په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠٢٣

گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند ڕزگار خۆشناو.*
- لە هەولێر بە ئاهەنگی ژنهێنان و بەزم و هەراکەی دەڵێن ئەکلەنجه‌ -

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

 

لە میانی ئەو سەردانە کورتەی هونەرمەند ڕزگار خۆشناو بۆ شاری باراناوی ڤانکۆڤەر، ئەم دەرفەتەمان قۆستەوە و ئەم پرسیارانەمان ئاراستە کرد و ئەویش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.


 

 

 

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : ڕێگرییەکانی بەردەم گەشەی مۆسیقای کوردی بە شێوەیەکی گشتی چین؟
ڕزگار خۆشناو : تەنها ئەم پرسیارە ده‌ تا پانزه‌ لاپەڕەی دەوێ تاکو بتوانی وەڵامی بدەیتەوە. بەڵام من بە کورتی ئەو خاڵانەی کە دەبنە هۆی دواکەوتنی ئاستی مۆسیقای کوردی باس دەکەم:
١- نەبوونی وڵاتێکی کوردی و نەبوونی دام و دەزگای ڕۆشنبیری و پەیمانگای مۆسیقی هونەری تەواو و بە ئیمکاناتی باش.
٢- بندەستی میللەتی کورد و نیازی پیس و چەپەڵی دەوروپشتی کورد بە گۆڕینی کولتوری کورد بۆ عەرەبی و تورکی وفارسی بەتایبەتی فۆلکلۆری کوردی کە ئەمڕۆ بۆتە نێچیرێکی ئاسان و نزیک بۆ ئەوان.
٣- نەبوونی هاندانی تەواو لەلایەن ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد و پشتگیری هونەرمەندان لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە.
٤- میللەتی کورد بەگشتی میللەتێکی وا ڕۆشنبیر نییە کەوەکو هونەرمەندان لەوان تێدەگەن ، لە ئێمە بگەن. بۆیە لەلایەن خەڵکی کوردەوە هونەرمەند زۆر هان نادرێت. دەپرسن کوا کاسێتی تازە یان کوا سیدی تازە؟ بەڵام کە هونەرمەند مەسرەفێکی زۆری کرد و ئەویش ئەگەر پێی قەرز بکرێ، ئەوا نیوەی پارەکەی نایەتەوە. تۆ باسی قازانج هەر مەکە. کورد وا فێر بووە کاسێت تەسجیل بکات و نەیکڕێت!
٥- نەبوونی گروپی مۆسیقی باش و بەرهەمی باشیش پەیوەندی بە ئیمکاناتی هونەری و ماددییەوە هەیە.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : کاریگەری مۆسیقای ڕۆژئاوا لەسەر مۆسیقای کوردی چییە؟
ڕزگار خۆشناو : مۆزیکی ڕۆژئاوا دوورە لە مۆزیکی کوردی ( ئەگەر باسی کوردستان بکەین)، بەڵام لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا ئەوا مۆزیکی ڕۆژئاوا کارێکی زۆر ئەوتۆی نەکردۆتە سەر موزیکی کوردی یان تەئسیری لەسەر موزیکی کوردی نەبووە . هەوڵی زۆر دراوە سوود لە تەکنیکی ڕۆژئاوایی و لە هەندێک ستایڵی ڕۆژئاوا وەکو"پۆپ ، جاز ، ڕۆک ، بلوز ، کلاسیک ...تاد" وەربگرێت. لەو مەجالەش هونەرمەندی گەورەی کورد خوالێخۆشبوو قادر دیلان و هونەرمەندان عومەر دزەیی و جوان حاجو چەند نموونەیەکن لەو هونەرمەندانەی کە توانیویانە لەم بارەیەوە سوود وەربگرن.
