٢٨\٥\٢٠١٠
گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ
تاهیر حاجی حه‌سه‌ن.
سازدانی: هاوپشتی
هاوپشتی: هێشتا یه‌که‌مین هه‌فته‌ی مانگی
ئایار بوو، بێزاریی و هاواری کرێکاری تووڕە و ناڕازی و ئازادیخوازی مه‌راسیمه
ئایارییه‌کان له دنیای پڕ له ناعه‌داله‌تی سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆ له
گوێماندا دەنگیان ئه‌دایه‌وە، دیسانه‌وە هه‌واڵی تیرۆری مرۆڤێک، قه‌ڵه‌مێک
، لاوێکی خوێن گه‌رم و ئازاد هه‌موومانی ڕاچه‌ڵکاند. ئه‌مه یه‌که‌مین
جار نه‌بوو که‌دەستی تیرۆر قه‌له‌مێک بشکێنێ و ئازیزێکمان لێبکات،
مێژووی نۆزده ساڵی ڕابردووی ده‌سه‌لاتدارێتی له کوردستان مێژووی
خوێنڕشتنی مرۆڤه‌کانه! مێژووی خوێنڕشتنی نه‌یارانی سیاسی، که‌سانی
ئازادیخواز، ڕۆژنامه‌نووسان، لاوان، و ژنان بووە. ئه‌مانه تاکه‌ی و بۆ
؟ هۆکارەکانی پێشێلکردنی ئازادی سیاسی، بیروڕا وڕادەربڕین، بلاوکردنه‌وە
و چاپکردن، و خوێنڕشتنی دەنگه جیاوازەکان به دەسه‌لات و دنیای ناعه‌داله‌تی
ئه‌مڕۆ کامانه‌ن ؟ ئه‌و هۆکارانه کامانه‌ن که‌وا له چینه باڵا و
دەسه‌لاتدارەکان ئه‌که‌ن به موشه‌خه‌سی دەست بۆ تیرۆر به‌رن ؟
تاهیر
حاجی حه‌سه‌ن: ده‌بێت هه‌موو که‌سانی ئازادیخواز له‌و تیۆره
باش تێبگه‌ن، کاتێک ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی بدوێن و خه‌بات
بکه‌ن، بزانن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی حاکمه چ جۆره ده‌سه‌ڵاتێکه‌و سه‌ر به‌کامه
شێوازه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه. له کوردستاندا جۆرێک له‌ده‌سه‌ڵات هه‌یه
کۆپی هه‌مان فه‌رهه‌نگی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆر و دڕنده‌کانه که ته‌نها
به‌رپێی خۆیان ده‌بینن و له سێبه‌ری خۆشیان دڵنیا نین. بۆیه مێژوی ئه‌و
جۆره ده‌سه‌ڵاتانه هه‌رده‌م به‌پێی هێز توانراوه له گه‌ڵیاندا مامه‌ڵه
بکرێت. یانی تا ئه‌و کاته‌ی فه‌رمایشته‌کانی سه‌رۆکی وڵات و سه‌رۆکی
حیزبی سه‌رکرده چۆن بێت و چ بخوازێت بۆی فه‌راهه‌م بکرێت له‌لایه‌ن خه‌ڵکی
به‌گشتی و ده‌سته‌ودایه‌ره‌ی میدیاوه، ئه‌وا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌رده‌وام
ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕیتمه‌ی شوێنی که‌وتوه، به‌پێجه‌وانه‌شه‌وه تا
ئه‌و جێگه‌ی خه‌ڵکی ناڕازی به ڕابه‌رایه‌تی ئازادی خوازان خۆیان
ڕێکخراوکه‌ن و چیتر هه‌ڵگری فه‌رمایشته‌کانی سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵات نه‌بن(
لێره‌دا دیاره زۆربه‌ی خواسته‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه
چینایه‌تیه‌کانی خۆیه‌تی) به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش ده‌سه‌ڵات خوێندنه‌وه‌ی
دیکه ده‌کات بۆ بارودۆخه‌کان. واته چه‌ند ملی کڕنوش و بچوک بونه‌وه
دانه‌وێنرێت له به‌رده‌م یاسا و سونه‌ته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش
زاڵ بوونی ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌سه‌پێنیت به‌سه‌ر هه‌رچی هاتنه مه‌یدانێکی
پرش و بڵاودا که کات ناکاتێک ده‌رده‌که‌وێت، به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێت
بزانین به‌گشتی ئێمه له نێو سونه‌تگه‌لێکدا ژیان ده‌گوزه‌رێنین که
له‌سه‌ر ئه‌ساسێکی چینایه‌تی دامه‌زراوه، واته چه‌وساندنه‌وه‌ی
چینێکی ده‌سه‌ڵاتداری مشه‌خۆر به‌سه‌ر چینێکی به‌رهه‌م هێنه‌ره‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارێتی
ناسیۆنالیزمی کوردیش له ئه‌ستیره‌یه‌کی دیکه‌وه نه‌هاتوه، به‌بێ
گومان ئه‌مانیش هه‌ڵگری هه‌مان چه‌مکی نیزامی چینایه‌تین و له دواکه‌وتوترین
جۆریشیانن، له‌لایه‌ک خۆیان به دیموکراس خواز ده‌زانن له‌لایه‌ک هه‌ڵگری
هه‌رچی چه‌مکی کۆنه‌په‌رستی و هێشتنه‌وه‌ی بنه‌ماکانی خێڵ و هه‌یمه‌نه‌تی
دین و خێزانی خۆیانه‌وه‌ن. تا ئه‌و کاته‌ی ده‌مانه‌وێت خوێندنه‌وه‌یه‌کی
جیدی بکه‌ین بۆ هۆکاری ئه‌و ده‌سته‌و تاقمه شاراوانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه
له تیرۆر کردنی ده‌یان ئینسانی ئازادی خواز یان نه‌یار به‌ده‌سه‌ڵات
تا ده‌گات به کوشتنی ڕۆژانه‌ی ژنان له‌لایه‌ن پیاوانی سه‌ر به‌و فه‌همه
کۆنه‌پارێزه‌وه. نابێت بێین بگه‌ڕێین بزانین کێن ئه‌وانه‌ی هه‌ستاون
به ته‌سفیه کردنی ئه‌و که‌سایه‌تیانه، به‌ڵکو ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت ده‌سه‌ڵات
به‌به‌رپرسی یه‌که‌م بزانین له سه‌رجه‌م ئه‌و تاوانانه‌دا، چونکه
کاتێک بکوژێک ده‌ستنیشان ده‌کرێت له تیرۆری که‌سێکی ئازادی خواز یان
نه‌یار به‌ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت بپرسین ئاخۆ ئه‌و که‌سه به‌هۆکاری
دوژمنایه‌تیه‌کی شه‌خسی هه‌ستاوه به‌و کاره یان له ڕێگه‌ی ئه‌و
سیاسه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵات پیاده‌ی ده‌کات. خۆدیاره ئه‌گه‌ر بکوژه‌که سه‌ر
به‌ده‌سه‌ڵات یان حیزبێکی دیاری کراو بوو ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ ده‌رده‌که‌وێت
که‌سی بکوژ ته‌نها جێبه‌جێ که‌ری ئه‌و مه‌هامه بووه که پیی
ڕاسپێردراوه. لێره‌دا ده‌کرێت ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته له‌نێو خانه‌ی
ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆره‌کاندا ده‌ستنیشان بکرێن، ئه‌گه‌ر وانیه چ
مانایه‌ک هه‌یه بۆ ئه‌و یاسا گه‌له‌ی باسی لێوه ده‌که‌ن و به‌پێی وته‌کانی
خۆیان که‌س له‌سه‌رو یاساوه نیه. ئه‌گه‌ر وایه و ڕێزێک بۆیاسا هه‌یه
له‌لایه‌ن خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆچی تا ئیستا یه‌کێک له‌و که‌سایه‌تیه
سیاسیانه نه‌دروانه‌ته دادگا و له‌وێدا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن،
نه‌ک ڕفاندنیان و تیرۆر کردنیان. بێگومان له‌نێو سه‌رجه‌م دنیای ده‌سه‌ڵاتدارێتی
ئه‌مڕۆدا سیستمێکی ناعه‌داله‌تی خۆی سه‌پاندوه به‌سه‌ر گشت کایه‌کانی
ژیاندا، ئه‌وه‌شی لێی زه‌ررمه‌نده ته‌نها ئه‌و چینه مه‌زنه‌یه که
به‌رهه‌مهێنه‌ری هه‌رچی پێداویستیه گرنگه‌کانی ژیانن. لێره‌دا هه‌ر
ساڵه‌و له‌یه‌کی مه‌یدا به‌پێی هه‌لومه‌رجی هه‌رچ وڵاتێک هه‌زاران
ئینسانی ئازادی خواز ده‌ڕژێنه نێو شه‌قامه‌کان و به‌ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن
چیدی ئێوه دۆستی ئێمه نین به‌ڵکو دوژمنی ڕاسته‌وخۆی هه‌رچی نه‌هامه‌تی
ژیانمان هه‌یه، ئێوه‌ن. ته‌نها ڕێکخراو بوونی هێزی ملیۆنیه بتوانێت وه‌ڵامی
جیدی به‌ده‌سه‌ڵاتداران بداته‌وه، نه‌ک گلله‌یی و گازنده له‌ده‌سه‌ڵات.
هاوپشتی: له‌گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی
کوردستان و دواتر عێراقدا شاڵاوێکی تری به‌رفراوان( له ئیدامه‌ی هه‌مان
ئه‌و هێرشانه‌ی که له سه‌رەتای نه‌وەدەکاندا بۆ سه‌ر چه‌ند ڕۆژنامه
و بلاوکراوە و ڕۆژنامه‌نووس کران به داخستن و ڕێگرتن له بلاوکردنه‌وە
و تیرۆرکردنیان ) بۆ وەلاخستن و کپکردنی دەنگی رۆژنامه‌نووسان و میدیا
سه‌ربه‌خۆکان ( سه‌ربه‌خۆ به مانای له دەسه‌ڵات و حزب نه‌ک
ئایدۆلۆژیا و بیرکردنه‌وە) دەستی پێ‌کرد. هێرش و په‌لامار کرایه‌سه‌ر چه‌ندین
ڕۆژنامه‌نووس، ژماره‌یه‌کیان دووچاری زیندانیکردن بوونه‌وە، دارکاری
کران، و کامێرا‌و که‌لوپه‌له‌کانیان لێ زەوت کردن، ئه‌نجامه‌که‌ش
ناڕەزایه‌تی ناوخۆیی ودەرەکی به ناردنی نامه‌ی ناڕەزایه‌تی و یاداشت
و ئاگادارکردنەوەی لێکه‌وته‌وە. به‌ڵام ئه‌مجارەیان وەڵامدانه‌وەکانی
خه‌ڵک، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسانی ئازاد دژ به تیرۆری سه‌ردەشت ئه‌بعادێکی
تری نێوخۆیی و نێونه‌ته‌وەیی به‌رفراوانی به‌خۆوە گرت ، و بێزاری و
ناڕەزایه‌تی گه‌ورە و په‌نگخواردووی خه‌ڵک به شیوازێکی تووڕەتر و تا
راددەیه‌ک گونجاوتر له جاران هاته مه‌یدان بۆ کۆتایی هێنان به‌م
هه‌ڕەشه‌و تیرۆرانه. پایه ماددی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یه‌کانی ئه‌م
هاتنه مه‌یدانه‌ی خه‌ڵک که له ئیستادا قوڵپ ئه‌دات له کوێوە سه‌رچاوەیان
گرتووە؟ ئه‌م وەلامدانه‌وە خێرایه‌ی خه‌ڵک که له حساباتی سیاسی حزبه‌کاندا
نه‌بوو کام ڕیشه و مێژووی سیاسی هه‌یه ؟
تاهیر حاجی حه‌سه‌ن: ده‌کرێت بڵێین هه‌رده‌م
په‌نگ خواردن تا کاتێک ده‌توانێت خۆی له‌ناوخۆیدا بوه‌ستێنیت، به‌ڵام
کاتێک پێده‌گات و کاتی خۆی دێت بێهیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کی تیۆریانه ئه‌و
بۆخۆی ڕوی خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه به هه‌رچ به‌ربه‌ستێکدا بۆی دابنرێت.
لێره‌دا مه‌به‌ست له‌و کۆ تاوانانه‌یه تا ئیستا له کوردستاندا به‌تایبه‌تی
ڕویان داوه، هه‌ر له‌ساڵانی دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه به‌شێک له خه‌ڵکی
ئاسۆ ڕوون بۆیان دیار بوو ماهیه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه سیاسیه‌ی کوردستان
له کوێدایه و هه‌ڵگری کامه ئایدۆلۆژیان له ناواخنی خۆیاندا، واته
بۆ ئه‌و توێژه له‌که‌سانی سیاسی سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ی ئازادی خوازی و
یه‌کسانی بۆگشت کۆمه‌ڵگا، بۆیان ڕوون بوو ئه‌م حه‌ره‌که‌ته ڕۆژ به
ڕۆژ هه‌نگاو ده‌نێت بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتری کۆمه‌ڵگاو وایان لێده‌کات
له ڕێگای به‌کار هێنانی ترس و تۆقاندنه‌وه ملکه‌چ کردن ببێت به‌و نه‌ریته‌ی
دوێنی خه‌ڵکی له‌سه‌ر ڕاهێنرابوو. کاتێک به‌شێک له توێژی ڕۆشنبیرانیش
هه‌ست به‌و ماهیه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن ئیتر ناتوانن بێده‌نگ ببن، به‌ڵکو
ده‌یانه‌وێت بێنه ئه‌و ڕیزه‌ی به‌ره‌ی ئازادی خوازانه‌وه، لێره‌دا ئه‌گه‌ر
که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه بۆدواوه، ده‌بینین خه‌ڵکی ساده‌ی نێو کۆمه‌ڵگا
ده‌یان جار بۆده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان له نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه
سه‌ره‌تاییه‌کان وه‌ک داواکاری بۆ هه‌بوونی کاره‌باو ئاوی پاقژ و
ڕێگاوبانی ڕێکوپێک و قوتابخانه بۆ خوێندکاران و به‌ده‌ست خستنی ڕووه
ته‌ندورستیه‌کان، بینرا چۆن ده‌سه‌ڵات له‌و خه‌ڵکه ناڕازیه هاته ده‌ست
و ده‌یانیان ڕاپێچی نێو زیندانه‌کان ده‌کردن، وه‌ده‌یان تۆمه‌تی له‌جۆری
گێره شێوێن و تێکده‌ر و ده‌ستی ده‌ره‌کی ده‌خرایه پاڵ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه.
ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتێک خۆی به‌خه‌مخۆری کۆمه‌ڵگه بزانێت دێت به لێدان و به‌کارهێنانی
ته‌قه‌کردن و فشاری جه‌سته‌ییه‌وه وه‌ڵام به خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی بداته‌وه؟
یان ئه‌وه ته‌نها ماهیه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ره
به‌و کاره هه‌ڵده‌ستێت؟ بۆیه ده‌کرێت بڵێین ئه‌م هاتنه مه‌یدانه‌ی
ئه‌م جاره‌ی ئازادی خوازان و نوسه‌ران و ڕۆشنبیران له‌گه‌ڵ کۆی ئه‌و خه‌ڵکه
ناڕازیه دژی تیرۆر کردنی (سه‌رده‌ش عوسمان) بۆخۆی پێویسترین جۆر بوو
بۆئه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵاتداران بگوترێت، ئیتر به‌سه تاکه‌ی ملکه‌چ کردن
و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئێمه‌و، ئێوه‌ش بۆخۆتان هه‌ر ده‌بێت له‌که‌شکه‌ڵانی
ئاسماندا بن، له‌سایه‌ی سه‌ری بێده‌نگ بوونی ئێمه‌وه. ئه‌گه‌ر
بهاتبایه‌و ئه‌و کۆ ناڕازیه نه‌هاتبایه‌تنه وه‌ڵام، دیار بوو تیرۆر
کردنی سه‌رده‌شت هه‌روا به‌ئاسانی وون ده‌کراو ڕێگاش خۆش ده‌کرا بۆ ده‌مکوت
کردنی ده‌یان ئینسانی ئازادی خوازی دیکه. دیاره ئه‌وه ڕاستیه‌که
کاتێک تۆخۆت چ وه‌ک تاک چ وه‌ک کۆ هه‌ستت کرد به‌وه‌ی ده‌چه‌وسێنرێیته‌وه
و تا ئه‌و کاته‌ی ملکه‌چیش بیت بارودۆخی ژیانت خراپتر ده‌بێت و باشتر
نابێت، ئیتر له‌به‌رده‌م دوو حاڵه‌تدای یان ملکه‌چ بوون تا مردن یان
هاتنه مه‌یدان و ئیراده‌ی خۆده‌رخستن به دژی ده‌سه‌ڵات. لێره‌دایه
هه‌میشه (دیاره بۆهه‌ردوو به‌ره‌که وه‌ک یه‌ک وایه) که خه‌ڵکێکی
نووسه‌ر و ڕۆشنبیریش له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی تۆدا ئاماده‌ن پشتگیریت
لێبکه‌ن و به‌ده‌سه‌ڵات بڵێن به‌ڵێ تۆ به‌رپرسیت له‌سه‌لامه‌تی تاکه‌کانی
نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ت. ئه‌م هاتنه مه‌یدانه بۆخۆی به‌رهه‌می ئه‌و په‌نگ
خواردنه‌ی ده‌ورانی ڕابردووی ئه‌و 19 ساڵه‌ی حاکمیه‌تی ناسیۆنالیزمی
کوردیه. چه‌ند زووتر ئه‌و به‌ره‌یه‌ی ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه به‌ئاگا
بهێنرێنه‌وه تا ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ست به ئیراده‌ی خۆیان ده‌که‌ن، ئه‌و
کات ده‌سه‌ڵات ئه‌و زه‌به‌لاحه نیه نه‌توانرێت ڕوو به ڕووی ببیته‌وه،
به‌ڵکو زه‌به‌لاح بوونی ته‌نها تا ئه‌و کاته‌یه که چینی چه‌وساوه ته‌سلیمه
به به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌وان. هه‌رچ کات ده‌سه‌ڵات هه‌ستی به
ڕێکخراو بوونی چینی ژێر ده‌ستی خۆی کرد، بینی وا خه‌ڵکی چیتر نایانه‌وێت
بچنه ژێر باری دنیای ته‌سلیم بوونه‌وه، دیاره ده‌سه‌ڵات نایه‌ت به‌ڕوتدا
پێبکه‌نێت، به‌ڵکو به پۆلیس و داموده‌زگا هێرش به‌ره‌کانیه‌وه ڕوو به
ڕووت ده‌بێته‌وه بۆئه‌وه‌ی بترسێنرێیت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ڕێگای
پاشه‌کشه بوون هه‌ڵنه‌بژێردرا له‌و ڕێگایه‌ی گیراوه‌ته به‌ر بۆ سه‌پاندنی
داخوازیه‌کان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، دواجار به‌ناچاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
بۆخۆی ته‌سلیم به داخوازیه‌کان ده‌بێت. ئه‌مه سونه‌تی تا ئێستای
مێژووی هاتنه مه‌یدانه‌کان بووه دژی ده‌سه‌ڵات له هه‌رکوێیه‌ک
بووبێت.
هاوپشتی: به‌ردەوامی و گه‌شه‌ی بزووتنه‌وەی
بێدەنگ نابین تا ته‌حقیقکردنی ئامانجی کۆتایی خۆی له ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ریی
، بڵاوکردنه‌وە و بیر‌و ڕا دەربڕین و به مانا برفراوانه‌که‌ی ئازادی
سیاسی و هه‌ڵسوورانی سیاسی له گرەوی کام مه‌رجانه‌دایه ، ئه‌م
بزووتنه‌وەیه و رابه‌رانی ئه‌بێت په‌یڕەوی له کام شیعار ، ئاسۆ و
تاکتیک بکه‌ن به تایبه‌ت له کاتێکدا که هێشتا کوردستان له فازێکی
هه‌ڵواسراوی ژێر ده‌سه‌لاتدارێتی دوو میلیشیادایه، به‌دەر له ریاکاری‌یه‌ک
که له‌و په‌یوەندەوە ئه‌کرێت سه‌بارەت به بوونی حکومه‌ت و یاسا به‌لام
هه‌ژموونی دەسه‌لاتی حزب به‌ڕێوەبه‌ری لۆکا‌ڵی ناوچه‌کانه ، و خه‌ڵک و
ناڕەزایه‌تی‌یه‌کانی هه‌میشه قوربانی و باجدەری ئه‌م دوو دەسه‌لاته‌ن
. ئایا ئه‌م وەزعیه‌ته له‌مپه‌رێک نیه له تێکشانی ڕیزەکانی ئه‌م
بزووتنه‌وەیه، رابه‌رانی ئه‌م بزووتنه‌وەیه ئه‌بێت کام میکانیزمی هه‌لسووڕان
و خه‌بات بگرنه‌پێش بۆ تێکشکاندنی ئه‌م له‌مپه‌رە.
تاهیر حاجی حه‌سه‌ن: بزوتنه‌وه‌ی بێده‌نگ
نابین تا بکوژان به سزای خۆیان نه‌گه‌ن، بۆخۆی هه‌نگاوێکی باشه، به‌ڵام
ده‌کرێت ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ته‌نها خۆی نه‌به‌ستێته‌وه به سه‌پاندنی
ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ریه‌وه، چونکه حوکمی ده‌سه‌ڵات له‌و کایه‌وه سه‌رچاوه
ده‌گرێت که توێژی ڕۆشنبیران وه‌ک ترسێک بۆسه‌ر خۆی نابینێت ئه‌گه‌ر
هاتوو ئه‌و توێژه خۆی نه‌لکاندبێت به سه‌رجه‌م ئه‌و چینه‌ی به‌رده‌وام
ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه. ڕه‌نگه ده‌سه‌ڵات که‌سێک بهینیت و بڵێت ئه‌وه
بکوژی سه‌رده‌شت عوسمانه و دواجار بیکات به به‌شێک له تواناییه‌کانی
هێزه ئه‌منیه‌کانی خۆیشی. ده‌کرێت له‌گه‌ڵ ئاوا که‌یسێکدا زۆر به‌جیدی
لێکدانه‌وه‌کان بکرێن، چونکه ده‌سه‌ڵات له وه‌لام به‌ڕای گشتی ده‌یه‌وێت
به‌به‌ردێک دوو ئامانج بپێکێت. یه‌ک له‌وانه که‌سی گیراو له ژێر هه‌رچ
بارودۆخێکدا بێت له ڕێگای میدیاکانیانه‌وه به‌خه‌ڵک نیشان بدرێت و
شانی خۆی لێبه‌تاڵ بکاته‌وه. دووه‌م که‌سی بکوژ له‌دوا ساتدا حوکمی
سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌بڕێندرێته‌وه. لێره‌دا ده‌سه‌ڵات زۆر
وشیارانه ده‌یه‌وێت ده‌مکوتی سه‌رجه‌م ڕۆشنبیران بکات و پێیان بڵێت ئه‌وه
ته‌نها منم ده‌توانم ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگا دیاری بکه‌م نه‌ک ئێوه، له‌لایه‌کی
دی ده‌یه‌وێت سزای له سێداره‌دان خۆشه‌ویست بکات لای خه‌ڵکی ساده به‌گشتی.
(دیاره ئه‌و سزایه له هه‌رچ کوێیه‌کدا بوونی مابێت له‌وێدا نه
ئازادی هه‌یه نه ساده‌ترین شێوازی پیاده‌کردنی سونه‌تێکی
دیموکرسیخوازیانه). هه‌ربۆیه ئه‌رکی سه‌رجه‌م ئازادی خوازان و خودی
ئه‌و بزوتنه‌وه ناڕازیه‌ی ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان نیشان داوه بێده‌نگ نه‌بن،
هه‌وڵو کۆششی خۆیان ڕێکخراوتر بکه‌ن و خۆیان گرێ بده‌ن به‌و چینه‌ی به‌رده‌وام
چه‌وسانده‌وه‌ی له‌سه‌ره. خۆئه‌گه‌ر ئه‌و خرۆشانه جه‌ماوه‌ریه نه‌بوایه
ئه‌وا هه‌لوێستی چه‌ند نوسه‌ر و ڕۆشنبیرێکیش نه‌یده‌توانی کاریگه‌ریه‌کی
ئه‌وتۆی هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
له کوردستاندا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و دوو حیزبه زلهێزه،
هه‌رده‌م ده‌خوازن ئاینده‌ی کوردستان هه‌روا له هه‌ڵواسراویدا بمێنیته‌وه
و به‌پێی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه ده‌ره‌کیانه‌ی زلهێزانی دنیا دیاری ده‌که‌ن،
ئه‌مانیش سوود مه‌ندیه‌کانی خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه، بۆئه‌م هێزه
حیزبییه ناسیۆناله گرنگ نیه ئاینده‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌ره‌و چ
ئاقارێک ده‌ڕوات، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌مان تاکه‌ی ده‌توانن له‌ده‌سه‌ڵاتدا
بمێننه‌وه و یاری به چاره‌نوسی ملیۆنان ئینسانه‌وه بکه‌ن. ئه‌وه‌ی
جێگه‌ی پرسیار بێت له‌سه‌ر ئاینده‌ی کوردستان و لکاندنه‌وه‌ی به ده‌سه‌ڵاتی
تائیفی و دینی - قه‌ومی عێراقیه‌وه، هیچ ئاسۆیه‌کی ڕونی لێنابینرێت بۆ
خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی کوردستان، ئه‌وه نه‌بێت که له گێژاوی ڕۆژانه‌ی
ونبوونی خۆیاندا بخولێنه‌وه. به‌ڵام ئه‌م گێژاوه سیاسیه بۆده‌سه‌ڵاتی
ئه‌مڕۆی عێراق و کوردستان پڕ له خێر و به‌ره‌که‌ته. چونکه له‌سایه‌ی
ئه‌و گێژاوه سیاسیه‌وه‌یه سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدار بوون به یه‌کێک له
دیارترین سه‌رمایه‌دارانی ئه‌مڕۆی جیهان، ئیتر خه‌ڵکی بۆئه‌مان مه‌سه‌له‌یک
نیه، بێجگه له‌وه‌ی باجده‌رێک بێت بۆ درێژه‌دان به ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتداران؟
ئه‌وه‌ی گرنگه لای خه‌ڵکی چه‌وساوه ڕوون بێت که ئیتر هه‌مومان هه‌ر
کورد نین، به‌ڵکو له‌م نێوان کورد بونه‌دا دوو چینی جیاواز هه‌ن، ئه‌وانیش
چینی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی سه‌ر به سیستمی چه‌وسێنه‌رانن، له‌گه‌ڵ
چینی زه‌حمه‌تکێش، وه‌ک هه‌ر جێگایه‌کی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه. بۆیه هه‌وڵدان
له پێناو ناسنامه‌ی ناسیۆنال بوندا ته‌نها له‌و خۆش خه‌یاڵیه‌دا ده‌مێنیته‌وه،
که ته‌نها قازانج مه‌ند هه‌ر چینی ده‌سه‌ڵاتداره له‌وێدا نه‌ک کۆی
گشتی تاکه‌کان. هه‌ر له‌و چوارده‌وه‌ره‌ی کوردستانی تێدا دابه‌ش کراوه
هه‌ر لایه‌و خاوه‌نی سنوری خۆی و ئاڵای خۆیه‌تی، به‌ڵام له‌وێشدا چه‌وساندنه‌وه
دیارترین ڕوی کۆمه‌ڵگایه‌و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ند خواز بۆپاراستنی ئه‌و
ناسیۆنالیزمه چینی باڵا ده‌سته، ئیتر چی بکه‌م له مانای پیرۆزی
ناسیۆنالیزم بوون!!!!
26\5\2010
ماڵپه‌ڕی تاهیرحاجی حه‌سه‌ن
|