په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١٧

گفتوگۆی نێوان تووتی و ماسی.

 

عادل ئەلسەفار

وەرگێڕانی: فەرھاد ئەحمەد

منداڵەکان لە ڕۆخی ڕووبارەکەوە دەیانڕوانییە ئەو تووتییە بچووکەی کە بەسەر ئاوەکەوە ڕامابوو. جارجار لەنگەری دەگرت، وەک ئەوەی بییەوێت بچێتە ناو قووڵایی دەریاکەوە، بەڵام شەپۆلەکان بەرەو ڕووی دەھاتن و ئەویش لە ترسا دەفڕییەوە بەرەو بەرزایی. پاشان جارێکیتر ھەوڵی دەدایەوە.


پرسیارێک لای منداڵەکان دروست بوو "ئایا تووتی دەتوانێت وەک قاز و مراوی لە ناو ئاودا مەلە بکات؟".


ھەمان پرسیار لە مێشکی ئەو ماسییەدا بوو کە لە قەراغ ڕووبارەکەدا سەری لە ئاوەکە دەردەھێنا و بەرەنگاری ئەو شەپۆلانە دەبووەوە کە بەرەو ڕووی دەھاتن، چونکە حەزی دەکرد منداڵەکان ببینێت.


ھێشتا تووتی ھۆشی لای ئاوەکەیە، زۆر بێ ئارامە و بە خێرایی بەسەر ئاوەکەدا دەفڕێت. جارجار قاچەکانی لە ئاوەکە دەدات و ترسێک لە دڵیدا دروست دەبێت.


لەو کاتەدا ماسی بانگیکرد و وتی: ئەوە چی دەکەیت؟ ئەی باڵداری جوان، سەرم لە تۆ سووڕماوە من پێشتر ھیچ باڵدارێکم نەدیوە بیەوێت لە ئاودا مەلە بکات.


تووتی لەماسی نزیک بووەوەو وتی: ھاوڕێ، لە دوای ئەوەی شارەزای جیھانی ئاسمان و وشکانی بووم، ئارەزوو دەکەم شارەزای جیھانی ناو ئاویش بم ھەتا تەواو لە سروشت تێبگەم.


ماسییەکە بە خێرایی وتی: منیش حەزدەکەم دەربارەی جیھانی وشکانی ھەموو شتێک بزانم،پاشان بە خەمبارییەوە قسەکانی تەواوکرد. "بەڵام ژیانم پەیوەستە بە مانەوەم لە ئاودا،من ناتوانم بچمەسەر وشکانی".


تووتی وتی: خەم مەخۆ ھاوڕێکەم، من ئامادەم دەربارەی سەرزەوی ھەموو شتێکت بۆ باسبکەم، بە مەرجێک تۆش دەربارەی ژیانی ناو ئاو بۆم بدوێیت.


ماسی بە دڵێکی خۆشەوە وتی: بەڕاستی بیرۆکەیەکی جوانە، ئەی تووتی ھاوڕێم، کەواتە با دەست بکەین.


لە کاتێکدا تووتی و ماسی دەربارەی جیھانی وشکانی و ئاو زانیارییان گۆڕییەوە، منداڵەکان بە جارێک سەریان سووڕما و وتیان "چۆن ئێمە ئەم ھەموو زانیارییەمان نەزانیوە و کەسیش بۆی باس نەکردووین".


ئینجا تۆزێک لە یەکتری ڕامان وپاشان دەستیانکرد بە پێکەنین و وتیان: (وا باشە بەو وانانەی قوتابخانەدا بچینەوە کە پڕن لە زانیاری دەربارەی ڕووبار و گەردوون و ئاژەڵان و درەختەکان و مرۆڤ.

 

 

farhad.ahmadbarznji@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک