٢٥\٧\٢٠١٤
گەڕاندنەوەی کورد
بۆ ناوەند، تاکتیکە یان ستراتیژ؟!

ستار محەمەد قادر
لە ژیاندا هیچ شتێک هێندەی ئەوە دژوار نیە
باوەڕت بە شتێک نەبێ و ئەنجامی بدەیت، لەوەش دژوارتر ئەوەیە، ئەو شتە
پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیان و چارەنووسی گەلێکەوە هەبێت، وەکو لای
هەمووان ئاشکرایە، کوردو عێراق دوو ناوی بەزۆر موتوربە کراون، نەوەد
ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە، نە عێراق کوردی وەکو هاوڵاتی خاوەن ماف
قبووڵ بووەو نەش کورد لەگەڵ عێراقی عارەبیدا ئاوێتە بووە، سەرکردەو
سیاسەتمەداری واقیع بین دەبێت لێرەوە هەڵوەستە بکاو هەڵوێست وەربگرێت،
نەک رابردوو فەرامۆش بکاو لەچاوی پلەو پێگەی خۆیانەوە لە خەڵک و خاک
بنواڕن!
زۆر جار لە زاری سەرکردەکانەوە گوێ بیستی ئەوە دەبین، لەکاتی
درووستکردنی عێراقدا پرس بەکورد نەکراوە، ئەی کەواتە لەدوای رووبارێک
خوێن و قڕکردنی کوردو وێرانکردنی ژێرخانی کوردستان و ئەنفال و کیمیا
باران، لەدرووستکردنەوەی عێراقی نوێدا، لەسەر هەمان فۆڕمی کۆن، پرس
بەکورد کرا؟ وەکو بینیمان سەرکردەکانی کورد لەسەرکردەکانی شیعەو سووننە
زیاتر لەهەوڵی بونیاتنانەوەی ئەم وڵاتە وێران و کاولەدا بوون؟
بەحەقیقەت ئەمە پرسیارێکی میحوەریە، ئەگەر ئەم جارەیان پرسیان پێ کراوە؟
بۆ دەبێت جارێکی تر عێراق ببێتەوە بە مۆتەکە بۆ کوردو خەڵکی بێ نان
بکات؟ ئایا ئەگەر دەوڵەتی یاسا هێزی هەبوایەو لە قەیراندا نەبووایە؟
بەزوبانی ئاگرو ئاسن بۆ جارێکی تر وەڵامی داخوازیە رەواکانی کوردیان
نەدەدایەوە؟
لێرەوە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە سەرکردەکانی کورد، دەبێت ئەو
هەڵەیە راست بکەنەوە، کێشەی کورد بە هێزێکی سیاسی یان کەسێکەوە وابەستە
نەکەن، چونکە لەبنەڕەتەوە کێشەکە لەگەڵ شتێکدایە کە ناوی دەوڵەتی
عێراقە! ئەگەر قەناعەتیان بەوە هەیە کە کێشەی کورد بەنەخشەی دەوڵەتەوە
گرێ دراوە؟ چۆن دەکرێت لەهەوڵی بونیاتنانەوەی وڵاتێکدا ببن، کە
لەسەرەتای درووستبوونیەوە بۆ کورد تراژیدیا بووە؟
رەنگە بە بیانووی ئەوەی کە تا ساڵی ٢٠٠٣ هیچ هەلێکی لەبار بۆ کورد
نەڕەخساوە بۆ ئەوەی کورد لەمۆتەکەی عێراقیبوون خۆی رزگار بکات، یان
بەشداریکردنەکە تاکتیکی بووەو مەبەستی کورد لە بەشداریکردنەکە تاکتیکی
بووە بۆ ئەوەی کات لەبەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت؟ ئێ باشە خۆ ئێستا
ئەم دەوڵەتە تا سەر ئێسک نەخۆشەو لەقەیراندایە، شیعە لەنێو خۆیاندا
تەبا نین، سووننە گرووپە تووندڕەوەکان سواری ملیان بووەو بە پراکتیکی و
بێ سڵەمینەوە چەقۆیان خستووەتە گەردنی عێراق و سەریان لە لەشی جیا
کردووەتەوە، ئەی کەواتە کورد چاوەنواڕی چی لەوڵاتێکی پڕ لە قەیران و
پلرچە پارچە بوو دەکات؟
ئەوە بەچاوی خۆمان دەبینین، ئەوان بە سووننەو شیعەوە، کاتێک هاتا بۆ
کورد دەبەن، بۆ ئەوەی کورد بکەن بە ناو بژیوان، وەکو ئەوەی کورد هیچ
کێشەیەکی لە گەڵ ئەم وڵاتەدا نەبێت؟ لێ کاتێکیش کورد نان بڕاو دەکرێت،
کەسیان نووزەیان لێوە نایەو هیچ هەڵووێستێکیان لێ نابینین، ئەوان
چاویان بەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان هەڵنایات، هەر ئەوەمان بەسە کە
ستایش بکرێین لەسەر ئەوەی ئاوارەیەکی زۆر رووی لەهەرێمی کوردستان
کردووەو کوردیش بەسینە فراوانیەوە دەرگەی بۆیان خستووەتە سەر پشت؟
دەکرێت لێرەوە بپرسین؛ کورد لەگەڕانەوەیدا بۆ ناوەند چی دەسکەوتێک بۆ
خەڵک و خاکەکەی دەچنێتەوە؟ تەنها وەرگرتنی ئەو پۆستانەی وا بۆ کورد
دیاریکراون تینوێتی کورد دەشکێنێت؟ بە بڕوای من حاڵی حازر ناوەند هیچ
کێشەیەکی لەگەڵ ئەو پۆستانەدا نیە، چونکە ئەوان باش لەوە گەیشتوون
رازیکردنی کورد بە پۆستەکان، بەواتای گەڕاندنەوەی کورد دێت بۆ چوار
گۆشەی سفر!
ئەمڕۆ هەموو میدیا جیهانیەکان باس لەدەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەن،
سەربەخۆیی کورد بووە بە رۆژەڤی میدیا جیهانیەکان، ئەمەش ئەوەمان بۆ
ئاشکرا دەکات، خەونی کورد زۆر قۆناغی تێپەڕاندووە، تەنها پێویستی
بەبڕیاردان و یەکلاییکردنەوە هەیە، کەچی لەملاوە لەسەر کاندیدکردنی
کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، خەریکە دەکەوینە هەڵەیەکی مێژووییەوە،
ئەویش بەمەرجێک، ئەو کەسە دەبێت سوێند بخوات خیانەت لە یەکپارچەیی خاکی
عێراق نەکات؟ ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەو دونیا بینیەی سیاسیەکانی کورد،
زۆرێک لە خەڵکیان خستووەتە گومانەوە، لەبەر ئەوەی سەر لەم دوو
جەمسەریەی نێوان دەوڵەتی سەربەخۆو شەڕکردن لەسەر پلەو پۆست لەناوەند
دەرناکەن، ئەوان بەرچاویان روون نیە، سەرکردایەتی کورد بە بەرنامەو
پلان ئەم کارە دەکات، یان تاکتیکەو دەیخاتە خزمەتی ستراتیژیەتەوە؟
ئەگەر یەکێک لەم دووانە نەبێت، ئەوە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە یان
کورد بێ سیاسەتمەدارە، یان سیاسەتمەدارنی کورد بێ سیاسەتن؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|