٥\١٠\٢٠١٤
گەر
ھەور بێ رۆژەکان دووبارە نین.

ھێمن
عوسمان عەبدوڵا
١
بەشی چەپی سینگم ئەیداتە دەستەکانم
ئەویش بە تەماشا و دواتر
زمانم، ئەیداتەوە دڵم
دوبارە و، چەندی تریش ئەبێتەوە
پشکۆی بە تینی ئەڤینت، وەک مێرولە بە خوێنما
لە پێ کانمەوە تا سەرەوە، لە وێیشەوە بۆ خوار
پیاما ھەڵئەگەڕێ و
بیری برینێکی کۆن ھەڵدەکۆڵێ و
دڵی بچکۆلەت تیایدا جێ دەمێنێ.
٢
باری گرانی ئەڤینت
پێ کانمی بە ئاو، ئاگر و، خاک ڕۆدەبا
باران دەبارێ، ڕێمگرتووە و
لە دڵی ھەلا، ھەلا، بومەوە
دڵۆپ
دڵۆپ
ئەڤینت لێم جێدەمێنێ
دوام کەوتویت، پێ بە ئەڤینی لە دڵ داکەوتوی خۆتدا دەنێی و
بە ژێر ئاو ، ئاگر و، خاکیدا ئەکەیت.
٣
دەستەکانت گرمۆڵە بکە و، نزیک لەدەمتی بکەوە
بەھەناسەی ساردت فووی پێدابکە
"با"ێکی کزی سارد بئافرێنە
لەناو دارستانێک ، دەنگی ئاژەڵ و باڵندە:
لورەی گورک ، کوندە پەپوو، دەنگی قەلەڕەشێک
لەسەر درەختێکی بڵند لە تاریکایی شەوی ڕەشدا دیار نەبوو دێ
وێنا بکە.
بێ نان
بێ ئاو
بێ پۆشاک
بێ تۆ
خوێنی برینی وەک فوارە لەبەر ڕۆیشتووم
دەخواردە و لێمدەڕۆیشت
شەوم گوزەراند، شەوێک نا
دووان و، سیان، پێنج و، سەد، ھەزار و...
شەوگەلێکم کرد بە ڕۆژ.
٤
ئەستێرەکان دەکشێن
شاد و غەمگین، ھەموو پێکەوە لێک جودا نابنەوە
مانگ بووتە دوو لەت و زیاتریش
شاد و گۆشاد، دەست لەملی یەکتر
دوو ئەستێرەی ئەویندار، دەڕواننە:
زەوی، خۆرھەڵاتی ناوین، بەشی باکوری شاری (...) باڵەخانەی ژمارە (٨)
لە بالکۆنی نھۆمی (٣) پیاوێ دانیشتووە بیر لە مانگ و ئەستێرە و غەمگینی
ئاسمان ئەکاتەوە
ئەستێرەکان... دەیــبینن و ھێمای بۆ دەکەن و پێ دەکەنن، دەڵێن:
چۆن دەبێ پیاوێ غەمگین بێ کە لە ئاسمان بڕوانێ
لە زەوی، خۆرھەڵاتی ناوین، بەشی باکوری شاری (...) باڵەخانەی ژمارە (٨)
لە بالکۆنی نھۆمی (٢)
دوو ئەویندار مانگ دائەگرن لە ئێخەی یەکدی ئەدەن
دەڕواننە ئاسمان ، بەھەر دوو دەستیان
ئەستێرەیەکی غەمگینی دوور لە ئەستێرانی دیکە وەستاوە
ھێمای بۆ دەکەن و پێی پێ دەکەنن و دەڵێن:
لە ئاسمان ھەموو شتێ شادە، چۆن دەبێ ئەستێرەیەک غەمگین بێ؟
ماڵپەڕی هێمن عوسمان
عەبدوڵا
|