په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٢

گەڕەلاوژەێی ئەم رۆژگارە، بەرهەمى گەندەڵییە.


حەمەى ئەحمەد رەسوڵ  


لە دیدارەکەى کاک مەریوانى وریا قانیعەوە کە کەناڵى کەى ئێن ئێن لەگەڵیدا سازى دابوو، ئەم وشەى گەڕەلاوژەیەى بۆ باسکردنى دەوڵەتى کوردى لەسەر زارى سەرۆکى هەرێمەوە، جوان تەوزیف کردبوو، بۆیە منیش ئەم وشە جوانە رەسەنەم بیر کەوتەوە کە، بۆ وێناکردن و وەسفکردنى رەوشى ئەمڕۆى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ژیانى تاکەکانى کۆمەڵگاکەمان سەد دەر سەد گونجاوەو بێسەروبەرەیى لە زۆرینەى شتەکان و ئامرازو شێوازى ژیانمان و ئیدارەو حوکمڕانیماندا وەکو رۆژى روناک وایە.


گەڕەلاوژە، بە ماناى بێسەروبەریى و پشێوى و فەوزاو تاکڕەوى و دەرچوون لە یاساو هەرکەس بۆ خۆى دێت.. پێچەوانەى چەمکەکانى رێکوپێکى و رێکخستن و دیسیپلین دەگەیەنێت. ئەم وتەزایە: واتە (گەڕەلاوژە) تۆزێک میللیەو دوورە لە وشەى نێو فەرهەنگ و ئەدەبییاتى کوردییەوە.. بەڵام بۆ وێناکردن دەقاودەقەو پڕ بە پێستى زۆرینەى ئەو حاڵەت و دیاردەو هەواڵە سیاسى و کۆمەڵایەتییانەو هەروەها رەوشى گشتى ناو کۆمەڵگاى هاوچەرخى کوردیمانە.


بێسەروبەرەیى و پابەندنەبوون بە یاساو دەستوورەوە ، گەڕەلاوژەکەى لە هەرەمى حوکمڕانییەوە گواستۆتەوە بۆ سەر زەوى و پانتایى ژیانى یەکە بە یەکەى تاکى ئەم کۆمەڵگایە.. ئەم دیاردەى گەڕەلاوژەییە لە زۆر هۆکارەوە سەرچاوەى گرتووە، بەڵام گرنگترینیان، سیاسەتى چەواشەى بەرپرسەکانى کوردستانە کە ئەوان یەکەمین کەسێکن پابەند نین بە یاساو رێساوە، رێز لە دادگاو دەستوورى حکومەتەکەى خۆشیان ناگرن، ئەمەش ئیشى ئەمڕۆیان نییە، درێژەپێدراوى بیستوو دوو ساڵى ناو شار و دەیان ساڵى ناو شاخیانە.. عەقڵییەتى تاکڕەوى و خۆسەپێنى و بەکارهێنانى هێز لاى ئەم بەرپرسانە لە دووتوێى حزبەکانیانەوە، سیاسەتێکیان پیادە کردووە، کە راستەوخۆ چوونە ژوورەوەو تەداخول بووە لە ژیانى هاونیشتمانى و هاوڵاتیەکانى خۆیان کە خەسڵەت و پێناسى (هاونیشتمانى) و (هاوڵاتى) بوونیان لە مێژە لێسەندراوەتەوە.


گەڕەلاوژەى بەکارهێنانى هێزى دەسەڵات و خۆسەپاندنى بیرى تاکڕەوى و خۆسەپێنى ئەم بەرپرسانەى کوردستانە کە دیاردەى گەندەڵى و ناشەفافیەت و ناعەدالەتى و دوو ئیدارەیى و جیاکاریى سیاسى دروستکردووە کە چارەسەرکردنیان بۆتە مەحاڵ و وەهم.


