په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠١٢

گەمەی سیاسی یا خود بێئاگایی لە سیاسەت.


زاھیر باھیر      


لەوە ئاسانتر نییە کە قسەی بێبەڵگە و بێبەڵگەنامە بکەیت، ھەروەھا لەوەش ئاسانتر نییە کە بەبێ پەنابردن بۆ ئامار و ئەزموون دەست بۆ نووسین بەریت.


ماوەیەکە کاک جیھاد محەمەد، پەیامنێری (ڕۆژنامەی ھاوڵاتی)، وەکو پڕۆژەیەک چەند پرسیارێکی لەسەر دەوڵەتی کوردی و لەباربوونی بارودۆخی دروستکردنی ئەو دەوڵەتە لە ‌ ئێستادا ، ئامادە کردووە و ناردوویەتی بۆ گەلێک نووسەر و کەسایەتی کورد، لەناو ئەوانەشدا ھاوڕێ (سامان کەریم)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق)یشی گرتۆتەوە.


ھەڵبەتە من دید و سەرنجی خۆمم بۆ ھەریەک لە وەڵامەکانی ئەو نووسەر و کەسایەتییانە ھەیە، بەڵام سەرنجەکانی من لێرەدا تەنھا ڕووبەڕووی ھاوڕێ سامان دەبنەوە ، چونکە ئەو ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبێکە و دیارە دەقی دیمانەکەی ئەو لەگەڵ (ھاوڵاتی)دا ڕەنگدانەوەی ڕای حیزبەکەیانە یا بەلانی کەمەوە ھی مەکتەبی سیاسییانە.

ئاوا چاوەڕوان دەکرا، دوای بەشی یەکەم لە دیمانەکە لە ماڵپەری ھاوڵاتیدا، بەشی دووھەمیشی بەدوادا بھاتایە، بەڵام ئەوە نزیکەی سێ ھەفتە تێپەڕی کرد و کەچی بەشی دووھەمی بەدوادا نەھات. من پێموایە چیتر پێویست نەکات کە چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی بەشی دووھەمی دیمانەکە بم- چونکە لەوە ناکات ئەوە ڕوووبدات- ھەروا ‌لە بەشی یەکەمی دیمانەکەدا بەچڕوپڕی بیروڕای ھاوڕێ سامان لەمەڕ ئەو مەسەلەیە دەبینرێت ، ھەر لەبەرئەوەش بەبێ چاوەڕوانی زیاتر، بۆ من بایی ئەوەی تێدایە، کە باری سەرنجی خۆمی لەسەر دەربڕم.

ھاوڕێ سامان لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا دەڵێت:
ھەمیشە کە باسی «دەوڵەتی کوردی« دێتە پێشەوە، پێش مەرجێکی ھەیە ئەویش ئەوەیە کە لەپرسیارەکەی ئێوەشدا ھەیەو راستەوخۆ پەیوەند دەکرێت بەبارودۆخی ناوچەکەو جیھانەوە. ئەوە دروستە کە پەیوەندی ھەیە بەڵام بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی ئەم پەیوەندییە بوە بەپێشمەرج‌و بووەتە عادەتی «دابونەریتی« ئەم بزوتنەوەیە، بووە بەپێشمەرج چونکە ھێزەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی ھەمیشە ھێزو توانا‌و دەسەڵات‌و تەنانەت لەزۆر کاتدا مانەوەی خۆیان بەند بووە بەململانێی نێوان وڵاتانی ناوچەکەوە لەھەلومەرجی ئێستادا بەململانێی وڵاتانی زلھێزی دونیاوە. لەم گۆشە نیگایەوە خەڵکی کوردستان‌و خواست‌و ویستی ئەوان پەراوێز دەخرێت‌و ھیچ ھەنگاوێکی لەسەر بینا ناکرێت. ئەمە مەترسییەکە بەڵام ئەم مەترسییە پەیوەندی ھەیە ‌بەناوەرۆکی پێشنیازی «دەوڵەتی کوردی«یەوە نەک دەوڵەت لەکوردستان کە چەمکێکی ترە لەدەوڵەت.

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێین مەسەلەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی وەکو مەسەلەیەک کەمتر پەیوەندی بەوەوە ھەیە، کە کێ داوای ئەوە دەکات. دووھەمیش خۆ وەکو ئەو وتویەتی بزوتنەوەی کوردی و سەران و پارتەکانیشی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان مانەوەیان بەند بووە بە پەیوەندییان بە وڵاتانی ناوچەکەوە. ھەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین، کە ئەمان بەگشتی لەگەڵ سیاسەتی خۆراوا و ئەمەریکادا بوون و لە ڕابوردوو و ‌ئێستاشدا پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا ھەبووە و ھەیە، کە جگە لە ئێران ھەموویان دۆستی ئەمریکا و خۆراوان. پرسیارێک لێرەدا دێتە پێشەوە، کە دەبێت بکرێت ، ئەویش ‌ خۆ ئەگەر خۆراوا و ئەمەریکا مافی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بە ئەمان ڕەوا نەبینن، دەبێت بە کێی دیکەی ڕەوا ببینن؟ من لێرەدا لەم بەشەی سەرەوەی وەڵامەکەی ھاوڕێ ساماندا ناکۆکییەک دەبینم.


دواتر، ھاوڕێ سامان ڕای خۆی بە ڕاشکاوی و ڕوونتر لەسەر ئەوە دەدات و دەڵێت "من پێموایە لەدوای ساڵی نەوەتەوە ھەمیشە ‌بوارێکی گونجاو ھەبووە بۆ پێکھێنانی دەوڵەت لەکوردستان، بەڵام پێویستی بەھێزو ئیرادەیەکی سیاسی ھەبووە لە کوردستاندا کە ئەمەیان نەبووە..."

ئەو ئەمە دەڵێت بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکمان بۆ بھێنێتەوە!! کامەیە ئەو زەمینانەی کە لە نەوەدەکانەوە دەستەبەری دروسکردنی دەوڵەتی کوردی بوون؟ ڕق ھەڵسانی ئەمەریکا و خۆراوا لە ڕژێمی بەعس و دوژمنایەتیکردنی ، یا زیافەتکردنی سەرانی کوردی بۆ وڵاتانی خۆراواو ئەمەریکا و دانیشتن و قسەی خۆشکردن لەگەڵیاندا و دان بە پشتیاندا و واژۆکردنی ئەوەی کە ئەمان ھێزێکن و تاڕادەیەک خەڵکی کوردستانیان لەگەڵدایە، یا چەند قسەیەکی خەڵکی لێکەوتووی تاوانباری وەکو ھێنری کێسەنجەر سەبارەت بە کورد و کێشەکەی، ھیچێک لەمانە ھاندەرێک نین یا چرا ھەڵکردنێک نین بۆ ئەمان لە دروستکردنی دەوڵەتی کوردییدا. ئەوەش ھەر ڕاستە کە کوردستان شوێنێکی ستراتیجی ھەیە، بەڵام بۆ خۆراوا و ئەمەریکا لە ستراتیجیەتی وڵاتانی ناوچەکە زۆر کەمبایەخ ترە.

ڕەنگە لای گەلێکمان ڕوون بێت دوای ھەڵوەشانەوەی بلۆکی یەکێتی شورەوی و کۆمارە یەکگرتووەکانی، بەتایبەت کە پێنرایە چەرخی بیستویەکەوە ، ( جگە لە خوارووی سۆدان) ئیتر چۆڕایی دروستکردنی حکومەتی قەومی ھات. سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی قەومی بەو ئاساییەی یا بە ھەبوونی مەرج و بەندە دیاریکراوەکانی زەروریەتی دروستبوونی خودی دەوڵەتی قەومی، بەسەرچوون. لەم جیھانەدا حکومەتێکی قەومی دروست ناکرێت گەر خۆراوا و ئەمەریکا بڕیاری لەسەر نەدەن. ڕاستە چین و ڕوسیا تا ئێستاش پشکێکیان لە کێشمانکێشی ئابووریی و سیاسیی لە جیھاندا لەگەڵ ئەمەریکا و خۆراوادا ھەیە و ھەر ماوە ، بەڵام ھەم کێشیان کەمە و لاوازن و ھەمیش پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بە رێککەوتن لەگەڵ ئەواندا، زیاتر یەکانگیر دەبێت، وەک دوورەپەرێزی و شەڕکردن لەگەڵیاندا. خۆ ئەگەر سەرپێچییەکیش بکەن، ئەوە یا بە ھەڕەشە لێکردنێک یا دەمچەور کردنێک ، دەمکوت دەکرێن.


ھەمووان ئەوە دەزانن ، کە لە زەمانێکدا دەژین داددپەروەرێتی و ماف و ڕەوایەتی ماف، قەوارەی نەتەوەیی، خواست و ویستی نەتەوە، کاری پێناکرێت، بەڵکو کار بە بڕیارەکانی ئەمەریکا و خۆراوا و ئەوەی پێیدەڵێن " کۆمێنێتی نێودەوڵەتی" کار دەکرێت. من نازانم ھاوڕێ سامان چەند لە کاریگەرێتی بڕیارەکانی ئەوان و کاردانەوەی ئەو بڕیارانە نەک تەنیا لەسەر چارەنووسی گەلان و وڵاتانی دنیا، بەڵکو لەسەر ئاژەڵ و سروشتیش لە جیھاندا ئاگادارە . وەکو چۆن لە کێشەکەی لیبیا و چارەنووسی موبارەک، ھەروەھا زۆریش لە کێشە لاوەکییەکانی دیکەشدا، جۆرێک لە ڕێکەوتن لە نێوانیاندا ھەبوو لەمەی ئێستای سوریاشدا دەبێت سەرئەنجام بگەنە بڕیارێکی ھاوبەش.

لەمەش گرنگتر ئاخۆ ھاوڕێ سامان ئاڵھایی چ جۆرە دەوڵەتێک دەکات، کە ڕێز " لە مافە سیاسیی و مەدەنیی و کۆمەڵایەتییەکان دەگرێت و دابینیان دەکات" ؟ ڕەنگە مەبەستی دروستبوونی دەوڵەتێک بێت لەو چەشنە دەوڵەتەی وەکو بریتانیا کە خۆیان ساڵانێکە تێیدا دەژین. بڵێی لە بیری چووبێتەوە کە ھەڵوێستی ئەمان لەسەر خۆپیشاندەران لێرە، یا لە سەر ئیرلەندەی شیمالی چۆن بووە و چۆنە؟ یا ھەر دوور نەڕۆین لە سەر ورەوری ئەم دوایەی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندی ، نەک لەسەر جیابوونەوەی سکۆتلەندە ، بەڵکو لەسەر بچوکترین مافی سکۆتییەکان کە تەنھا ڕیفراندەمە لەبارەی جیابوونەوەیانەوە،‌ نە شتێکی دیکە، حکومەتی مەدەنیی بریتانی تەنانەت ئەم مافە بچووکەش تەنگەیان دەگرێت و گەر بۆی بکرێت قەدەغەی دەکەن!! خۆ لەسەر ئاستی سیاسەتی جیھانیش بریتانیا و حکومەتە مەدەنییەکانی دیکەی وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا و کەنەداو و ئوسترالیا و ئەوانی دیکەش، کە ھاوڕێ سامان دەخوازێت شتێکی وا لە کوردستاندا دروست بێت، چ ڕێزێکیان لە مافی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایتییەکان لە جیھاندا گرتووە، ئادەی ئەمە عەرز و ئەوە گەز با ھاوڕێ سامان سەراپای مێێژوویان بپشکنێت و بە بەڵێ وەڵاممان بداتەوە؟

لە سەرجەمی وەڵامەکانی ئەو بەشەی دیمانەکە ، ھاوڕێ سامان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی ھەر لە کۆنەوە زەمانەتی ھەبووە. ئەو وا دەزانێت یەکێتی و پارتی و سەرکردەکانیان نایانەوێت دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنن ، ئەم خۆی و پارتەکەی و ھاوڕێیانی بۆ ئەو مەسەلەیە بە دڵسۆزتر لەوان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، دەزانێت .

ئەمە مزایەدەیەکی سیاسیانەی سرفە بەسەر ئەوانەوە بۆ دروستکردنی سەرمایەی سیاسی و ھەڵخەڵەتاندنی خەڵکە. ئەم وا دەزانێت مەسەلەی دروستنەبوونی دەوڵەتێکی کوردی، نەبوونی سەرکردەی بارز و سیاسی موحەنەک و نەبوونی پارتی پێشڕەو و چەکدار بە تیۆری شۆڕشگێرانەیە و ئەمانە ھۆیەکانییەتی. ئەم ھۆکارانەش ھەمووی لە خۆیان و حیزبەکەیاندا دەبینێت، ھەر لەبەرئەمەش بە ‌ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت: بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، کورد پارتێک و سەرکردەیەکی وەکو ئێمەی دەوێت... ، کورد لەمانەی کەمە بۆیە تا ئێستا بێدەوڵەتە..‌. ئائەمەیە گەمەی سیاسی گەر بێئاگایی نەبێت لە سیاسەت ، ئەمەیە خەو و خەیاڵی خۆش. ھاوڕێ سامان ئێستاش ھەر پێشبینی ئەوە دەکات، کە کێشەی کرێکاران و دەوڵەتی قەومی لەسەرانسەر جیھاندا بەگشتی و لە کوردستان و عێراقدا بەتایبەتی تەنھا لە ڕێگەی پارتێکی وەکو ئەوەی ئەوانەوە یا ھاوچەشنەکانیانەوە لابەلا دەبێتەوە. تێناگەم بۆچی ئەو ئەوە نابینێت، کە دەوری حیزبەکان بە چەپ و ڕاست وسۆشیالیست و لیبراڵ و ھاوچەشنەکانی ئەوانیشەوە لە کەمبونەوەدایە. ئەوە دەستە خوشکی حیزبەکەی ئەوان کە ناوی سۆشیالیست وۆرکەرە، SWP ، کە کەس ناتوانێت نکوڵی لە توانا و شارەزایی و ‌ھەبوونی خەڵکی زۆر چالاک و باش لە ناویاندا بکات، ئەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە وڵاتێکی وەکو بریتانیادا لە مەیدانی سیاسیدا بێوچان ھەوڵ دەدەن، کە لە کاتێکدا ‌ژمارەی دانیشتوانیی بریتانیا دەوروبەری ٦٠ ملیۆنە، کەچی ‌ژمارەی ئەندامەکانی ئەم حیزبە چالاکە ناچێتە ٦ ھەزار ئەندام. خۆ ئەوە حیزبەکەی خۆشیان ھیچ کە لە ١٩٩٣ وە دروستبووە و کە بە حیزبی کەرتکاری (ئینشیقاق) مەشوورە، ئیتر چۆن دەتوانێت ئا بەو بێباکییە قسە بکات. دوای ھەموو ئەمانەش، لە کاتێکدا کە ھاوڕێ سامان و حیزبەکەی داکۆکییەکی زۆر لەسەر ئەو تێکۆشەرانە دەکەن، کە دەسەڵات تیرۆری کردوون، کەچی لەم لاوە دەیەوێت دەوڵەتێکی بەھێزی نەترس لە کوردستاندا دروست بکات، بۆ سەرکوتکردن و کوشتن و بڕینی ھەر کەسێک بەرھەڵستی بکات و داوای ئازادی و یەکسانی و نان بکات!! لە کاتێکدا ھیچ کەسێکیان ناتوانن ناوی دەوڵەتێک کە ئیرھابی و سەرکوتگەر نەبێت، بخەنە بەرچاومان!!!

باشە من پرسیارێک لە ھاوڕێ سامان دەکەم، کە ئەو ئاوا بڕوای بە بوونی زەمینەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ھەر لە نەوەدەکانەوە ھەبووە، بۆچی بەخۆیان ئاڵای دروستکردنی حکومەتە کرێکارییەکەی خۆیان بەرز نەکردووەتوە و ناکەنەوە و نایکەنە ئەڵتەرناتیڤی دەوڵەتی بۆرجوازی کوردی؟

ئایا دەکرێت بزانین، بۆچی لەو ماوەدا کە خۆی بە ھەلی گونجاو بۆ دەوڵەتە کوردییەکەی دیاری دەکات، لەگەڵ ھەر ڕووداوێکدا لەم بارەوە بۆچوونێکیان ھەبووە[ پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەگەر کەسێک باسی جیابوونەوە یا دەوڵەتی کوردی بکردایە، بێ یەک و دوو دەیانکردە دوژمنی چینی کرێکار، پاش کۆتایی جەنگی نێوخۆیی دەبنە ھەڵگری ئاڵای ڕیفراندۆم و جیابوونەوە، پاش ڕوخانی سەدام ھەموو ئیدیعاکانی خۆیان بەدرۆ دەخەنەوە و دەڵێن ستەمی نەتەوایەتی نەماوە و کۆتایی ھاتووە، کەچی پاش نۆ ساڵ دێنەوە و دەبنەوە بە ھەڵگری ئاڵای دەوڵەتی کوردی و لەپشت ڕستەکانیانەوە خۆیان وەک پاڵەوانی ئەو ئەرکە کاندید دەکەن، ئەگەر ئەمە مزایەدەی سیاسی و خەڵەتاندنی خەڵک نەبێت، ئەدی چییە؟

لەمانە سەیرتر لای من ئەوەیە کە ھاوڕێ سامان و - دیارە گەلێکی تریشیان کە لەم وڵاتانە دەژین- دوای ساڵانێکی دوور و درێژ لەم وڵاتانەدا ئاوا بەو سادە و ساکارییە دەڕواننە کێشەکان. سەرجەمی ھەموو کێشەکان لە کێشەی خێزانییەوە، کێشەی سەرکار ، کێشەی ھەرزانی و گرانی، کێشەی خوێندن و چارەسەر و خەستەخانە، کێشەی پەنابەران ، خانووبەرە ھەتا کێشەی دەسەڵاتگرتنە ‌دەستیش ، لە چاویلکەی حیزبایەتی و حیزبەوە دەبینن و ھەر حیزبیش بە دەرمان و وەسیلەی چارەسەرەکە دەزانن.

ڕەنگە جەلال تاڵەبانی شتی باشی کەم وتبێت، بەڵام یەکێک لە ھەرە قسە ڕاستەکانی ئەو، ئەو مەقولە گرنگەیەتی کە وتی" دروستکردنی دەوڵەتی کوردی خەیاڵی شاعیرانەیە" کابرا ناھەقی نییە، کە ئاوا بەو ڕاشکاوییەوە قسە بکات لە کاتێکدا کە سەدەھا ڕاو بۆچوونی ئاوا لە دووتوێی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و شاشەی تەلەفزوێنەکاندا دەبینێت!

چونکە ھیچ کەس بەقەد خودی نوێنەرانی سیاسیی بۆرجوازی کورد، نازانن و دەرکی بەرژەوەندی چینایەتی ئەوان ناکەن. کەچی لە بەرامبەردا ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبێک کە ئیدیعای دونیای کۆمونیزم دەکات و دەولەتی کرێکاری کردووەتە ستراتیژی، دێت و قسەکەرانی ناسیونالیزمی کورد و سەرانی دەسەڵاتی بۆرجوازی بە نەزانی و کەمتەرخەمی تاوانبار دەکات و لەو دیو قسەکانییەوە پێمان دەڵێت، ئێمە باشترین کەسین کە بتوانین دەولەتی کوردی دروست بکەین!

لە کۆتایی ئەو بەشەی دیمانەکەدا ھاوڕێ سامان پەنای بۆ ئەو ڕاپرسییەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر کرا بردوە و دەڵێت لە ٪٩٨ خەڵک دەنگیان بەجیابوونەوە دا. ‌ھاوڕێ سامان بەوەی کە دەڵێتت لە ٪٩٨ خەڵک دەنگیان بەجیابوونەوە دا، کەوتووەتە ھەڵەیەکی گەورەوە. لەسەدا ٩٨ ی خەڵک لە کوردستاندا منداڵ و خەڵکانی زۆر پیر و کەم ئاوەز و کەسانێکی زۆر نەخۆش و خەڵکی دیکە دەگرێتەوە، بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە ھەندێک لەمانە ھەر مافی دەنگدانیان نەبووە و ھەندێکیشیان ھەر دەنگیان نەداوە. ڕاستییەکەی مەسەلەی دەنگدان دەبێت ئاوا بەیان بکرێت، کە بڵێیت لە ٪٩٨ دەنگدەران ، دواتریش دیسانەوە دەبێت ژمارەی دەنگدەران یا ڕێژەی دەنگدەران، بەیان بکرێت، تاوەکو بزانین ڕوبەری پانتایی ئەو ڕیفراندۆمە چەند فراوان بووە و چەندێک لە دانیشتوان بەشدارییان تێدا کردووە.

دوا قسەم دەڵێم لای من ھەرە خاڵی باش لە ھەبوونی دەوڵەتۆکەیەکی کوردی و دەسەڵاتێکی باڵادەستی وەکو ئەمەی ئێستا ، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان ئەو تینوویەتییەیان بۆ دەوڵەتی کوردی شکا و پاش نمەککردن و تاسوق شکانیان لێی، باوەڕم وانییە ئیتر ئەوان بیانەو‌ێت بە حەسرەتی دەوڵەتی کوردییەوە سەر بنێنەوە، چونکە ٢٢ ساڵە تاموچێژی خۆمانەدەوڵەت، بە ھەموو ترشی و تاڵییەکەیەوە دەکەن و ئەگەر ڕاپرسییەکی ئازاد و سەرانسەری بۆ کوردەکانی ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، ھەبێت ، ئەو کاتە دەتوانن بە ڕاشکاوییەوە ڕای خۆیان سەبارەت بە دەوڵەتی کوردی دەربڕن.
 

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک