په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٦

گێڕانەوەی مێژوو، یاخود چەواشەکردنی خوێنەر.


زاھیر باھیر      

 

دوو ھەفتە لەمەوپێش برا و دۆستی ٤٤ ساڵەم لە پەناو بیانوی پۆستێکمدا* کە ‌ لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم، ھێڕشێکی زۆری کردۆتە سەر خۆم و ھاوڕێیانی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردزمان و ھەروەھا بزوتنەوەی ئەنارکیستەکان لەسەردەمی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا . لەو وتارەدا ئەنارکیستەکانی کردوە بە مرۆڤکوژ و وێرانکار و فاشی ڕەفتار.


پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم گەرچی شتێکی وا گەورە نەبووە لە نێوانی من و ئەودا من تێناگەم کە ئەم دۆستەی من بۆ " شەڕی ئەو دۆڵە دەھێنێتە ئەم کۆڵە" بە ڕاست و بە چەپدا، کەوتۆتە بەخشینەوەی ‌ تۆمەت و کردنی پاگەندەی خراپ.


من لەم کورتە وەڵامەدا ، سەبارەت بە خۆم و نوسینەکانم ، خۆم لە ھێڕشکردن دەپارێزم و بەرگریش لە خۆم ناکەم، بەڵکو دەیھێڵمەوە بۆ خەڵکی کە حوکمی خۆیان بدەن . من ھیچ وەخت نەک لەگەڵ ھاوڕێ و برادەر، بەڵکو ئەوانەشی کە نایانناسم شەڕی کەسی ناکەم. دونیای خەباتی من کە دژی ئەم سیستەمەیە ، لەگەڵ سیستەمەکەدایە، نەک تاکەکانی کۆمەڵ بە سەرکردەکانیشەوە. بەڵام پێشئەوەی بچمە سەر کرۆکی باسەکە با لە شتێکدا ڕاستی بکەمەوە ، گەر چی ئەو کوردییەکی زۆر باشدەزانێت بەلام نوسیوێتی ئەو " موراقەبە ناکات ، چاودێری دەکات " بەڵام ھەردوو وشەکە ھەر یەکشتن ، یەکەمیان عەرەبییە و دووەمیان کوردییە.


''بابە ئیشتە ‌ کەس گوتوویەتی''*:


ئیشتە کەس گوتوویەتی ئەنارکیزم لەگەڵ ئایندا دێتەوە، کەس گوتوویەتی بزوتنەوەی ئەنارکیستەکان لەوێ وایان کردوە یا نە ، کەس گوتویەتی سەکۆی ئەنارکیستان شانیان وایە و باڵیان وایە، ئیشتە کەس گوتویەتی..


ئەم دۆستەی من ڕکوکینەکەی بەرامبەرم بەو ڕادەیەیە تەنھا بە تەسەوراتی خۆی لەسەر پۆستەکەی من قسەدەکات. فەرموون با خوێنەر کرتەی لینکی پۆستەکەی من بکات و بیخوێنێتەوە و بۆخۆی حوکم بدات. من خۆم چەند جارێک پۆستەکەمم خوێندەوە بەڵام لەگەڵ نوسینەکەی ئەودا ھیچ پەیوەندییەکم بۆ نەبەسترا. نەک ھەر ئەوە، بەڵکو گەر خوێنەر دیقەتی لێبگرێت بۆی دەردەکەوێت کە من بەناوی ئەنارکیستەکانەوە و تەنانەت بە ناوی 'سەکۆ' شەوە، قسەم نەکردووە.‌ من نوسیومە "..لە دیدی منەوە ..." چونەک من ئەوە دەزانم نە ئەنارکیزم ئایدۆلۆجییە تاکو خاوەن دەق بێت و حوکم بدات ، نە دەشکرێت لەسەر ھەموو شت وەکو حیزبی و ئایدۆلۆجیستەکان ، ئەنارکیستەکان یەک ڕایان ھەبیت یا ھاوڕابن، ھاوکاتیش کەسیش مافی ئەوەی نییە مافی ئەنارکیستبوون و نەبوون ببەخشێتەوە.
لێردا دەبێت ئەوەش بڵێم من مافی خۆمە لەسەر ھەر شتێک بنوسم کە دەمەوێت، ئەوەندەی: یەکەم خوێنەر چەواشە ‌نەکەم و بە بەڵگەوە بدوێم. دووھەم وتارەکانم ڕەگەزپەرستانە و ڕەیسیستانە ‌ نەبێت، بۆیە ھەتا ئیرھابی فکریشم لەسەر بێت،‌ من ھەر بەردەوام دەبم لەسەر نوسین..


ئەم دۆستەی من واچاوەڕوان دەکات کە من و ھاوڕێکانم شتێک بنوسین کە دەقاو دەق لەگەڵ نوسینی بیریارە کۆنەکانی ئەنارکیزمدا، بێتەوە. جوانی ئەنارکیزم و فراونبیریی ئەنارکیستەکان لەوەدایە ، کە ئەمان جیاوازن لە مارکسییەکان و کۆمۆنیستەکان یاخود موسڵمانەکان ، بۆ ئەوەی پاش نزیکەی ١٨٠ ساڵ ئەنارکیستەکان بێن بۆ حەلی کێشەکانی ئێستا دوو توێی کتێبەکانی کەسانێک کە ئێسقانیشیان نەماوە، بگەڕێن ، یا وەکو موسڵمانەکان پاش ئەم ھەمو ساڵانە تازە بە تازە بێن قورئان بکەنە دەستوری تاک و بەڕیوەبردنی کۆمەڵ. ھەر ئەمەشە کە ئێمە دەڵێین نەنارکیزم ئایدۆلۆجی نییە،‌ بەڵکو ھزرە ، ھزریش بە بەردەوامیی لەخۆ تازەکرنەوەدایە.


• بە ڕیش نییە بە ئیشە:


ئەو دۆستەم نوسیوێتی کە " ئەم برادەرانە لە پەنجەی دەست تێناپەڕن" من نازانم ئەو بە چ پێوەرێک و بەڵگەیەک ئەم قسەیە فڕێ دەدات . ڕاستییەک ھەیە کە دەبێت ھەموو خوێنەر بیزانێت ، کە ئێمە خۆشمان نازانین ' سەکۆ ' چەند کەسی لە دەورە. ھۆکاری ئەمەش ڕون و ئاسانە ، چونکە ئێـمە نە حیزبین و نە ڕێکخراوین و نە ئابوونە دەدەین و نە سجلی ئەندامان و پاڵێوراوان و لاینگرانمان ھەیە ‌و نەسەرکردە و بەرکردەش. دوای ئەوەش ئیمە یەک کەس بین و ھەزار کەس مەسەلەیەک نییە چونکە ڕەنگدانەوەی تەیارێکی ھزرین. زیاتریش لەمە، بانگەوازی بەرەو دەسەڵات و پاگەندەی ڕزگارکردنی کۆمەڵمان نەکردوە تاکو کەسێک پێمان بڵێت، ئێمە ھیچین یا ھیچنین.


ئێمە خۆمان فشنەکردۆتەوە و خۆشمان باشدەناسین، دەزانین کاری ھەنووکەیی ئێمە کاری ڕۆشنگەریییە ، داکۆکی و ناساندنی ھزری ئەنارکیزمە لە کوردستاندا ، کە بێ ھیچ زیادەڕەوییەکیش دەڵێم ڕۆڵێکی کەم تا زۆرمان ھەر بینوە. ‌ بۆ نموونە لەتەک زەمینەی زاتی و بابەتییەکانی کوردستان، ھەند‌ێک لە تاکەکانی کۆمەڵ لە باشوور، خۆیان بە ئەنارکیزم ئاشناکردووە و کار لەسەر ناساندنی زیاتری دەکەن. ئێستا بە دەگمەن بەرگوێت دەکەوێت کە ئەنارکیزم وەکو جاران بە فەوزەوی یا فەوزا ناوببرێت. ئەمەش لە سای ھەوڵی ھاوڕێیانی 'سەکۆ' و ھاوڕێیانی دیکەی دەرەوەی 'سەکۆ' یە.‌


باشە ئەگەر ئێمە ھیچ نین بۆچی لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە ئەکاونتێکی 'سەکۆ' داخراوە و ھەموو بەڵگە داواکراوەکانیش دەخەینە بەردەمی تیمی فەیسبووک کەچی ھێشتا ئامادەنین بیکەنەوە؟ باشە بۆچی ناو بەناو لە لایەن فەیسبووکەوە تیرۆری فکری دەکرێین، ھەر لەم ڕۆژانەدا دوو پەیجی دیکەی 'سەکۆ' و ئەکاونتی دوو ھاوڕێ تیرۆرکران؟ باشە بۆچی ئەو خۆی خەڵکیمان لێ ھاندەدات کە گوایە ئێمە مەترسین؟

• تا خاوەنماڵ دزی گرت ، دز خاوەنماڵی گرت:


بەڕاستی جێی سەرنج و ھەڵوێست ‌و پرسیارە ، کابرایەک خۆی ٥ ساڵ لەگەڵ بزوتنەوەی " گۆڕاندا" بوو ، ئاگەداریشم لە نزیکەوە،‌ کە پارەیەکی یەکجار زۆریشی لەو ڕێگایەدا سەرف کردبێت، کە لە کاتێکدا کە مەترسی گۆڕان ھەر لە سەرەتاوە لە لای ئێمەی ئەنارکیستان ئاشکرا بوو ، کە چۆن سواری کۆڵی ناڕەزاییەکانی خەڵکی دەبێت و دەیقۆزێتەوە. من یەکەم کەس بووم ھەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەو حیزبەوە ‌ وتارێکم لەژێر تایتڵی " نەوشیروان موستەفا پێشئەوەی خۆی لە گوناھەکانی پاکبکاتەوە ، داوای بەیعەتمان لێدەکات!!" . ئەو دۆستەم ‌ خۆی ئاگەدارە و داوای لێکردم کە نەینێرم بۆ بڵاوکردنەوە. سەمەرەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم دۆستەی من زۆر بە ڕاشکاوانە ‌ ‌ بە مافی خۆی و بە ڕەوای دەزانێت کە بە ‌خەڵکی بڵێ ئەمانە مەترسیدارن و بووە بە خێرخوازێک تاکو لەو مەترسییە بەئاگایان بھێنێتەوە و بیانپارێزێت.


دەبێت مەترسی لە ھزرێکدا ، لە کەسانێکدا یاخود لە بزوتنەوەیەکدا، کە دژی دەوڵەت و دەسەڵات و خاوەندارێتی تایبەتی و پلەو پایە و ھیراشییەت بێت و بۆ 'کۆمەڵێکی' بەتاڵ لەوانە خەبات بکات، چی بێت؟!!. مەترسی لە حیزبایەتیدایە، لەو بزوتنەوەی کە ئەو بۆ ماوەیەکی درێژ نەک خۆی بۆتەرخانکردبوو بەڵکو دەنگیشی لە ھەندێک لەوانەی کە دژی بوون ، دابڕیبوو، یا ساردبوبووەوە.


ئەوە حیزبەکان و بزوتنەوەکانیانە کە مەترسی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ دروستدەکەن، نە ئەنارکیزم و نە ئێمەی ئەنارکیستان.


ئەو دۆستەم ماڵی ئاوا بێت ، بڕوانامەی ' نیازپاکیمان' دەداتی بەڵام ھەڵەیەکی گەوەرەی کردەوە کە ھەر ئەو بڕوانامەیەش بە حیزبیەکان وڕابەرەکانی وەکو لینین و ڕەنگە چەکدارە ئاساییەکانی داعشش ، ببەخشێت . بۆ نموونە باسی لە لینین کردەوە کە ' نیازپاک' بووە و کە بەڕای ئەو ئەوەشی لێدەرچوو ‌ کە بینیمان . ئەزموونەکان وانیشانی دەدەن کە بە گشتی، ئەندامانی حیزبەکان ، ڕابەرەکانیان و بزوتنەوەکانیشیان 'نیاز پاک ' نین، ھۆکارەکەشی ڕونە. ئەوان ھەر لە سەرەتاوە داخوازی دەسەڵات دەکەن و بۆگرتنەدەستی دەسەڵات و دەوڵەت خەبات دەکەن ، ھەر ھەمووشیان لێرەدا دوو شت دەزانن . یەکەمیان: لە سەرکەوتنی حیزبیانا پایە و پلە بەدەستدەھێنن. دوو‌ھەمیش ھەموویان پێشوەخت دەزانن کە دەسەڵات و دەوڵەتیان دەوێت ، ئەوەشیان لاڕونە کە نەھامەتییەکانی خەڵکی و دەردەسەرییان ، سەرچاوەکەی دەسەڵات و دەوڵەتە و پایەکانی مانەوەی ئەو دەسەڵات و دەوڵەتەش زوڵم و زۆر و کوشتن بڕین و ڕاو و ڕووتە ‌.

• وتنەوەی قسەی دووژمنانی ئەنارکیزم و بزوتنەوەی ئەنارکیستی: ‌


لەم خاڵەدا من زۆر لەسەری ناڕۆم ، چونکە یەکەم: ئەو دۆستەی من ‌ کە باس لە ڕەفتارفاشێتی ئەنارکیستەکانی سەردەمی جەنگی ئیسپانیا دەکات، بۆ ئەو مەبەستە سەرچاوەکانی نەخستۆتە بەرچاو، گەرچی ئەوە زۆر ئاسانە سەرچاوە ھەیە لەوە خراپتریشی بۆ ئەو بزوتنەوەیە ھەڵبەستووە. دووھەم: من لێرەدا نامەوێت قەناعەت بە خەڵک بکەم کە قسەکانی ئەو دۆستەی من ناڕاستە، گەر کەسێک بەھەر بارێکیاندا ئەو پرسەی مەتڵەب بێت ، دەتوانێت لە چەند خولەکێکدا پشکنینێک لە گووگڵدا بکات. ئەوەندەی من بزانم ‌ جۆرج ئۆرێڵ سەرچاوەیەکی ناسراو و ئەمینە و خۆشی لە تەک ئەنارکیستەکاندا بەشداری شەڕی دژ بە فاشییەکانی فرانکۆ و ستالینی کردووە. پەرتوکێکی لەو بارەوە لەژێر ناوی The Homage to Catalonia نوسیوە ڕەنگە بۆ عەرەبیش وەرگێڕرابێت، گەر کەسێک بخوازێت، دەتوانێت چاوێکی پیادا بخشێنێت. سێیەم: ئەو باس لە ٨٠ ساڵ لەمەوبەر دەکات کە دونیایەکی دیکە بوو، نەک ھەر لە ئیسپانیا بەڵکو لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا، من دڵنیام کە ئەو زۆر باشدەزانێت کە قەشە و کەنیسەکانی ئەو سەردەمە پایەیەکی گەورە و بەھێزی دەوڵەت بوون، کەنیسە و دەوڵەت وا ئاوێتە بووبوون کە ڕۆڵیان لە دژی ھەژاران و ڕاپەڕین و شۆڕشدا، لە یەکدی جیا نەدەکرانەوە.


لە ڕاستیدا بە گوێرەی قسەی جۆرج ئۆرێڵ و نوسەرانی دیکەش ئەو کەنیسانەی کە لەبەردەم دەبابەو تۆپەکانی ستالین و فرانکۆدا ، ھیشتا بەپێوە مابوون، ئەنارکیستەکان دەستیان بەسەردا گرتون و وەکو بارەگای شۆڕش لە بواری داڵدەدان و چارەسەرکردنی خەڵک و چێشتخانەی ھەرەوزیی، بەکاریانھێناون.
______________________________
لینکی پۆستەکەی من:
www.penusakan.com/Article-2456

* ھاوڕێیەکی کەرکوکیم گێڕایەوە،‌ ‌ لەو سەردەمەی کە کوردایەتی لە برەودا بوو، لە شۆڕیجەی کەرکوک کە زۆربەی دوکاندارەکان تورک بوون، خۆپیشاندان بە سرودی "ئەی ڕەقیبەوە دەکرا .....کەس نەڵێت کورد مردووە" . ئەمە جارێ نەبوو بەڵکو بەردەوام بوو کە خۆپێشاندەران بەبەردەم دوکانەکاندا دەھاتن و دەچوون و ئەی ڕەقیبیان دەوتەوە. ڕۆژێکیان حاجییەکی دوکانداری تورکمان دەگاتە تینی و خوای نامێنێت ، ھەڵدەسێتە سەر پێ و دەستی دەخاتە بەر کەلەکەیی و بە خۆپیشاندەران دەڵێ: "بابە ئیشتە ‌ کەس گوتوویەتی کورد مردووە؟".
 

٢٠\١٠\٢٠١٦ - لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک