په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٢

    گەر گورگ بوومایە.

رێبین ئەحمەد خدر

دەستەکانم کۆن بوون
دڵم مۆدێلى هەشتاوشەشە
هێشتا منداڵێکى بچکۆلەم

تێدەگەم ئەم رۆناکییە ساختە و کۆپییە،
تەنانەت ئەو خۆرەش لەبەر گیراوەتەوە و
ئێمە مانگى ئەسڵییشمان نەدیوە

قاچەکانم پیربوون و
سەرم بیست و پێنج ساڵە دەژى
کەرەستەى جەستەى من وردە وردە کەم دەبێتەوە

هێشتا تێدەگەم ئەم گالیسکە شکاوە
تۆسقاڵیک بە ڕێگاى خۆیدا نەڕۆیشتووە
خراپ رێى ونکردووە
- زۆر خراپ..

ڕێواس من لە نەوەى پیاوە ئەشکەوتنشینەکانم
بەڵام هیچ لە ڕاوشکار نازانم
باوکم گوتەنى: گەر گورگ بوومایە لە برسان دەمردم

قەترەیەکیش دڵدارییم نەکردووە
دڵداریى ..هاهاها

لە شیعرەکانمدا کەم کچ هەن
گەر هەشبن رەنگە بووبنە پایسکل و ئۆتۆمبێل

پسوولەى ژیانى من سەرگەردانییە
هەمووان شوێن و کارى خۆیان دۆزییەوە من نەبێ
لە ئایندە بۆم روون دەبێتەوە
بە مووشەک بوونەوەرە عەنتیکەکان منیان فڕاندووە بۆ زەمین

ڕەنگە دایکى من سێ چاوى هەبێت و
بە دڵێکى پڕ لە وایەرەوە
چاوەڕێمبکات

حیکایەتى من کۆنە
نازانم سوارى پلیکانەى کارەبایى بم و
لە وێنەکاندا پێبکەنم

نازانم چۆن کچ شەیداى خۆم بکەم و
بیکەمە شیرینى خۆم
من هەر بیر لەوە دەکەمەوە
دەستەکانم کۆن بوون و
تا ئێستا یەک مەمکم نەکووشیوە

سەرم بیست و پێنج ساڵە دەژى
هێشتا لەبرى بۆنى پرچ هەر دووکەڵ خەزن دەکا

کۆڵانەکانیش هیچ
هەر منداڵانن تۆپێنێ دەکەن و
هەر ژنێکە و زەوى ئاو دەدا

هەموو خەڵکى بوونەتە دۆستى تەلەفزیۆن و دراماکان
منیش هەر چپس دەخۆم و کتێب ڕیزدەکەم

خەڵکانى بەختەوەر زۆرن و من خەڵک نییم
رەنگە لە فیلم کارتۆن هاتبمە دەرەوە و
پشیلەکە ڕاوى نابم

کەرەستەى جەستەى من وردە وردە
کەم دەبێتەوە و
تێدەگەم ئەم رۆناکییە ساختەیە

بەڵام چیتر خۆم ماتڵ ناکەم
بیر لە بوونەوەرە عەنتیکەکان
دەکەمەوە
لە خزمانى خۆم

خەمى دایکمە
دەزانم ئێستا لە شوێنێکى زۆر دوور لە زەمین
بە سێ چاو بۆم دەگرى و
بە دڵێکى پڕ لە وایەرەوە
چاوەڕێم دەکا..

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک