گەشبینیی
و هەناسەیەک بۆ گۆڕانکاریی.

سەلام عەبدوڵا
ئیمڕۆ
ناسیاوێک پرسیاری لێکردم: تۆ گەشبینی؟
- برا ماڵ و روح و ژیانی رۆژانەم پڕاوپڕە لە گەشبینی، بەم کاتێ دوو
وەزارەت و بەڕێوبەری نەخۆشخانەیەک نەتوانن(زیکرا)خانم لە خانەقینەوە بۆ
سلیمانی بگوێزنەوەو لە نەخۆشخانەی دەروونی وەربگرن، تووشی گومان و
سەرسووڕمان و بێتاقەت دەبم!
ئەزانن چی؟......لە وەڵاتەکەمان هەموو جۆرە ئەنفلەوەنزایەک هەیە:
ئەنفلوەنزای بێکاری، ئەنفلەوەنزانی هەژاری، ئەنفلەوەنزای لانەوازی و
سواڵکردن، ئەنفلەوەنزای گەندەڵی، ئەنفلەوەنزای لوتبەرزی، ئەنفلوەنزای
خۆ بە کەمزانین و هەر هەموویان زۆر مەترسیدارن، کەچی لە راگەیاندنەکان
هەر باسی مەترسی ئەنفلەوەنزای بەراز دەکەن و لەهەمووی سەیرتر، ئیمڕۆ
کابرایەکم بینی و وتی: ئایەتوڵڵا سیستانی خەوی بە ئیمام عەلی بینیوەو
پێی وتووە"ئەوەی ماش وبرنج لێبنێت و سورەتی ئەلقارعەو یاسین و ئایەتی
کورسی لەسەری بخوێنی و بیخوات، ئیدی تووشی ئەنفەلەوەنزای بەراز نابێت!
چەندین کەسی خوێندەواری ئەم باسەیان کردو شاکر وتی: من دوا کێلو ماشم
کڕی و لە بازاڕ ماش دەستناکەوێت!
ئاخر قوڕی کوێ بەسەر بکەم ئەگەر زۆربە بەبێ ئیرادە دەژێن و ئەقڵیان
لەدەستداوەو خۆیان داوەتە دەست جن و دوعاو مێردەزمەو مەرازو کتاب
کردنەوە.
ناهەقم مەگرن ئەگەر بڵێم:
لەباوەشی
ئێمە شوێنی هەموو بێکار، کرێچی، هەتیوکەوتوو کرێکارو پەشمەینەت و،
ستەمدیدەیەک، دەبێتەوە!
لە باوەشی ئێمە، ئاڵاکە بە جوانی و دڵڕوێنتر دەشەکێتەوە،
وەرە....هەی! وەرە باوەشی من، باوەشێکی گەرمە، وەک خۆت دەتەوێ، وەک
نانی دایکت، وەک رۆژو ماچی لێوەکانی(...)!
هەی، شەرم مەکە، قەت ترست نەبێ، گەرم وەک بەکوڵگریان و ئەو چرکانەی
مەحرومێک دەدوێنم...
وەرە، وەرە، سەڵاو بکە، چونکە بەهاتنت، هەموو گۆرانییەکان، هەر
هەموویان بۆ تۆ ئەچڕم
یەک...دوو...سێ... دڵۆ! هاتی؟ ئای چاوەڕوانی بە نەعلەتبوو...من پڕوکاوم،
تۆش خەریکی پرچت دەهۆنیتەوە،
هیچ پێویست ناکات!
تۆ ئەزانی، (جەلال حەیدەر عەسکەر) چەند بە دڵشکاوی، وتی:
-من دەرچووی پەیمانەگەی پزیشکیم... باوکی 3منداڵم(حەسەن، مریەم، محەمەد)،
ڤیانی هاوسەرم لە ماڵەوە نییە...من لە کارەساتێکی ئۆتۆمبیل قاچم پەکی
کەوت و نەشتەرگەری سەرم کردووە!...
من
هەر جارێک پێم بڵێن: لێگەڕێ لەم"بازرگانییە" دۆڕاوە، بگەڕێ!
تکایە هیلاکم مەکەن...
ئەوان: کورە بەسە ئیتر، هاواری تۆ با هەڵیدەگرێ!
نا...نا، لێ کاتی ئەوە هاتووە، بگوترێ
هاوڕێ: پەیامی ئێمە، پەیامی تەلارو دۆلار نییە!
تۆ خۆت و قەڵەمێکی، ئەمما قەڵەم
قەڵەمێک بە مەرچی گەڕاندنەوەی خەندە بۆ رووی منداڵە هەتیوکەوتووە
بێنازەکان!
قەڵمێک بە مەرجی پێکەوە ژیانی ئاشتی و خۆشەویستی لەنێو ژێردەستەکان!
قەڵەمێک بەمەرجی دیالۆگ و رمبازێنی قەڵەم بە قەڵەم
قەڵەمێک بەمەرجی برایەتی و پێکی رەوانی هاوپشتی!
قەڵمێک بەمەرجی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئەو ئاشتییە کە لێیەوە سەرچاوە
دەگرێ، نەک ئەو ئاشتییە کە سوڵتان و بازرگان و خاوەن کۆمپانییەکان
گەرەکیانە!
پێم دەڵێن:
مەرجەکانت سەختن و کاتی نەهاتووە، ماڵئاوەدان، بڕوا بکە مەرجەکانت لە
جەنگ و کوشتن و وێرانکردن، سەختترن!
بڕوانە:
ئەوە نییە، تا گەرمیانییەک گوێزێک دەشکێنێ،
ئیسلامییەکان 40-50بێتاوان، دەکوژن!
تا دایکێک منداڵی دەبێ،
ئەوان بە بۆمبێک شارێک وێران دەکەن،
تا نوکەیەک دەکەی
ئەوان100کەس دەستگیردەکەن!
تا تۆ هاوارێک دەکەی، ئەوان ماڵێک دەشێوێنن وتا خەوێک دەبینی، ئەوان،
هەزاران خێزان لەلای ماستفرۆش و جگەرەفرۆش و تەماتەفرۆش ، قەرزار دەکەن!
تا تۆ گۆرانییەک دەڵێی، ئەوان چەندین کۆمپانیای وەهمی دادەمەزرێنن.
برا باکورنشینەکەم: ئەوانن، ئەوان...ئەوانن
ئەوان لەپاڵ مامە رەشیدی ناو کەلاوە شڕەکەوە، بە بلۆک دۆلار قسەدەکەن
و"خێر بە موحتاجان"دەکەن، وەک بڵێ لە ماڵەکانیاندا، کانی دۆلار تەقیوە.
کاتێ بە قەڵەمێکەوە، هاوار دەکەم، ئەوان بە توندڕەی تۆمەتبارم دەکەن!
من توندڕەوم؟!
بەڵێ زۆر بەڕێزەکان، ئێوە"راست"دەکەن، بەڵام توندڕەوی من ئەمەیە:
-(هاوڵاتی محەمەد عەباس، تەمەن60ساڵ)راچێتێکی پزیشکی بۆ من هێناوە
لەگەل ژمارەی تەلەفۆنەکەی(0770501324)یان(07703505586)و تێدا نووسراوە
کە ناوبراو پێویستی بە نەشتەرگەری چاوی هەیەو نرخەکەی 600هەزار دینارە،
بەڵام ئەم بڕە پارەیەی نییەو پێویستی بە کۆمەک هەیە تا روناکی چاوی
لەدەست نەدا.
- هاوڵاتی ئیبراهیم موراد خان و سەبریە عەلی موراد(ژمارەی تەلەفۆن:
07702243227)دەبێ ئێوارەی تەمەنیان بە موچەی150هەزار دینار خانەنشینی،
مانگێک بەسەر ببەن!
پیرەژنێک هەموو زانیارییەک لەبارەی بەدبەختی و دەستکورتییەکەی بە من دا،
بەڵام پاشان پەیوەندیان کردو داوایان لێکردم، هیچان لەسەر بڵاونەکەمەوە،
چونکە خزمی بەرپرسێکی کۆچکردووی گەورەن و کەسوکاری دەوڵەمەندیان هەیە،
بەبێ ئەوەی دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بکرێت. خۆی و کچ گەورەکەی و کوڕە
نەخۆشەکەی و ژنێکی خزمی خۆیان لە کەلاوە شڕێک نیشتەجێن و لەبارێکی زۆر
تاڵ و ناخۆش ژیان بەسەر دەبەن!
ئەم خێزانانەش پێویستیان بە کۆمەک هەیە:
- سەعدیە جەلال سلیمان(07702184350)، بێوەژن و دایکی(عەلی-نۆخۆشی
تەلیسمای هەیە-، ئیبراهیم، لەیلا)
- سەمیعە محمود، دایکی(یونس، یوسف، هادی، مەهدی)و ژمارەی
تەلەفۆنەکەی(07703667437)
ئایا چارەسەرکردنی کێشەی ئەم مرۆڤانە بە کەمکردنەوەی10%لە موچەی
ئەندامانی پەرلەمان و خاوەن موچە تایبەتەکان، چارەسەر دەکرێ؟
نا، بڕیارەکەی ئیمڕۆی حکومەت بۆ کپکردنی دەنگی ئەوانەیە کە ناڕازین لەو
بێ عەدالەتییە کە هەیە لەنێوان داهاتی وەزیرو ئەندام پەرلەمان و زۆربەی
بەشمەینەتەکان کە داهاتی مانگانەیان لە باشترین حاڵەتدا300هەزار دینارە!
حکومەتی کابینەی شەشەم بە بڕیارێکی گاڵتەجاڕانە دەستی بە کارەکانی کرد،
بەڵام ئێمە هەموو رۆژێک هەر هاوارو بانگەواز بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی
دەدەین بە رووتان، تا ئەقڵ و گیان و هەست و سۆزی ئینسانی هاوپشتی،
باڵادەست دەبێ، ئەجا کوردستانییەکان دەتوانن لەپاڵ چیا و بەرد و لە
سێبەری ئەو ئازادییە کە ئێمە دەمانەوێت، بحەسێنەوەو ئۆخەى بکەن!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|