٥\٦\٢٠١٢
گێڕانەوەی مێژوو
یان گێڕانەوەی حکایەتێکی بەر ئاگردان...

شوان عوسمان
لە بەرپێی ٢٥ ساڵەی ساڵڕۆژی
یادی راپەرینی ١٩٨٧ ی شاری (شەقڵاوە)دا...
من پێم وایە مێژوو لە روانگەی روانینی یەک کەسایەتی ویەک مێژوونووسدا
بە بێ کەموکوڕی نابێت، ھەمیشە بە شەقڵی زانیاری کۆمەڵە کەسێک درزێک
باشتر پڕ دەبیتەوە، ھەرلە کۆنەوەش ئێمەی کورد بەم دەردەی نەبوونی
کۆدەنگیەک لە سەر بەسەرھات وگۆڕانکاریە مێژووییەکان، درز لە ئاقارەکانی
مێژوومان ھەبووە، ھەروەھا دووچاری نەبوونی مێژوویەکی باوەڕپێکراوو
راستگۆ بووینەتەوە، بەر لەوەی ھەر کەسێک دەست بۆ باسێک ببات باشتر وایە
لایەن وکەسایەتیە رەسەنەکانی ناو واقیعەکە، سەرەتا سەرپشک بکرێن
وپرسیان لەگەل ئاڵوگۆڕ بکرێت، ئەوانەی رۆلیان ھەبووە بێنە قسەو بنوسن،
ئنجا ھاوشانی رووداوە مێژووییەکان ھەنگاوێکی تر بنێین تا باسەکە
بەرفرەوان بکەین وبنەمایەکی راست ودروستیش دروست ببێت تا مێژوونوسێک
بێت بۆ ئەوەی تەوەرەکانی بابەتێکە چڕوپڕتر بکات ولاپەڕیەکی مێژووشی
بەدوادا بێت...
بۆیە ئێمە وەکو کۆمەڵگایەکی رۆژەھەڵاتی داخراو بە رووی دیمکراتیەت
وزمانی دیالۆگ لە ھەموو کەسێک زیاتر بۆ بەدەست کەوتن ودەستەبەر کردنی
بابەت وباسێکی مێژوویی پێویستمان بە دیالۆکێکی رۆشنبیرانەی
ھەمەلایەنەیە، دوور لە ھەر دەمارگرژیەکی کۆمەڵایەتی وسیاسی وخێلەکی
وتەنانەت رۆشنبیریش کە ببنە ھۆی لەبار چوونی متمانەو باوەڕو راستگۆیی
کەسەکانی ناو رووداوەکان ھاوکات ئەو کەسە نوسەرانەی رووداوەکان تۆمار
دەکەن، بەم شێوەیەش لە دەرەئەنجامی تاوتوێ کردنی ئەو بۆچوون
وپیاچوونەوانە تا رادەیەکی ئەوتۆ دەگەینە بنەڕۆکێک کە ببێتە بنەماو
بنچینەیەکی مێژوویی، ھەروەھا مێژووی رەواو بێگەردی گەلانیش، ھەروا بەو
شێوەیە دەنوسرێتەوە کە بوار بە ھەموو دەنگێکی جیاوازو ناتەبای ناو
رووداوەکان بدرێت تا بەشدار ببن، بۆ ئەوەی گوزارشت لە رووێکی نادیار
بکەن وشتەکان بە راشکاوی وئاشکرا کراوی بخەنە روو، ئەوکات دەتوانین
سەرتاپای رووداوەکە لە بێژینگ بدەین، ھەروەھا ھەست دەکەین شتێکمان بۆ
شارەکەو وڵاتەکەمان کردووە...
ئەمە خۆیلەخۆی ئەرکێکی نەتەوەیی ونیشتمانیە لە پێناو ئامانجێکی رەواو
پیرۆزیش ئالوگۆڕی بیڕوراکان دێتە ئاراوە نەک بۆ سووک کردن وکەم
کردنەوەی بایەخ وبەھای لایەنێک یان کەسایەتیەک، ھەموو ئەوانەی لەو
بابەتانەش بەشداری دەکەن دیارە ھەست بە بەرپرسیاری خۆیان دەکەن، بەمە
لە دەرەئەنجامی ھەمەڕەنگی دەنگە جیاوازەکان کۆدەنگیەکی تۆکمە دێتە
کایەوە کە لەوانەیە بۆ تۆ یاخود بۆ من یان بۆ یەکێکی دیکەی دڵسۆز، لە
داھاتوودا دەبێتە بنەمای بابەتێکی ئەدەبی یان پیەسێکی ھونەری یاخود
تێزو تەوەرێکی مێژوویی لە داھاتوودا....
بەڵام من پێم وانیە ئەگەر ھەریەکە لە گۆشەنیگایەکی تەسکی خۆیەوە یاخود
بە گوێرەی ئەڵقەی داخراوی ھزرو ویست وحەزی خۆی باسی شتەکان بکات ئێمە
ببینە خاوەن مێژووێکی راست وراستگۆو بەھادار، رووداوەکان ئەگەر وەکو
خۆی کتومت نەگێڕدرێنەوە ناچنە قاڵبی بەسەرھاتی مێژوویی بە بایەخ، دەبنە
بەندو بالۆرەی سەرزارەکی وقسەی دیوەخان ھیج کەلەبەرێکی نەتەوەیی ئێمە
پر ناکەنەوە، یاخود دەبنە کەلتوورو کەلەپوورێکی باوو سواوی ناسەردەمی،
لە بڕی ئەوەی ئاقارێک پڕ بکەنەوە قلیشیک دیینە بەرھەم، بەڵام ئایا ئەمە
راستە ئێمە گەلێکی بێ مێژووین یان ئێمە بێ رابردوو ورووداوێکی
راستەقینەو وەھمین، بەڵام گەلێکجار نەگێڕانەوەی بەسەرھاتەکان باشتر
خزمەت دەکات لە گێڕانەوەیان ئەگەر بیت وبە شێوەیەکی ناراست و
تێکەلپێکەل یاخود بێسەروبەر بەسەرھاتەکان بە نارێکی ریز بکرێن، ئەوەش
دەبێتە ھۆی ھاتنەکایەوەی گەلێک ھەڵەو کەموکوڕی گەورە کە ئەوانیش دەبنە
ھۆی مایەی سەرھەڵدانی ھەڕەشەو ماڵوێرانیەکی دیکە بۆ سەر داھاتووی
نەتەوەیی ومێژوویی خۆمان، ھەروەھا دەبێتە چەکەرە کردنی حالەتێکی
دەروونی خراپیش بە سەر دوارۆژی نەوەکانمان...
ھەنگاوی لەو جۆرەش ھەرگیز سەرکەوتنێک بۆ خۆمان ونەتەوەکەشمان مسۆگەر
ناکەن، ھەروەھا پڕۆژەیەکی نەزۆک وسەقەتیشمان دێنێتە بەرھەم، پێش ئەوەی
ھەر شتێک بکەین بۆ شارەکەمان، ھەق وایە وەکو کەسێکی ھاوڵاتی بە (ویژدان)،
ھاوکات وەکو کەسێکی نەتەوەپەرست بیر لە مێژووی شارەکەمان وداھاتووی
شارەکە بکەینەوە، ھەروەھا لەو ھەموو کەڵەمێردو شۆڕەژنانەی لەو
رووداوانە بوونەتە قوربانی، نەک تەنیا بیر لە خۆمان وناوو ناوبانگیەک
بۆ لایەنە سیاسیەکەی خۆمان بکەینەوە کە باوەڕمان پێی ھەیە ، چونکە
بیڕوباوەر ھەمیشە لە گۆڕانەو حزبیش وەکو خۆی نامێنێتەوەو لاواز دەبێت
ولەناویش دەچێت، تەنیا ئەوەی دەمێنێتەوە مێژوو وناوو رابردووی
شارەکەمانە کە ھەمیشە لە گەورە بوون دایە لەگەل گەورە بوونی وڵاتمان،
ھەروەھا ھەر ناوبانگیەکی وەھمی وموتوربە کراو، دروستکراو دەبێت ووەھمی
دەبێت وبایەخیکی کاتی دەبێت..
ناکرێت کەسێک لە رووداوێکدا حزووری نەبوو بێت، یەکێک بێت و بیکاتە
خودان ھەڵوێست ورۆلێکی وەکو پاڵەوانی ئەو رووداوەی پێ ببەخشیت، ئەوە
سەرفترەو زەکات نیە بە یەکێک ببەخشیت وئەوە ھەقی یەکێکی دیکەیە ناکرێت
تۆ مامەلەی خێر بە ھەڵوێستی ئەو بکەیت، ئەو منداڵەی بە دەرمان بڕوات
قەت ناتوانێت تا سەر رێ بکات وبە ئاسایی ناڕوات بە پاڵیش گەورە نابێت،
با واز لە گەورە کردنی حزب بێنین لە سەر حیسابی گچکە کردنەوەی خۆمان
وشارەکەمان وبزر کردنی داھاتوو ومێژوو ورابردووی خۆمان، با لە سەر
مەسەلەی گەڕەک و شارو ووڵاتەکەمان یەک دەنگ بین وتەبا بین، بیر لە
بیروباوەڕ وحزب نەکەینەوە بەمە خۆمان ئازاد دەکەین وشارو وڵاتەکەشمان
ئازاد دەبێت...
بنەمایەکی رەوا بۆ مێژووی خۆمان ووڵاتەکەمان دابین بکەین، ئەوەی بیەوێت
شتێکی مێژوویی بگێڕێتەوە، دەبێت زۆر بە ئاگاداری وبە چڕی بچێتە ناو
بابەتەکان وبەدیقەت لە سەر قسەکان ھەلوێست بکات تا دووچاری ھەڵەو
کەموکڕی نەبێت، بە بێ خۆرزگار کردن لە تۆقی حزبایەتی تەسک وسۆزی سادەو
کینەی بێ بنەما ھیچ شتێکمان پی ناکرێت نە بۆ خۆمان ونە بۆ حزبەکەمان
ونە شارەکەمان ھەروەھا بۆ وڵاتەکەشمان نابێتە تەوەرێکی رەواو راستگۆ تا
بچێتە ناو ئەرشیفێکی نەتەوەیی ونیشتمانی..
لە سایتی (شەقڵاوەپۆست)، لە ساڵڕۆژی یادی راپەرینی ١٩٨٧ ی شاری (شەقڵاوە)دا،
بە نوسینی چەند بابەتێکی رۆشنبیری گفتوگۆیەکی کوردەواری ھاتە کایەوە
منیش لێرە حەزم کرد وەکو کوڕێکی ئەو شارەو گەواھیدەرێکی ئەو رووداوانە
بەسدار بم لە گفتوگۆکە...
دەستەکانی ھەموو ئەو برادەرانە خۆش بۆ کردنەوەی دەرگای باسێک کە
تایبەتە بە رۆژانێکی خۆراگری وخەباتی سیاسی شارەکەمان، ئەو مەسەلەیەش
بەراستی باس وخواسێکی لەوە چڕترو پڕتری پێویستە تا راستیەکان جێ پێیان
دیار بێت وشۆڕەسوارەکانیش شوون بزر نەبن، ھەربە نوسینەوەی ئەو دوو
قسەیە باوەڕ ناکەم قسەکان تەواو بن دەست خۆشیش لە ھەموو ئەو برادەرە
دڵسۆزانە ئەکەم کە ھەریەکە لە گۆشەنیگای خۆی وسۆزی خانەوادەیی وھەستی
وابەستە بوونی بە ئایدیۆلۆژیە سیاسیە تایبەتیەکەی خۆیەوە، قسەیەکی کردو
شتێکی لە سەر ئەو رووداوە گرنگەی راپەرینی شاری (شەقڵاوە)ی ساڵی ١٩٨٧
ھەڵکراندووە...
ئەو بەرێزانەی لەو بابەت ومەسەلە بەشدار بووینە ھەریەکە شتێکی نوسیوە
ھەست ئەکەی ھەریەکە بە ھەناسە رەسەنەکەی خۆی نەدواوە، وەکو ھاوڵاتیەکی
خەڵکی (شەقڵاوە) نەینوسیوە بەڵکو لەدوور یان نزیک ھەست بە بۆن و ھەستی
تەسکی حزبایەتیەکی بەرتەسک دەکەین، ھەر لە مامۆستا (مەجید رەحمان)ەوە
کە ھەست ئەکەی وەکو ھەڤاڵ وکادیرێکی پارتی نوسیوە نەک وەکو ھاوڵاتیەکی
شارەکە تا ھاوڕێ (عادل) کە بە ھەناسەیەکی ھاڕێیانەو شیوعیانەی نوسیوە،
تا دەگاتە کاکە (دلاوەر) کە ئەویش بە ھەناسەی برادەرێکی (ئاڵای شۆرشەوە)
وەکو شاھێدێکی ناو رووداوەکان ھاتۆتە قسە، تا دەگاتە کاکە (تاھیر)یش..
من بۆ خۆم لەبارەی ئەو مەسەلەیەوە قەت بێدەنگ نابم، لەبەرئەوە نیە کە
لایەنە سیاسیەکەی من ھەقی پێشێل کراوە ، با ئەو خۆی لە سەر خۆی بێتە
وەڵام، من بۆ خۆم بەر لەوەی وابەستە بم بە ھەر لایەنێکی سیاسی، خۆم بە
ھاوڵاتی بە ھەڵوێستی ئەو شارە دەزانم، بۆ منیش ئەوە زیاتر جێگەی
شانازیە نەک بە پێچەوانە، ھەروەھا لەبەر ئەوەی من بۆ خۆم وخانەوادەکەم
لە پێناو رۆژێکی ئەوھای رزگاریدا کەم تا زۆر قوربانیمان داوەو ھەوەھا
لە پێناو سەرگرتنی راپەرینەکانیش زۆر ھەولی بێ وچانمان داوەو ماندوو
بووین بە بێ ئەوەی لە پەنای سێبەریشیدا لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆکەدا
لینگمان لی راکشێین، بە تایبەتی راپەرینەکانی ساڵی ١٩٨١ وسالی ١٩٨٢ خۆم
راستەوخۆ سەرپەرشتیم کردووە بە حوکمی تەمەن وخوێندکاریی ئەو کاتەم کە
لە(قۆناغی (ئامادەیی)دا بووم..
من دەمێکە دەمەوێت لە سەر ئەو راپەرینە شتێکی ئەوتۆ بنوسم کە شایەنی
ئەو رۆژانە بێت وببێتە بابەتێکی مێژوویی زیندوو بگرێتە خۆی، چونکە لە
ناو واقیعەکەدا بووم وجیاش نەبوومەتەوە، بەڵام ھیشتا جورئەت ناکەم
دەترسم شتێکی ئەوھا نەبێت کە لێی رازی ببم، یاخود لە گەورەیی
رووداوەکان نزیک نەبێتەوە...
تەنیا لە راپەینەکەی ١٩٨٧ من خۆم لەوێ راستەوخۆ ئامادەییم نەبوو چونکە
ئەوکات قوتابی بووم لە (بەغدا)، بەڵام بە حوکمی بەشدار بوونی براکانم
شێروان وشەھید (نەریمان) وبرادەرە دڵسۆزو خزمەکانم لەو رووداوەدا،
ھەرگیز دانەبڕاوم، ئاگاداری زۆر وردودرشتی راپەرینەکە بووم، بۆیە من
ھەقی ئەوەوەم ھەیە دەنگ بکەم، ناشتوانم بێدەنگ بم لە سەر تێکدان وتێکەل
کردنی رووداوەکان، بە تایبەتی من تێبینیەکانم زیاتر بۆ مامۆستا (مەجید)ە،
لەو (دوو قسەیەی)ئەو کە وڕوژاندوویەتی، ھەروەھا ھەر ئەویش داوای بە
دەنگ ھاتنی منی کردووە، بۆیە وا ھاتمە دەنگ برا بەڵام نابێت لێم زویر
بیت دڵت گەورە بێت، چونکە خۆت گەورەی...
مامۆستا (مەجید) ئەوەی بەرێزت لەو دوو قسەیە ئەنجامت داوە گێڕانەوەی
بەسەرھاتێکی مێژوویی شارێکە، گێڕانەوەی بەیتێک یان حیکایەتێکی
دەماودەمی فۆلکلۆرر سەر زاری خەلک نیە، چۆن لە دەم دەرچوو وھاتە بەر
گوێت پەڕەکاغەزێکی پێ پڕ بکەیتەوەو ھیچ مەترسیەکی لە دوارۆژدا نەبێت،
تۆمار کردنی رووداوێکی مێژوویی بەرلە ھەموو شتێک بەرپرسیارێتی
مێژووییە، ناکرێت ھەریەکە لە روانینی خۆی ونیگاکانی خەلک، ھەناسەو
سەلیقەی ھونەری ومیزاجی شەخسی بۆن وتامێکی خۆش بە سەر بەیتەکەدا بکات
وخۆشی بکەن، ئنجا جەنابیشت بێیت بێ سێودوو شتێک لە دەمی ئەوانەوە
وەرگریت و وەکو ئەوان دەیلێن، تۆش بیلێی وتۆماری بکەی، ئەوکات نوسەر
دەبێتە پاشکۆی رووداوو کەسەکان، نەک بە پێچەوانە...
مامۆستا گیان ئەوەی ئەتوو کردووتە پڕ کردنەوەی کەلەبەرێک نیە، بەلکو
درز تێکردنە ناو دیوارەکانی مێژووی پڕ شکۆی ئەو شارەیە، ئاخر گوناح و
کوفرێکی گەورەیە ئەگەر ئێمەش ھەر بە ھەمان عەقلیەتی جاران بەسەرھاتەکان
بە گوێرەی خۆمان نەک بە گوێرەی خۆیان بگێڕدرێنەوە، لەوانەشە گوناحی تۆ
نەبێت بەو جۆرە بەر گوێت کەوتووە، بەڵام گوناحی تۆ ئەوەیە تۆ ئەو
بابەتە لە سەر زارێک ھەڵدەگریت ودەیخەیتە سەر پەڕەکاغەزێک، بە بێ ئەوەی
لە کەسانی دیکە خۆت دڵنیا بکەیتەوە کە قسەکان جێگەی راستگۆ بوونن یان
نا، ئەو بابەتەش لەوانەیە بە دەستی یەکێک ببێتە بنەمایەک بۆ
سەرھەلدانێکی مێژوویی، کەوابوو پێویستە بەرلەوەی ئەو قسەیە بنوسرێتەوە
دەبیت دڵنیا بیت قسەکە(ئەسل وئەساسێکی) رەوای ھەیە، ئەگەر ئەوھا بکەین
لەبڕی ئەوەی مێژوو بە بەسەرھاتەکان ئاوەدان بکەینەوە، مێژوو ھەتک
دەکەین، پاڵەوانی راستەقینەو کەسە زیندووەکانی ناو واقیعەکان
دیزەبەدەرخۆنە دەکەین لە باتی ئەوەی پالەوانی راستەقینەو قوربانی
راستەقینە بناسرێت، وھەندێک پالەوانی وەھمی و قوربانی وەھمی وناوی
نادیار دەردەکەون، ئایا ئەوە ئەو ئەمانەتەیە دەبێت لە ئەستۆمان بێت تا
دەگاتە مەنزلێکی (سەلامەت) ومێژوویەکی ئەمین...
مامۆستا گیان ئێمە سەردەمێکی گەلێک دوورو درێژە بەدەم نەبوونی
میژوویەکی راست وراستگۆوە گرفتارین، ئێمە لە نێوان تەورو جەللاددا
قوربانی مێژووی کوێری زەین کۆرەی کۆلکە مێژوونوسەکانی خۆمانین، جگە لەو
نەھامەتیانەی بەدەست رۆژھەلاتناسە بێگانەکانمان ھاتۆتە دەست تەنانەت تا
ئێستاش خاوەنی مێژوویەکی سەربەخۆی خۆمان نین، چونکە خاوەن دەنگ
وزمانێکی یەکگرتوو نەبووین تا رەسەنێتی مێژووەکەمان بپارێزین، ئەوان کە
ھەریەکە لە گۆشەنیگای خۆیان وبەرژەوەندی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی نارەوا
لە بارەی کوردیان دەنوسی ئامانجی خۆیان ھەبووە، بەلام تۆ مامۆستا گیان
لۆ پەلە دەکەی وخۆت دەخەیە بوارێک وەکو ئەوان بە ھەمان ھەناسەی
ئەوانەوە دەتەوێت رووداوێکی مێژوویی بە خواری تۆمار بکەیت؟
خۆ ئەمن ئەتوو زۆر باش دەناسم، دەشزانم چەند لە خەمی شارەکەو کوردو
شارەکەت دای، بەڵام بەم شێوەیەی تۆ دەیکەی ھەر بە ھەمان چاویلکەی
رۆژھەڵاتناسەکەو گۆچانە غەدارو بێ ویژدانەکەی مێژوونوسەکانی خۆمان لە
زەمانێکی دیکە، غەدر لە راستی و مێژوو دەکەی، ئەو رووداوانەی
پەیوەندیان بە مێژوو ھەیە ناکرێت لە سۆنگەی سۆزو ھەستێک تۆمار بکرێن،
مێژوو خۆی گوزارشتێکە لە رابردووی گەلێک، ئەگەر رابردووش بەراستی
نەنوسرێتەوە حەقیقەتی ئەو گەلەش دەرناکەوێت، مێژوو بە ھەندێک پاشکۆو
پەراوێزی رتووش زیاد ئاوەدان نابێتەوە، بەلکو وێران دەبێتەوە..
کاکی خۆم تۆ بە ھەمان ھەناسەی ئەوانەوە لە مێژوو ئەڕوانیت ئەو شارەی
بەبەردەوام غەدری لێکراوە تۆش دێی وغەدری لێ دەکەی وراستی مێژووەکەی
تێکەلوپێکەل دەکەی، ئەگەر منیش لەبەر خاتری تۆو برادەرێتی لەو غەدرە
بێدەنگ ببم وچاو بپۆشم ئەوە دەبمە تاوانبارێکی مێژوویی، چونکە ھیچ
کەسێک ناتوانێت تاسەر سیمای مێژوو ناشیرین بکات وفێل لە مێژوو
ودەوروبەری بکات، رێوشوێنی واقیعەکان تا سەریش شێلو نابن، رۆژێک دادێت
راستیەکان وەکو مانگ دەردەکەون وئەوەی بن بەرێ دێتە سەر بەڕێ، بە
تایبەتی ئێستا سەردەمی ئینتەرنێت وسەتەلایتە رۆژی چیرۆکی بەرئاگردان
نەماوە کە قسەیەک بکرێ کەس گوێی لێ نەبوو بێت وھەر بە سەر بادانەوە خەو
بیباتەوە..
مامۆستا دونیا گۆڕاوە ئێمەش ناکری نەگۆڕێین ئێمە لەجیاتی ھەقی ئەو
خەڵکەی لەبەردەم غەدردا راوەستاون غەدریان قبول نەکردووە، بەرگریان لێ
بکەین وداوای ھەقیان بۆ بکەینەوە، بە چەند قسەیەکی ناراست غەدر لەو
خەڵکە وئەو شارە بکەین ئەوە تاوانێکی گەورەیە دەرھەق بەو خەڵک وئەو
شارە، نابێت ئەوانەی لە ناو بابەتەکەو رووداوەکان شاھێدی زیندوون
بێدەنگ ببن، چونکە دەبێت مێژوو بە رێگای راستو رەوانی خۆیدا راست
بکرێتەوە، نەک لەبەر خاتری خزمی سەپان وچاوی رەشی حزبەکەم راستی بەرەو
ئاقارێکی دیکە ببردرێ وھەر (تیرێک لە کەندەرانێک) بھاوێژرێت. ئەوە کەی
راستە...
بە دەردی ئەوەی کاتی خۆی (پەلاری کۆرە) مان ئەگرتە ( دارگوێزەکان)، بۆ
ئەوەی (خۆم وبەختم) گوێزێک بە دارێکەوە بەر بدەینەوە، دەبووایە
ھەزارەھا فێلی ناشەرعی بگرینە بەر تا (گوێزێک) حەلال بکەین، کاکە
جەنابت (گوێزوەشێن) نیت، ئەرکی ئەوەی سەردی رۆژانێکی مێژوویی نوێ
دەکاتەوە، ھیچی لە مێژوونوسەکە کەمتر نیە، ئێمە دەبێت ھەمیشە لەو گوێزە
مێژووییانە بگەڕێین کە ھێشتا بە دارەوە ماون ولە ترسی سمبۆرەیەکی بێ
رەحمی ئەو رۆژگارە ناتوانن خۆیان دەربخەن کە ناھێلن راستیەکان وەکو خۆی
کە ھەیە دەرکەون، تا ھەق بە خاوەنی خۆی بگاتەوە، نەک لە خاوەنەکەی
بشارینەوەو شاربزریان کەین تا کەس ھەقەکەی خۆی نەیبینێتەوە، ئاخر ئەو
رووداوە لە رووداوە گرنگەکانی ئەو شارەیە، چۆن بە دوو قسەی بە پەلەوە
خێرا باسەکە تەواو دەبێت وبە پر کردنەوەی رووپەڕی ئینتەرنیت
ولاپەرەیەکی نوسین پایدۆز دەکەی، تا لە راستی قسەکان دڵنیا نەبیت، چۆن
قسەیەک لە مەڕ قسەیەکی خێر دەکەی، ئەگەر ئێمە وا لە ئاسۆی نوسین
بڕوانین، دەبێت روانینی کابرایەکی کۆلکەخوێندەوار چۆن بێت ، ئێمە ھەموو
دەبێت بۆ رووداوەکانی شارو مێژووەکەمان بە ئەمەک بین تا وڵاتیکی بە
ئەمەک ودەسەڵاتێکی ئەمەکداریشمان بۆ دروست ببێت...
مامۆستا گیان تۆ ناھەقیت بە ئێمەو مێژووی شارەکەمان کرد چونکە دونیا
ئەو قسەت دەبینێت لە کۆڕێکی دانیشتنی لای خۆمان نیە باجی لە سەر بێت،
کاتێک رووداوێک مێژوویەکی چەند کتێب ولاپەڕەیەک لە خۆی ئەگرێت ،جەنابت
دێی و بە چەند دێرێکی کورت و یەک دوو قسەوە باسێک لە کۆڵ خۆت
دەکەیتەوە، ئەی نەوەی نوێ کە ھیچ شتێکی لێ بزر نابێت وکەس ناتوانێت خۆڵ
لە چاوی بکات ولە بڕی ھێلکە پیازی بداتێ چۆ لێت ئەو قسەیەت لێ وەرگرێت،
بۆیە منیش نەمتوانی بێدەنگ بم منیش ھاتمە قسە..
لێرەوە دەمەوێت دێر دێر بە قسەکانی مامۆستاوە بچین تا لەو دوو قسانەی
ئەوەوە دوو قسەی خێر زیاد بکەم:
لە نوسینەکانی ھەر سێ برادەر ھەست ئەکەم لە تۆمار کردنی مێژووی راپەرین
ھەڵەیەک ھەیە ، بە گوێرەی زانیاریەکی زۆرو پرسیارێکی زۆر لە چەند
کەسێکی ناو راپەرینەکە من بۆم دەرکەوتووە کە:
دیارە بە گوێرەی گێڕانەوەکانی کاکە (زراری مەلا گچکە)وکاکە (دلاوەر
ئیبراھیم) کە ھەردووکیان پێشمەرگەی (ئاڵای شۆڕش) بوون ئەوکاتە، لەگەل
نزیکەی ٩ پێشمەرگەی دیکەی (ئاڵای شۆڕش)یش بەیەکەوە دەبن، لە گەڕەکی
بێترمە ئێوارەی ٢٢/٥/١٩٨٧ بە بانگەوازێک لە مزگەوتی بێترمە کە لە لایەن
مامۆستا (مەھدی کاوانی) یەوە بانگەوازەکە دەکرێت چالاکیەکە دەست
پێدەکات، لەوێ ئەوان ھەول دەدەن خەلک وجەماوەری شار ھان بدەن بۆ ئەوەی
راپەرین بکرێت وخەڵک بڕژێنە جادەکان، بۆ بەیانیش ٢٣/٥/١٩٨٧ راپەرینەکە
دەست پێ دەکات، ھەروەھا ئەو بارە گرژییەش تا ٢٥/٥/١٩٨٧ دەخایەنێت...
ھەر ئەو شەوە، شەوی ٢٢ لەسەر ٢٣ دوای ئەوەی ئەوانیش چەند پێشمەرگەیەکی
(حزبی شیوعی عێراقی) لە بناری چیای سەفین یەکتر دەبینن کە ژمارەیان لە
نێوان (٢٢)پێشمەرگە دەبن، ریکەوتنێک لە نێوان خۆیان دەکەن کە ھەردوولا
بە دووقۆڵی ھەول بدەن تا جەماوەر ھان بدەن وھاوکاری یەکتر بکەن بۆ
سەرخستنی راپەرین، ئەوە بوو ئەو دوو ھێزی پێشمەرگەیە بوونە ھەوێنی
راپەرینی ئەو ساڵە، دیارە ھێزێکی پارتیش کە لە ناوچەی دەشتی ھەریرو
دەوروبەری (شەقڵاوە)ھەبوون دوای ئەوەی راپەرینەکە سەریھەڵدا بوو ئەوان
لە لایەن خەلکی خۆیان بە ھەڵە ئاگادار دەکرێنەوە کە شار ئارامەو ئازاد
بووە، ئەوانیش ھەر بە سادەیی خۆیان جادەوجادە رێگا دەگرن تا بێنە ناو
شار، بەڵام دیارە دەکەونە ناو کەمین وتەقەی کۆپتەرەکان وبە داخەوە
قوربانیەکی زۆریشیان داوە..
من لە کتێبەکەم بەناوی (مێرگی مەرگ)کە لە ساڵی ٢٠١١ دا چاپ کراوە، بەم
شێوەیە باسی راپەرینەکەو رووداوی تەقینەوەی ترێلە(کامیۆن)ە سەربازیەکەم
کردووە:
- لە پێناو ئازادی وھاتنەدەستی مافە سەرەتاکانی ھاوڵاتی وخواستی
نەتەوەیی، راپەڕین بووە کاردانەوەیەکی بێزاری خەڵکی ئێمە، بۆیە لەو
رۆژەدا خۆپیشاندانێکی جەماوەری گەورەو گشتی لە(شەقڵاوە )روویدا کە
تێیدا گەنج ولاوی کوڕو کچ و پیاوو ژن ومنداڵی خەڵکی ئەو شارە
بەشداریەکی شۆڕشگێڕانەیان لەو راپەرینە کرد، یەکەم بلێسەی ھەڵایسانی
راپەرینەکە بە تەقاندنەوەی ترێلەیەکی گەورەی بارھەڵگری سەربازی دەستی
پێکرد، ئەویش کە پڕ بوو لە راکێت وگوللەتۆپی قورس ودوورھاوێژ، ئەو
رووداوەش لە نزیک گەرەکی (سابیراوە)و لە سەر رێگای (شەقڵاوە - ھەریر)
روویدا، ھەروەھا لە نزیک (قوتابخانەی ئامادەیی پیشەسازی)یش بوو کە
خوێنکارانی ئەو ئامادەییە رۆلێکی بەرچاوو دلێرانەیان لەو چالاکیەدا
گێڕا...
دیارە ئەو کاتە سەردەمی شەڕی (عێراق-ئێران)بوو، تێکشکانی ئەو کامیۆنە
سەربازیە لەو رۆژەدا کە بە ھانای شەڕگەکانی سەرسنووری ھەردوو وڵاتی
شەڕکەر دەچوون، نەک ھەر زەبرێکی کوشندەی ماددی ومەعنەویان بە گیان
ورۆحی رژێم سرەواند، بەڵکو وردوخاش کردنی ئالیەت وتەکنیکێکی سەربازی
زەبەلاح بوو لەو سەردەمەدا کە ئاسان نەبوو، ئەوھا زوو رژێم بەو
زەرەرمەندیە خۆی قەرەبوو بکاتەوەو بتوانێت خێرا ھەلسێتەوە، بۆیە تا
رادەیەک ئەو ھەڵوێستە جوامێرەی شارەکەم پەککەوتنێکی دیاری خستە
دینامیکیەت ھەژموون (ھیمنە)ی سەربازی رژێم لە کوردستان وناوچەکەشمان،
خەڵکی (شەقڵاوە )وەی خۆراگر بۆ مێژوو دووجار برینێکی قووڵ وناسارێژو
جەرگبڕیان خستۆتە گیان وجەستەی رژێمی (بەعس) کە ئاسایی نەبوو ئەوان
لەبیری بکەن....
یەکیان خەسارەتی زۆرو زەبەندی ئەو رۆژە بوو، دواییش ئازادی ورزگاری
شارەکەی بە دوادا ھات، ھەر بۆیەشە بە دوای تۆڵەیەکی گەورەتر لە
رقەکەیان دەگەڕان، بۆ ئەوەی تێکشکان ولاوازیەکەیان داپۆشێ وپڕکاتەوە بۆ
ئەمەش بە ھەڵمەتی رەشبگیری و رەشەکوژیەکەیان دامرکانەوەی نێلەی ئاگری
دەروونیان پیادە کرد، دووەمیان لە بەھاری دوای راپەرینی ١٩٩١ بوو، لە
ئانوساتی (کۆچورەو)ەکەدا، کاتێک لەو ناوچەیەدا گۆڕستانێک بووە
دادگایەکی شۆڕشگێڕانە بۆ دادگایی کردنی کارو کردەوەی دزێوی چلکاوخۆرانی
(بەعس)، بەوەش کۆمەڵێک ئەفسەری جەللادی باڵاو مامناوەندی دەزگا
ئەمنیەکانی (ھەولێرو شەقڵاوە) بە سزای گەل وشۆڕش گەیشتن، ھەر ئەوەش بوو
(سەدام) خۆی لە بۆنەیەکی رەسمیدا ئاماژەی بەوە کرد بوو وئەو ناوچەیەی
بە (مقبرە الشھداء)ی ناوزەد کرد ...
ھەر لەو راپەرینەشدا دوو لاوی خوێنگەرم وشۆڕشگێڕ بە ناوی (جەمیل مستەفا
ئەحمەد سەلتە)و(بەختیار عەبدوللا کاکۆ)بریندار دەبن، کاکە (جەمیل )
دوای ماوەیەک ھەر بە کاریگەری برینەکەوە شەھید دەبێت، ھەروەھا بۆ یەکەم
جاریش لە مێژووی ئەو شارەدا. لەوانەشە لە ھەموو شارەکانی
(کوردستان)یشدا یەکەمجار بێت کە (پێشمەرگە) وەکو ھێزێکی چەکداری
(شۆڕش)و بەرھەلستکارێکی شۆڕشگێر، لەگەل جەماوەری خەڵکی (شەقڵاوە)دا بە
رۆژی رووناک لە سەر جادەو لە گەڕەکەکان ببینرێن وبە ئاشکراو بە کردەوە
لە تەک جەماوەردا رێپێوان بکەن وداکۆکی لە خواست ودەنگ ومافەکانی خەڵکی
راپەریو بکەن..".
ھەروھا من لەبارەی ئەو مەفرەزانەی پێشمەرگە کە رۆلێکی دیارو سەرەکیان
ھەبوو لە سەرھەڵدانی راپەرینەکە ئەوھا لەو کتێبەم نوسیوە:
مامۆستا ئەلێت : راپەرین " یەکەم جار تا قوتابیانی قوتابخانەی کاوێس
نەھاتنە ناو خۆپیشاندان ...گەورە نەبوو.. شەھید زرار مەحمود لەگەل
شەھید فاخر عبداللە جەمال ..کەمال شمعون دەرگای قوتابخانەیان شکاند
چونکە دەرگا لە سەر قوتابیان داخرابوو..".
قسەکانی من زیاتر لە سەر ئەو قسەیەدان لێرەوە تێکەل وپێکەلی قسەکانی
مامۆستا دەردەکەوێت ولە ھەمان کاتیش بێ ئاگاییەکی زۆری پێوە دیار
دەبێت، چونکە ئەوەی ئەو باسی لێوە ئاکات باسی رووداوی راپەرینی ساڵی (
١٩٨٢)ە نەک ساڵی(١٩٨٧) ئەوەی ئەو باسی لێوە ئەکات لە رێکەوتی ٢٤/٤/١٩٨٢
بوو بۆ یادی (بۆردوومانی قەڵادزێ) کرا کە من لەو راپەرینەدا رۆلی
سەرپەرشتیم تێدا دەگێڕا، ھەموو وردودرشتی ئەو رووداوەم لەبەرچاوە چەند
جاریش بە نوسین وقسە باسم لێوە کردووە حەز دەکەم ئەو جارەش باشتر باسی
بکەم تا مامۆستا باشتر لەوە حالی بێت کە رووداوەکانی چۆن روویان داوەو
چۆنیش ئەو ھاتووە لەگەل یەک تێکەلی کردوون...
ئەوە لە یادی (بۆردوومانی قەڵادزێ) بوو لە ساڵی ١٩٨٢ دا قوتابخانەی
(کاوێس) کچان نایاندەتوانی بەشداری لەو راپەرینە بکەن ئەویش لەبەر
ئەوەی ئەو چەند کچە قارەمانەی لەگەل ئێمە پەیوەندیان ھەبوو بۆ سەرخستنی
راپەرینەکە کە ئەوانیش سەرپەرشتی قوتابخانەکەیان دەکرد، ئەو
پەیوەندیەمان پچڕا چونکە بەرێوەبەری قوتابخانەکە کە (ست خالیدە پەتروس)
بوو دەرگای سەرەکی قوتابخانەکەی بە قوفلێکی زۆر گەوەرە داخست بوو تا
کچەکان نەتوانن بچنە دەرەوەو بەشداری لە راپەرینەکە بکەن...
ئەو چەند کچە قارەمانانەش کە ببوونە ئەڵقەی نێوان خوێندنگای کوڕان
وقوتابخانەی کچان، بەراستی کچی شۆڕشگێر بوون، نەک ھەر ئەوجارە رۆلیان
دیار بوو، ساڵی پێشوو تریش بە ھەمان شێوە ھاوکاریان دەکردین کە پێم
باشە لێرەوە بە بێ ترس وشەرم باسیان لێوە بکەم چونکە ئەوانیش مرۆڤی
زیندووی ئەو رووداوەن، تاوانە ئەگەر ئاماژەیان پێ نەکەم، ئەوانیش بریتی
بوون لەمانە (بەھاری مەلاگچکە) (شیلان حوسێن عەولا جەمال)ی ئامۆزام
(ژیان قادر گۆزێ) و(نیشتمان مورشید)،(جەمیلە سەعدی نێرک)،(شیلان)
ناوێکی دیکە ھەبوو ناوی بابی نازانم، ھەروەھا ھەردوو کچەکانی (پلکە
فاتم-ھەلۆ)..
لە رێی پەیوەندی خانەوادەیی وخزمایەتی لەگەل ئەوانەوە ھەردوو ساڵ
راپەرینەکەمان ئەنجام دەدا، ھەروەھا ئەوانیش سەرپەرشتی ھاتنە دەرەوەی
کچانیان دەکرد بۆ ناو راپەرینەکە، بەڵام کە زانیمان ناتوانن بێنە
دەرەوە ناچار بووین ئێمە ھەڵمەت بۆ سەر قوتابخانەکە ببەین، بۆ ئەوەی
ھاوکاریان بکەین تا بتوانن دەربچن، من لەگەل سێ برادەری دیکە چووین تا
دەرگاکە بشکێنین ئەو برادەرانەش ئەوانە بوون:
(شەھید فاخر عبداللە کاکۆی کوڕە خاڵم، کاکەی عەولابەگ، پشتیوان ئەحمەد
زەخ )، نەک (شەھید زرار مەحمود و کەمال شمعون)، ھەروەکو پێشمەرگە بە
رۆژی رووناک ھەڵمەتمان بۆ سەر قوتابخانەکە برد کە زانیمان قوفلەکە بە
ئاسانی ناشکێت، کاک (پشتیوان ئەحمەد) چوو کوتکێکی(چەکوچێک) گەوەرەی لە
دوکانی مام (عەولای ئاسنگەر ) ھێنا ولە قوفلەکەی دا تا شکا ئنجا ھەر
چوارمان ھەلمەتمان بۆ سەر خویندنگاکە بردو ست خالیدە رایکردو دەرگای لە
سەر خۆی داخست وتەنانەت فەراشی مەکتەبەکەش ھەولی دا رێگریمان لێ بکا
شەقەزلەیەکی لە لایەن برادەرێکمان خوارد، ئەویش لە سەر رێگامان دوور
کەوتەوە توانیمان ھەموو کچەکان لەگەل خۆمان بھێنینە دەرەوەو
راپەرینەکەش سەرکەوتن بە دەست بێنیت...
بەڵام ئەوەی مامۆستا باسی دەکات لە شکانی دەرگای قوتابخانەکە ئەوھا
نەبووە، بەلکو ئەوە لەو ساڵە ١٩٨٢ دا روویداوە، نەک لە راپەرینی ساڵی
١٩٨٧ روویدا بێت، ھەروەھا لە شوێنێکی دیکەوە مامۆستا باسی من وگیرانی
من دەکات لەو ساڵە، بەڵام ئەوەش ھەڵەیە من ئەوساڵە گیرام بەڵام دوای
پێنج مانگ لە (١٦/١٠/١٩٨٧)، نەک راستەوخۆ ئەوەی جەنابت باسی دەکەی لە
ساڵی ١٩٨٢ بوو کە دوای راپەرینەکە بە شەو لە ماڵەوە گیرام، ھەروەھا لە
بارەی تەقینەوەکەی (ترێلەکە) قسە زۆرە ئەو رۆژانەی ترس ھەبوو کەس
نەدەوێرا خۆی ئاشکرا بکات، کە ترسیش نەما ھەمووی دەبنە پاڵەوان...
من لەوە دڵنیام لەو رووداوە یەکێک ھەیە کە نازانم بۆ باسی لێوە ناکرێ
ئەویش (تاھیر عبداللە کاکۆ)یە کە کوڕە خاڵمەو من لە دەمی خۆی ئەوەم
بیستووە کە چ رۆلیکی کاریگەری تێدا گێڕاوە، لەگەل شەھید (حەمید وەستا
خدر) ئەویش رۆلێکی شۆڕشگێڕانەی گێڕاوە، تەنانەت باسی ئەوە دەکرێت، دوای
ئەوەی شوفێری ترێلەکە دادەبەزێنن، شەھید (حەمید) ھەول دەدا
ماشێنەکەلێخوڕیت تا فرێی بدەنە ناو رووباری سابیراوە، بەڵام دوایی
بڕیاری ئەوە دەدەن کە بیتەقێننەوە، ئەوانەی لەو ترێلە سوتانەش بەشدار
بوون جگە لەو دوو ناوانەی باسم کردوون، شەھید (مەجید حەسەن) کە لەگەل
٢٣ شەھیدەکانی شەقڵاوە شەھید بوو، ھەروەھا (دڵزار ھیرانی و سایب حەیات)
بوون ...
جیاوازی نێوان ھەموو راپەرینەکانی (شەقڵاوە) ئەوە بوو لە ساڵەکانی ١٩٨١
و١٩٨٢ راستەوخۆ خەڵکی شەقڵاوە بەتایبەتی خوێندکاران وقوتابیان
بنەمایەکەیەکی سەرەکی بوون بۆ دەستپێکردنی راپەرینەکان، بەڵام لە ساڵی
١٩٨٧ ھێزی پێشمەرگە رۆلی دیارو راستەوخۆتریان ھەبوو لە بەرپا کردنی
راپەرینە جەماوەریەکەی ئەو شارە، ھەروەھا لە لەو ساڵەدا خەڵک ئامادە
بوونێکی جەماوەری ھەبوو، بەڵام لە ساڵەکانی پێشووتر خوێندکاران
وقوتابیان رۆلی سەرەکیان ھەبوو....
بۆ ئەو بابەتە سوودم لەو برادەرانە وەرگرتووە، وەکو سەرچاوەیەک کە
خۆیان شاھێدحالی ئەو رووداوانەن بەرێزان : (زرار مەلا گچکە ، دلاوەر
ئیبراھیم، کاسترۆ عومەر،ئەیوب خدر، شیروان عوسمان).
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|