بەڕای من ئەتوانین پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە : ئایا موزیکی کوردی چ کارێکی لەسەر موزیکی ڕۆژئاوا کردووە؟ هەموومان موزیکی فلامینکۆ(Flamingo )ی ئەسپانی ، یان موزیکی قەرەجی ئەسپانیامان گوێ لێبووە کە بەزۆر دەلیل کاتی خۆی واتە کاتی هەڵاتنی موزیکوان و عودژەنی گەورە و بەناوبانگی کورد (زریاب) بەغدای بەجێهێشت و بەرەو ئەندەلوس ڕۆیشت و بناغەی ئەم مۆزیکەی داناوە، یان زۆر گۆرانی پۆپی(pop )ی جیهانی بەناوبانگ کە میللودییەکەی پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ میللۆدی کوردی کۆن و هەورامی و شوێنەواری ترەوە هەیە.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : ئایا بەبڕوای جەنابت مۆسیقای فۆلکلۆر دەتوانێت ببێتە بناغەی مۆسیقای ئەم سەردەمە وە بۆچی؟
ڕزگار خۆشناو : ئێمەی کورد ئەبێ یەک شت بزانین کە ئەویش جیاوازی نێوان موزیکی فۆلکلۆری وەکو کەلەپوری ڕەسەنی کوردی و مایەی شانازی و هەبوونی میللەتێک و پەیوەندی بە دیرۆک و داب ونەریتی کوردەواری و هەروەها مۆزیکی هونەری بەهەموو جۆر و بەشەکانیەوە کە ئەویش پەیوەندی هەیە تا ڕادەیەک بە بارودۆخی کورد و ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە و دەنگدانەوەیەکی بارودۆخی کۆمەڵە. بەڵام ئەوە مانای وا نییە کە فۆلکلۆری کوردی نابێ ببێتە بناغەی دروست بوونی گشتی موزیکی کوردی. هەتا زۆر لە کۆمپۆسیوری جیهانی وەکو ئارام خاجاتوریان، چایکۆفسکی و زۆرانی تری جیهان بە تایبەتی (ئەنتۆنیۆ دڤۆرژاڵ)ی چیکی. نەوەک تەنها موزیکی کلاسیک ، بەڵکو ئەمان Jazz وBlues کەهی ڕەشەکانی ئەمریکایەو دەرد و موعاناتی میللەتێک باس دەکات و بۆ موزیکژەنی جیهانی بۆتە ڕێبازێکی موزیکی گرنگ و بناغەکەشی لەسەر موزیکی فۆلکلۆرە و نەک تەنها ئەمە، بەڵکو Blues هەر بە کلتوری ڕەش لەقەڵەم دەدرێت،کە بە ڕاستی بۆتە موزیکی کۆن و کلتوری ڕەشەکانی ئەمریکا و ئەویش بووە بە بناغەیەکی تر بۆ موزیکی تری پاش هاتوو. یاخود Country موزیک کە پێیدەڵێن موزیکی( رعاة البقر) هی جووتیارە سپییەکانی ئەمریکایە و بۆتە فۆلکلۆر و کولتوری کۆنی ئەم میللەتە و زۆر گۆرانی تازەی Pop و Rock بناغەیان لەسەر (Country Music ) داناوە.
ئێمەش ئەبێ بە تایبەتی کاتێ مرۆڤ بێ وڵات بێ و بێ مۆزیک بێ و بێ (Identity) هەویە بێ، ئەوا دەبێ ببێتە بناغەی تەواوی هەموو دامەزراندنی موزیکی ئەم میللەتە.چۆن؟
مامۆستاکەم کەبەداخەوە ده‌ ساڵ پێش ئێستا مرد، زیاتر لە شه‌ش ساڵ لە کاتی حوکمی مەلەکی لە ئەفغانستان بووە و لەلایەن حکومەتی نەمساوە کۆکردنەوەی فۆلکلۆر و گۆرانی ئەفغانی پێ سپێردرابوو کە زۆر بە پوختە وجوانی کۆی کردۆتەوە دەڵێ"کاتێ مرۆڤ توانی لە فۆلکلۆر تێ بگات، ئینجا موزیکی ڕەسەنی تازە دروست دەکات". بێگومان من باسی ئەوە ناکەم کە وەکو چەند کەسانێک دێن مۆزیک و گۆرانی فۆلکلۆری دەگۆڕن و یان بە ئامێری ڕۆژئاوایی لێی دەدەن یان میلۆدی گۆرانییەکە تۆزێ دەگۆڕن یا ڕزمی یا دابەشکردنی موزیک، بەم جۆرە مامڵە لەگەڵ فۆلکلۆر ناکرێ، بەڵکو ئەبێ ئێمە گۆرانی تازە دابنێین کە بناغەکەی لەسەر فۆلکلۆرە یانی (Melodiznge) زۆر میللودی فۆلکلۆری کورت دەگرێ بە خۆیەوە ڕزمی فۆلکلۆری..تامی فۆلکلۆری وەک گۆرانی Pop( ئێرلەندە) بۆ وێنە یان یابانی، هیندی، عەرەبی، فارسی. بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێ ئەم شتە دروست بکات چونکە شارەزاییەکی چەند ساڵانەی باشی دەوێت و موزیکزانی لێهاتوو کە سەریان لە موزیکی کۆن و تازە دەردەچێت، بیکەن.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : دیاردەی شەوی کوردی و شایی کوردی چۆن دەبینن؟
ڕزگار خۆشناو : بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دوایی دیاردەیەکی زۆر خراپ بڵاوبۆتەوە ئەویش ئاهەنگی کوردی سیاسی بۆتە ئەکلەنجەی کوردی(لە هەولێر بە ئاهەنکی ژن هێنان و بەزم وهەراکەی دەڵێن ئەکلەنجە) هێشتا سروودی"ئەی ڕەقیب" تەواو نەبووە دەستی یەک دەگرن و لە زەوقی موزیکوان و گۆرانیبێژ دەدەن.
ڕاستە ئەو ئاهەنگانەی کورد دەیکات له‌سه‌دا نه‌وه‌د و نۆ پێی دەڵێن (پارتی-Party) یان شەوێک کە خواردن و دانس و سەما و شایی و ...تاد تێدایە و کۆنسێرتیش کە مناڵی تیا قەدەغەیە و هەروەها خواردنەوەشی تێدا نافرۆشرێت ، کەسیش بە "ئەی ڕەقیب" هەڵناسێ.
بەڵام بۆ نەکرێ ڕێز لە برای گۆرانیبێژ و هونەرمەندانی سەر شانۆ بگرین کە ئاهەنگەکە دەکەنە دوو بەش. بەشی یەکەم بۆ گۆرانی خاو و مەقام و ئەهلی زەوق، دووەمیش بۆ شان بادان! من ئەم دیاردەیەم لای هیچ میللەتێکی دی وە هەتا لەنێو خودی کوردستانیش خەڵک ئەگەر زۆر هەستی جوڵایەوە کاتی ئاهەنگ ئەوا چەپڵە لێ دەدات و لەشوێنی خۆی دێتە پێش. بەڕاستی من یەک بە باری خۆم کاتێ خەڵک شایی دەکات حەزدەکەم زوڕنایەک یا دەهۆڵم پێ بێت چونکە هەست ئەکەم ئامێرەکەم زوڵمی لێ دەکرێت و شیاوی ئەو ئەزیەت و زەغتکردنە نییە. زۆر جاریش چ میللۆدی لێ بدەم بە عود یا دەهۆڵ لێ بدەم ئەوا کەس هەر فەرقیشی پێ ناکات چونکە ئەوەندە گەرم بوون کە ئاگایان لە موزیک هەر نییە. شایی کوردی تا بڵێی جوانە و لەبارە و پیاو حەز دەکات تەماشای بکات بەڵام نەک وەکو هەندێک کە شایی کوردی نازانن و بەنەوعێک خۆیان دەجوڵێنن کە زیاتر لە (Techno) و دانسی مۆدێرن دەکات و تیایا جلوبەرگی مۆدێلی تازە نیشان دەدرێت. هەتا ئەم شاییە کوردییە بەردەوام بێت، ئەوا موزیکی کوردی هەر لەو حاڵەتە دەمێنێ کە تەنها شایی گەرم بکات و بەس نەوەک شتی هونەری دروست بکرێت کە ڕێکوپێک بێت و نەک تەنها کورد بەڵکو خەڵکی غەیرە کوردیش بتوانێ زەوقی لێوەربگرێت. ئەوەندەی نەماوە کە خەڵک دۆڵ وزوڕنا بێننە نێو هۆڵ و موزیک وگۆرانی کوردی هەر لە بەین بدات.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : دەڵێن تۆ یەکەمین کەسی کە وەتەرێکت بۆ عود زیاد کردووە؟
ڕزگار خۆشناو : ئەم وەتەرە یان تەلە تەکمیلەی تەلەکانی ترە، یانی جیاوازە لەوەی ( جمیل و میرشیر)ڕەحمەتی کە ئەوان پێیان دەگووت (قەبە دوگاە). ئەوەی من زیادم کردووە ئێستا نەک تەنها لە کوردستان و عێراق، بەڵکو لە زۆر شوێنی تریش بەکاری دێنن. ڕەنگە ئەگەر عود لای پیانۆ نەسب بکرێت یانی دەکاتە(سۆڵ Sol)

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : ئێستا زۆربەی زۆری ئەوانەی دەست بە فێربوونی عود دەکەن لاسایی ئێوە دەکەنەوە ، ئایا ئەمە چۆن دەبینن؟
ڕزگار خۆشناو : من هەرچۆنێک دەستم پێکردبێ و خۆم فێری ئامێری عود کردبێ ئەوا گرنگ نییە ، بەڵکو ئەوە گرنگە کە من هەر لە ساڵانی پەیمانگاوە واتا ١٩٦٨ وە تاکو ئێستا زۆر تەئکیدم لەسەر ڕوحییەت و تاموچێژی کوردی ڕەسەن کردووە. وە لە کوردستان زۆر گروپ عودیان لە نێو گروپەکەیان بەکار نەدەهێنا بە دەلیلی ئەوەی گوایە عود ئامێرێکی عەرەبییە و بە کەڵکی کوردی نایەت.
ڕاستە ئێمە لەبەر ئەوەی موزیکی عەرەبیمان زۆر گوێ لێبووە کە بە ئامێری عود لێدراوە و چونکە هەموو ئاوازدانەر و دابەشکەر و فێربوون لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لای میللەتی عەرەب بە عود دەکرێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە من هەستم ئامێرێکی جوانی تەختی ڕۆژهەڵاتی هەڵبگرم و خۆی لێ دوور کەم. چونکە ئەگەر موزیکژەن ڕوحیەتی عەرەبی یا فارسی یا تورکی بێت ئەوا باڵەبان، ساز، سنتوور، ڤیولون، چەلۆو هەمووی بە ڕوحیەتی ئەم میللەتانەی کە باسم کرد لێدەدات. واتە گرنگ نییە چ ئامێرێکە، بەڵکو کێ لێی دەدات و چۆن ئێستا من شانازی بەوە دەکەم کە زۆر موزیکژەنی کوردی ناسراویش تەقلیدی من دەکەن و ڕێ و ڕەچکەی نزیک بە منیان گرتۆتە بەر و ئەوەش باشی زیاترە لە خراپی بە تایبەتی دوای زیادکردنی تەلی شەشەم عود دەنگی بە گوێرەی عودی عەرەبی و فارسی یەکجار گۆڕا و زیاتر بوو بە دەنگێکی زیاتر کوردی ودوور بوو لە میللەتانی تر. ئیتر بە هیوام بتوانین سوود لە ئامێری دیکەی میللەتان وەربگرین و هیچ ئامێرێک فڕێ نەدەین.
ڤیولون : هەم عەرەب بە عەرەبی لێی دەدات.فارس بە فارسی وتورک بە تورکی و کوردیش بە کوردی ئەبێ لێیبدات.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : لە کۆتاییدا چ ڕێنوێنییەکتان هەیە بۆ مۆسیقارە کوردەکان؟
ڕزگار خۆشناو : هیوام وایە کە ئەوانەی ئەیانەوێ فێری موزیک ببن یان ئامێرێکی موزیک فێر بن، ئەوا زۆر گوێ بگرن بۆ موزیکی فولکلۆری کوردی و دوای دوو سێ ساڵ نەڵێن من تازە بوومە موزیکژەن و ئیتر بچینە سەر شانۆ و خۆیان بە موزیکوان دانێن. چونکە لە ئەوروپا خەڵک لەتەمەنی چوار پێنج ساڵیدا دەست پێدەکەن و هەتا ده‌ پانزه‌ ساڵیش ناچنە سەر شانۆی حیرفەیی یان پرۆفیشیۆناڵی چونکە بەلایانەوە هەڵەیە!. ئەبێ موزیکوانی کورد بە فێربوونی دوو جوملەی موزیک و گۆرانیبێژ بە سێ چوار گۆرانی نەیەنە سەر شانۆ و پێش ئەوەی هونەرمەند ڕێی هونەرییان دەست پێبکات کۆتایی دێت. بەداخەوە کورد تەنها میلەتێکە کە مامۆستا و قوتابی لێک دەرناکات. ڕێزی یەکێک کە تازە هاتۆتە مەیدانی هونەر بەقەدەر یەکێک دەگیرێت کە زیاتر لە سی ساڵە خزمەت دەکات و چەندەها جیلی پێگەیاندووە. من ناڵێم هونەرمەندی گەنج هان نەدرێت، بەپێچەوانەوە ئەبێ ئێمە هەموو گەنجەکان و ئەوانەی تازە دەست پێدەکەن هان بدەین. بەڵام ئەبێت بزانین چۆن و بەچی؟ نەوەک وابێت کە کابرا بڵێت ئەوە منم وا گەیشتمە ئەو پلە بەرزە و ئیتر خۆی و ئاستی هونەری خۆی لەبیر بچێت. لە کۆتایشدا هیوای سەرکەوتن بۆ (ڕەنگاڵە) ئەو ڕۆژنامە خنجیلانە تازەیەتان دەخوازم و هیوادارم بتوانن بەم ڕێیە خزمەتی وشەی کوردی ڕەسەن و کولتوری کوردی و زمانی کوردی بکەن کە ئەمڕۆ پێویستی بە هەموو جۆرە بزووتنەوەیەکی کولتوری و کۆمەڵایەتی هەیە بە تایبەتی بۆ جیلی ئێستای گەنجەکانی دەرەوەی کوردستان. هەر بژین وزۆر سوپاس.
________________________________________
تێبینییەکی پێویست: ئەم چاوپێکەوتنەم لە ٥ ی نیسانی ١٩٩٩ لە شاری ڤانکۆڤەر لەگەڵ هونەرمەند ڕزگار خۆشناو لە ڕێگەی بەڕێز کاک "سڵێمان ساڵح"ەوە سازداوە و وا بڕیار بوو لە ڕۆژنامەی "ڕەنگاڵە"دا بڵاو بکرێتەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆیەک ڕۆژنامەی "ڕەنگاڵە" چاوی نەپشکوت و ئەم چاوپێکەوتنەش ڕووناکی نەبینی. ڕەنگاڵە وەکو ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) و گۆران عەبدوڵڵا بە نیاز بوون لەسەر ئاستی کەنەدا چاپ و بڵاوی بکەنەوە. لێرەوە داوای لێبوردن لە کاک رزگار خۆشناو و کاک سلێمان ساڵح دەکەم.

________________________________________

* هونەرمەند ڕزگار خۆشناو:
- لە ١٠ ی شوباتی ١٩٥٢ لە شاری شەقڵاوە لە دایک بووە.
- لە ساڵی ١٩٦٨ لە (معهد الدراسات النغمیە العراقی) دەستی کردووە بە خوێندنی (عود) ''نەزەریاتی شەرقی'' کوردی.
- لەساڵی ١٩٨١ عێراقی بەجێهێشتووە و لەساڵی ١٩٨٢ دەستی کردووە بە خوێندنی کومیو ستیونی-کلاسیک و لە ساڵی ١٩٨٩ دا تەواوی کردووە بەدەرەجەی دبلۆم. وەساڵێک پاشتر بڕوانامەی ماجستێری وەرگرت لە تالیف و ئەندامی دائمی کۆمیسیۆنی نەمساوییە.
- لەساڵی ١٩٩١-١٩٩٥ لەگەڵ گروپێکی تیاتەری نەمساوی ئیشی کردووە هەم موزیکژەن و هەم ئەکتەر بووە. چوونەتە پۆڵۆنیا و ڕۆمانیا و ئەڵمانیا. دوو کاسێت لە ١٩٨٣ و ١٩٨٥ وە سیدییەک لەگەڵ گروپەکەی کەهەر هەموویان مامۆستای دانشگان لە نەمسا (ڤیناو گرامش)لە ١٩٩٥ دەرهات و ٢٥٠٠ دانەی لێ فرۆشرا. ئێستاش خەریکی سید ییەکی تازەن لەگەڵ چەند کۆنسێرتێک کە.تەنها زیاتر بۆ خەڵکی ئەوروپایە کە زۆر تاموچێژ لە موزیک و کۆنسێرتی ئەوان وەردەگرن و زیاتر لە ( ٩٠٠ تا ١١٠٠ ) کەس ئامادەی ئاهەنگەکانیان دەبن. هەروەها لەگەڵ هونەرمەندان مەرزیە وناسری ڕەزازی و حەمە جەزا و ئەردەڵان...تاد زۆر کۆنسێرت و ئاهەنگیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا سازداوە.

 

٥ی نیسانی ١٩٩٩ - ڤانکۆڤه‌ر / که‌نه‌دا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک