٢٨\٣\٢٠١٣
گەندەڵیی لە
کوردستان بە ''مەلا بەختیار'' چارەسەر ناکرێ!

سامان کەریم
مەلا بەختیار نوسینێکی سەرسورھێنەری نوسیوە سەبارەت بە ھەلومەرجی
ئابوری لە کوردستاندا. لە وتارێکدا مەلا بەختیار بەنێوی" مەترسی
قەیرانی بانکەکەنی سلێمانی... بەرەو کوێ؟"کە لە ١٨ ئازار ٢٠١٣ سایتی
چاودیر نیوز دا بڵاوبۆتەوە، ڕاستییە حاشاھەلنەگرەکان دەخاتە ڕوو، ئەو
ڕاستیانەی کە لایەنی کەم ١٠ ساڵە جیگای مشومڕو ناڕەزایەتی خەڵکی
کوردوستانە. خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستھێنانی بژیوی خۆی لە بەرانبەریدا
خەباتی کردوە. مەلا بەختیار ئاماژە بە دوو مەسەلەی سەرەکی دەکات:
نەبونی سیاسەتێکی ئابوری گونجاو وە گەندەڵی. بەلام منیش وەکو
مەلابەختیار دەمەویت " رەخنەیەک بێئومێدەکان ئومێدەوار بکات" دەنوسم
بەلام دیارە ھەم بێ ئومێدەکان و ھەم ئومێدەوارکردن مانای جیاوازی ھەیە
لای من.
سیاسەتی ئابووریی.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردوستاندا دوو لەتە، وە دوو ناوچەییە. پیداویستی
سەرمایە لەئاستی ناوچەکەو جیھانیدا وا دەخوازێت کە دەسەڵاتی بوژوایی
لە کوردوستاندا دووپارچە بێت، لە ئێستادا. ناونیشانی وتارەکەی مەلا
بەختیار نیشانی دەدات کە ئەم ئیرادە سیاسییە لە کوردوستاندا دوو
پارچەیی یە، ئەگەر نا ھەروەک خۆی ئاماژەی پێدەدات بۆ تەنھا لە
سلێمانی؟!. من لیرەدا واز لە ناوەرۆکی ئەو ئیرادە سیاسییە دەھێنم، کە
دەسەڵاتی بورژوایی کوردەو تا ئێستا خاوەن ئیرادەیەکی یەکگرتوو نییە، وە
پێم وانییە لە سایەی دەسەڵاتی فیدراڵی ئێستادا دەستەبەر ببێت، وە
ھەروەھا واز لە کاریگەرییەکانی بودجەی عیراق دەھێنم لە پەیوەند بە
سیاسەتی ئابورییەوە. بەڵام ئیرادەی سیاسی ماناو ناوەرۆکی سیاسی
دیاریکراوی خۆی ھەیە، ناوەرۆکەکەی ئەوەیە کە خاوەنی قەزییەیەک بیت، کە
کۆمەلگا خستویەتیە سەر مێزی ھێزە سیاسیەکان، لە کوردستان ئەم قەزییەیە
دەوڵەتە. دەسەڵاتی بورژوایی کورد لە ئێستادا خاوەنی ئەم قەزەییە نییە.
کاتێک خاوەنی ئەم قەزەییە نییە، ئامادەیە ھەموو ئامێرو پێداویستیەکانی
بەرھەمھێنان ئەودیو بکات لەسالێ ١٩٩١-١٩٩٢دا، وە ئامادەیە سەروەت و
سامانی کوردوستان لە ژیر ناوی ھێنانی سەرمایەگوزاریدا ھەرزان فرۆش
بکات، یاسای ژمارە( ٤ )ی ساڵی ٢٠٠٦ (یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی
کوردستان- عیراق) بە رۆشنی بە یاسایی کردنی ئەم ھەرزان فرۆشی یەیە، لە
ڕاستیدا بەرتیل دانی سیاسییە.
بەلام ئایا دەسەلاتی کوردی نەخشەی ئابوری نەبوە؟! بەبروای من بوویەتی،
وە ئەوەیە کە جێبەجێکراوە. ئابوری کوردوستان، بازاڕی ئازادە، بازاڕی
ئازادێک کە لە ڕاستیدا لە وانەیە بێ وێنە بێت لە ئاستی جیھانیدا.
لەباری یاساییەوە ئەوەندەی ئاگاداری یاسای وەبەرھەمھێنانی ئەمەریکا بم
ھێشتا ناگات بەوەی کوردوستان، مەبەستم لایەنی یاسایی و ئاسانکاری و
لێبوردنەکانە لە باج ، گومرگ وپیدانی زەوی و .... بەلام ئەمە یەک
لایەنی مەسەلەکەیە. بازاری ئازاد، بەلام بازارێکی ھەرج ومەرج لەسایەی
باوەری نیولیبرالیزمەکاندا دەچێتە پێشەوە کە لەسالی ٢٠٠٢وە و تەنانەت
پێش ھاتنی ئەمریکا دەستی پێکردوە، کە تایبەتمەندییەکەی فەسادێکی بێ
وێنەیە وەک کۆلەکەیەکی سەرەکی لە بونیادی بەڕیوەبردنی ئابوریدا، بەلام
فەساد لەبناغەوە کۆلەکەیەکی سەرمایەیە، لە ڕیگای یاسا ئابورییەکانەوە،
کراوەتە یاساو نەریتێکی ئابوری سەرمایەداری، بەتایبەت لە بواری
وەبەرھێنانی سەرمایەی مالی دا بەشیوەیەکی ھێجگار ڕۆشن دەردەکەوێت. لە
کوردستان ئەم فەسادە یاسایەکی نەنوسراوە وەک توخمێکی سەرەکی بۆ
بەرێوەبردن و وەبەرھێنانی سەرمایە لە کوردوستانداو بە پالپشتی
ئەمەریکاو ڕۆژئاواو وولاتانی ناوچەکە... بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتە ئابورییە
ئامانجی خۆی بپیکێت دەبێت کۆنترۆلکراوبێت لەلایەن ھەردوو حزبی
دەسەڵاتدارەوە، وەک باشترین شیوەی دەسەلاتی بورژوایی لە ھەلومەرجی
ئەمڕۆدا کە کوردوستان نە دەوڵەتە، وە نە بەشیکی یەکپارچەیە لە گەڵ
عێراقدا. ئێستا کوردوستان لە ئاستی ناوچەیی و جیھانیدا جێگاو ڕیگەیەکی
ئابوری پەیدا کردوەو وەک بەشیک لە دابەشکردنی کاری جیھانی، کوردوستان
بەشیکە لە سیستەمی بەرھەمھێنانی وزە لە ئاستی جیھانیدا کە کۆمپانیا
گەورە جیھانیەکان ئومێدێکی زۆریان لەسەرە، ھەر بەم ھۆیەوەیە کە
نیچیرڤان بارزانی دەتوانێت بەشداری بکات " لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی
ئاسایشی وزەو کاروباری دەرەوە" کە لەرۆژی ٢٠ ئازار لە بەرلین بەسترا .
ئەم ئومێدەو ئەو شیوە دەسەڵاتەی بورژوایی کورد، جێگاو ڕیگای ناجێگیری
کوردوستان لە ئاستی عیراقدا، ئەو نەخشە ئابورییەی نەخشاندوە کە ئێستا
دەچیتە پێشەوە. کۆنترۆلی بازار بەتەواوی لە لایەن ھەردوو حزبەوە جێگای
رەزامەندی وولاتانی ناوچەکەو ئەمەریکاو کۆمپانیاکانە، ئەوان بەرژەوەندی
خۆیان ھەیەو بەشیوەیەکی بابەتیش بەرژەوەندی ئەوان لەم شیوە ئابورییە
فەراھەم دەبێت. ئەوە بەرژەوەندی ئابوری سەرمایەیە لە ئاستی جیھانیدا کە
وادەکات لە ووڵاتێک یان ناوچەیەک پێداگری بکرێت لەسە ئەوەی کە دەسەلات
بازار ئازاد بکات و دەخالەتی تێدا نەکات یان بە پێچەوانەوە..... نەک
باوەڕیکی جێگیری لیبرالیزم بە ھەردوو شیوە کلاسیکی و
نیولیبرالییەکەیەوە. بەلام دەسەلاتی بورژوای کورد خۆی دوو پارچەیە، ئەم
دووپارچەییە کۆمەکی کردوە کە ھەموو بازار لەلایەن ھەردوو حزبەو
سەرمایەدارانی دەوروبەریانەوە کۆنتڕۆل بێت تەنانەت " چەرخ" و جۆرەکانی
جگەرەش... ج جای بگات بە نەوت و پاڵاوگە نەوتیەکان و ھێنان وبردنی نەوت
و بەنزین و گرێ بەستە گەورە بازرگانی و پیشەسازییەکان. وە ھەروەھا وەک
بەشیک لە بەھیزبون ومانەوەی خۆیان لەلایەک و وەستانەوە بەرانبەر بە
یەکتری لە لایەکی ترەوە زەوی شارەکانی کوردوستانیان تەخشان و پەخشان
کرد، بەسەر ئەندامانی حزبەکانی خۆیاندا و ھەندێ جاریش بە ناوی " شەھیدو
ئەنفالە" ەوە.... بەلام پشکی شێر لەم نێوەدا بۆ دەوروبەری خۆیان بوو.
دەڵین لە کاتی سەرۆکایەتی خالی یەکەمی نیچیرڤان بارزانیدا نەوەدو پێنج
ھەزار پارچە زەوی دابەشکراوە لە ھەولیرو دھۆک، لە سڵیمانیش بەھەمان
شیوە زەوی تەخشانو پەخشان دەکرا بەتایبەت لەکاتی پارێزگاری حاکم
قادردا..... ئەو سەرمایەدارانەی کە ھەلتۆقیون لەم ھەلومەرجەدا سیاسی و
ئابورییەدایە کە بەردەوام ھەلدەتۆقن، وبە پالپشتی ھەردوو حزبی
دەسەڵاتدار پیادە دەکرێت. بەلام مەلابەختیار بیەوێت یان نا، ھاوبەشە
لەمکارەدا، ئەو بەرپرسی بالاترین ئۆرگانی حزبێکی نیو دەسەلاتە ناتوانێت
وەک ھەرکەسێکی دیکەی دەرەوەی دەسەلات و بڕیاری سیاسی تەنھا رەخنەگرێک
بێت و یان بلی خەبات بۆ نەھێشتنی دەکەم. ئەو بیەوێت یان نا بەرپرسە لە
بەرانبەر خەڵکی کوردستاندا وسەروەت و سامانی فەرھودکراوی دا. دەشی مەلا
بەختیار ئاگاداری گری بەستەکانی پارتی نەبێت وە دەشی بەرپرس نەبێت لە
سەروەتی فەرھودکراوی برایم خەلیل دا بەلام ئەو بەرپرسە لە بەرانبەر
دابەشکردن و بەھەدەر بردنی ھەزارەھا پارچە زەوی نێوو دەرەوەی شاری
سلێمانی، ئەو بەرپرسە لەوەی کە چواردەوری شەستییەکی سلێمانی چۆن
فرۆشراوە وبە ناوی کێ وەیەو پارەکەی چۆتە گیرفانی کێ وە؟ ئەو بەرپرسە
لەوەی کە زیاتر لە پەنجا ھەزار کەس چوار تا پینج موچەیان ھەیە لە
کاتێکدا بێکارانی شارەکە یەک پولی قەڵب وەرناگرن، ئەو بەرپرسە لەوەی کە
تەواوی گری بەستەکانی سڵیمانی و دەوروبەری و پرۆژەکانی خانوبەرە کە
بەقەولی خۆی " نە کێشەی نیشتەجێبونی لە کوردستاندا، چارەسەرکردبێ" .
ئەو بەر پرسە لەوەی کە رێژەی لە ٤٠٪ کە لەلایەن یەکیتیەوە
وەردەگیرێت بۆ ھەر پرۆژەیەکی گەورە دەچیتە گیرفانی کێیەوەو ئایا ئەم
رێژەیە ھیچ پیشتوانەیەکی یاسای ھەیە تەنانەت بە یاساکانی خۆشیان؟ ئەو
بەرپرسە لەوەی کە بۆچی ھەناردە کردنی نەوت لە سنوری دەسەڵاتی یەکیتی دا
تەنھا بۆ ٣-٤ کەس قۆرغکراوە.... باسەکە ھەر ئەوە نی یە کە ئایا
مەلابەختیار لەم گەندڵیەدا سودی بینیوە یان نا؟ ئەو سودی بینیبێت یان
نا بەرپرسە لە بونی ئەم گەندەڵییە. بەلام گەندەلی دەستورە لە کوردستان
نەک دیاردەیەک کە بتوانرێت لە سایەی دەسەڵاتی ئێستادا چارەسەر
بکرێت.... وە ئەوەی کە ھەیە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئاگادارییەتی نەخشەی
ئابورییە سەرمایەیە لە کوردستان و جێگای ڕەزامەندی کۆمپانیا جیھانیەکان
و دەسەلاتەکەیانە، ھەر بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی سێ کوچکەی بورژوای کوردستان
لەمبارەوە ھیچیان پێناکرێت.
گەندەڵیی.
بەلام گەندەڵی ھەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پیدا پایەیەکی چەرخاندنی
سەرمایەیە لە کوردستان. ناتوانیت لە کوردستانی ئێستادا باسێک لە
وەبەرھێنانی سەرمایەیە بکەیت بێ ئەوەی گەندەڵی دیباجەکەی بێت. ئەوەندەی
بگەڕیتەوە بۆ گرێبەستە نەوتییەکان دەسەڵاتی بورژویی کورد وەڵامەکەی
ئەوەیە کە وەکو بەرتێلێکی سیاسی بەکاردەھنینی لەبەرانبەر کۆمپانیا
جیھانیەکاندا بۆ " بەھێزکردنی ئەزمونەکەیان" یان لەوە زیاتر بۆ ئەوەی "
کوردستان بکەنە دەوڵەت" کە ئەمەی دووەمیان پشت بەستوو نییە بە ھیچ
فاکتێکی سیاسی... بۆیە وەڵام بە گەندەڵکار " دادگاییکردن" نییە ھەروەک
مەلا بەختیارو حاکم قادر دەڵین وە ئەو کارە ناکرێت.... چونکە پرسیارێکی
سادە ئەوەیە کێ دادگای بکرێت؟ ڕۆشنە کە گرێ بەستە نەوتییەکان کێ ئیمزای
دەکات وە بائاگاداری پشتیوانی کێ.... دەبڕۆن دادگاییان بکەن!! ڕۆشنە کە
ھەموو گرێ بەستە گەورەکانی بازرگانی وە پیشەسازی ئەوەی کە ھەیە بەکێ
دەدرێت وە چۆن، وە ئەوە رۆشنە کە لە ناوچەی ژێر دەسەلاتی یەکیتی ٤٠٠٪
ھەر پرۆژەیەکی گەورە بەشی یەکێتی یەو لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی پارتی
٥١٪ دەبات بۆ خۆی!! گەورەترین گەندەڵی لێرەوە دەست پیدەکات.
ئەگەر ئەوە باجەو دەچیتە ێندوقی باجی سلێمانی و ھەوڵیرەوە وە بۆ
ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و خزمەتگوزارییەکان تەرخان دەکرێت ئەوە کارێکی
باشە، بەڵآم رۆشنە کە بۆ ئەوە نییە.... دەبڕۆن یەکێتو پارتی دادگایی
بکەن؟! گەندەڵی کرۆکی دەسەلات و توانییەکانی پێکدەھێنێت بەم پێیە باسی
نەھێستنی گەندەڵی باسی نەھێشتنی ئەم دەسەڵاتەیە ،،، باسی کاری دەسەڵآت
و ھێزێکە کە دەستورو جیھان بینییەکەی تەنھا لە پێناو بەرژەوەندی زۆربەی
زۆری خەڵکی کوردوستاندا بێت.... دەسەڵاتێک کە بەندێکی دەستورەکەی
قەدەغەکردنی کاری بەکرێ بێت، وە ئەمە جیھان بینی بێت بۆ بەرێوەبردنی
کۆمەڵگا.
Saman.karim5@gmail.com
|