ئەگەر مەسەلەکە گەڕەلاوژە نییە، ئەى ئەم رەوشە بێسەروبەرەیە چییە کە بەرپرسێک باس لە دەوڵەتى سەربەخۆ و هەڕەشە لە مەرکەز دەکات و بەرپرسێکیش باس لە خەونى مەحاڵى دەوڵەتى کوردى و چاکى و باشى حکومەتى بەغدا دەکات!؟


ئەم گەڕەلاوژەیە چۆتە هەموو کونجەکانى ژیانمانەوە.. پەیوەندیمان لەناوخۆو ماڵى کوردا، پاشاگەردانى و بێسەروبەریى و گەڕەلاوژەیە.. لەگەڵ دەرو دراوسێکاندا هەروەها.. لەنێو وەزارەتەکانماندا سیماى بێسەروبەرەیى و پابەند نەبوون بە پرۆگرام و بەرنامەى زانستیەوە، بە ئاشکرا دیارە.. لەنێو بەڕێوەبەرایەتى و خوێندنگەکاندا هەر مەپرسە.. لەنێو رۆژنامەو گۆڤارەکاندا، گەیشتۆتە ئەوپەڕى.. بێسەروبەریى و گەڕەلاوژە تاکە خەسڵەتێکە لە بوارى رۆژنامەگەرى و میدیاکانماندا کە تەنیا بەو سیفەتەش دەناسرێینەوە.. ئەو هەموو رۆژنامەو گۆڤارە حزبى و بەناو ئەهلى سێبەرە، رەنگدانەوەى ئەو دۆخەیە کە ناومان لێنا، گەڕەلاوژە.


چونکە زۆرینەیان خەسڵەتەکانى ناپرۆفیشناڵى و ناپسپۆڕى تیایاندا زەق و دیارە.. لێشاوێک لە سەرنووسەرو بەڕێوەبەر و خاوەنى ئیمتیازى ناشى و نەخوێندەوار و حزبى و لەژێرەوە مووچەخۆرى دەسەلاچت، سوارى ئەو شەپۆلە بوون کە ناوى لێنراوە، میدیاو رۆژنامەگەرى.!! هەر ئەو گەڕەلاوژەیەشە کە خوێنەرى تۆراندو بۆ دواجار خوێندنەوەى ئەو فەوزایەى تەڵاقداوەو تەنیا دوو جۆر بڵاوکراوەو گۆڤار لە کوردستانى ئەمڕۆدا دەخوێندرێنەوە: ئەو گۆڤارانەى کە سکانداڵى بەرپرس و سیاسەتمەداران بڵاو دەکاتەوەو ئەو بڵاوکراوانەش کە سێکسین، بۆیە لەمبوارەوە لێشاوێک گۆڤارى سێکسى (3 گۆڤارى کۆپى یەکتر بۆ وروژاندنى سێکسى) ئەمڕۆ لە کوردستاندا بڵاو دەبنەوە کە گەنجى سووتاو و تینوو بە سێکس ئەو گۆڤارانە دەقۆزنەوەو خەریکى وروژاندن و شەهوەت رشتنى ئارەزووەکانیانن، کە دواجار ئەم دیاردەیەش لە ئاییندەیەکى نزیکدا خراپترین ئاسەوارو کاریگەرى و بەرکەوتەى دەبێت لەسەر گەنجانى کوردستانمان و دیدو رەفتارى ئەوان بۆ رەگەزى بەرامبەر و بۆ کۆمەڵگاو بۆژیانى خۆیان دەبێت..!!


ئەم گەڕەلاوژەیە لە کۆڵان و شەقامەکانیش بە ئاشکرایى هەستى پێدەکرێت، ئەو هەموو سەیارەیە کە چوونەتە ناو چاڵى چاومانەوەو رووداوى هاتووچۆى بێشومارى دروستکردووەو کەس ناتوانێت ئەو لێشاو و لافاوە لە هێنانى سەیارە بۆ شارو شارۆچکەکانمان رابگرێت، چونکە ئەوە کارى مافیایى بەرپرسەکانەو بێسەروبەرەیى و نایاسایى حکومڕانییەت ئەو دیاردەى مۆنۆپۆڵییەت و کۆنترۆڵکردنى ئابوورییەى دروست کردووە کە هەرگیز چارەسەرى نییەو باسکردنى چاکسازیى لەمبوارەوە وەهمێکى گەورەیە..


هەروەها دیاردەى زۆریى فرۆشیارو دەستگێڕو سەیارەى سێ تایەیى سەر شەقام و کۆڵان و شۆستەى هەموو شارەکانى داگیر کردووەو ئەوەش بەسەر دەروونماندا رەنگ دەداتەوە.


زۆریى خوێندکار لەناو پۆلەکانى خوێندنگەو قوتابخانەکانى کوردستاندا درێژ کراوەى ئەم دیاردەى گەڕەلاوژەیەیە.. هەروەها قەرەباڵغى نەخۆشخانەو عەیادەى دکتۆرەکمانمان و بێسەرو بەرەیى لە نرخ و دەرمانى ئێکسپایەرو شێوازى چارەکردندا، هەمان دۆخ و حاڵەتە..


لە هەموو ئەمانە دڵتەزێنتر دۆخى فەوزاى ناو زۆرینەى ئینتەرنێت و فەیسبووکى کوردەکانە، فەیسبووکى کوردى، سیخناخە لە سکانداڵ و شوورەیى و ناشرینى هزرو بیرو بۆچوون و رەفتارى تاکى کورد.. ئەمانەش تێکڕا بە فاکتەرى ئەم دیاردەى بێسەروبەرەیى و گەڕەلاوژەیە فەراهەم بوون. دووا نموونەى ئەم گەڕەلاوژەیە، دروستکردنى ئەو هەموو گۆڤارو رۆژنامە سێبەرانەن کە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دروستى کردوون، لەوانەش گۆڤارى چرپەیە کە بەرپرسەکانى دەڤەرى زەردى لە پشتەوەیەو ئەو بابەتە قێزەونانەى کە بڵاوى دەکردنەوەو ناپرۆفیشناڵییەتى ستافەکەى بوون کە تەنیا بۆ بێڕێزکردنى ئایینى ئیسلام و ئیهانەى حزبە ئیسلامییەکانى کوردستان و هەروەها بیروڕاو رەفتارى جوانى تاکى کورد فابریکە کرابوو.


لە کۆتاییدا وەکو کۆمەڵناسێک، دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە دەمێکە : مامۆستا عەلى وەردى/ کۆمەڵناسیى گەورەى عێراقى: باسى لەم دیاردەیە بەو شێوەیە کردووە کە کۆمەڵگاى عێراقى زەمینەى سیاسى و کۆمەڵایەتى خۆشکردووە بۆ ئەوەى کە کەسان و سەرۆک هۆزو حزب بە ئاسانى بتوانن کۆنترۆڵى ژیان و مردنى تاکەکانى ئەم کۆمەڵى ئیسلامییە بکەن و چۆنیان دەوێت ئاوەها بیئاژۆن و ئاراستەى بکەن، لەبەرئەوەى تاکەکان، موسەیەرن نەک موخەیەر، هۆشیار نین و خوێندەواریش نین، عەشایرن و مەدەنى نین، ترسنۆک و بەرژەوەندیخوازن، نەک ئازاو رچەشکێن و مرۆڤدۆست و جەنگاوەر. ئەو وتانەى ئەم مامۆستا هێژایە، چەند دەیەیەکى دیکەى ماوە لە ساڵانى تەمەنى هەناسەساردمان تاکو تۆزێک لە روخسارى کۆمەڵگاى مەدەنى و کراوەو پێشکەوتوو ببینین.. کە دیسیپلین و پشتبەستوو بێت بە یاساو دەستوورێکى مەدەنى دیمۆکراسیخواز.
 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک