په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٣

گەشتی بارزانی بەرەو ''ئامەد''.


جەلال محەمەد      


ڕۆژی شەممە ١٦\١١\٢٠١٣ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق گەیشتە شاری ئامەد لەسەر داوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک وەزیری تورکیا . هاوکات لەو ڕۆژەدا ٣٦٠ بوک و زاوا لە شارە تورکنشینەکانەوە بۆ ئاهەنگ گێڕان چوونە شاری ئامەد و هەریەک لە ئیبراهیم تاتڵساز و شڤان پەروەر بەڕێوەبەری ئاهەنگەکان بوون ، بارزانیش وەک وەفادارێکی دەوڵەتی تورک پڕ بە ٣ جانتا زێڕ و خشڵی بەخشیە بوک و زاوا تورکەکان.
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=21503


هەر لەو ڕۆژەدا ١٣٠٠ پاسی پڕ لە تورکی فاشست لە شارەکانی ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ و تەرابزۆنەوە بە دروشم و ئاڵای تورکەوە گەیشتنە شاری ئامەد بۆ پێشوازیکردنی هاوپەیمانە دێرینەکەیان ، ئەمە جگە لەوەی لە شاری دهۆکیشەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی بارزانی گەیشتنە شاری ئامەد، لێ بەڵێ سەرسوڕمان ئەوە بوو کە ئەو لایەنگرانەی پارتی و بارزانی کە خەڵکی باشووری کوردستانیش بوون هەمان ئاڵای تورکیان دەشەکاندەوە و ژمارەیەکیشیان ئاڵای تورکیان لە خۆیانەوە پێچابوو و وێنەیەکی ئەتاتورکیشیان بە دەستەوە بوو ، ئیتر نازانم چ حیکمەتێک لەو دیاردەیەدا هەبوو!!؟؟ کە بە باوەڕی من لەوانەیە ئەو دیاردەیە پەیوەست بێت بەوەوە کە ئەو لایەنگرانەی بارزانی وەها پێشانی تورکە فاشستەکان بدەن کە تەنها لە تورکیادا شوێنکەوتوانی مستەفا کەمان"ئەتاتورک" نییە بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەو شوێنکەوتوانە ڕوو لە زیادبوونن.
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=21454
http://so.firatnews.com/news/roejnae/lyrh-wh-pdk-w-lh-wlshh-wh-akp-khh-lkh-dh-nyrn-boe-y-mh-d.htm

 

کوردانی باکووری کوردستانیش کە هەمیشە قوربانی پیلانە ژێر بە ژێرەکان بوون و بە تێکۆشانی خۆیان تەواوی پیلانەکانیان پوچەڵ کردۆتەوە ، ئەم جارەش زۆر سەربەرزانە بە ڕووی پیلانە شومەکاندا وەستانەوە و نەک هەر پێشوازیان لە بارزانی نەکرد بەڵکو بە خۆپیشاندانی جەماوەری هەم سەردانەکەی بارزانیان شەرمەزار کرد و هەم دەستێکەڵاوی بارزانیشیان بە دەوڵەتی تورکەوە مایەپووچ دەرخست.
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=21493
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=21479
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=21514


هیچ گوتەیەکم لەسەر ئیبراهیم تاتڵساز نییە چونکە ئەو هیچ کات نەیشاردۆتەوە کە تورکێکی شەیدای کەمالیەکانە ، لێ بەڵێ کەسێکی وەک شڤان پەروەر ئەو گورگە بوو کە لە پێستی مەڕدا خۆی مەڵاس دابوو . بۆ فریودانی کوردان هەمیشە وەک کەسێکی کوردپەروەر خۆی پیشان دەدا بەڵام وەک کردەوە هیچ کاتێک لە ئیبراهیم تاتڵساز ڕوو سورتر نەبووە و تەنانەت لە ڕابردووشدا زۆر بێ شەرمانە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا بانگەشەی بۆ حیزبەکەی ئەردۆغان دەکرد . لێ بەڵێ لە ١٦ی مانگدا شڤان بە ئاواتی خۆی گەیشت ، هەم بە باوەشە گەرمەکەی ئەردۆغان شاد بوو هەم وەکو کەسێکی ئاکەپەییش ئەوەی لە دڵیدا بوو لەو ڕۆژەدا دەریخست.

بریا و بریا و هەزار جار بریا:


بریا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە بۆ خۆڵکردنە چاوی مرۆڤی کورد باس لە ئاڵای کوردستان دەکات ، لانی کەم وەک لە پایتەختی دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا هەمیشە لەبن سێبەری ئاڵای داگیرکەراندا ماندویەتی دەحەسێتەوە لانی کەم لە ئەمەدی پایتەختی کوردستانیشدا ئەو دیاردە قێزەونەی دووبارە نەدەکردەوە.


بریا وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هێندە تامەزرۆی دیداری ئەردۆغان و کاربەدەستە دوژمن بە کوردەکانی تورکە ، نیو هێندەش تامەزرۆی دیداری کەسوکاری ئەو شەهیدانە بوویایە کە بە دەستی تورکە فاشیەکان خوێنیان ڕژا و لە ڕابردووشدا لە دەمی منداڵەکانی خۆیان دەگێڕایەوە و دەیانبەخشیە بارزانی.


برا وەک بارزانی ئامادەی ئاهەنگێڕانی بوک و زاوا تورکەکان بوو و ٣ باوەڵ زێڕی پێ بەخشین ، لانی کەم سەردانێکی شاری بومەلەرزە لێدراوی "وان"یشی دەکرد و ئەو کوردە بێ ماڵ و حاڵانەی بەسەر دەکردەوە کە دوو ساڵە لەژێر چادردا ژیان بەسەر دەبەن.


بریا وەک بارزانی لەسەر داوای تەیب ئەردۆغان لە چاوتروکانێکدا دەگاتە ئامەد لانی کەم تەنها لە یەک ڕۆژی نەورۆزیشدا لەسەر داوای خەڵکی ئەو شارە سەردانی هەمان جێگەی دەکرد.


بریا وەک بارزانی هێندە پشتگیری دەداتە دەوڵەتە دوژمن بە کوردەکەی تورک لانی کەم دوژمن بە کوردی ئەو پارچەیەش نەدەبوو.


بریا وەک بارزانی خۆی لە هەموو کوردێک بە زلتر دەزانێت لانی کەم لە بەرامبەر بچوکترین تورکی فاشیستدا نەدەچەمایەوە و هێندە خۆی بە کەم نەدەزانی.


بریا هیچ کاتێک ئەم دیمەنەی خوارەوەم نەدەبینی کە لە وێنەکەدا دەبینرێت . چونکە ئەو وێنەیە هەمان دیمەنی سەردەمی سەدام حسێنم دێنێتەوە یاد کە لە دوای پرۆسەی ئەنفال بانگێشتی سەرۆک جاشەکانی کرد و خۆی لە سەرەوە دانیشت و سەرۆک جاشەکانیش بە ڕیز لە تەنشتیەوە دانیشتبوون و گوێبیستی گوتەکانی بوون.

چی لەم گەشتەدا بەدی دەکرێت؟


بارزانی بەر لەوەی بچێتە دیداری ئەردۆغان ، چەندین لێدوانی سەرسوڕهێنەری‌‌دا دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان‌ ، کە بەشێک لەو گوتانە بریتی بوون لە :- {ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات شۆڕش نییە - پەیەدە هاوکاری ڕژێمی سوریا دەکات - پەیەدە دیکتاتۆرە و هیچ لایەنێکی دیکە قبووڵ ناکات - پەیەدە کوردی سوریای دووچاری شەڕێکی نەخوازراو کردووە - ئێمە ددان بەو بەڕێوەبەرەیەتیە"حکومەتە" کاتیەدا نانێین کە پەیەدە دایمەزراندووە - و زۆری گوتەی نابەجێی دیکەش } . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:
http://welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11258&niviskar=1&cure=3&kijan


هەر لەو ڕوانگەیەشەوە ئاشکرا بوو کە سەردانەکەی بارزانی تەنها بۆ دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشەکەیانە ، کە بە باوەڕی من ئەو شۆڕشەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەڕێوە چووە نمونەی نەبووە لە جیهاندا و دەتوانم بڵێم شۆڕشێکە لە نێو شۆڕشژا ، لێ مخابن کە بارزانی نکۆڵی لەو ڕاستیە دەکات و وەک شۆڕش نایبینێت!!!!!
http://www.sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=8384
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-h-rdoegn-w-brzny-khoedh-bnh-wh.htm

 

ئەی دەبێت بەلای بارزانیەوە چ شێوە خەباتێک بە شۆڕش ناوببرێت؟
پێدەچێت لە دیدی بارزانیەوە مرۆڤ کوشتن و دەستێکەڵاوی لەگەڵ داگیرکەراندا واتای شۆڕش بدات ، دەنا ئەم لێدوانەی بارزانی هیچ لۆژیکێکی شۆڕشگێڕی تێدا بەدی ناکرێت و تەنانەت ئەو جۆرە لێدوانانە تەنها هی دژە شۆڕشەکانە.

 

بارزانی و ڕۆژئاوای کوردستان:


بارزانی زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستانی لەبیر کردووە کە بە ناوی مادەی ١٤٠ دۆڕاندیان و ڕۆژانە کوردان لە شارەکانی موسڵ و کەرکوک و جەلەولا و سەعدیە و شەنگار و شوێنەکانیتر دەکوژرێن و لە زێدی خۆیان دەردەکرێن بەڵام چاوی بڕیوەتە پارچەیەکی دیکەی کوردستان کە توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن و پاراستنی خۆیان و پێکهاتەکانی ناوچەکەش بکەن.


هەڵبەت هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سوریاوە ، چ بە نهێنی و چ بە ئاشکرا لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دژ بە شۆڕشی ڕۆژئاوای وڵات و دەستکەوتەکانی کەوتە گەمەیەکی مەترسیدارەوە ، ساتێک لە ڕێگەی دەوڵەتی تورک و ساتێک لە ڕێگەی لایەنگرانی خۆیەوە . تا کار گەیشتە ئەوەی کە هەوڵی پیادەکردنی سیاسەتی "فیفتی - فیفتی" بدات لەو پارچەیەی کوردستاندا . سیاسەتی "فیفتی-فیفتی"ش کە وەک کوشندەترین سیاسەت لە مێژووی کورداندا جێگەی گرتووە ، سیاسەتی "فیفتی-فیفتی" ئەو سیاسەتەیە کە هەموو داگیرکەرانی کوردستانی ئاشنای باشووری کوردستان کرد و کردیشنیە بڕیاردەری یەکەم، ئەو سیاسەتەیە کە شەڕی ناوخۆیی خستە نێو هەموو ماڵێکی باشووری کوردستانەوە و دەیان هەزار کوژراو و سەدان هەزار ئاوارەی لێکەوتەوە.


ئایا سیاسەتێک "فیفتی-فیفتی" کە ئەمە ئەنجامەکانی بووبێت ، ئیتر لە پای چیدا بارزانی دەیخواست هەمان سیاسەت لە ڕۆژئاواشدا دووبارە بکاتەوە؟
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11289&niviskar=15&cure=3&kijan


بارزانی و پەیەدە:


ئەوەی ئیمڕۆ بارزانی پیادەی دەکات دژ بە کوردانی ڕۆژئاوا و پەیەدە ، لە ڕابردووشدا هەمان سیاسەتی دژایەتیکردنی پیادە کرد دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران . بەڵام پێویستە بارزانی جیاوازی دابنێت لە نێوان "پەیەدە و حدکا "دا ، چونکە جیاوازیەکانی پەیەدە هێجگار زۆرە بە بەراوردکردن بە حیزبی دیموکرات.


حیزبی دیموکرات ئەو حیزبە بوو کە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران گەڕایەوە سەر سفرەی حازری و سواری شەپۆلی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵات بوو و ئەوەی بە دڵیان بوویایە دەیانکردە هەمەکارە و ئەوەی بە دڵی ئەوانیش نەبوویایە وەک خیانەتکار پێناسەیان دەکرد . واتە حیزبی دیموکرات هیچ ماندوبونێکی نەبینی لە چوونە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و بگرە بوویە بارگرانییەکیش بە سەریانەوە ، لەبەرئەوە هێندەش بە لایەوە گرنگ نەبوو کە لە بەرامبەر "قیادە مۆقەتە"ی ئەو کات و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی ئیمڕۆدا چۆک دابدات و بنە و بارگەیان بپێچنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حیزبی بەعس.


بەڵام پەیەدە ئەو هێزەیە کە لە دوای شۆڕشی 2004ی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتە بەرنامە داڕێژی و ئامادەکردنی یەکەی جەنگاوەری شاراوە لە هەموو جێگەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەندامەکانی یان ئیعدام دەکران یان ڕووبەڕووی مەرگ و داپڵۆسینەکانی زیندانەکانی بەعسی ئەسەد دەبوونەوە تا ساڵی ٢٠١١.


لە ساڵی 2011شەوە ئەرکی شۆڕشی ڕۆژئاوا و پاراستنی گەلی خستە سەر شانی خۆی و لەو پێناوەشدا هەم چۆکی بە دەسەڵاتی بەعس دادا و هەم مەترسی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکانیشی ڕەواندەوە و هەم بە هێزترین هێزی پۆڵاینیشی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەنجام گەیاند و هەم وڵاتیشی لە دزی و تاڵانی پاراس و ژیانی خەڵکەکەشی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد ، لەگەڵ ئەوەی کە جۆرەها گەمارۆی جۆراو جۆریش لەسەر ئەو پارچەیەی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

 

واتە ئەگەر بەراوردی پەیەدە بکرێت بە هەر لایەنێکی دیکە لە سەرتاسەری کوردستاندا ئەوا بە دڵنیاییەوە زۆرترین ئەرک و ماندوبوون کەوتۆتە سەر شانی پەیەدە ، لەبەرئەوە هیچ کاتێکیش ئەو هێزە ئامادە نابێت واز لەو هەموو قوربانیدان و ماندوبوونە بهێنێت و ڕۆژئاوای کوردستان بکاتە قوربانی کەین و بەینە نهێنیەکانی نێوان بارزانی و دەوڵەتی تورک و لایەنە ئیسلامیەکان و هەندێک کوردی خۆفرۆشی هاوشێوەی عبد الباست سەیدا و عبد الحەکیم بەشار و مستەفا جومعە.
http://welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11258&niviskar=1&cure=3&kijan


بارزانی و شۆڕش:


سەرسوڕمانە کە بارزانی باس لەوە دەکات کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا شۆڕش نەکراوە ، هەڵبەت ئەم لێدوانەش زیاتر لە دوای ئازادکردنی شاری "تەل کۆچەر" هات ، واتە ئازادکردنی ئەو شارە ستراتیژی و گرنگە هێندە بارزانی ناڕەحەت کرد.


بە ڕاستی شەرمە بۆ سەرکردەیەک کە لەبەرامبەر دەیان ساڵ داگیرکاری دەوڵەتی سوریا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و شاری "تەل کۆچەر" بە تایبەتی بێ دەنگ بووبێت بەڵام بە دەسەڵاتدارێتی لایەنێکی کوردی هێندە ناڕەحەت بێت!!!


بە ڕاستی شەرمە بۆ سەرکردەیەک کە بە دەسەڵاتدارێتی لایەنە ئیسلامیە تاریکپەرستەکانی هاوشێوەی داعش و جەبهە‌ت‌النەسرە لەسەر شاری "تەل کۆچەر" هیچی نەگوتبێت بەڵام بە ڕزگارکردنی شارەکە لەلایەن کوردانەوە وەها کاردانەوەی دژبەرانە بنوێنێت!!!


شۆڕش بە واتای گۆڕانکاری دێت ، ئیتر ئەو شۆڕشە چ لە ڕێگەی سەربازیەوە بێت و چ لە ڕێگەی ئاشتی و زانستیەوە ، بۆ نموونە لە ڕۆژگاری ئیمڕۆدا هیچ شەڕێک لە وڵاتانی ئەوروپادا بەدی ناکرێت بەڵام ڕۆژانەش لە شۆڕشدان کە ئەو شۆڕشەش شۆڕشی زانستی و پێشکەوتن و نوێبوونەوەیە.


خۆ ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕوو دەدات شکۆی هەموو شۆڕشەکانیشی داپۆشیووە و بۆتە شۆڕشێک لە نێو شۆڕش‌دا ، لە ڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ لە ڕابردوودا وەک نموونەی سەرکەوتوو ئاماژەی بۆ شۆڕشی هیندوستان و ئۆکتۆبەر و ئەفریقای باشوور دەکرد ئەوا دەبێت خاوەنی شۆڕشی ئەو وڵاتانەش وەک نموونەی شۆڕشی هاوچەرخ و پێشکەوتوو باس لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.


بەڵام هیچ کاتێک مرۆڤ ناتوانێت سەرهەڵدانی پارتی و بارزانی وەک شۆڕش پێناسە بکات ، چونکە ئەوەی لە پارتی و بارزانی‌دا بینراوە هەوڵدان بووە بۆ دەسەڵات نەک بۆ گۆڕانکاری . ئەوەی ئیمڕۆ لە باشووری کوردستاندا پیادە دەکرێت هەمان یاسا و بڕیارەکانی سەردەمی بەعسە و تەنانەت هەمان ئەو ناوچانەش لە ژێر چاوەدێری بارزانی و لایەنەکانی دیکەدایە کە لە ڕابردوودا بە ناوچەی ئۆتۆنۆمی ناسرابوو ، واتە تەنها گۆڕانکاریەک کە کراوە ئەوەیە کە ناوی مەجلس تەرشیعی و تەنفیزی گۆڕدراوە بە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و شوێنی کاربەدەستە کوردە بەعسیەکانیش دراوە بەم بەرپرسانەی ئیمڕۆ ، ئیتر چۆن بتوانین ناوی شۆڕشی لێ بنێین؟


بارزانی و حیزبە کارتۆنیەکانی "ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا":


زیاتر لە ٣٠ پارت و ڕێکخراو بونیان هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ، کەچی هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستاندا جگە لە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" سەرجەم لایەنەکانی دیکە چوونە شاری هەولێر بۆ حەوانەوە و لە دوورەوە تەماشاکردنی گۆڕانکاریەکان ، ئوتێل شیراتۆن و باقی ئوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی دیکە بوونە لانکەی بەرپرسەکانیان و زانکۆی سەلاحەدینیش تەرخان کرا بۆ خوێندنی منداڵەکانیان لەسەر حسابی داهاتی خەڵکی زەحمەتکێشی باشووری کوردستان ، ئیتر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیش دووچاری سەرکوتی بەعسیەکان یاخود سەربڕینی لایەنە ئیسلامیەکان دەهاتن بەلای ئەو حیزبانەوە باکی نەبوو.


ئێستاش کە ڕۆژئاوای کوردستان بە خوێنی سەدان و بگرە هەزاران شۆڕشگێڕی کچ و کوڕی ئەو پارچەیە و بە ڕێبەرایەی پەیەدە و ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد بووە ، کەچی بارزانی دەخوازێت ئەم حیزبە کارتۆنیە ئوتێل نشینانە سواری دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا بکات و بیانکاتە چاوساخی داگیرکەران.


هەڵبەت ئەم هەوڵەی بارزانی هەوڵدانە بۆ دووبارەبوونەوەی مێژوو . واتە چۆن لە باشووری کوردستاندا خەڵکی زەحمەتکێش ڕاپەڕینیان کرد و بەر لە ڕاپەڕینیش چەندین لایەنی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حسک و شیوعی قوربانیان دەدا بەبێ ئامادە بوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ، بەڵام لە دوایشدا پارتی و بارزانی بە پشتیوانی هەرسێ داگرکەرەکەی "ئێران و تورکیا و بەعسیەکان" سواری دەستکەوتەکان بوون و بوونە هەمەکارە ، ئەوا بارزانی دەخوازێت هەمان دیاردەی قێزەون لە ڕۆژئاواش دووبارە بکاتەوە بە پشتیوانی تورکیا و ئیسلامیە دڕندەکان و ئارتەشی ئازادی سوریا و تەنانەت بەعسی سوریاش ، چونکە هێندەی من ئاگاداربم تاکو ئێستاش نزیکترین لایەن لە بەعسی سوریاوە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقە و تاکو نوسینی ئەم بابەتەش نوسینگە و پەیوەندیەکان"علاقات"ی پارتی لە شاری دیمەشق ئازادانە کارەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.


لەگەڵ ئەوەی بارزانی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستێوەردان دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستاندا و دەستێوەردانەکەشی دژ بە ویستی کوردانە ، کەچی لە هەمان کاتدا چەندین تۆمەتی دوور لە ڕاستی دەهۆنێتەوە دژ بە پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" و دەیەوێت تاوانەکانی دوژمن و داگیرکەرانیش بخاتە پاڵ ئەو حیزبە تێکۆشەرە و شۆڕشە هاوچەرخیەکەی.


