٤\١١\٢٠١٨
گڕی گومان!

بەشدار عوسمان
کاتێک ژێر زەمینی ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر دەسوتێت و هەرچی دۆسیەی
چەند ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی حکومەت و فرۆشتنی نەوتە گڕ دەگرێت،کاتێک
ژووری مەلەفەکانی پەرلەمان لەقاتی سێیەم لە رۆژێکی پشوودا گڕ دەگرێت و
هەرچی مەلەفی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانە دەبێت بە خۆڵەمێش،کاتێک بازاڕی
لەنگە لەنێو جەرگەی شاری هەولێر چەندین کەڕەت گڕ دەگرێت و دواتر
بەمەرجی گواستنەوەی شوێنەکەیان گڕەکە دەوەستێت و شوێنەکەشیان بە
هاوبەشی دەدرێت بەیەکێک لە سەرمایەدار و دەسەڵاتدارانی شار،کاتێک
رۆژنامەنوسێک لەنێوجەرگەی شار و بە بەرچاوی سەدان خەڵک و پۆلیس
بەئاشکرا دەڕفێندرێت پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە لەسەر هەڵوێست
و نوسینەکانی هەڕەشەی لێکرابوو،دواتریش کەیسەکەی ئاوەژوو
دەکرێتەوە،کاتێک کچێکی جوان و ژیکەڵە و پارێزەرێک بەیانیەکەی پێش چوونە
دەرەوەی لەماڵ خۆی دەڕازێنێتەوە،بەڵام لاشەکەی بە گڕگرتووی دەدۆزرێتەوە
و گوایە خۆی کوشتوە،کاتێک دارسنۆبەرەکانی چەند شوێنێکی ئەو شارە
ووشکیان کرد و دواتر دەرکەوت شەوان نەوتیان رژاندوە بۆ ئەوەی ووشک
بکرێت و دواتریش کرا بە ڤێلای بزنسی یەکێک لە دەسەڵاتدارەکان،کاتێک
هۆڵێکی هونەری ئەم شارە دەڕوخێندرێت بەمەبەستی چاککردنەوە،بەڵام دواتر
لەلایەن حزبەوە دەستیبەسەرادەگیرێت....،دەیان و سەدان کەیسیتر پێمان
دەڵێت ئیتر گومانێک نەماوەتەوە دەستێکی بەهێز لەپشتەوەی برسیکردن و
دەستبەسەراگرتن و بێدەنگککردنی خەڵکە،هێزێکی رێکخراو تاوانەکان
ئەنجامدەدات و هەموو دەزگاکانی ئەمن و ئاسایش و دەسەلاتی قەزائیش
لەهەوڵی بردنە پێشەوەی پلانە ئاگرینەکانن،ئیتر ڕەشەبای عەقڵ و مەنتق و
پلان و سیناریۆ قێزەوەنەکانی تریان شەقێک لە گڕی گومان هەڵدەدات و
هەمووان بەئاسانی ڕووی تاوانباران دەناسینەوە و ئامانجی پشتەوەی
هەوڵەکانیان بۆ هەمووان رۆشنە.
لە سوتاندنی جارێکیتری بازاڕی لەنگەی هەولێر،هەمووان بە ئاسانی لە
پەیامی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە گەیشتن و لەماوەی دوو رۆژی سەرەتادا
کاسبکار و دوکاندارەکان بەدەنگێکی بەرز لەسەر دار و بەردی سوتاوی
دوکانەکانیان گوتیان چۆڵی ناکەین و دەیانەوێت لێمان داگیربکەن !
دەسەڵاتدارانیان ناچار کرد واز لە پلانەکانیان بهێنن،بەڵام بەداخەوە
لەم نێوەندەدا سەدان خێزان و هەزاران کاسبکار بەگیرفانی خاڵی هاتنە
دەرەوە و بوونە قوربانی چاوچنۆکی دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری
کوردستان.
دەسەڵاتدارانێک سات و سەودا بە چارەنوسی خەڵکەکەی بکەن و هەرماوەیەک
دەست لەگەڵ هێز و وڵاتێک تێکەڵ بکەن و ژیان و چارەنوسی هەمووان بخەنە
بەر رەحمەتی دەبابە و ناقیلەی میلیشیاکان بۆ دەستکەوتنی نەوتی
زیاتر،کەسانێک شەق لە ناو گەڵی مامۆستا و فەرمانبەر هەڵبدەن تەنها
لەبەر ئەوەی داوای کرێی رۆژانەی کارەکەی کردووە،هێزێک گوڵڵە بنێن بەنێو
دەمو سینگی رۆژنامەنوسان و گەنجانی تەنها لەبەر ئەوەی ناڕازییە و دەنگ
هەڵدەبڕێ و دەنوسێ دژی ستەم و بێدادی و نایەکسانی،باکی بەوە نەبێت
دارکاری کەمئەندامان بکات و گەورەترین بێ رێزی بە پیر و پەککەوتە و
خانەنشینان بکات و ناچار بە پاروویەک نانیان بکات،فیرعەونەکانی
کوردایەتی دادگا و دەسەڵاتی قەزائی بکاتە گاڵتەجاڕ و مافیا و دز و پیاو
کوژ و ژنکوژەکان لە شەقامەکان بەئاشکرا بسوڕێنەوە،ئاساییە تەماعیشیان
لە زەوی دەستفرۆش و کاسبکارانێک بێت و هیچ هەستێکی ئینسانی ئازاریان
نەدا لە سوتاندنی شیری هەزارەها مناڵ و نانی پیر و پەککەوتەکان.
پلانی تێکدان و چۆڵکردنی بازاڕە میللیەکان،درێژکراوەی پلانێکە کە
دەسەڵاتی نەوتی و سەرمایەداری کوردستان چەند ساڵێکە دەستی داوەتێ لە
بەتایبەتیکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی وەک پەروەردە و تەندورستی و
ئاو و کارەبا و زیادکردنی باج و رسومات دەستی پێکرد،تاگەیشت بە
دەستبەسەراگرینی هەرچی بازاڕ و شوێنی ستراتیژ و تاپۆکردنیان بەسەر کەسە
نزیکەکانی خۆیان و دەرهێنانیان لەدەستی کاسبکارانێک بەدرێژایی ژیانیدا
رەنجیداوە بۆ بەدەستهێنانی.
ئەو هەزاران کاسبکار و دوکاندارەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر،کە
شەرەفمەندانە و ئازایانە بەبێ ئەوەی چاویان لەدەستی رێکخرا و ناوچە و
کۆمیتەکان بێت بۆ دامەزراندن و کارکردن وتەسکیەی حزبی،ساڵانێکی زۆرە
نانی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا دەکەن،هەر بەو ڕۆحیەتە بەرزەشیانەوە
لەدژی پلانی پشتەوەی گڕی ئاگرەکە وەستانەوە و شکستیان بە پلانەکەیان
هێنا لەگواستنەوەی شوێنی کارەکانیان و دەستبەسەراگرتنی وەکو بەشێکی
زۆری شوێنەکانیتر،ئەرکی هێزی ئازادیخوازی کۆمەڵگایە پاڵپشت و هاوکاریان
بێت و فەشەل بە پرۆژەیەک بهێندرێت کە ئامانج تەنها زیاتر برسیکردنی
خەڵک و بەرزکردنەوەی کۆنتۆ و خەزێنەی چەند کەس و خێزانێکی دەستڕۆیشتوی
کوردستانە.
ماڵپهڕی بهشدار
عوسمان
|