٧\٩\٢٠١٨
گەندەڵی ھەڵبژاردن
لە نێوان سویسرا و کوردستاندا.

عەلی مەحمود محەمەد
لە ١٠ ی ئابی ئەمساڵ ٢٠١٨، رێکخراوی (Greco)
(کۆمەڵەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ بنەبڕ کردنی گەندەڵی)، بۆ جارێکی دیکە
سەرکۆنەی وڵاتی سویرسرای کردەوە، بەھۆی ئەوەی ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە، بۆ
ئەوەی پارتە سیاسییەکانی سویسر، سەرچاوەی داھاتیان ئاشکرا بکەن، لەو
بەخششانەی پێیان دەدرێت لە لایەن"کەسەکان،کۆمپانیاکان، یان گروپی
بەرژەوەند خوازی دی ھەرچییەک بێت"ئاشکرا بکەن.
Greco نیگەرانە لەوەی حکومەتی فیدراڵی
یاسا یەک دەرناکات بۆ پیادە کردنی رونی لە خەرجی پارەی ھەڵمەتی
ھەڵبژاردن و بودجەی حیزبەکان، پێی وایە دەرنەکردنی یاسایەکی لەم چەشنە،
بۆ خۆی پشتیوانیکردنە لە گەندەڵی لە لایەن حکومەتەوە.
لە مانگی ئۆکتۆبەری دا ٢٠١٧ د، دەستپێشخەرییەک لە ئاستی نیشتمانی
سویسرا پێشکەشکرا لە لایەن کەسانێکەوە زۆربەیان چەپن، بۆ ئەوەی پارتە
سیاسییەکان ناچار بکرێن سەرچاوەی داھاتیان ئاشکرا بکەن، لێ حکومەت
داواکەی رەت کردەوە، وەلێ چاوەڕوان دەکرێت، ھاووڵاتیان بۆ ساڵانی ٢٠٢٠
یان ٢٠٢١ لە رێگای راپرسییەوە دەنگ بدەن بە دەستپێشخەرییەکە، وەک
نەرێتێکی سستەمی دیموکراسی راستەوخۆ لە سویسر، ھەرچەندە ئەمساڵ
کانتۆنەکانی شفیتس و فریبۆرغ دەنگیان بۆ رونی زیاتر دا لە تەمویلی
حیزبەکان، لە کانتۆنەکانی تیتشینۆ و جنێف و نۆشتایل بۆ خۆی بڕیاری وا
ھەیە.
سوید و سویسرا دوو دورگەی نا شەفافی کاری سیاسین لە روی پارەدان بە
حیزب و خەرجی ھەڵبژاردن لە ناو ئەوروپ، ھەرچەندە ئەم دوو وڵاتە وەک
نموونەی باڵای دیموکراسی خۆیان نمایش کردووەو ئێمە زانیومانە،بەردەوام
لەبەر چەقۆی تیژی رەخنەدان، سستەمە سیاسییەکەیان بەو ھۆکارەوە کەوتۆتە
ژێر پرسیارەوە، لەم دوو وڵاتە یاسای نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دارایی
حیزبەکان و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن نییە، سەرچاوەی بەخششەکان لە تاریکیدایە،
وەلێ پێچەوانەی کوردستان کە نغرۆی نارونی و تاریکییە، پارتەکانی ئەوان
پێش ھەڵبژاردنەکان بودجەی خۆیان بڵاو دەکەنەوەو رایدەگەیەنن بۆ رایگشتی،
ھەرچەندە ئاشکرای ناکەن لە زۆر حالەتدا کە چۆنیان پەیدا کردووەو لە
کێیان وەرگرتووە، کێشەی ئەم دوو وڵاتە لێرەوە سەرچاوە دەگرن، سەیر بکەن
پارتەکانی سوید ١١ مانگ پێش پرۆسەی ھەڵبژاردن، بودجەی پارتەکانیان بۆ
پرۆسەی ھەڵبژاردن دیاریدەکەن و بڵاو دەکەنەوە، پارتی سۆسیال دیموکراتی
دەسەڵاتدار ١٠٠ ملیۆن کرۆنی دیاریکردووە بۆ پرۆسەکە، تەنانەت شێوازی
خەرجکردنی ئەو بودجەیەش دیاریکراوە، نموونە ٧٠ ملیۆنی بۆ ریکلام
دیاریکردووە، پارتی ناوەند ٧٠ ملیۆن کرۆن، ٥٠٪ی بۆ ریکلام، پارتی
دیموکرات ٥٠ ملیۆن.... بودجەی ھەڵبژاردنی ٩ی ئەم مانگەیانە.
بەھۆی دابەزینی ژمارەی ئەندامانەوە، ئابونەی حیزبی تەنھا ٣٪ی داھاتی
پارتەکان دیاری دەکات لە سوید، لە ساڵی ١٩٨٩ رێژەی ١٣٪ی ھاووڵاتیان
ئەندامی پارتەکان بوونە، لێ ئێستا رێژەکە کەمترە لە ٥٪.، بۆیە بەشداری
ئابوونەی حیزبی کەمترە لە ٥٪ی خەرجییەکان، کە رەواترین رێگای پارە
پەیداکردنی حیزبی سیاسییە.
کەموکڕی لە سستەمی دیموکراتی سویسری ئاشکرا نەبوونی خەرجییەکانە،
ھەرچەندە بەھۆی پیادەکردنی دیموکراسی راستەوخۆوە خۆی بەسەر مەشقی
دیمکراسیەت لە جیھان دەزانێت، بەم ھۆیەوە کەوتۆتە بەر رەخنەی توندی
رێکخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی، سەبارەت بە تاریکی پشتیوانی سیاسی
پارتە سیاسییەکان، جگە لە پارتی گەلی راستگەر، ھەموو پارتەکان بودجەی
خۆیان پێشتر بۆ ھەڵبژاردنەکان بڵاو کردۆتەوە " پارتی سۆسیالست ١و٤
ملیۆن فرەنک، پارتی لیبراڵی رادیکاڵ ٣ ملیۆن فرەنک، پارتی دیموکراتی
کریستان ٢ ملیۆن فرەنک، پارتی سەوز ٢٠٠ ھەزار فرەنک، پارتی بۆرجوازی
دیموکراتی ٥٠٠ ھەزار فرەنک، سەوزە لیبراڵەکان ٣٠٠ ھەزار فرەنک".
وەک دەبینین پارتە سیاسییەکانی سویسرا کە لەبەردەم تیغی رەخنەی توندان،
ناڕاستەوخۆ سەرچاوەی داھاتەکانیشیان دیاریکردوەو بڵاو کردۆتەوە" حیزبی
لیبراڵی سویسری بودجەکەی ٣ ملیۆن فرەنک"٦٥٪ی لە کۆمپانیاکانەوە"، پارتی
دیموکراتی کریستان ٢ ملیۆن "٥٠٪ی لە کۆمپانیاکانەوە"، پارتی گەلی
سویسری ٢ ملیۆن "٣٥٪ی لە کۆمپانیاکانەوە " پارتی سۆسیالست ٢،٥ ملیۆن
فرەنک "٧٥٪ی لە ئابونەیە، سۆسیالستەکان تەنھا لە یەک کۆمپانیا بەخشش
وەردەگرن، ئەویش ناوەکەی ئاشکرا کردووە، تاکە پارتە ناوی کۆمپانیاکەی
ئاشکرا کردووە لەناو ئەو پارتانەی ئامادەن بەخشش لە کۆمپانیاکان
وەربگرن، پارتی سۆسیالست بەھیچ شێوەیەک کۆمەک لە بانکەکان و
کۆمپانیاکانی دڵنەوایی وەرناگرێت، بەمەش ساڵانە زیانی ٤٠٠ ھەزار فرەنک
لە خۆی دەدات، "،پارتی سەوزی سویسری بەخشش لە بانکی کریدی سویس و یو بی
ئێس وەر ناگرێت، بانکەکانی یو بی ئێس، کریدی سویس و رایفایزن و
کۆمپانیاکانی سویس ئێر و ئەکسا فینترتور و ...، ئەو پارانە ئاشکرا
دەکەن داویانە بە پارتە سیاسیەکان، کریدی سویس ساڵانە ملیۆنێک فرەنک
دەدات بەو پارتانەی ٥ کورسی زیاتریان ھەیە جگە لە سۆسیالستەکان کە
بەخششی لێ وەرناگرێت وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا.
نیو سەدەیە چەپەکان سویسرا داوای ئاشکرایی دەکەن لە بەخششی پارتەکان و
خەرجییەکان و سەرچاوەی پاڵپشتی دارایی ھەڵبژاردن،پارتە چەپەکان لە گەڵ
ئاشکرایین، راستگەراکان لەبەر ئەوەی پارەی زۆر وەردەگرن لە کۆمپانیاکان
و بەستراون بەو بەرژەوەندیانەوەو زۆرینەن لە پەرلەمان، ناھێڵن ئەم
داواکارییە سەر بگرێت، بە یاسا سەرچاوەو قەبارەی بەخشش و خەرجییەکان و
سەرچاوەکانیان و ئاشکراکاری لە داھاتەکان جێی خۆی بگرێت.
وەک ئاماژەم پێی دا چەپەکانی سویسرا ھەڵمەتێکیان راگەیاندووە بۆ ئاشکرا
کردنی بەخششی سیاسی ئەوەی لە ١٠٠٠٠ فرەنک زیاترە، بۆ ئەم مەبەستە ١٢٠
ھەزار ھاووڵاتی واژۆی لەسەر دەستپێشخەریەکە کردووە، پێشبینی دەکرێت لە
نێوان ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ بخرێتە بواری دەنگدانەوە، ھەرچەندە ١٠٠٠٠ فرەنک زۆر
زۆرە، دەبوایا ١٠٠٠ فرەنک کەمتریش بوایا.
ئەوان لە دەستپێشخەرییەکەیان داوا دەکەن وەرگرتنی بەخششی بێ سەرچاوە
یاساغ بکرێت، سەرچاوەی بەخششەکان بە وردی بخرێتە بەردەست خەڵک و لایەنی
پەیوەندیدار، نا رونی لە وەرگرتن و خەرجی نەمێنێت......
پشتیوانی دارایی دادپەروەرانە ئاشکرا یەکێکە لە پێوەرە سەرەکی و
بنچینەییەکانی دادپەروەری ھەڵبژاردن، پێویستە خەڵک بزانێت کێ لە پشت
ئەم پارتانەوەیە، پارە لە کوێ دێنن؟، بۆ کێ کار دەکەن؟، چەند خەرج دە
کەن لە پرۆسەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن؟، لێرەشەوە بزانرێت کارەکانی ئەم
فراکسیۆن و لیستانە دوای ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی کام قارون و کام
کۆمپانیادایە، ئاراستەیان رو لە کوێیە، چونکە جۆگەلەی پشتیوانیان
لەکوێوە بێت، قیبلەی بەرژەوەندیان رو لەو شوێنەیە، پارە ئاینی ئەوانە،
قیبلەنامەی ئاراستەی کارەکانیانە.
لە کوردستان پارت و لیستەکان، نە بودجەی پارتەکان و نە بودجەی پرۆسەی
ھەڵبژاردنەکانیان دیار نییە، لە کاتێکدا وا ٥ ساڵە پارتە سیاسییەکان
کوردستان، وەک راگەیەنراوە بودجەیان لێ بڕاوە، کەچی سەتەلایت و ماشینی
راگەیاندن و خەرجی بێشوماری بارەگاکان و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیان
رانەوەستاوە، کڕینی دەنگی تاک و عەشیرەت بەردەوامە، کۆمپانیای زەبلاح
کاریان بۆ دەکات، ھاووڵاتیانی کوردستان بە گشتی و ئەندامان و
دەنگدەرانی ئەم لایەنانە مافی خۆیانە سسەرچاوەی داراییان بزانن،
دەوڵەمەندەکان پارەیان زۆرە بەھۆی بەخششەکانیانەوە ویستی خۆیان بەسەر
کاندیدەکان دەسەپێنن لە دوای ھەڵبژاردن، ھاوکات ئاشکرا کردنی سەرچاوەی
داھاتی پارت و خەرجی ھەڵبژاردنەکان بەشێکە لە شەفافیەت، ئەگەر پایەی
پارتێک لەسەر ناشەفافیەت دامەزرابێت، چۆن دەتوانێت لە ئایندەدا
سستەمێکی شەفاف بنیات بنێت، کە شەو رۆژ شیوەن و رۆ رۆو قژ رنینیانە بۆی،
ئایا دەنگدەری حیزب ئاگاداری خەرجیەکانی حیزبەکەیەتی؟، کە مافی خۆیەتی
بزانێت کێ ھاوکاری دەکات؟، کام لۆبی قاچاخچییە دەستی دەگرێت، قاچاخچی
نەوتە یان تلیاک؟، پارەی بەکار ھاتوو رەشە یان سپی؟، سەرچاوەی دیارە
یان نەزانراوو بێ دایک و باوکە؟، سەرچاوەکەی کوێیە؟، ناوخۆییە یان
دەرەکی؟، دزییە یان ھەواڵگری وڵاتان؟، ھەرێمی یان نێونەتەوەیی؟،
ھاووڵاتیانی خانووە قوڕەکانە یان فیرعەوناوەکان؟، ئەمە ھەمووی ئەگەرەو
ھەمووشی لەگەڵ پرۆسەی سیاسی کوردستان دێتەوە کە مەحرەم تیایدا زۆر
کاڵبۆتەوە یان ھەر بوونی نییە، گەیشتۆتە ئەو ئاستەی متمانە بە سستەمی
نوێنەرایەتی پەرلەمانی زۆر کزو لاواز بووە، بایکۆت رەنگدانەوەی
وشیاریانەی بێ متمانەییە.
پارتی سیاسی پێویستی بە پارەیە بۆ راییکردنی کارەکانی، بە تایبەتی لە
کوردستان بۆتە نەرێتی سیاسی باو بە بوونی بارەگاو دەم چەورکردنی
ئەندامان و گردبونەوەو بوونی کەناڵی راگەیاندن ....، ئەمە راستی و ھاشا
ھەڵنەگرە، لێ ئەم پارەیە لە کوێ دێنێت؟، چۆن پەیدای دەکات؟، چۆن لە
بەشە کارگێڕییەکانی خۆی تۆماریان دەکات؟، چۆن ژمێریارییەکانی کۆتایی بە
وردی و وردەکارییەوە دەخاتە بەردەست خەڵک؟، ئەمە ھەمووی پرسیارە، خەڵک
لە مێشکیاندا دەیھێنن و دەیبەن، وەلێ تا ئێستا مخابن پرسیارەکان بە
کۆکراوەیی نەکراوە،پارە رەگی گەندەڵییە،تا خەرجییەکان ھەڵبژاردن زیاد
بێت، ئاشکرا کاری و رونی دەبێتە پێویستی، وە قەبارەی پارە ھاتووە جێی
گومانەکان گەورەتر دەبێت، تا دەزگا حکومیەکان لاواز بن وەک ھەنووکەی
کوردستان، ئەوا دەوڵەمەندەکان باشتر دەتوانن پارەکانیان بۆ
ئاراستەکردنی پارتە سیاسییەکان بەکار بھێنن، بۆ ئەوەی بڕیارەکان لە
بەرژەوەندیان دەربچێت لە داھاتوود، ئەوان زۆریان ناوێت، تەنھا
ھێشتنەوەی چەند بۆشاییەک لە وەبەرھێنان و چەند شەڕێک بە بریکاری لە
پەرلەمان بۆ لادانی رکابەرەکانیان، چاوپۆشی لە پیسکردنی ژینگە و باج
و... یاخود گەیاندنی چەند زانیارییەک لەسەر پرۆژەکانی داھاتوو،
ئیستغلالی سامانی ژێر زەمینی و چاوپۆشی لە دەرکردنی یاسای کاری
پێشکەوتنخوازانە و وێران کردنی کەرتی گشتی، یاخود گەیاندنی زانیاری بە
کۆمپانیا بیانییەکان لە کاتی بوونی کێشە وەک بینیمان.... ، ئەم
بڕیارانە خەڵکی گشتی ھەست بە مەترسییەکانیان ناکەن، نەیارانیشی بەھۆی
نەبوونی کەناڵی راگەیاندن، نوزەیان ناگاتە خەڵکی، لێ ھەمووی
مەترسیدارتین بڕیارن کە دەدرێن.
دەمانەوێت بزانین کام کۆمپانیا و دەوڵەمەند ھاوکاری پارتەکان دەکەن؟،
چۆن کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانیان دابەشکردووە لە نێوان خۆیاندا؟، کێیە
پارەی ماشینی راگەیاندنەکەیان دابین دەکات؟، لە کام وڵاتەوە پارە خۆی
دەکات بە کوردستاندا ؟؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە راستەوخۆ پەیوەستن بە
ھەڵبژاردنەوە، چونکە پیویستە دەنگدەران بزانن ئەم پارانە لە کوێ دێن کە
پارتە سیاسیەکانیان بەکاری دەھێنن، کە کاندیدە بەسزمانەکانیش زۆرینەیان
نازانن، ئەو پۆستەرەی بۆیان دروستکراوە بە پارەی تلیاکە یان باجی
جامخانەیە، یانی باجی بێدەنگی پارتەکەیەتی، یان داگیرکەرانی کوردستانە.......
ئەمەو یەک دنیا داواکاری و پرسیاری وەڵامنەدراوەی دیکە.
دەمانەوێت بزانین ئایا سستەمی سیاسی لە کوردستان دیموکراسییە یان
بلۆتۆکراسییە؟، ھەڵبژاردن و سستەمەکەی لە ژێر کاریگەری پارت و بۆچونە
سیاسییەکانە؟، یان لە ژێر ھیژمۆنیای پارەدایە؟، کە بێشک ئەوی دووەمە ،
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت بلۆتۆکراسییەو پارە ئاراستەی ھەموو کارێک
دەکات، پارەکانیش ھێندە زۆرن فرە سەرچاوەی ناڕەوان، تەواو کۆنترۆڵی
پرۆسەکەیان کردووە.
کەمەیاتی فرە دەوڵەمەند لە کوردستان، راگەیاندن لە بەرژەوەندەی سیاسی
خۆیان بەکار دەھێنن، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و درێژەدان پێی، بۆ
مسۆگەرکردنی سەرچاوەی داھات و تاڵانی سەروەت و سامان، دواتر بەو
دەستکەوتە سیاسی و ئابورییەی بەدەستی دەھێنن، درێژە بە بەڕێوەبردنی
کەناڵەکانیان دەدەن و بەرفراوانی دەکەن، بەمەش پارەو کورسی و راگەیاندن
کۆنترۆڵ دەکەن، دەست دەنێنێنە بناقاقای ھەموو بۆچونێکی عەدالەتخوازانەو
پەراوێزی دەخەن و رەواج بە مافیایی و کۆنەپەرستی دەدەن، سەرۆک وەزیرانی
پێشووی ئیتاڵیا برلسکۆنی لەمەدا کارامە بوو، ھاوکات دەستبژێری
دەسەڵاتداری ئەوروپای رۆژھەڵاتیش ھەمان کاریان کرد، تورکیا و
کوردستانیش بەم ئاقارەدا رێ دەکەن و گەیشتونەتە دوا مەنزەڵ،
ئۆلیگارشییەکان ورگ، دەم، چاو، گوێ و مێشکیان کۆنترۆڵ کردووە.
راگەیاندن چەندە جێی مەترسییە لە دەست دەسەڵاتی ستەمکارو گەندەڵدا بێت،
بەھەمان ئەندازەو زیاتریش مەترسیدارترە کاتێک لە دەست ملیاردێرەکاندا
بێت، ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیانی پێ دەپارێزن بۆیە کاتێک قارونەکان
ئاراستەی سیاسەت دیاریدەکەن لە رێگای پارەو راگەیاندنەوە، ھیچیان
لەبەرچاو نییە جگە لە قازانج، سیاسەت و راگەیاندن لای ئەوان لقێکە لە
بزنس، نەک بۆ چاکەی گشتی و گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و
رۆشنبیری، ئێستای کوردستان لەم قۆناغە مەترسیدارەدایە .
بۆیە دەبێت پارتە سیاسیەکانی کوردستان ناچار بکرێن، سەرچاوەی داھاتیان
ئاشکرا بکەن، دەسەڵاتی پارە لە پرۆسەی سیاسی بەتایبەت ھەڵبژاردن کورت
بکرێتەوە، کە تا ئێستا ھەمووی لە تاریکییە و گۆڕەپانیش بۆ دەسەڵاتی
پارە ئاوەڵا بووە، ھیچ ھێزێکی سیاسی لەم بارەیەوە دەستپێشخەری
نەناوەندووە، کەس نازانێت ئەم پارەو سامانە لە کوێوە دێت و بە کوێدا
دەڕوات؟، یاسایەک نییە بۆ رێکخستنی خەرجی پارتەکان و دیاریکردنی
سەرچاوەکانیان و رێکخستنی کۆمەک و بەخششەکان و .... لەپاڵ رێکخستنی
ئەوانە پێویستە کۆمپانیاکانیش ناچار بکرێن بەخششەکانی خۆیان ئاشکرا
بکەن، سەرچاوەی پارەی کەناڵەکانی راگەیاندنەکان دیاری و ئاشکرا و رەوا
بێت.
ئێستا دەپرسین پارتە سیاسییەکان پارە بۆ راییکردنی کارەکانیان لە کوێ
دەھێنن؟، ئەم ھەموو کۆمپانیا زەبلاحەی ھەیانە، بە چی دروستیان کرد؟،
ئەم ھەموو کەناڵی راگەیاندنە بەچی ماشینەکانیان کار دەکات؟، .... ھەموو
ئەم پرسیارانە بۆیە وەڵام نادرێنەوەو ئەم دەزگاو کەناڵ و رێکخراوانە بۆ
نایھێننە بەر باس و قسەو بەدواداچوون، چونکە ھاوبەرژەوەندن و
سەرکردەکانیان زیاتریان کۆکردۆتەوە، یان خۆیانن سەرچاوەکەی، دەزانن
ژیانی سیاسی پاکژ، کۆتایی بە ھژمۆنیای ئەوان دەھێنێت، بۆیە ئەم
پرسیارانە مەحرەمن لەمڕۆی کوردستان، ھەرچەندە ھەڵبژاردن رێگای
گۆڕانکاری ریشەیی نییە لە کۆمەڵگاکان، لێ بۆ ژیانێکی سیاسی تەندروست
دەبێت شۆڕشێکی سیاسی بۆ رزگارکردنی ژیای سیاسی ئەنجام بدرێت،
پرسیارەکان بکرێنە بنچینەو لێرەوە دەستپێبکرێت.
با بزانین لە ھەڵبژاردنی رابردوو چی گوزەراوە، ئەو کەمەی بیستمان و
بینیمان و ئاشکرا کرا ، ئەمە نموونەیەکە لە خەروارێک" وڵاتێک ٢٢ ملیۆن
دۆلاری ناردووە بۆ ھەڵبژاردنی کەرکوک، پارتێک لە ئێران پارە وەردەگرێت،
سەرکردەیەکەی لەم رۆژانە دەچێت، بارێک دۆلاری ھاتوو لەو دیو سنورەوە
گرتر، پارتێک لە کۆمپانیاو سەرمایەداران ٩٥٠٠٠٠ دۆلاری کۆکردۆتەوە
نازانرێت چی لێکراوە، ٣ ملیار دینار لە بەغداوە بۆ ھەڵبژاردنی عێراق
ھاتووە بۆ لایەنێکی کوردستان دیار نییە، حیزبێک زیاتر لە ٥٠ کەناڵی
راگەیاندنی ھەیە، پارتێکی سیاسی مەرزیە دابەش دەکات، یەکی دی بە ٢٠٠
دۆلار دەنگێک دەکڕێت ، ئەوی دی دەمانچە دەبەخشێتەوە ، کوڕە بەگێک بۆ
دەرچوون ١٠٠ دەفتەری خەرجکردووە، سەرمایەدارێک کەناڵێکی تایبەەتی بۆ
ھەڵبژاردن کردەوە دواتر راگەیاندنکارانی گیرفان بەتاڵ و سکبرسی ناردە
ماڵەوە.... ئەمە ھەڵبژاردنە یان مافیایی و بازاڕی وڵات فرۆشییە".
ئەگەر سویسراو سوید لەبەر چەقۆی رەخنەی توندا بن بەھۆی ناڕونی خەرجی و
بودجەی حیزب و ھەڵبژاردنەکان و نەزانینی سەرچاوەی داھاتەکان و لێڵبوونی
سەرچاوەی پارەکان، ئەوا لە تاریکسانی پارەی رەشی پارتەکان لە کوردستان
شەوەزەنگی سستەمی بلۆتۆقراتی د، ھەڵبژاردنەکان جگە لە شەڕی لۆبییەکانی
پارە شتێکی دیکە نییە، پارتەکانیش دەستکردن و لە گیرفانی ئەو
لۆبیانەدان.
تا ئێستا یەک پارتی سیاسی بودجەی ھەڵبژاردنی داھاتووی بڵاو نەکردۆتەوە،
کەسیش لیستی کۆمەککەرەکانی خۆی ئاشکرا نەکردووە، ئەوا باسی بودجەی
پارتەکان و خەرجی کەناڵەکانی راگەیاندنیان بڤەیە، چاوەڕوانی ئاشکرایی
لە خەرجکردنی پارە رەشەکانیش مەبن، پەرلەمانێک سەرچاوەکەی ئەم زێرابە
پیسە بێت، چاوەڕوانی روانی خۆراکی تەندروستی لەبەردا مەکەن، ئەوجا ھەر
بڵێن کوردستان دورگەی دیموکراسی ناوچەکەیە.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|