرەوە
گەورەیى ناهێڵێ حاڵیى بم
حاڵیى بەوەى تۆ بە ئاسانیی لە ئامێزى دایکت دەنوویت و
من نازانم چۆن بچووک ببمەوە و
لە کۆشى دایکمدا خۆم لە دونیاى گەورەیى بشارمەوە
لە مەمکى سینەى
خواردنى دونیا لە خۆم حەرام بکەم
بە لایلایەکانى
ئاوازەکانى نیشتمانم بیرچێتەوە
کە هەر جارەو بە ئالەتێک فرمێسک دەژەنێ
منداڵیى
بمبەخشە کە جورئەتى هاتنم نییە
تۆ وەرە و بمبەرەوە لەگەڵ خۆتدا
پەلم بگرە بمبەرەوە بۆ لاى خۆت
بەڵام وریابە لە گەورەیى نەکا زەفەرت پێ ببا و
لاى من بەجێبمێنى.
 

ماڵپەڕی ئاوێزان نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک