

من لێرەوە هاتووم
بەنێو خەرەندە تاریکەکانی خۆرەتاو
من لێرەوە لەدایک بووم
لە نێو ژوورێکی تاریکی پڕ لە گومان
من لێرەوە یاخیم
دوور لە چاوە سەوزەکانی ئاو
من لێرەوە وونم
دوور لە هەناسە بێگەردەکانی پەپوولە
من هاتووم و لە نێو گەڕانەکانم دا
بەدوای عەشقێک دا دەگەڕێم
عەشق وەک خۆی .
لە نێو پاییزی ڕوانینەکانم دا
بەدوای جوانیەک دا دەگەڕێم
جوانی وەک خۆی .
لە نێو خەونە خۆلەمێشیەکانم دا
بە دوای مردنێک دا دەگەڕێم
مردن وەک خۆی .
من لێرەوە هاتووم ،
لەنێو کەڤاڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی عەشق
من لێرەوە لە دایک بووم
لە نێو ژوورە بخووریەکانی جوانی
من لێرەوە سەما دەکەم
لە نێو تابڵۆی باخچەکانی مردن
من هاتووم و
بەدوای سروشتێک دا دەگەڕێم
دەستکردی هیچ خودایەک نەبێت
گەڵا و گوڵ و ڕەنگەکانی
سەما بۆ مەستبوونەکانی مرۆڤ بکەن
من هاتووم و گەرەکمە چیتر
لە فرمێسکەکانی خالخالۆکە ڕانەمێنم
لە یاخیبوونەکانی مانگەشەو و
لە ونبوونەکانی شەونم وورد نەبمەوە
من هاتووم و گەرەکمە
فانۆسەکانی نێو ماڵی خەیاڵم ،
بخووری نێو دەلاقەی ئارەزووەکانم ، داگیرسێنمەوە
من هاتووم و چیتر نامەوێ
بە سەوڵێکی شکاوەوە
خۆم بدەمە دەست دەریاچە قووڵەکانی قەدەر
گەرەکمە تەوقی گەردنی هاوارەکانم
لە بەردەم دەرگای پەرستگای ڕوناکی تووڕ هەڵبدەم
من هاتووم و چیتر نامەوێ
لە نێو دۆزەخێکی تاریک
بە دیار مەرگی کتێبەکانمەوە
وەکو باران
بڕژێمە نێو جۆگەلەکانی ئایەت و لاوکەکانی خورافیات
گەرەکمە چیتر
لە نێو سەدەفی بێدەنگبوونی خاک و
لە نێو بێشکەی وەڕسبوونەکانی بەفر نەمێنمەوە
هاتووم و
هەموو شەقامە گیاییەکانی نێو باخچەی غەریزەکانم گەڕاووم
بەنێو پارک و کەناردەریا و باخ و بیابانەکانی خەون و خەیاڵەکانم
گەڕاووم
شەو و شەوگار و وەرز و سەدەکانی نێو ناوەوەی خۆم گەڕاووم
کوچە و کۆڵان و گەڕەک و پێدەشتەکانی منداڵیم گەڕاووم
بەنێو خەمە سپیەکانی نێو پرچ و چاوە گەشەکانی دایکیشم گەڕاووم
بەنێو ئێوارە ڕۆمانسیەکانی باران و
شەوە شینە شلێریەکانی ئاویش گەڕاووم
بە نێو دۆڵ بە دۆڵ و شاخ بە شاخ و ئاسمانە سوورەکانی ئەستێرانیش
گەڕاووم
بە نێو ئۆقیانووسی ئایەت بە ئایەتی کتێبە خوداییەکانیش گەڕاووم
بەنێو خەونە ئیرۆسییەکانی فرۆید و ڕووخسارە خەماوییە
مرۆڤە پەتاتە خۆرەکانی نێو تابڵۆ و فیگەرەکانی ڤانکوخ یش گەڕاووم
بەنێو بست بە بستی کیشوەر و دەریا شەهوەتاوییەکەی ، نێو کەللەسەری
پاشا و میر و گەدا و کوێخا و جەلادەکانیش گەڕاووم
لە نێو هەموو گەڕانەکانم دا ، ئەوەی بینیم
ئاوەدانیەکی گرمۆڵەی سەرخۆش و وەرزێکی نامۆی خەواڵوو و
چەند کەرنەڤاڵێکی خوێناوی و هیچی تر
هیچ و هیچ و هیچ ...
نەمبینی ، شیعرێکی چاوبەخوماری نێو کتێبەکانی عەشقم نەبینی
عەشق وەک خۆی .
نەمبینی ، ڕوناکیەکی نێو پەرستگە چراخانیەکانی جوانیم نەبینی
جوانی وەک خۆی .
نەمبینی ، بزەیەکی گەرمی نێو هەناسە نوورانیەکانی مردنم نەبینی
مردن وەک خۆی .
جەخار ، سروشت منی دەسخەڕۆ برد
لەم هاتنەم پەشیمانم
ئەم گۆی زەوییە جێگەی پشوودانی من نیە
ئەم ئاسمانە جێگەی فڕینەکانی من نیە
ئەم دەریاچەیە جێگەی باسکەمەلەکانی من نیە
دەڕۆم و ماندوو تر لەجاران
بەدوای جیهانێکی تردا دەگەڕێم
کە پڕاوپڕ بێ لە ڕووبەرەکانی خەون
بە دوای ئەو وەرزانە دا دەگەڕێم
کە پڕاوپڕن لە ڕوانینە دۆلفینیەکانی ئاو
بەدوای ئەو بەهەشتەدا دەگەڕێم
کە پڕاوپڕە لە خۆرئاوابوونە سپیەکانی خۆشەویستی
بم بەخشن ئەمجارەیان ،
خۆم بە حیکمەتی گەمە بێ ئاگاییەکانم ناسپێرم
بە دوعای نەوڕەسە لانەوازەکان و شەپۆڵە خەوتووەکان سەما ناکەم
دەڕۆم و ئەمجارەیان گەرەکمە
بە گزنگی سەر ڕوخساری شالوورە شادومانیەکانی عەشق بگەم
عەشق وەک خۆی .
دەڕۆم و ئەمجارەیان گەرەکمە
بە بروسکە و هەورە سپیە پایزیەکانی نێو ئاسمانی جوانی بگەم
جوانی وەک خۆی .
دەڕۆم و ئەمجارەیان گەرەکمە
بە دارستانە پڕ لە دار زەیتوونیە سەوز سەوزەکانی مردن بگەم
مردن وەک خۆی .
لە نێو سەفەر و گەڕانەکانم دا ،
میوەجاتی هەموو باغاتێکم خوارد
هەموو بیابانێک و دڕکەلانێکم بڕی
هەموو دیوانە ئەفسانەییەکانی گەردولوولم خوێندەوە
وەک ئەشقیایەکی سەرشێت بە هەموو زمانێک گۆرانیم گوت
بە نێو شەقامی هەموو ئێوارانێک دا پیاسەم کرد
هەموو جۆرە شەڕابێکم هەڵدا و سەمام بۆ هەموو شنەبایەک کرد
بووم بە هەمبانەی هەموو هیوایەک
بووم بە بارانی هەموو بەهەشتێک
بووم بە شاسواری هەموو شاژنێک
بووم بە ئاگری هەموو ئافاتێک
لە نێو سەفەر و
گەڕانەکانم دا ،
لە هەموو کانیەک قومە ئاوێکم خواردەوە
لە شەوژوانی هەموو کچێک ڕۆژم کردەوە
لەژێر سێبەری هەموو درەختێک سەرخەوێکم شکاند
بە هەموو ڕەنگێک نیگاری ئومێدەکانی خۆمم ڕەنگ کرد
ئەوپەڕی سنوور و تخوبەکانی ونبوونم بڕی
بووم بە خڕخالی هەموو خولیایەک
بووم بە پاوانی هەموو پێدەشتێک
بووم بە کانیاوی هەموو کۆسارێک
بووم بە ڕازیانەی هەرهەموو ڕازێک
لە ڕێگادا ،
لە نێو سەفەر و گەڕانەکانم دا
ئەو گەڵایانەم بینی
گوڕ گوڕ دەبوونە گەردانەی گەردنی گومان
ئەو پەڕەسێلکانەم بینی
پەڕ پەڕ پەڕی کتێبە پیرۆزەکانیان بۆم هەڵدەدایەوە
هیچترین چیرۆکەکانی ( هیچ )ییان بۆم دەخوێندەوە
هیچ و هیچ و هیچ ...
لە نێو هەموو سەفەر و گەڕانەکانم دا
شمشاڵێکم نەدۆزییەوە ،
پڕ بە گەرووم سەمفۆنیای عەشقێکی پێ بژەنم
عەشق وەک خۆی
دەریایەکم نەدۆزییەوە ، مروارییەکانی جوان بن
جوانی وەک خۆی
باخچەیەکم نەدۆزییەوە ، گوڵەکانی هێندە سپی بن
بچەمێنەوە بۆ سپیترین کەژاوەکانی مردن
مردن وەک خۆی !
ئایاری
2008
Nala_hassan@yahoo.ca
|