په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

گەڕاندنەوە بۆ لای سندووقەکان!

 
ستار محەمەد قادر


ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە، دڵنییام نەدەگەڕانەوە، تا بۆیان بکرابایە زیاتر ئەو خەڵکەیان پەراوێز دەخست، کە ئەمڕۆ لە پێناو ستاتۆی خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ حەقیقەتی خۆیان! لێ تا ئێستا هیچ لایەکیان ناتواانن دان بەو راستییەدا بنێن، ئەگەر ئەو میللەتە نەبووایە، ئەوانیش نەدەبوون!


ساڵانێکە خەڵکانێکی زۆر لەوە بێ ئومێد بوون کە وەکو میللەتانی خۆشنوود سەرکردەو سەرۆکەکانییان ببن بە خەڵکی ئاسایی و لە بەرزاییەکانی لووتکەی دەسەڵاتەوە دابەزنە خوارەوەو هیچ نەبێت لە چەند مانگێک جارێکدا خۆیان پێشانی جەماوەر بدەن و لە چۆنێتی ژیان و گووزەرانییان بپرسن. نەک تەنها بۆ جارێک دانەبەزین، بەڵکو ئەو خەڵکانەی وا لە بەرنامەیاندا بوو بۆ کێشە جۆراو جۆرەکانییان روو لە ماڵی ئەوان بکەن و لە دەرگایان بدەن، بەڵکو بینین لێرە لەم وڵاتەدا بوو بوو بە خەونێکی ئەرخەوانی و ئەو خەڵکە لەوە بێ ئومێد بوون کە ناتوانن ئەوان ببینن، بۆیە سکاڵاکانی خۆیانییان لە رۆژنامەکاندا بڵاو دەکردەوە.


ساڵانێکە ئەو خەڵکە بە تاسەوە چاویان لە هەنگاوەکانی ئێوەیەو تامەزرۆی ئەوە بوون ئاراستەیان بزانن، ساڵانێکە لە گەڵ هەر دوورکەوتنەوەیەکی ئێوەدا، میللەت دەست و پەنجەیان زیاتر لە گەڵتاندا نەرمتر دەکردو لە گەڵ لە بیرکردنی زیاتریاندا باوەشیان زیاتر بۆتان دەکردەوە و دەیانویست لە رێی سۆزدارییەوە لە ئامێزتان بگرن. ساڵانێکە رەش و رووتی ئەم وڵاتە لە بەرنامەیاندا بوو بۆ جارێک بگەن بەدیداری ئێوەو شەرحی واقیعی حاڵی خۆیان بۆتان بکەن. ساڵانێکە ئەو میللەتە لە چاوەڕوانی ئەم رۆژەدا بوون، بەڵام ئێوە نە دەرگاتان بە روویاندا کردەوەو نەش هاتن!


ساڵانێکە ئێوە زۆر بە بچووکی لەوان دەنواڕن و تەنها بۆ مەبەستی حیزبی ئاماژەتان پێیان دەکرد و کرابوون بە ئامراز، نەک ئامانج! هەژدە ساڵە نامۆ بوون ئاسمانی ئەم نیشتیمانەی تەنیوەو ئەوەی هەست بێت لە ناخی تاک بە تاکی ئەم وڵاتەدا بۆ خاک و نەتەوە نابینرێت، ئایا ئەوەتان نەدەرزانی لە قاڵب دانی نەتەوەیەک و بچووککردنەوەی لە ئاست حیزبدا کارەساتی لێدەکەوێتەوە؟ دەبێت بە هۆکاری نامۆ بوونی خاک بە ئاو و چۆلەگە بە جریوە جریوو وجووتیار بە کێڵگەو گەنم!


رەنگە ئێمە لە وڵاتێکدا ژیان بکەین کە رەخنە لە دونیایدا نەبێت، ئەی کەواتە بە درێژایی نەک هەژدە ساڵ، بەڵکو با بڵێین دە ساڵی رەبەق لە لایەن رۆشنبیرانەوە رەخنە ئاراستەی ئەدای ئیشکردنی هەردوو بلۆکی سلێمانی و هەولێر دەکرا، بۆ حیسابتان بۆ تاکە رەخنەیەک نەدەکرد؟ کۆمەڵانی خەڵک چی لە کۆبوونەوە مێژووییەکانی ئێوە بکەن، لە کاتێکدا ئاو و کارەبایان نەبێت؟ کۆمەڵانی خەڵک چی لە بزەی سەر مێزی کۆبوونەوەکانتان بکەن، لە کاتێکدا ئەوان هەست بە ژیان نەکەن؟ خەڵکی کە نانی نەبێت بیخوات، چی لە میوەی سەر مێزی کۆبوونەوەکانی ئێوە بکات؟ هاوڵاتی کە شوێنی نبشتەجێ بوونی نەبێت، چی لە هەورەبان بکات؟ ئێوە لە خۆتان بپرسن کە ساڵانێکە ئیدیعای دیمۆکراسی لە رژێمە یەک لە دووای یەکەکانی ئێراق دەکەن، چ وڵاتێک، پانتاییەک، شوێنێک لەم گۆی زەمینە هەیە کە دیمۆکرات بێت و بەرهەڵستکاری نەبێت؟ ئایا دەکرێت دیمۆکراسی بۆ پرۆسەیەکی نەزۆکی تەوافوقی کورت بکرێتەوە؟ بۆ دەبێت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئێمە لیستی جیاوازمان نەبێت؟ ئەی چ سیستمێکی دیمۆکراسی ئەوەی پێ هەزم دەکرێت کە دابەزینی لیستی جیاواز بخرێتە خانەی گوومان و تابووری پێنجەم و دەستی دەرەکی بلکێندرێت بە نەخشی تەوێڵییەوە؟ ئایا دەکرێت سەرکردایەتی کورد بە هەردوو بلۆکەکەیەوە بە درێژایی خەباتییان مەعسووم بن لە هەڵەو لە لایەن خودای پەروەردگارەوە وەحیان بۆ دابەزیبێت، تا قابیلی رەخنە لێگرتن نەبن، ئایا ئەوەی ئەوان دەیڵێن و لە رابردوودا کردوویانە سەد دەر سەد راستن، یان بە پێچەوانەوە؟ ئایا ئەگەر ئێوە لە رەوشی ژییانی هاوڵاتییانتان بپرسییایە و بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ فەرامۆشیانتان نەکردایە، ئەم رەوشە بەم شێوەی ئەمڕۆ دەبوو؟ کارەساتە سەرکردەکان تەنها بۆ کاتی هەڵبژاردن میللەتییان وەبیر بکەوێت، ئەگەر بە بەردەوامی لە نێو خەڵکدا ببینرایەن، ئەوا ئێستا پێویستی بەم گەڕاندنەوە درەنگ وەختە نەدەکرد، چونکە ئەم گەڕاندنەوەیە کاتییەو لە دووای 25/7 دۆخەکە وەکو جارانی لێدێتەوە؟!
 

 

star_qadr@yahoo.com