گەنج بەرهەمێکی
خۆماڵی، داهاتێک بۆ هەندەران!!

ستار محەمەد قادر
بەشی دوووەم
یەکێک لە دیاردە ترسناکەکانی هەر کۆمەڵگەو میللەتێک، گرنگی نەدانە بە
رۆڵی گەنجان و پەروەردە نەکردنیانە بە شێوەیەکی تەندرووست لە پێناو
بەرجەستەکردنی خەون و ئارەزووەکانیان و سوود وەرنەگرتنە لە وزەیان!
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی بە دژوارترین قۆناغی ژیانیدا گووزەر دەکات، لە
ئەمڕۆی جیهانی ناشارستانیی و دووا کەوتووماندا ئەو پرسیارە ناکرێت کە
بۆ ئاڵۆزی ئاسمانمانی تەنیوەو لە ژێر دەستی دەسەڵاتێکی خۆماڵیدا رۆژانە
هەر یەکێک لە ئێمە هەزارو یەک سکاڵا لە ناو دڵماندا سیخناخ دەکەین و بە
بێ گەڕان بە شوێن چارەسەرییەکی تەندرووستدا، گوێی خۆمانمان لێی کەڕ
کردووەو وەکو ئەوەی نە بامان دیبێ و نەش باران!
رۆژانە لە رووپەڕی رۆژنامەکانەوە ئەوە دەخوێنینەوە کە بە ناو و ناتۆرەی
جۆراو جۆرەوە چەند کچی گەنج لە کوردستانی ئازاد و دیموکراسدا دەکوژرێن
و خۆیان دەسووتێنن، جگە لەوەی هەر گەنجێک دەدوێنین یەکێک لە ئاواتەکانی
کۆچ کردنە بەرەو هەندەران، هەروەکو چۆن گەندەڵی نامان جووڵێنێ و نەمانی
جووڵاندووە، تا پاکانەی بۆ هێنرایەوەو لە ناو کلتووری میللەتێکی خێر لە
خۆ نەدیودا جێگیر کرا، بە هەمان شێوەیش لەشکرێک لە مووچە خۆری
بەرمەبنای حیزب لە کوردستاندا هەیە و لە دووایشدا بە تەمبەڵ
گووزارشتیان لە خەڵکانێک کرد ئەگەر بڕیاری ئەوە بدەن سەر شۆستەو
شەقامەکان پاک بکەنەوە، دەبێت لە دەی مانگەوە دەست بە قەرزو قۆڵە بکەن!
یەکێک لە سیما جوانەکانی نیشتیمان، بەر قەراربوونی یەکسانییە، کووشتنی
ئەو جیاوازییانەیە کە ئەمڕۆ لە واقیعی کوردستاندا بوونیان هەیە، بازاڕی
ئازاد، جگە لە ناهەموواریی باوەڕناکەم دەسکەوتێکی ئەوتۆی لێ کەوتبێتەوە
کە شایانی باسکردن بێت، ئەو بازاڕەی کە دووای ساڵانێکی زۆر لە رێگای
خێر خوازێکەوە بیر لەوە کرایەوە کە چاودێریی جۆری(رقابە نوعیە)ی بۆ
دابنرێت! من دڵنیام لەوەی هەر یەکێک لە ئێمە، نەک تەنها گەنجانمان،
ئاواتی ئەوە دەخوازین کە ئێمەیش رۆژێک زووتر بوواریی ئەوەمان بۆ
بڕەخسێت، بۆ ئەوەی لە شوێنێک ئارام بگرین کە بە هاکانمان تیایدا
پارێزراو بێت، بە دەنگی داواکارییەکانمانەوە بێن و وەکو مرۆڤێکی خاوەن
ماف و ژیان لێمان بڕوانرێت، نەک وەکو مێش و مەگەز!
ئەمڕۆ پرسی گەنج لە کوردستاندا، وەکو سەرجەم پرسەکانی دیی، رووبەڕووی
کۆمەڵێک قەیران بووەتەوە، بە داخێکی زۆرەوە زۆر کەس پێیان وایە ئەو
قەیرانانەی کە گەنجانمان گیرۆدەی بوونەو بە دەستییانەوە دەناڵێنن، لە
دەرەنجامی پەرتەوازەبوونی خودی گەنجانەوە سەرچاوە دەگرن، کە لە
تووانایاندا نییە بە شێوەیەکی ئەکتیڤ لە سەر شانۆی ژیان دەربکەون، لە
کاتێکدا ئێمە تا ئەم ساتە وەختە بە بێ بوونی تێکستی فیکریی و فەلسەفی
لە سەر بوون و ژیان و تێڕامانی قووڵ دەمانەوێت لە سەر ئەو قۆناغە
هەستییارە لە ژیاندا قسە بکەین، یان بە بێ ئەوەی ئاوڕ لەو فەزایە
بدەینەوە کە بەرهەمهێنی ئەوانن و پڕو کارتێکراوە بە فەوزا و بزانین
کاراکتەریی ئەوان لە سەر چ فەرهەنگ و کلتوورێک بونیاد نراوە؟ هەڵدەستین
دەستە چەورەکەی خۆمان بەوان دەسڕین!
بۆیە من وای بە پێویست دەزانم ئێمە بەر لەوەی باس لە پرسی گەنج
بکەین؛دەبێت لە بەراییدا بوونی مرۆڤ بهێنینە سەر هێڵی بیرکردنەوەو
تێڕامان، تا بۆمان روونەوە بێت مەبەستمان لە خستنەوەی منداڵ ئامرازە
یان ئامانج؟ یان بە ئەمڕۆیشەوە بریتییە لە خواستێک کە هەڵگری هیچ جۆرە
باگراوندێکی مەعریفیی نییە بۆ بوون و ژیان؟
تا لە تووانماندا نەبێت دان بە راستییەکاندا بنێین، دەبێت هەمیشە لە
هەوڵی ئەوەدا بین، یان گەنجەکانمان رام بکەین و کەسانێکی پاسیڤ و بێ
ئیرادە بە مانای وشە کە هەڵگریی کۆمەڵێک ڤایرۆسی ئێمەن، پێشکەش بە
کۆمەڵگە بکەین، یانیش دەبێت لە سەر شاشەی کەناڵە لۆکاڵی و
ئاسمانییەکانەوە، لە هەوڵی ئەوەدا بین میللەتێکی هێندە خۆشنوود کە شەو
و رۆژ لەیل و نەهار خەریکی هەڵپەڕکێ و گۆرانی چڕینە پێشانی دەرەوەی
خۆمانی بدەین و تا بۆمانیش دەکرێت لە سەر ستایلی وێنایەکی شکاو رووە
سلبییەکەی هەندەران لە بەرنامەی هاوشێوەی بێ کۆنترۆڵدا بکەین بەو
پەیامەی کە رۆژێ زووتر ئەو بەرهەمە خۆماڵییە، بڕیاری کۆچ بداو ببێت بە
داهاتێک بۆ... هەندەران!!
Star_qadr@yahoo.com
|