بۆ نموونە لای هەموومان ئاشکرەیە کە پەیەدە بە شێوەیەکی هێمنانە و دوور لە خوێن ڕشتن خەباتی بەڕێوەبرد و تا ئەو کاتەی هێرش نەکرابێتە سەر کوردان پەیەدەش هانای بۆ چەک نەبرد ، ئیتر چ لە بەرامبەر ڕژێمی سوریادا بووبێت یاخود لە بەرامبەر ئیسلامیە دژە مرۆڤەکاندا.


بەڵام کاتێک ئارتەشی ئازاد و هێزە ئیسلامیە دژە کوردەکان هێرشیان هێنایە سەر کوردان و "ژن و ماڵ و خوێن"ی کوردانیان حەڵاڵ کرد و شەڕیان بەسەر نەتەوەکەماندا داسەپاند ئەو کات پەیەدەش ناچار بوو کە بەرگری لە گەل بکات و وەڵام دەرەوە بێت ، کەچی بارزانی زۆر ڕوو قایمانە تاوانی ئەو شەڕە داسەپاوە دەخاتە ئەستۆی کوردان و دەڵێت : پەیەدە شەڕی هەڵگیرساندووە.


جێگای باسە کە لە کاتی هێرشی هێزە ئیسلامیەکاندا بۆسەر ڕۆژئاوا بارزانی لەو باوەڕەدا نەبوو کە پەیەدە بتوانێت کوردان بپارێزێت و ئەو بەرخۆدانە قارەمانەیە بنوێنێت ، هەر بۆیەش ئەو کات لە ڕێگەی پارتە کارتۆنیەکانەوە دەیگوت : پەیەدە بە تەنها ناتوانێت ڕۆژئاوا بپارێزێت و پێویستە هەر حیزبە و هێزی چەکداری خۆی هەبێت و بیکەنە میلیشیابازاڕ هاوشێوەی باشووری کوردستان ، واتە دوورکەوتنەوە لە هێزێکی نیشتیمانی یەکگرتووی وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە".


لێرەدا پێویستە لە بارزانی بپرسین، ئایا ئەگەر پەیەدە لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی داعش و جەبهە‌ت‌النەسرەدا نەوەستایەتەوە ، ئەو کات تۆمەتی ئەوەت ئاڕاستە نەدەکرد و نەت دەگوت پەیەدە ڕۆژئاوای تەسلیم بەو هێزە تاریکپەرستانە کردووە؟


چەندین لێدوانی هاوشێوە:


١- مەسعود بارزانی دەڵێت :- پەیەدە هاوکاری ئەسەد دەکات و هیچ هێزێکی دیکە قبوڵ ناکات و خەڵکی سەرنگون دەکات و شەڕی دووچاری کوردان کردووە و یاری بە ئاگر دەکات و چارەنووسی کورد بەرەو مەترسی دەبات و ئێمە ئەو بەڕێوەبەرایەتیە کاتیە قبوڵ ناکەین.
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11258&niviskar=519&cure=3&kijan


٣- هەر یەک لە عەبدوڵا گول و ئەردۆغان و داود ئۆغڵوش دەڵێن :- پەیەدە یاری بە ئاگر دەکات و هەوڵی دابەشکردنی سوریا دەدات و ڕێگە بە لایەنەکانی دیکە نادات هێزی چەکداریان هەبێت و خەڵکی بێ سەروشوێن دەکات و ئێمە ئەو خۆبەڕیوەبەریەی پەیەدە قبوڵ ناکەین.
http://xeber24.net/nuce/7401.html


٣- ئەمریکیەکانیش کە هەمیشە وەک دوژمنی سەرسەختی گەلانی ئازادیخواز دێنە ئەژمار دەڵێن :- ئێـمە ددان بەو بەڕێوەبەرایەتیەدا نانێین چونکە هەوڵی پارچەکردنی سوریا دەدات.
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11261&niviskar=1&cure=3&kijan


٤- عەبدولباسیت سەیدا و عەبد الحکیم بەشاریش کە دوو کوردی خۆفرۆش و نیشتمان فرۆشن دەڵێن: پەیەدە تاک لایەنە ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی دامەزراندووە و هەوڵدانە بۆ دابەشکردنی سوریا و پەیەدە ڕێگە بە پارتەکانی دیکە نادات و خەڵکی بێ سەروشوێن دەکات و ئەو بەڕێوەبەرایەتیە جێگەی پەسەند نییە .
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11298&niviskar=1&cure=3&kijan
http://www.welati.info/nuce.php?id=11252&niviskar=519&cure=5


٤- بورهان غەلیون یەکەمین سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و شۆڤێنیستێکی دژە کوردە و لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا سەردانی سەدام حسێنی کرد و دەستخۆشی لێکرد ، دەڵێت: پەیەدە هەوڵی دابەشکردنی سوریا دەدات و خەنجەر لە پشتی خەڵکی سوریا دەدات و دەبێت ڕێگە لەو بەڕێوەبەرایەتیە بگیرێت و پەیەدە هاوکاری ئەسەد دەکات و ڕێگە بە هیچ لایەنێکی دیکە نادات.
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11244&niviskar=519&cure=3&kijan


٦- بەسام یوسف و کەمال لەبوانی کە دوو دژبەری سەرسەختی کوردانن و کوردان وەک میوان پێناسە دەکەن لە سوریادا و لە بەرپرسە دیارەکانی هاوئاهەنگی سوریان ، دەڵێن: ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی کە پەیەدە جاڕی داوە زۆر مەترسیدارە و دەبێت ڕێگەی لێبگیرێت دەنا سوریا بەرەو دابەشکردن دەبات ، کوردەکان بەشداریان نەکردووە لە شۆڕشی سوریادا و مافی ئەوەیان نییە بەڕێوەبەرایەتیان هەبێت .
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11217&niviskar=201&cure=3&kijan
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-h-ndmykhy-hyzh-khny-y-oepoezsyoeny-swry-enks-nwynh-ryh-ty-gh-l-nkht.htm


٧- هاوپەیمانی نیشتمانی سوریاش کە وەک جێگرەوەی حوکمی ئەسەد ناسراوە دەڵێت: پەیەدە بەم هەنگاوەی هەوڵی دابەشکردنی سوریا دەدات و خەنجەر لە پشتی شۆڕشی سوریا دەدات و شەڕی ناوخۆیی ساز دەکات و ڕێگە لە دژبەرانی ئەسەد دەگرێت و نابێت ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ددانی پێدا بنرێت.
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11234&niviskar=521&cure=3&kijan


٨- مالک الکوردیش کە جێگری سەرۆکی ئارتەشی ئازادی سوریایە دەڵێت :- خۆبەڕێوەبەری کوردان بە واتای دابەشکردنی سوریا دێت و خەنجەرێکە لە پشتی ئارتەشی ئازادی سوریا دەدرێت و بەهیچ شێوەیەک ئەو بەڕێوەبەرایەتیە قبوڵ ناکەین.
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=11311&niviskar=201&cure=3&kijan


٩- بەشار ئەسەد و دارودەستەکەشی لە یەکەم کاردانەوەدا گوتیان: سوریا بەشێکە لە نیشتمانی عەرەب و بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەین بەشێک لە نیشتمانی عەرەب داببڕێت.


١٠- کۆماری ئیسلامی ئێرانیش زۆر بە ئاشکرایی گوتی: دەبێت یەک پارچەیی خاکی سوریا بپارێزرێت.


ناوەڕۆکی تەواوی ئەم لێدوانانە هاوشێوەیە ، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەرچاوەی هەموو لێدوانەکان یەک جێگەیە و ئەو جێگەیەش دژ بە هەموو بەرژەوەندی کوردانە . بەڵام جێگەی نیگەرانی ئەوەیە کە مەسعود بارزانی ڕۆڵی داشەهارە دەگێڕێت لەم نێوەدا بە ناوی کوردایەتیەوە . هەڵبەت لەو باوەڕەدام کە مەسعود بارزانی بۆ خۆیشی ئەوە باش دەزانێت کە کاتێک داگیرکەران فەڕشی سوری بۆ دادەخەن لەبەر سەنگ و ڕێزی خۆی نییە بەڵکو ئەنجامی ئەو تێکۆشانە کەم وێنەیەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان"پ‌ک‌ک" و پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" بەڕێوەی دەبەن.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک