گەندەڵی بەرپرسان
و هەڵاتنی قایمقامەکەی هەڵەبجە.
عەلی مەحمود محەمەد
چەند ڕۆژێکە پرسی دادگایی پارێزگاری سلێمانی و هەڵاتنی قایمقامی
هەڵەبجە و بانگکردنی قایمقامی چەمچەماڵ و بزر بوونی پارەی
خانەنشینکراوانی نەگبەتی ڕانیە ......کەوتۆتە ڕۆژەڤەوە،دوێنێ
نەهاتنەوەی سەرۆکی شارەوانی خورماڵیش لە سەفەری هاندەران "پەیوەندی بە
گەندەڵییەوە نییە"و ئەوڕۆ کردنەوەی دۆسیە لەسەر عومەر فەتاح و هوشیار
سیوەیلی و تەها بەرواری هاتە سەری،سبەینێش چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی
بەرپرسانی هەر سێلایەنەکە "ینک و پدک و گۆڕان"بگرێتەوە.
چەکی گەندەڵی کاریگەرترین چەکە بۆ لێدانی سیستەمی سیاسی لە
کوردستان،چونکە تەواوی گەل بە دەست شوێنەوارەکانییە دەتلێنەوە،18ساڵە
تاڵی و سوێری دەچێژن،ئەو چەکە گۆڕان بە پەلە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن هەڵی
کیشا،ئێستا دوای دابەزینی حەماسەتی خەڵک ئەوا ئێستا پێی دادگایی
دەکرێت،ئیتر نازانین چۆن خۆی لە کاریگەرییەکانی دەرباز دەکات.
لە هەمووی سەیرتر پارێزگاری سلێمانی لە بری ئەوەی داوای لێبوردن لە
خەڵکی شارەکەی بکات و ئامادەیی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا دەرببڕێت،هانا
بۆ دەستەی نەزاهەی بەغدا دەبات،لەوە باشتر نەبوو هانا بۆ هەزاران
پارێزەری شارەکەی ببردایە تا داکۆکی لە دۆسیەکەی بکەن!.
جوڵاندنی دۆسیەی تۆمەتباران بە گەندەڵی سەر بە هەر لایەنێکی سیاسی بێت
هەنگاوێکی باشە بۆ تۆڵەکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەو بەرپرسانەی 18ساڵە
نیشتمانەکەمان تاڵان دەکەن،درز کەوتنە ڕیزەکانی دەسەڵاتداریەتی و
شەڕیان لەسەر دەسەڵات و بەشکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە باشترین
هەلە بۆ ئاشکرا بوونی فایلەکانی گەندەڵی و تەواوی سکانداڵەکانی دیکەی
فەرمانڕەوایان،شەڕی ئەوان شەڕە بۆ ئیمتیازات و دەسەڵات،ململانێکانیان
هیچ پەیوەندییەکی بە خواستەکانی گەل و داواکارییەکانی جەماوەرەوە نییە.
لەو دۆسیەیە ئەوەی تاکو ئێستا قسەی لەسەر کراوە دزین و دیار نەمانی
پارەی تەرخانکراوی وشکە ساڵییە،وشکە ساڵی و لە تێنا خنکانی منداڵ و پیر
و پەککەوتە و چۆڵبوونی لادێکان و مردن و قڕ تێکەوتنی سامانی ئاژەڵی و
کەمبوونەوەی کارەبا و بڵاوبوونەوەی کولێرا و نەخۆشی ....هتد بۆ
بەرپرسانی گەندەڵی کورد بوو بە نیعمەت،چاویان بڕییە ئەو پارەیەی بۆ
سڕینەوەی شوێنەوارەکانی وشکە ساڵی تەرخانکرا،ئەمە چ شەرمازارییەکە،لە
بەشەکەی دیکەی جیهان سەدان هەزار ڕێکخراو خۆبەخشانە کار بۆ سڕینەوەی
شوێنەواری وشکە ساڵی دەکەن،ئەرێ دەبێت ئاوەکەی ئەلوەنیش بەرپرسانی
گەندەڵی کورد نەیدزن و نەیفرۆشن؟.
دزین و خواردنی پارەی وشکە ساڵی،تەنها خاڵێکی بچوکە لە ناو دنیای
گەندەڵی کوردستان،کە بەشێکی زۆری بەرپرسانی کوردستان بە دەسەڵات و
ئۆپۆزسیۆنی نوێەوە تێوەی گلاون،بۆیە پێکەوە هاوئاهەنگ نایانەوێت سەر
قەپاغی ئەو مەنجەڵە بۆگەنە هەڵبدرێتەوە،ئەو مەنجەڵەی ئاوێنەی ڕووی
ڕاستەقینەی ئەوانەیە کە بەشدارن لێی.
ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و ڕاوەستانە ئەوەیە، قایمقامی هەڵەبجەیە
گلاوەتە گەندەڵیەوە و لە ترسیشا هەڵاتووە بۆ شوێنێکی نادیار"گوایە لە
موسڵە"،هیچ لایەن و شەریکە بەرپرسێکیش خۆی ناکات بە خاوەندی.
هەموو گازندەمان دەکرد دەسەڵات گرنگی بە هەڵەبجە نادات،کەچی ئێستا
بەرپرسێکی شار گلاوەتە گەندەڵی دزینی پارەی وشکە ساڵی شارەکەوە،کەچی
کەس نقەی لێوە نایات؟،ئایا ئەم بێدەنگیە بۆ؟.
بە بڕوای من دزینی بەشی هەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی قوربانی لە داهات
تاوانی چەند بەرامبەرە،لە لایەکەوە تاوانی دزییە لە گەل وەک هەر
جێگەیەکی دیکەی ئەم نیشتمانە،هەروەها دزییکردنە لە هەڵەبجە کە خەڵکەکەی
قوربانییە ئەمەش تاوانەکە چەند بەرامبەر دەکات،بۆیە پێویستە تۆمەتبار
چەندین جار سزا بدرێت،ئەوەشی شفاعەت بۆ تۆمەتبارانی دزی هەڵەبجە و
ناوچەکانی قوربانی بهێنێتەوە لەوان تاوانبارترە.
دیارە ئەگەری ئەوەش هەیە تەسفیاتی حیساباتی نەیارە سیاسیەکان لە پشت
ئەم پرۆسەیەوە بێت و پێویستە شکمان لەمەش هەبێت،بۆیە چۆن داوای سزا
دانی تاوانکار دەکرێت،هاوکات پێویستە داوای دادگایەکی ئاشکرا بۆ
تۆمەتبار بکرێت و هەموو مافەکانی داکۆکی بۆ مسۆگەر بکرێت.
من پرسیار دەکەم ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان بەڵگەی
لەسەر تۆمەتباری دەسەڵات هەیە تاکو ئاستی ڕوخان بۆ نایخاتە ڕوو؟،ئایا
چاوەڕێی چ سەفقەیەکیەتی لە گەڵیدا؟،ئایا دایناوە پرۆسەکە لە سزادانی
کادیرە مام ناوەندییەکان ڕابوەستێت؟،بۆچی زانیارییەکانی خۆی نادات بە
گەل؟،ئایا ئەمە خیانەت نییە؟،ئایا بەڵگەکانی دەسەڵاتیش بایی تێکشکانی
ئەو نییە؟،ئێمەش ڕاشکاوانە نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆنی گەندەڵمان
ناوێت.
تکایە ئەوەی لە هەگبەکەتانە شەفافانە بیخەنە بەردەست جەماوەر،ئێوە
داوای ئاشکراکردنی زانیاری و شەفافیەت لە حکوومەت دەکەن،کەچی بۆ خۆتان
شەفاف نین و وتەی خۆتان هەزاران فایل و دۆسیەی گرنگتان شاردۆتەوە،ئێمەش
وەک هاووڵاتیانی ئەم نیشتمانە داوا لە هەموو لایەکتان دەکەین و
دەڵێین:شاردنەوەی زانیاری لە گەل خیانەتە و بۆخۆی گەندەڵییە.
8-9-2009
|