|
١٤\٥\٢٠٢٦
گرنگـییەکانی
ئەنـدێـشە لە گەشەکـردنی منـداڵان.

رەزا سـاڵح
ئەنـدێـشە،
گەورەتـریـن سامـانی مـرۆڤـە. کـلـیـلی داهـێـنانەکـانە. ئـەو
پـێـشکـەوتـن و شارستانی و شـتە سەیـر و سەمەرە تەکـنەلـۆژیـانەی، کە
مـرۆڤ دروستیانیکردوون. هـەمـوو ئـەو گـۆڕانـکاریـیـانەش کە لـە
بـوارەکـانی ژیـانـدا هاتـوونەتەدی. لە سایەی ئەنـدێشەی مرۆڤـدا
هاتوونەتەدی. راستیە بەرجەستەبووەکانی ئەمڕۆمان، ئەندێشە و خەونەکـانی
دوێـنێـمانن. ئەنـدێـشە و خەونـەکانی ئەمـڕۆشـمان، لە سبەینـێدا دەبن
بە راستی و دێنەدی. ئەنـدێـشە رەگەزێکی سەرەکییە لە هەموو داهـێنانێکی
هـونـەری و زانستـیدا. ئەنـدێـشە ئەو هـێزە ئەفـسووناوییـەیە، کە
مـرۆڤی خـستە سەر مانـگ، لە سـاڵانـێکی نـزیکـی داهـاتـووشـدا،
دەیخـاتە سـەر گـڕەهـەسـارە "مـەریـخ". ئەنـدێشە دەمانباتە هەر شوێـنێک
کە بمانەوێـت. نە بازگـەی لێ هـەیە و نە پاسپۆرتی دەوێـت.
(تایـلـۆر) دەڵـێـت:"ئەوە هـێزی ئەنـدێشەیە، کە کارەبـای ئەم شـارەی
بەدیهـێـناوە".
ئەندێشە چالاکییەکی ئەقـڵییە، بریتییە لە توانای دروستکردن و
کۆنترۆڵکردنی وێنە و سیناریۆ و بیرۆکەی دەروونی. یان دووبارە
دروستکردنەوەی وێنە لە مێشکدا بۆ ئەو شتانەی لە جیهانی راستەقـینە و
لـۆژیکـیدا بوونیان نییە. ئەندێشە جیهانێکی فانتازی دروست دەکات. هـانی
مرۆڤ دەدات بۆ هـێنانەدیی خەون و ئامانجەکانیان، لە میانەی
ئەنـدێـشەکـردن و هـەستکـردن بە خۆشـیی هـێـنانەدییـان. ئەمـەش
هـانیـان دەدات بۆ کۆششکردن و کارکردن بۆ ئەوەی بیانکەن بە راستی.
زۆرجار ئەندێشە پەیوەستە بە داهـێـنان و توانـای بیـنینی جیهـان، لـە
روانـگەیەکی نـوێ و پەرەپێـدانی داهـێنـەرانە. ئەندێشە بەردی بناغەی
داهێنان و دۆزینەوەی چارەسەرکردنی کێشەکانمانە. زاخاوی هـزر و خولـیا و
ئـارەزووەکانـمان دەدات، بۆ گۆڕانکارییەکی راستەقـینە لە جیهانـدا.
ئەنـدێـشە پیویستیەکە لە پێویستـییە گـرنگەکانی مـرۆڤ، لە هـەر
تەمـەنـێکـدا بێـت.
(ئەلـبـێرت ئەنیـشتاین) دەڵـێـت:"ئەنـدێـشە گـرنگـترە لە زانیـن.
زانیـن سـنـووردارە، بەڵام ئەنـدێـشە هـەمـوو جـیهـان دەگـرێتـەوە.
هـانی پـێـشکەوتـن دەدات و بەشداری لە گەشـەکـردنـدا دەکـات".
ئەنـدێشەی منـداڵان، بریتییە لە توانای منداڵان بۆ پێکهـێنانی وێنە و
بیـرۆکە، کە لە راستیدا بوونیان نییە. منـداڵان بە ئەندێشە، جیهانێکی
ناوازەی نموونەیی تایبەت بە خۆیـان بنیـات دەنـێن. گەورەکان دەتـوانـن
بە ئاسانی جیـاوازی لـە نێـوان راسـتی و ئەنـدێـشەدا بکەن. بەڵام
زۆرجار منداڵانی بچـووک، ئەنـدێـشە و راستی تێکەڵ دەکەن.
بە ئەنـدێـشە دارسـتانێکی جـوان دروستـدەکەن، پـڕە لە ئـاژەڵی
منـداڵـدۆست. دەتـوانن لەگەڵ منداڵانـدا قـسە بکەن. یان دەبینین
منداڵێک دەچـێتە ناو سندوقێکی کارتـۆنەوە و بە کەشتییەکی ئاسمانی
دەزانێت، بە ئەنـدێـشە گەشـتی ئاسمان دەکات و دەچـێـتە سـەر مانـگ و
هـەسارەکان. ئەمانە لە جیهـانی ئەنـدێـشەیی منـداڵانـدا ئاسایی و
سـروشـتین.
ئەنـدێـشە تـوخـمێکی چـارەنـووسسازە لە گەشـەکـردنی منـداڵان. دەرگـای
جـیهـانێک لە زانستی و فێربوون گەشەکردن و کارامەیی و ئەگەرە
بێسنوورەکانیان لێدەکاتەوە. ژیانی منـداڵان بە ئەنـدێـشە دەستپێدەکات.
دواتر وردە وردە دەچـنە نـاو جیهـانی راسـتەقـینەی سەختەوە. جیاوازی لە
نیوان راستی و ئەندێشەدا دەکەن. لووتکەی ئەندێشەی منداڵان، لە تەمـەنی
سـێ تا شـەش سـاڵـییە، واتـە قـۆنـاغی پـێـش قـوتـابخـانەی
بنـەڕەتـیـیە.
ئەنـدێـشە لە ئەمڕۆ لە داهـاتووشـدا رۆڵـێکی گرنگی لە ژیانی منداڵاندا
هـەیە. منـداڵان لە رێگەی ئەندێشەوە، بەسەر بەربەستەکانی کات و شوێـن و
ئەسـتەمـدا، بازدەدەن و سنووری هـێزەکانی خۆیـان تێـدەپەڕێـنن و
دەستیان بۆ ئەو شـتانە درێـژدەکەن، کە لە راسـتیـدا ناتـوانـن
بەدەستـیان بهـێنـن. جـیهـانێکی ئەفـسوونـاوی نـاوازە و فـانتازی و
دڵخـوازی ناراسـتی دروسـت دەکـەن.
(س. ج. مبلـیرانـت) دەڵـێت:"واز لە منـداڵەکانتان بهـێـنن، با
باڵـەکانیان تاقـیـبکەنەوە، لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئـەوە
بـەو مانەیە نیـیە، کە نابێـت بە ئـازادی بفـڕن".
ئەنـدێـشە زۆر لەوە زیاتـرە، کە ئامـرازێکی یارییەکی ئەنـدێـشەیی "یارییـەکی
درامی" منـداڵان بێـت، یان زینـدەخـەونێک بێـت. بەڵکو ئەنـدێـشە
رەگەزێکی سەرەکی و ئـەو بناغەیەیە، کە منداڵان، تێگەیشتنی خۆیان لەسەری
بنیات دەنێن. پەرە بە گەشەکردنی زانستی و هـزری و سۆزداری و کۆمەڵایەتی
منداڵان دەدات. ئەنـدێشە خۆدەرخستن و کـنجکاوی منـداڵان دەورووژێـنێـت
و چـرای داهـێـنان هـەڵـدەکـات.
گرنگـییەکانی ئەنـدێـشە لە گەشەکـردنی منـداڵان:
پەرەپێدانی ئەندێشەی منداڵان، لە ساڵانی پێکهـێنانیدا، گرنگییەکی
زۆریان هەیە، چ لە ڕووی هـزری و چ لە ڕووی کـۆمەڵایەتییەوە. لە
خـوارەوە زۆر بە کـورتی و بە چـڕی چەند سوودێکی سەرەکی گەشەکردنی
ئەندێشە، لە گەشەکردنی منـداڵان دەخەینەڕوو:
١ـ ئەنـدێـشە رۆڵـێکی گرنگی لە گەشەکردن و بەرزکردنەوەی زانستیی
منداڵان هەیە.
ئاستی زیـرەکی و هـۆشـیاری منـداڵان و کارامـەییە جیـاوازەکـانیان
بەرزتـر دەبنـەوە.
٢ـ ئەنـدێـشە متمانە بەخۆبـوون و گەشـبینی و هـیوا و دەروون ئاسوودەیی
بە منداڵان دەبەخشێت. دەیانخاتە سەر ئەو باوەڕەی کە شتێک نییە ناوی
ئەستەم بێت. لە میانەی ئەندێشەکردندا لە ژیانی داهاتوویەکی باشتردا، لە
سایەی ئیـرادە و بڕیارێکی تۆکمەدا، لە سایەی کوشش و کار و
تاقیکردنەوەدا، هەموو خەون و هـیواکانی مـرۆڤ دێنەدی.
٣ـ ئەنـدێـشە پەرە بە توانای زمـانی زارەکـی و نووسراوی منداڵان دەدات.
منداڵان لە کاتی یارییە ئەنـدێـشە دراماییەکانیان. زۆر گـفـتوگـۆ
لەگـەڵ یەکـتری دەکەن یان لەبەر خۆیـانەوە قـسە لەگەڵ بابەتەکانی
یارییەکـانیان دەکـەن. وشـەی نـوێ بەکاردەهـێـنن و وشەسازییان
فـراوانـتر دەکـەن، پێکهـاتەی رستەکانیان باشتر دەبـن. توانای داڕشتنی
رستەی ئاڵـۆزیان دەبێت. ئەمەش توانای زمـانیان بەهـێزتـر و بەرزتـر
دەکات. توانای گـوزارشتکـردنی باشـتریان لـە بیـرۆکەکـانیـان دەبێـت.
تـوانای پەیـوەنـدیکـردنیـشیان باشـتر دەبـێـت.
٤ـ منـداڵان لە رێگەی ئەنـدێـشەوە، فـێری ئـەوە دەبـن کە چـۆن پـشـت بە
تـوانـاکانی خۆیان ببەستن، لە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگی و کێشانەی
رووبەڕوویان دەبنەوە.
٥ـ ئەنـدێـشە ئـەو بنـاغـەیەیە، کە داهـێنانی لەسـەر بنـیات دەنـرێـت.
ئەنـدێـشە هـانی منـداڵان دەدات بـۆ داهـێنان و بۆ گـۆڕینی جیهـانی
دەوروبـەریان. ئەنـدێـشە ئەگـەری بـێـسنـوور دەکـاتـەوە، هـانی
منـداڵان دەدات، بـۆ گـەڕان بـە دوای بیـرۆکە و چەمکە نـوێیـەکانـدا.
هەروەها دەرفـەت بۆ کارلـێککردن و دەربـڕین دەڕەخـسێنێت، ڕێگەیان
پێـدەدات پـەرە بە دیـدگـا ناوازەکـانیان بـدەن.
٦ـ ئەنـدێـشە پەیـوەنـدیی کـۆمـەڵایـەتـیی منـداڵان بەهـێـزدەکـات،
فـێری نـۆرمـەکـانی کـۆمـەڵایـەتی دەبـن. دەبنـە کەسـانـێکی زیـاتـر
سـۆزدار و مـیهـربـان. بـاشـتریـش لە کەسانی تـر تێـدەگـەن. فـێری
پەیـوەنـدیی هـاوڕێـتی و هـاوکـاری دەبـن.
٧ـ هـونەر و وێژە، دوو ئامرازی بەهـێزن بۆ هاندانی ئەندێشەی منداڵان.
خوێندنەوەی پەرتووک و وێنەکـێشان و موزیک، دەتوانن هەست و بیرکردنەوەی
نـوێ لە منداڵانـدا بورووژێـنن. پێویستە هـانی منداڵان بـدرێن بۆ
بەشداریکـردن لە چالاکـییە هـونەری و وێـژەییـەکانـدا. رێگەیـان
پێبـدرێـت بە شـێوەیەکی داهـێنەرانە بیـرۆکەکانیان دەربـڕن.
٨ـ هـيچ شـتێک لە ئەنـدێـشەیەکی تەنـدروست گرنگـتر نیـیە، بۆ
گەشەکـردنی منداڵان. ئازادیی ئەوەیان هـەیە، کە جیهانێکی دڵخواز لە
مێـشکـیانـدا دروسـتبکەن. لە سایەی هـێزی ئەنـدێـشەدا، دەتـوانـن ببـن
کەسـانـێکی تـر. فـێری سـەربـەخـۆیی دەبـن.
٩ـ ئەنـدێـشە بەشـداری سەرەکـییە، لە بنیاتنـایی کەسـایەتی هـاوسـەنـگی
منـداڵان.
١٠ـ ئەنـدێـشە کاردانـەوەی ئەرێـنیی لەسـەر تەنـدروستی دەروونی
منـداڵان هـەیە.
١١ـ ئەندێشە پەرە بە تواناکانی بیرکردنەوەی ڕەخـنەیی دەدات. سەکۆیەک بۆ
منداڵان دابین دەکات، بۆ پراکـتیزەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخـنەیی، لە
ڕێگەی بەشداریکـردن لە سیناریۆی گریمانەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە
شێوەیەکی داهێنەرانە. لە ڕێگەی تاقـیکردنەوە و هـەڵەکـردنەوە، منـداڵان
دەتـوانـن کـێشە ئاڵـۆزەکانیان چارەسەر بکەن بەبـێ ئـەوەی دەرئەنجـامی
نەرێـنییان لـێـبکەوێتـەوە.
١٢ـ زۆرجار یاریی ئەنـدێـشەیی بـریتییە لە (یاریی درامـایی) لە
ڕۆڵگـێڕان. ڕێگە بە منداڵان دەدات کارەکتەری جیاواز وەربگرن و پەرە بە
هاوسۆزی بدەن. ئەم چالاکییانە یارمەتیدەرن بۆ پەرەپێدانی هـۆشیاری
سـۆزداری منـداڵان، بۆ خۆیان و کەسانی دیکە.
١٣ـ نواندنی جەستەیی و سیناریۆی ئەندێشەیی، وەک یاریکردنی "مـاڵە
باجـێـنە" یان یاریی "گورگ و شـوان و مەڕەکـانی"... هـتـد. ئەم یارییە
ئەنـدێـشەیی و جەستەییانە، یارمەتیـدەرن بـۆ پەرەپێـدان و
بەرزکـردنەوەی تـوانـا جـووڵـەییەکـانی منـداڵان.
١٤ـ پەرەپێدانی ئەنـدێشەی منداڵان، یارمەتی بیرکردنەوەی داهـێنەرانە
دەدات. منداڵان دەتـوانـن بیـرۆکەی نـوێ بخـەنە ژیـانیـانەوە و
جـیهـانەکـانی خـۆیـان دروسـت بـکەن. بەشداری لە گەشەکـردنی توانا
دەروونییەکان و فـراوانکردنی ئاسۆی هـزرییان بکەن. یارمەتییان دەدات بۆ
گوزارشتکـردن و بۆ تێگەیـشتن لە هەستەکانی ناوەوەی خۆیـان.
١٥ـ ئەندێشە بەشێکی گرنگە لە تەندروستیی دەروونی منداڵان. هێمنی و
ئاسوودەییان پێـدەبەخـشێـت، یارمەتـیی منـداڵان دەدات، بـۆ زاڵـبوون
بەسـەر دوودڵی و دڵـتەنـگی و و سـترێـسی و بـێـزاریـدا.
بێگومان وێـژەی منـداڵان، دەروازەیەکە بۆ جیهـانە بێسنوورەکانی
ئەنـدێشەی منداڵان.
بە سەدان چـیرۆکی ئەفـسانەیی ئەنـدێـشەئامـێزی کلاسیکی و مـۆدێـرن بە
تایبەتی بـۆ منـداڵان نووسـراون. کە پەیـامی پـەروەردەییـان
لەخـۆگـرتــوون.
ئامـاژە بـەوەش دەدەیـن، کە لەژێـر کـاریـگەریی چەنـدیـن هـۆکـاردا،
گـرنـگی و رۆڵی ئەنـدێـشە لە گەشەکـردنی منـداڵانـدا، لە منـداڵـێکەوە
بۆ منـداڵـێکی تر جیاوازی هـەیە. وەک: تەمـەن و ژیـنگە و هـانـدان و
ئەزمـوونە کەسـیـیەکان و کـارلـێککـردن لەگـەڵ کەسانی دیـکەدا.
٢٠٢٦ - دوبـەی
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|