١٢\١٢\٢٠٢٢
گرنگیدان بە
بەرهەمەکانی "ئینگمار بێرگمان" و
سینەمای سوێد لە
فێستیڤاڵی فیلمی "دهۆک".
مەنسوور جیهانی
وردبوونەوە
و گرنگیدان بە بەرهەمەکانی "ئینگمار بێرگمان"، دەرهێنەری دیار و
کاریگەری دانەری سوێدی و براوەی چوار خەڵاتی ئۆسکار لە نۆهەمین خولی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "دهۆک" بەڕێوەچوو.
نۆهەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "دهۆک" بە یادی "یۆڵماز گۆنای"
دەرهێنەری بەناوبانگی براوەی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە فەرەنسا (١٩٨٢) و بە ئامادەبوونی دکتۆر "عەلی
تەتەر" پارێزگاری دهۆک، دکتۆر "سالار عوسمان" بریکاری وەزیری رۆشنبیری
و هونەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەمیرعەلی محەمەدتاهیر" سەرۆکی
فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "دهۆک"، کۆنسولی وڵاتی هیندستان لە هەرێمی
کوردستان، "شەوکەت ئەمین کۆرکی" بەڕێوەبەری هونەریی ئەم فێستیڤاڵە، "عەباس
غەزالی" کەسایەتی چالاکی ڕۆشنبیری، ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی بەشی
پێشبڕکێی "سینەمای جیهان" و بەشی کێبڕکێی "سینەمای کوردی"،
سینەماکارانی ئامادەبوو لەم بۆنە و رووداوە سینەماییە و هۆگران و
تامەزرۆیانی هونەری سینەما، بە نمایشکردنی فیلمی سینەمایی "بووکی
باران" لە دەرهێنانی "حوسێن حەسەن" و بەرهەمهێنانی هاوبەشی "مەمەد
ئەکتاش" و "محەمەد موحسین" و بە دەورگێڕانی "شیلان دووزدبان"، "حوسێن
حەسەن" و "بەنگین عەلی" لە هۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دهۆک لە شاری دهۆک لە
هەرێمی کوردستان کرایەوە.
سینەما ئامرازێکی زۆر گرنگە بۆ کاریگەری دانانی فیکری و کولتووری .
لە سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا، "ئەمیرعەلی محەممەد تاهیر" سەرۆکی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" گوتی: مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە کە
نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بەڕێوە دەبەین و پیرۆزبایی
بە هەموو هونەرمەندان و بەتایبەتیش سینەماکاران دەڵێم. لە هەلومەرجی
سەخت و دژواری ناوچەکەدا، ڕاگرتنی ڕووداوە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان
ڕووداوێکی ناخۆشە و بە پێچەوانەوە پشتیوانیکردنیان، وەک فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلم، لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا پەیامی تایبەتی خۆی هەیە. سینەما
ئامرازێکی زۆر گرنگە بۆ کاریگەریی دانانی فیکری، کولتووری و زیرەکیە و
دەوری ئەو لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان حاشا هەڵنەگرە.
فێستیڤاڵ دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ کۆبوونەوەی سینەماکارانی کورد و بیانی
لە تەنیشت یەکدی، بۆ ئەوەی کە زیاتر لەمە یەکتری بناسن و لەو کۆڕ و
کۆبوونەوانەدا کە هەیانە؛ بیروڕا و بیرۆکە نوێیەکانیان بخەنە ڕوو. لە
ڕاستیدا فێستیڤاڵەکە، پردێکە لە نێوان کولتوور و هونەرەکەیاندا.
هەروەها گوتیشی: بابەت و تەوەری ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە، کۆچبەرییە.
بەهۆی کێشە و گرفتەکان، لێک تێنەگەیشتن و شەڕە جۆراوجۆرەکانی ئەم
دونیایە؛ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی، شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونیان
بەجێهێشتووە و پەنایان بۆ شوێنە ئارامەکان بردووە. ئەو قەیران و
کارەساتانەی کە خەڵکی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، پرسێکی گرنگی مرۆڤایەتییە
کە لە ڕێگەی سینەما و ئەو فیلمانەی کە بەرهەم دەهێنرێن و لە فێستیڤاڵدا
نمایش دەکرێن، بۆ سەرتاسەری جیهان دەگوازرێنەوە.
سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" لە کۆتاییدا جەختی لەوە
کردەوە: هەروەک ساڵانی ڕابردوو سینەمای یەک وڵات میوانی ئەم
فێستیڤاڵەیە و ئەمساڵیش میوانداری سینەمای وڵاتی سوێد دەکەین. سوێد
خاوەنی سینەمایەکی زۆر گرنگ، بەهێز و کاریگەری دانەرە و هەروەها
سینەماکارانی بەناوبانگی بە سینەمای جیهان ناساندووە. لە تەنیشت
ئەمانەدا، وڵاتی سوێد گرنگییەکی تایبەتی بە مافەکانی مرۆڤ و بنەماکان و
پرەنسیپ و داب و نەریتی دیموکراسی دەدات و ژمارەیەکی زۆر لە
کوردەکانیشی لە خاکی خۆیدا داڵدە داوە.
ژیانی خەڵکی کوردستان توانای ئەوەی هەیە کە ببێتە فیلمێکی سەرکەوتووی
هۆلیوودی.
لە درێژەی ئەم مەراسیمەدا، دکتۆر "عەلی تەتەر" پارێزگاری دهۆک گوتی:
بەخێرهاتنی هەموو هونەرمەندان و میوانانی خۆشەویست دەکەم؛ دهۆک،
پارێزگایەکە ژیانێکی ئاشتەوایی و ئارامی تێدا درێژەی هەیە و هیوادارم
ببێتە سەرچاوەی هونەر و پشتگیریی هونەرمەندان لە هەرێمی کوردستان و
پاڵپشتییان بکات و لە ڕێگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"ەوە
پەیامی خۆی بۆ سەرتاسەری جیهان بگوازێتەوە. سوپاسی "مەسرور بارزانی"
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەردەوام
ئامۆژگاری و جەختمان لەسەر دەکاتەوە بۆ پاڵپشتی کردنی هونەرمەندان و لە
ماوەی ئەم چەند ساڵەشدا بە باشی و دڵسۆزانە پاڵپشتی لە هونەر و
هونەرمەندانی پارێزگای دهۆک کردووە. هەروەها وتیشی: دوای هێرشی داعش بۆ
ناوچەکە لە ساڵی ٢٠١٤، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا و هەروەها بڕینی
بودجەی هەرێمی کوردستان؛ زۆر پرس و کێشە بۆ ئێمە سەریهەڵدا. بەڵام
خۆشبەختانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" چالاکییەکانی خۆی
ڕانەگرت و ئەم چرا هونەرییە نەکووژایەوە.
پارێزگاری دهۆک لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی زیاد کرد: بەخێرهاتنی
سینەماکاران و میوانە تایبەتەکانی وڵاتی سوێد دەکەم کە لە
فێستیڤاڵەکەدا ئامادەن و هیوادارم کە پەیوەندی سینەماکارانمان ڕۆژ بە
ڕۆژ لەگەڵ وڵاتانی جیاواز و هەموو ساڵێک بە وردبوونەوە و گرنگیدان بە
سینەمای یەک وڵات بەهێز بکرێت و لەم رێگایەدا ئەزموون گەلی نوێ بەدەست
بهێنن. ئێوە هەمووتان ئاگادارن، ئەوەی کە لە ڕێگەی هونەری سینەما بۆ
جیهان دەگوازرێتەوە و ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر کۆمەڵگا هەیەتی، لە هیچ
کەسێک شاراوە نییە. ئەو چیرۆک و کارەساتانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستاندا
هاتووە، هەر کامە بۆ خۆیان، یەک بەرهەمی سینەماییە. ژیانی ئەو کەسانەی
کە لە کوردستان ژیاون، توانایی ئەوەی هەیە کە ببێتە فیلمێکی سەرکەوتووی
هۆلیوودی؛ بەڵام بەداخەوە بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر تا ئێستا ئەمە ڕووی
نەداوە.
دکتۆر "عەلی تەتەر" لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە: تەوەری ئەمساڵی
فێستیڤاڵەکە، کۆچبەرییە. ڕەنگە هەندێک کەس هەرگیز بۆ یەک جاریش
ئەزموونی کۆچیان نەکردبێت، بەڵام ئێمە دووجار یان زیاتر ئەوەمان
ئەزموون کردووە. بەداخەوە ئێمە تەنانەت بە شێوەی گروپیش بە زۆر و
ناچاری کۆچمان کردووە؛ ئەگەر هەندێک کۆمەڵگە بە شێوەی هەزاران کەس، بە
زۆر کۆچیان کردبێت، ئێمە بە شێوەی ملیۆنان کۆچمان کردووە. هەر لەبەر
ئەم هۆکارەش، ئێمە بە باشی ئاگاداری پرس و کێشەکانی پەنابەران و
ئاوارەکانین و یارمەتی و هاوکاریان دەکەین. لە دوای تێپەڕینی ئەو هەموو
ساڵە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ژیانی ئێمەدا هاتۆتە ئاراوە؛ بەداخەوە
ئەم دیاردە نەگبەتیە هەروەک خۆی بەردەوامە و تا ئەم ساتە، کێشە
بنەڕەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نەکراون. لە هەرێمی کوردستان
و لە پارێزگای دهۆک، جێگای سەربەرزی و شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە
تا ئەم ساتە، زیاتر لە نیو ملیۆن لە خوشک و براکانمان بە ناچاری لە
شوێنە جیاوازەکانی عێراقەوە هاتوون، لەوانە؛ شنگال، دەشتی نەینەوا،
ئەنبار، باشووری عێراق و شوێنەکانی دیکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پەنایان بۆ ئێرە هێناوە و ئێستاکە لێرە دەژین و ئێمەش بە ڕوویەکی کراوە
و هزر و عەقڵێکی ئارام میوانداری لەوان دەکەین. ئێمە لە رێگای
بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" و بەرهەمهێنانی فیلم و
بەرهەمە سینەماییەکان دەمانەوێت کە پەیامی ئاشتی، ئاشتەوایی، ئارامی،
خۆشەویستی، سۆز، میهرەبانی، چارەسەرکردنی کێشەکان، ژیانێکی ئاشتەوایی و
ئارام و هتد بۆ جیهان بگوازینەوە.
سینەما ڕۆشنبیری، داهێنان و جوانییە .
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمی کردنەوەی نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
"دهۆک"، دکتۆر "سالار عوسمان" بریکاری وەزیری ڕۆشنبێری (فەرهەنگ و
هونەر) ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێم وایە سینەما ڕۆشنبیری،
داهێنان و جوانییە. سینەما هونەرێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە؛ هەر
لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە لە سینەمادا کۆمەڵگا جیاوازەکان بە هەموو
خەونەکان و پارادۆکس و کێشەکانیانەوە دەبینین. هەر بەرهەمێکی سینەمایی
لە خۆیدا پەیامێک بۆ ئێمە دەگوازێتەوە کە کۆمەڵگا بەرەو ڕووناکی،
رۆشنایی و جوانی ڕێنمایی دەکات.
ئەو هەروەها گوتی: لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری (فەرهەنگ و هونەر)ی
حکومەتی هە ڕێمی کوردستان، پشتیوانی خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" ڕادەگەیەنین. ئێمە لەم کاتەی ئێستادا، لە
قۆناغ و دۆخێکی هەستیاردا بەسەر دەبەین؛ ئێمە کارەسات و تاوانەکانی وەک
ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆچی زۆرەملێی کوردەکان و چەندین پرس و
کێشەمان تێپەڕاندووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، داوا لە سینەماکاران
دەکەین کە لە بەرهەمەکانیاندا مامەڵە لەگەڵ ئەو کارەسات و خەمە
قووڵانەدا بکەن و پیشانی کۆمەڵگاکەی خۆیان و جیهانیان بدەن. هیوادارم
سینەمای نیشتمانی بۆ کوردستان کاریگەری دانەر بێت؛ چونکە کەڵکەڵە و
نیگەرانییەکی زۆری هەیە و ڕووبەڕووی مەترسییەکانی دەوروبەریش دەبێتەوە
و دەیەوێت هەنگاو بنێتە ناو ئایندەیەکی رووناک و گەشاوە.
گرنگیدان بە بەرهەمەکانی "ئینگمار بێرگمان" و سینەمای سوێدی.
بەپێی نەریتی هەر خولێکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"، سینەمای
یەک وڵات وەک وڵاتی گرینگ و وردبوونەوە لە فیلمەکانی لە ڕۆژانی
فێستیڤاڵەکەدا بەشداری دەکات. لە ڕاستیدا، یەکێک لە ئامانجە
سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکان ئاڵوگۆڕی کولتووری و دروست کردنی پردەکانە
بۆ پەیوەندی و پەیوەستکردنی سینەماکارانی ناوخۆیی لەگەڵ سینەماکارانی
بیانی. سوێد خاوەنی سینەمایەکی باڵادەست و پێشکەوتنخوازە کە ئەمە
دەتوانێت ڕێگەیەکی زۆر باش بێت بۆ کەڵک وەرگرتن لە سینەمای سوێدی. بەم
پێیە، سوێد بە هەڵبژاردنی کۆمەڵێک لە فیلمە بەرچاوەکان لە نۆهەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆکدا، دەبێتە وڵاتی مەکۆ و ناوەندی.
لە نۆهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک"دا، لە بەشی "نمایشکردنی
تایبەتی سینەمای سوێد" ٩ فیلمی درێژ دەچنە سەر پەردە، لەوانە؛ فیلمی "پێرسۆنا"
Persona و "قەیران" Crisis لە دەرهێنانی "ئینگمار بێرگمان" Ingmar
Bergman، فیلمی سینەمایی "کۆتایی ڕەوێن" Raven's End لە دەرهێنانی "بۆ
ویدێربێرگ" Bo Widerberg، "چەند گۆرانییەک لە نهۆمی دووەم" Songs from
the Second Floor و "چیرۆکی خۆشەویستی سوێدی" A Swedish Love Story لە
دەرهێنانی "ڕۆی ئەندەرسۆن" Roy Andersson، فیلمی "چوارگۆشە" THE SQUARE
و فیلمی سینەمایی "یاری" Play لە دەرهێنانی "ڕۆبێن ئۆستلەند" Ruben
Oslund، فیلمی سینەمایی "مایا نیلۆ" Maya Nilo لە دەرهێنانی "لوویسیا
سیرێن" Lovisa Sirén، فیلمی سینەمایی "کچان" Daughters لە دەرهێنانی "جێنیفێر
مالمکویست" Jenifer Malmqvist.
هەروەها مێزگرد و پانێڵێک لەژێر ناونیشانی "سینەمای سوێدی: لە ئینگمار
بێرگمانەوە بۆ ڕۆبێن ئۆستلەند" لەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی
دهۆکدا لە لایەن "فرێدی ئۆڵسۆن" Freddy Olsson بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ
بەڕێوەبەری پانێڵەکە پرۆفیسۆر "ماگنۆس باڕتاس" Magnus Bärtås بەڕێوەچوو.
ئەندامی باوەڕپێکراوی خەڵاتەکانی ئسکرین "ئاسیا پەسیفیک".
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" ئەندامی باوەڕپێکراوی ڕێوڕەسمی
پێشکەشکردنی خەڵاتەکانی ئسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری
ئاسیا" APSA لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیایە و لە ئاستی وڵاتی عێراقدا بەرهەمە
سینەمایی و بەڵگەفیلمەکان بەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە دەناسێنێت.
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"ی
ئەم فێستیڤاڵەوە تەندیسی گەڵا مێویی زێڕ و زێو، لەوحەی فەخری و خەڵاتی
١٠ هەزار دولاری بۆ باشترین فیلمی سینەمایی، خەڵاتی ٥ هەزار دولاری
تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ باشترین دەرهێنانی فیلمی سینەمایی،
خەڵاتی ٤ هەزار دولاری بۆ باشترین سیناریۆی فیلمی سینەمایی، خەڵاتی ٣
هەزار دولاری بۆ باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی ٣ هەزار دولاری بۆ
باشترین ئەکتەری ژن، خەڵاتی ٥ هەزار دولاری بۆ باشترین بەڵگەفیلم،
خەڵاتی ٨٥٠٠ دولاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوانی دهۆک بۆ
باشترین کورتە فیلم بۆ پشتیوانی لە سازکردنی پڕۆژەی نوێ دەرهێنەری ئەم
بەرهەمە، خەڵاتی ١٠ هەزار دولاری تایبەتی ئەندامای لێژنەی دادوەران بۆ
باشترین کورتە فیلم کە لە ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی ١٠
هەزار دولاری پارێزگاری دهۆک بۆ باشترین فیلمی سینەمایی فیلم کە لە
ناوچەی بادینان بەرهەمهاتووە، خەڵاتی ٤ هەزار دولاری یەکێتی نووسەرانی
کورد بۆ باشترین فیلمی کوردیی کە لە دەرەوەی سنوورەکان سازکرابێت و
هەورەها خەڵاتی ٣ هەزار دولاری ئەنستیتۆ "گۆتە"ی ئەڵمانی بۆ باشترین
بەڵگەفیلمی کورت پێشکەش دەکرێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیر عەلی محەمەد
تاهیر" و بە دەرهێنانی هونەری "شەوکەت ئەمین کورکی" بە یادی سینەماکاری
هەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی "چڵە
خورمای" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (١٩٨٢) و بە
مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی
سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان
نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.
نۆیەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە تایبەت بە بابەتی "کۆڕەوی" و بە نمایشی ٩٧
بەرهەم، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و
بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە:
بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"، واتە: ٩ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٨
بەڵگەفیلم و ١١ کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، واتە: ٥
فیلمی بڵندی سینەمایی، ٦ بەڵگەفیلم و ١٥ کورتە فیلم، بەشی "ڕوانینێک بە
سینەمای جیهان"، واتە: ٦ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٤ بەڵگەفیلم و ٣ کورتە
فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردی"، واتە: ١٩ کورتە فیلم، بەشی "نمایشی
تایبەت بە سینەمای سوێد" ٩ فیلمی بڵندی سینەمایی و هەروەها بەشی "نمایشی
تایبەت بە سینەما" ١ فیلمی بڵندی سینەمایی و ١ بەڵگەفیلم لە ڕۆژانی ١
تا ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢. ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە هۆڵی "کۆنگرە"ی
زانکۆی دهۆک، کۆمەڵەی سینەمایی "دهۆک مۆڵ" لە شاری دهۆک لە هەرێمی
کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.duhokiff.com
https://www.facebook.com/duhokiff
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی![](images/internet.jpg)
|