٧\٦\٢٠١٢
گرمەی مەرگ!

دارا ئەحمەد
پێشکەشە بە داکم کە
سەرلەسپێدەی دوونێ (٦\٦\٢٠١٢)
گیانی خۆی سپارد.
هێشتا لە پشتی
بابیشم نەمەییبووم
زڕەی زنجیری نەریتم هاتە بەر گێ
کە دەستی داکم پساندی!*
* * *
گرمە و شریقەی ئاسمانان..
گرمەگرمی زەمین
لەرزە..
دەنگ و گرمەی
داڕووخان و بەریەککەتن..
گرمەی تۆپان
کە لە پەنات زرمەیان دێ و داتدەبێژن...
گشت گرمەکانم بیستبوو
وەلی هیچ یەک
وە قەد گرمەی مەرگی دایۆم نەیهەژاندم!
* * *
مەرگی هاوڕێ و هاودەمانم
مەرگی خزم و ناسیارانم
مەرگی
هەرچی مرۆڤ هەیە
پڕ لە
سفتوسۆنە لەکنە من
وەلی هیچیان..
هیچیان هێندەی مەرگی دایۆم بە سۆ نەبوون!
* * *
هەر لەو گۆڕەی بە تاراوگە ناوی نابەن؛
تێکڕای رێکان -
رێ و بزنەڕێ -
وە دڕکەزیی زەرد و کەسک
وە گوڵی زەقنەبووت تەنرابوون!
دوا پەنای من
ئاسۆی ئاسمانی
بەرین بوو
رۆشناییەکانی دایۆمی لێ ببینم..
وەلی لەوێش
لە جێی کوڵمە توند و تورت و سۆرەکانی
تەنێ تارمایی و تەمتومان..
لە جێی چەخماخە و
ئاورینگی ژێر پایانی
دیسان هەر تەنێ تارمایی و تەمم
دیتن!
* * *
هێشتا لە پشتی بابیشم نەمەییبووم
زڕەی زنجیری نەریتم هاتە بەر گێ
کە دەستی داکم پساندی!
تکایە یاران لێممەگرن؛
جەرگ و دڵم هەڵپڕووکان
کە مەرگی داکم گرماندی!
__________________________________
*
چەند بەختەوەرم ئەمن کە کوڕی (خونچە میرزا)م؛ ئەو ژنە بوێرەی لە
پەنجاکانی سەدەی رابردیی بە دەستبەردان لە هاوسەرە نابەدڵەکەی و
هەڵبژاردنی بابم.. کۆنەپەرستیی دینیی لە بن پێی خۆی نا و دابونەریتە
پیاوسالارییە دڕندانەکەی ئەو سەردەمی تێکوپێک شکاند! بە دەیان جار بە
چاوانی خۆم دیتیتم کە داکم لەتەک بابم - کە هەردەم قاچاغ بوو لە
دەسەڵاتداران - دەچوونە هەر جێیەک دەمانچەکی لە بن بەرباغەڵی کراسە
شۆڕە کوردەوارییەکەی لە کەلەکەی خۆی دەبەست و بە چەندین جێی پڕ
مەترسییداری وەک بازگەکانی رژێمی گۆڕبەگۆڕی گۆرینێ تێدەپەڕین. سڵاو لەو
ژنانەی کە دەتوانن لە پێناو ماف و ئازادییەکانی خۆیان وەک داکم ئازا و
جەربەزە بن.
٧\٦\٢٠١٢
- لەندەن
ماڵپهڕی دارا ئهحمهد
|