په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٢\٢٠١٢

 گەڕانەوە لە کەناری مەرگ.
- وتارێکی تایبەت بە "ژیانی خێزانیمان لە ‌نوگرە سەلمان" -

شوان سدیق       


شوان سدیق; رۆژێک پێش کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە ھەمو شتێک ئاسایی دەڕۆیشت، ژیان مات و بەھێواشی وەک ئاوی باوەکۆچەک و کانی عاشقان رێی دەکرد، باڵندە و ئاژەڵ و گیان لەبەرەکانیش، چاوەڕوانی بەھار و سەوزایی بون، وەک ھەر ساڵێکی تری ژیانیان ئەو ساڵەش بۆنی بەھار بکەن. لەوکاتەدا ھێشتا بەفری شنروێ بەڕوی شاردا پێ دەکەنی کچان و کوڕان، عاشق و مەعشوقەکان، خەڵک و دانیشتوانی شار بەگشتی، خۆیان ئامادەکردبو لە خەیاڵی ئەوەدابون، بەھاری تازە بەرگی زستان فڕێ بدەن لە نەورۆز بەدواوە، سەیرانگا بە سەیرانگاو بگەڕێن، خەم و ئازار و ماندوبونی زستان لای بەھار بگێڕنەوە، بەڵام ئەفسوس ھەمو ئەو پێشبینی و چاوەڕوانیانە وا دەرنەچو!

کیمیایی کارێکی وەھایکرد کانییەکان پڕ بن لە ژەھر، ژنان و منداڵان و گەنجانی ھەڵەبجە پەرتەوازە بن، خەون و نیازەکان ھەموی لە گۆڕنران، خەڵکێکی زۆر ئاوارە بون، بەشێکیان گیانیان لە دەستدا، ئێمەش لە گەڕەکی کانی عاشقان، بەخێزانەوە، لەگەڵ دو ماڵی تر لەماڵە دراوسێیەکمان، لەژێر زەمینی دراوسێکەمان، خۆمان لە ترسی مەرگ و مردن، خۆشویستنمان بۆ ژیان خۆمان حەشار دابو، ئەوەش بە خەیاڵی ئەوەی دوای تەواو بونی گێژاوی کیمیایی و میوانداری دراوسێکەمان لە ژێر زەمین بێینە دەرەوە، بۆ تەواوکردنی ئەو ژیانەی ماومانە، بەڵام ناخۆشی و مەرگەساتەکان، لە دوای ١٦/٣/١٩٨٨ەوە دەستیپێکرد لە ھەڵەبجەوە بۆ ئێران، دواتر گەڕانەوە، بۆ سلێمانی لەوێشەوە بەرەو بەندیخانەی نوگرە سەلمان!

چەند رۆژێک دوای کەم بونەوەو نەمانی گاریگەرییەکانی کیمیایی بە ‌ھاوکاری ئەوکاتی ھێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، رەوانەی وڵاتی ئێران کراین، ناکرێ رۆڵی ئەوکاتی دەسەڵاتی ئێران و خەڵکە خۆشەویستەکەی ئێران بەرز رانەگرین، بەڵام بەھۆی ناھەمواری و زۆری ئاوارەی کورد و عێراقی لەو وڵاتە، ژیانی خەڵک لە ئۆردوگاکاندا، بەتایبەت لە ئۆردوگای "سەریاس"ی نزیک لە شاری پاوە زۆر خراپ بو، خراپی بارودۆخی سەختی ژیان لەو ئۆردوگایە، ھاوکات بو لەگەڵ راگەیاندنێکی بەناو "لێبوردن"ی گشتی ئەوکاتەی رژێمی بەعس رێگای بۆ خەڵک خۆشکرد بگەڕێنەوە بۆ وڵات.

ئەوەی لە دەفتەری بیرەوەریەکاندا، خراونەتەڕو ئێمەش بیرمان مابێ دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ھەڵەبجەییەکان، لە ئێران گەڕانەوە، بەشێکیان رەوانەی شاری سلێمانی کران، لەوێش بەبڕیاری ئەوکاتی حکومەتی عێراق لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تری کوردستان ھەڵەبجەییەکانیان تێکەڵ بە خەڵکی گەرمیان کرد. دواتر رەوانەی شارەکانی خواری عێراق کراین، واتە لە رێکەوتی ٩/٨/١٩٨٨ بە خاو خێزانەوە (دایک، باوک. چوار کوڕ و سێ کچ) لەگەڵ داپیرەم لە بەندیخانەی نوگرەسەلمان بۆ ماوەی چوار مانگ و دە رۆژ لە ژێر رەحمەتی ژیانێکی سەخت وەک ئەوەی دۆستی مەرگ بین. دواتر لە رێکەوتی ١٩/١٢/١٩٨٨ بەر "لێبوردن"ی گشتی ئەوکاتی رژێمی بەعس کەوتین.

قسەکردن لەسەر ئەو ماوە دورودرێژە لە بەندیخانە و دەست بەسەرکردنمان بە خێزانەوە، لەگەڵ سەدان ماڵە ھەڵەبجەیی و گەرمیانی تر لە نوگرە سەلمان. رەنگە بە کتێبێکیش تەواو نەبێ، چونکە ئەم کارەساتە چەندان، روی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و پرسی جیاجیای دۆزی میلەتێکی بێ دەوڵەت و ناسنامە و زوڵم لێکراو لەخۆ دەگرێت.


بۆیە ئەگەر وەک تێگەیشتن، لەتێگەیشتنێکی ئەخلاقی و پەروەردەیی و مێژوییانەوە سەیری ئەم کارەساتە نەکەین، ئەوا ناتوانین، راستی چەشتنی ھەمو ئازار و ناڕەحەتییەکانی میلەتەکەمان، وەک خۆی بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین. چونکە کاتێک پرۆسەیەکی وەھای وەک ئەنفال بەسەر ھاوڵاتی کوردا ھێنرا. خێزان و کەسوکار و کچ و منداڵان، بەپێی خۆیان بەرەو بەندیخانە راپێچ دەکران، لەوێشەوە زۆرێکیان بەرەو گۆڕستان راپێچ دەکران، لە بیابانەکانی کوت و عەمارە و سەماوە، بۆ چەند کاتژمێرێک بەخاک دەسپێران. دواتر کەس نەیدەزانی لاشەکانیان گێژەڵوڵکەی بیابان لەگەڵ خۆی دەی برد، یان دەبونە خۆراکی سەگەکان!

کەواتە ئەو تێگەیشتنە ئەخلاقییە ناچارمان دەکات، ئەگەر ھیچمان لەدەست نەیەت، دەبێ کەمێک پەردە لەسەر راستی و ھەقیقەتی ناوەوەی روداوەکان ھەڵ بدەینەوە، بۆ ئەوەی نەوەی ئەمڕۆ بزانن میلەتی کورد خەڵکی ھەڵەبجە یان گەرمیان و ناوچەکانی تر لە رابردودا، بەھۆی کورد بونەوە چ کارەساتێکیان بەسەردا ھاتوە. ئەگەر ئەو مەرگەساتانەی بەسەر خێزانی خۆمدا ھاتون، وەک ھەر خێزانێکی تری کورد لە بینینی کیمیایی، ئاوارەبون بۆ ئێران، ئەنفال و کۆچی زۆرەملێ چیرۆکە سەختەکانیان بگێڕینەوە، من ئەمەش بەزەحمەت دەزانم، چونکە مەگەر تەنیا دایکم بتوانێ ئازار و ناخۆشەییەکان بنوسێتەوە، کە چۆن لە ساتە ناخۆشەکانی کیمیاباران و رۆژەکانی ھەشتاو ھەشتدا، چ مەرگەساتێکیان بەسەرھاتوە.

ئەو زۆر باشی لەبیرە لە ١٩٨٨ لەگەڵ ھاوسەر و منداڵ و کەسوکار و ھاوسێ رۆژانەییەکانی گەڕەکەکەیان، لە سلێمانیەوە، بەبێ ویستی خۆیان بەرەو نوگرە سەلمانیان بردن، ئەوان بێ خەبەر بون لە ‌ئەنفال و نوگرە سەلمان و ئەو کۆچەی لە کوێستانەوە بۆ بیابان پێیان دەکەن. ئەوانەی بەرەو نوگرە سەلمان بەڕێ دەکران، گومانیان لە پاکی و بێگەردی خۆیان نەبو، بەڵکو ئەوەی ھەڵدەستا بەکارەکە ئەوان رۆحیان بەبەری کەڵکەڵەی رژێمی بەعسی فاشیستدا دەکرد کە چۆن سەدام و دارودەستەکەی بەو حوکمە شکستخوار و دیکتاتۆریە سود وەرگرتوە لە ئیسلام لەبەرامبەر مافی ئاسایی ھاوڵاتی بوندا قەراری نەدەگرت، وەک وەڵامێک ھەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و لەناوبردنی ئینسانی کوردیدا!

ئەمڕۆ بیست و چوار ساڵ بەسەر ئەو روداوە و کارەساتەی ئەنفال و رەشبگیری بەندیخانەی نوگرە سەلمان تێدەپەڕێت، گێڕانەوەی چیرۆکگەلی ئەو روداوانە زۆر سەختە، بەڵام کەم تازۆر لە زھنی ئەو کەسانەدا ماوەتەوە کە خۆیان لە روداوەکەدا بون، ئەگینا سەد حەیف رەنگە نوسەران و رۆژنامەنوسان کەم تازۆر توانیبێتیان لەکاتی بۆنەو بیرەوەرییەکاندا، بابەتەکەیان زیندو کردبێتەوە، بەڵام لە ئاستی واقیقدا ئەنفال وەک پرۆسەیەک نە ناسراوە، بۆئەوەی بزانرێت رەفتارەکانی بەعس لەگەڵ کوردا چۆن بوە؟

زیاتریش بۆئەوەی ھیچ نەبێ ئەو ھەزاران پەپولە ئەو ھەزاران مرۆڤ و دۆستانەی میلەتەکەمان کەسوکارەکانمان. قوربانییەکانمان کاتێک سەیر دەکەن گیانیان زیندوە و لەبیرنەکراون ئەوان رۆحیان ئاسودە بێت، کە لەدوای ئەنفال ھاونیشتمانیەکانیان، رابردویان کردۆتە دەسپێک بۆ بنیادنانەوەی کۆمەڵگا، بۆ ئاشتەوایی، بۆ خۆشگوزەرانی و بۆ نەھێشتنی ئاسەوارەکانی رژێمی فاشیستی سەدام کە چۆن ھەزاران گوندی کوردستانی وێرانکرد، ھەروەھا لەساڵی ١٩٨٨ ئەو رژێمە ھەستا بە شاڵاوەکانی ئەنفال کە زیاتر لە ١٨٢٠٠٠ سەد ھەشتاو دو ھەزار ئینسانی کوردی لە ناوبرد!

بەڵام ھیچ گومانێک لەوەشدا نییە نەتوانراوە، کار لەسەر تاوانەکانی ئەنفال بکرێ بۆئەوەی کۆمەڵگای دوای ئەنفال کۆمەڵگایەک بێت، بەشی ھەرە زۆری ئەو کاروکردەوانەی بەعسی پێ دەناسرایەوە لە ناومان، نەوەکانی ئێستاو داھاتوش باش لە چەمکی دوای تراژیدیای ئەنفال بگەشتبان.


ئەوەی زیاتر جێگەی داخە ٢٤ ساڵ لە دوای کارەساتی ئەنفال ھێشتا دڵنیا نین لەوەی کەلتوری بەعس لەناوماندا کۆتایی پێ ھاتوە؟ ئایا چیتر ئەنفال بە رەنگ و دەنگ و ناوێکی تر نایەتەوە ناومان. دەشێ چاوەڕوانی ئەنفالێکی تر بین؟!

بەش بەحاڵی خۆم گەشبین نیم بەو سیاسەت و سیستەمی دەسەڵات و حوکمڕانیە کوردیەی ئەمڕۆ، چونکە ھێندە وەفاداریان بۆ کورسی و پارە و مەبەستی شەخسی بوە، نەیانویستوە پشت لەمۆدێلی بەعسیزم بکەن. ئەوەی پەیوەندی بە عێراقی بەناو دیموکراسی و فیدراڵیەوە ھەیە بەوەش گەشبین نیم ئەوەی من لێی دەڕوانم لە عێراقی پاش ٢٠٠٣ش، ھێشتا ئومێد رون نییە و ئاسۆی کۆمەڵگای کوردیش ھەر لەچوارچێوەی بابی خەیاڵیدا دەخولێتەوەـ بۆیە بەم مۆدێلە لە حکومڕانی و سیاسەتکردن و پەروەردەییە گەشبین نیم! بیریشمان نەچێت ھێشتا دۆخی کورد لە دۆخێکی ھەستیاری نا دڵنیایدا دایە!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک