په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠٢٢

''گیرۆدەیی''

نەخۆشییەکی درێژخایەن و جیھانیی!


د. کامەران ئەمین ئاوە  


گیرۆدەیی مێژوویەکی بە درێژایی ھەزاران ساڵ ھەیە. لەکاتی سەرھەڵدان و بەرھەم‌ھاتنی یەکەم ماددە نەشئەکەر، کەیف‌خۆشکەر، مەست و سەرخۆشکەرەکان وەکو ئەلکۆڵ، تریاک و ھتد مروڤ و کۆمەڵگە ڕووبەڕووی ئاکامە نەرینییەکانی بەکارھێنانی ئەم ماددانە لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی بنەماڵەیی، ئابووری، تەندروستی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە. لە درێژایی ساڵانێکی زۆر لە سەدەی ڕابردوو، زانایان و لێکۆڵینەرانی بواری گیرۆدەیی، خووپێ‌گرتووەکانیان بە کەسانێکی چەوت، بێ‌ئیرادە و لادەر لە ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە پێناسە دەکرد و، ھەر بەم ھۆیە ئەوانیان شایانی سزادان و ھەڵسوکەوت و جووڵانەوەی سەخت و توندوتیژانەی یاسا و کۆمەڵگە دەزانێ.
ئەمڕۆکە بەپێی ڕەوتی گەشەسەندن و پێشکەوتنی زانستی پزیشکی، ڕەوان‌ناسی و کۆمەڵناسی، گرێ‌کوێرەکانی پێوەندیدار بە ھۆی گیرۆدەیی ڕوون بوونەتەوە و، دیاردەی خووگرتن وەکوو نەخۆشییەکی درێژخایەنی پزیشکی پێناسە دەکرێ. بەم پێیە، ئەم نەخۆشانە پێویستییان بە دەرمان و ھاوکاریی ناوەند و بنکە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی و پزیشکی ھەیە. لەم بابەتەدا ھەوڵ دەدرێ ئاوڕێک لە ڕادەی پەرسەندنی نەخۆشیی گیرۆدەیی لە ئاستی جیھان، ئێران و کوردستان بدرێتەوە.

سەردێری بابەتەکان بریتین لە:
١. گیرۆدەیی بە نیکۆتین
٢. گیرۆدەیی بە ئەلکۆڵ
٣. گیرۆدەیی بە ماددە ھۆشبەرەکان

١.‌ گیرۆدەیی بە نیکۆتین.


نیکۆتین ماددەیەکی خووپێگر و یەکێک لە ھۆیە سەرەکییەکانی نەخۆشیی دڵ و ڕەگەکان، ھەناسەیی و پتر لە ٢٠ چەشن یان ژێرچەشنی شێرپەنجەکان و، دووھەمین ھۆی مردن لە تەواوی جیھانە. لە ئاستی جیھاندا نزیکەی ١/١ میلیارد کەس جگەرە دەکێشن و ھەر ساڵ پتر لە ٨ میلیۆن کەس بەم ھۆیە و ٢/١ میلیۆن کەسی جگەرەنەکێش لەژێر کاریگەریی دووکەڵی جگەرە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.
نزیکەی نیوەی منداڵانی جیھان ھەوای ئالوودە بە تەماکۆ ھەڵدەمژن و ھەر ساڵ ٦٥ ھەزار کەس لەو منداڵانە بە ھۆی کاریگەریی دوکەڵی تەماکۆ گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. جگەرەکێشان لە وڵاتانی لەحاڵی گەشەسەندندا باوە و، بە چەشنێکی بەردەوام لە حاڵی پەرەسەندن‌دایە. لە چین لە سەتا ٧٠ی پیاوانی سەرەوەی ٢٥ ساڵ جگەرە دەکێشن و بەرزترین ڕادەی مردن بە ھۆی جگەرەکێشان لەو وڵاتانە دەبیندرێ کە داھاتیان کەم یاخود مامناوەنجییە. ئەم وڵاتانە شوێنی دەستێوەردان و دیتنەوەی بازاری کڕین و فرۆشی بەرھەمەکانی تەماکۆن.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەرساڵ پتر لە ٤٨٠ ھەزار کەس بە ھۆی جگەرەکێشان و ٤١ ھەزار کەس بە ھۆی کاریگەریی دووکەڵی جگەرە گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. ئەم ڕێژەیە بەرامبەر بە یەک لە پێنجی مردنەکان لە ساڵ یاخود ١٣٠٠ مردن لە ڕۆژێک‌دایە. لە ئاڵمان کێشانی تەماکۆ ھۆی لە سەتا ٢٠ی ڕێژەی مردنە و، ساڵانە ١٤٠ ھەزارکەس گیانی خۆی بەھۆی نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە جگەرە لەدەست دەدەن.
جگەرەکێش لەژێر کاریگەریی بە لانی‌کەم ٥٠ ماددەی شێرپەنجەزایە. جگەرەکێشان مەترسیی سەرھەڵدان و پەرەسەندنی نەخۆشییە عفوونییەکانی دەزگای ھەناسەیی وەکو ئەنفلۆنزا، پنێومۆنی پنێومۆکۆکال و سیل، ھەروەھا نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەگەکان بەرز دەکاتەوە.
مامناوەندی ئەو ساڵانەی لە تەمەنی ئاسایی پیاو و ژن بە پێی کێشانی تەماکۆ کەم دەبێتەوە بە ڕیز ٢/١٣ و ٥/١٤ـ ساڵە.
نەکێشان و دەس‌ھەڵگرتن لە تەماکۆ لە تەواوی تەمەنەکاندا بەقازانجە و، دەسبەجێ دەبێتە ھۆی دابەزینی مەترسیی مردن بە ھۆی نەخۆشییەکانی دڵ و ڕەگەکان. وەلانانی جگەرەکێشان ئەگەری مەینی خوێن کەم دەکا و دەبێتە ھۆی باشتربوونی ڕەوتی گەیاندنی ئوکسیژن بە ئەندامەکانی لەش، ھەروەھا ھۆیە ڕێخۆشکەرەکانی ڕەوتی ناڕێک‌لێدانی دڵ دادەبەزێنێ. لە نێوان ئەو کەسانەی جگەرەیان وەلا ناوە، ڕادەی دابەزینی مەترسیی مردن بە بەراوەرد لەگەڵ ئەوانەی درێژە بە کێشانی جگەرە دەدەن، دەستبەجێ پاش وەلانانی تەماکۆ دەست پێ دەکا و لەم کەسانەدا ١٠ ھەتا ١٥ ساڵ دەخایەنێ تا مەترسی مردنی پێوەندیدار بە تەواوی ھۆیەکان، بە ئاستی ئەو کەسانەی بگا کە قەت جگەرەیان نەکێشاوە.
لە ئێران ھەر ساڵ ٦٠ ھەزار کەس بە ھۆی جگەرەکێشان گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. بەپێی ئامارەکان لە سەتا ١١ ھەتا ١٢ی خەڵکی ئێران جگەرە دەکێشن. بەپێی گوتەکانی دوکتۆر محەممەد ڕەزا مەسجدی، سەرۆکی یەکیەتیی بەربەرەکانی لەگەڵ بەکارھێنانی تەماکۆ، تەمەنی کێشانی دوخانیات لەم وڵاتە گەیشتۆتە ١٢ ساڵ. نزیک بە ٢٠ ھەتا ٢٢ لەسەدی پیاوان جگەرەکێشن و ئەم ڕادەیە لە نێوان ژناندا کەمتر لە سەتا ٣یە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارتی"ێمت " (پیشەسازیی، کانگا، و بازرگانی)، ئێرانییەکان لە درێژایی ساڵی ١٣٩٨ بە گشتی ٦٥ میلیارد و ١١٠ لق جگەرەیان کێشاوە، بەپێی حەشیمەتی ٨٣ مێلیۆنی ئێران، مامناوەندی ڕێژەی سەرانەی جگەرە بۆ ھەر ئێرانییەک ٧٨٤ لقە. ھەڵبەت ئەم ڕێژەیە تەنیا بۆ کێشانی جگەرەیە و تەواوی بەرھەمە تەماکۆکەکان لە خۆناگرێتەوە. بە پێی ئامارەکان، ھەر ساڵ لە ئێران، ١٠ ھەزار تۆن تەماکۆی قلیان بە کار دەھێندرێ. ئامارەکانی وەزارتی "ێمت" پیشان دەدەن لەو ٦٥ میلیارد گلە جگەرەیەی لە ساڵی ١٣٩٨ لە ئێران کێشراوە، ٥٥ میلیاردی لە ئێران بەرھەم ھاتووە و ١٠ میلیاردەکەی دیکە ھاوردەی قاچا‌غە.
لە عێراق لە چوار یەکی خەڵکی ئەم وڵاتە واتە ٥/٧ میلیۆن کەس جگەرە دەکێشن و، لەوەدەچێ بەپێی ئامارێ ساڵی ٢٠١٦ ھەر ساڵ نزیکەی ١ میلیارد پاکەت جگەرە بکێشرێ. لە ھەرێمی کوردستان نیوەی گەنجانی تەمەن ١٥ ھەتا ٢٥ ساڵ جگەرە دەکێشن. جێی سەرنجە، لە سەتا ٣٤ی پزیشکەکان، لە سەتا ١٨ی ژنان و سەتا ٣ی ڕێبەرە ئاینییەکان بە چەشنێکی بەردەوام لە ھەرێم خەریکی جگەرەکێشانن، ھەروەھا لە سەتا ٣٦ی گەنجان قلیان دەکێشن.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان خوێندکارانی زانستگای سلێمانی، لە سەتا ١٠ خوێندکاران جگەرە دەکێشن و لە سەتا ٢٨یان قلیان (٤٩٪ پیاوان و ١٠٪ ژنان).

٢.‌ ئەلکۆڵ.


ئەلکۆڵ سێھەمین ھۆی سەرەکیی مردنە زووڕەسەکان، پەککەوتوویی، لەدەستدانی سڵامەتی و مردنی ساڵانەی ٣/٣ میلیۆن کەس لە جیھان‌دایە. خواردنەوەی زیاندەری ئەلکۆڵ ھۆی سەرەکیی ١/٥ واتە ٢٠٠ نەخۆشیی و، زەرەر و زیانی نێو کۆمەڵگەی جیھانییە.
ڕێژەی مردن بە ھۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ زۆرتر لە مردن بە ھۆی نەخۆشیی سیل، ئەیدز و شەکرەیە.


لە ئاستی جیھاندا خواردنەوەی ئەلکۆڵ ھۆی ڕیزێک لە نەخۆشییەکان، تێکچوون و شێوانی وەزعییەتی ڕوحی، ھەروەھا ڕووداوە مەترسییدارەکانە، بۆ وێنە:
- سیرۆزی جەرگ ٣٢٪
- شێرپەنجەی دەم و گەرو- دەمی ١٩٪
- شێرپەنجەی سورینجک ٢٩٪
- شێرپەنجەی جەرگ ٢٥٪
- پێکدادانی ماشێن و ... ٢٠٪
- کوشتن ٢٤٪
- خوکوشتن ١١٪
- خوێن‌بەربوونی مێشک ١٠٪


بەپێی "ڕاپۆڕتی وەزعییەتی جیھانیی ئەلکۆڵ و سڵامەتی"ـی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی لە ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٣/٢ میلیارد کەس لە جیھان ئەڵکۆل دەخۆنەوە. نیوەی حەشیمەتی قاڕڕەی ئەمریکا، ئورووپا و ڕۆژئاوای ئەقیانووسی ئارام مەشروب دەخۆنەوە. لە چوار یەکی گەنجانی تەمەن ١٥ ھەتا ١٩ ساڵ، واتە نزیکەی ١٥٥ میلیۆن کەس ئەلکۆڵ دەخۆنەوە و لەوە دەچێ لە ئاستی جیھاندا ٢٣٧ میلیۆن پیاو و ٤٦ میلیۆن ژن تووشی تێکچوون و نەخۆشیی پێوەندیدار بە ئەلکۆڵ بن. بەرزترین ڕادەی بوونی ئەم تێکچوون و نەخۆشییانە لەنێوان ژن و پیاوی ئورووپایی (بە ڕیز ٨/١٤ و ٥/٣٪) و قاڕڕەی ئەمریکا (بە ڕیز ٥/١١ و ١/٥٪) دەبیندرێ. ڕادەی تێکچوون بە ھۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ لەو وڵاتانەی داھاتیان لەسەرەوەیە، بەرزترە.
بەپێی لێکدانەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، ھۆی سەتا ٦ی سەردانی نەخۆشەکان بۆ بەشی چاودێرییە سەرەتاییەکان لە پێوەندیی لەگەڵ شێوانی حاڵەتی ڕەوانی بەھۆی خواردنەوەی زیانباری ئەلکۆڵە. لە بریتانیا لە سێ یەکی نەخۆشە سەرپێییەکان لە بەشی چاودێرییە سەرەتاییەکان ئەو کەسانەن کە بە ھۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ تووشی شێوانی ڕەفتاری و ڕووحی بوون.
ڕادەی ئەلکۆڵیزم لە فەڕانسە زۆرتر لە ئیتالیایە. لە ئالمانیش ساڵێ ٧٤ ھەزار کەس بە ھۆی خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەمرن. بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی ٧/٦ میلیۆن ئاڵمانی (١٢.٦٪ حەشیمەتی ئەم وڵاتە) لە تەمەنی نێوان ١٨ ھەتا ٦٤ ساڵ بە چەشنێکی زیانبار ئەلکۆڵ دەخۆنەوە و ٣ میلیۆن ئەڵمانی لەو تەمەنەدا تووشی نەخۆشی و تێکچوونی پێوەندیدار بە خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەبن. خەرج و ھزینەی نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە ئەلکۆڵ بۆ کۆمەڵگەی ئالمان لە ساڵدا نزیکەی ٤٠ میلیارد یۆرۆیە.
لە ساڵی ٢٠١٦ نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە خواردنەوەی ئەلکۆڵ لە وڵاتە کەم‌داھاتەکان یان لە ناوەنجی کەمتر، بە بەراوەرد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی داھاتیان لە ئاستی ناوەنجی سەرتر یاخود پڕداھاتن، زۆرتر بوو.
بەپێی ڕاپۆڕتی" ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی لە ساڵی ٢٠١٨ ئێران لە نێوان ١٨٩ وڵاتی جیھاندا کە "بەردەوام" ئەلکۆڵ دەخۆنەوە لە ڕادەی نۆھەمدا جێی‌گرتووە. بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە مامناوەندی خواردنەوەی ئەلکۆڵی بێ‌گەردی ھەر ئێرانییەکی سەرەوەی تەمەن ١٥ ساڵ کە "بەردەوام ئەلکۆڵ دەخواتەوە" لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٤/٢٨ لیتر بووە. لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم ڕێژەیە ٨/٢٤ لیتر بوو. بەپێی ئەم پێوەرە، تۆنێس لە نێوان وڵاتانی دیکەدا بێ ڕکابەر بووە، تا ئەو ڕادەیە کە بەکارھێنەرانی ئەلکۆڵ لەم وڵاتە، لە ساڵی ٢٠١٦ زایینی ٦/٣٦ ئەلکۆڵی بێ‌گەردیان خواردۆتەوە. پاش تۆنێس، بە ڕیز، سوازیلەند، مالدیو، ئەفغانستان، نامیبیا، باشووری ئەفریقا، ئەلجەزایر و تورکیە لە سەرەوەی ئێرانن.
بەپێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی تەندروستی جێھانی، مامناوەندی خواردنەوەی ئەلکۆڵ لەنێو ئێرانییەکانی سەرەوەی ١٥ ساڵ لە درێژایی ساڵی ٢٠١٦، لیترێک بووە و ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٠ ئالوگۆڕێکی تێدا نەکراوە. لە وڵاتە موسڵمانەکان وەکو ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر، تورکیە و لوبنان -یش ئەم ڕێژەیە لە سەرەوەی ئێرانە.
بەپێی لێکدانەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھان، خواردنەوەی سەرانەی ئەلکۆڵ لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی مدیترانە کە ئێرانیش لە خۆ دەگرێتەوە، ٦ دەھەمی لیترە.
سەرۆکی ناوەندی نەتەوەیی لێکۆڵینەوەی گیرۆدەی زانستگای علوم پزیشکی تاران ئەم ڕاپۆڕتەی قەبووڵ نییە و باس لە ٥ ھەتا ٦ میلیۆن لیتر ئەلکۆڵ واتە ٠.١ لیتر ئەلکۆڵی بێ‌گەرد بۆ ھەر کەسێکی باڵغ دەکا.
بەپێی ڕاپۆڕتی "بەرنامە و پێوەری چاوەڕوانی‌کردنی بواری سڵامەتی ڕەوانی کۆمەڵایەتی و گیرۆدەیی بۆ ساڵی ١٣٩٨" دوایین ئاماری پشت‌ڕاستکراوی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان لە ساڵی ١٣٩٠، ئاستی گیرۆدەیی بە ماددە نایاساییەکان لەنێوان خەڵکی تەمەن ١٥ ھەتا ٦٤ ساڵی ئێران ٦٥/٢٪ واتە بەرامبەر بە ٣٢٥/١ میلیۆن کەسە و، بەپێی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی پزیشکی ئێران ڕۆژانە ٨ کەس بە ھۆی گیرۆدەیی بە ماددە نایاساییەکان (و یەک لەوان ئەلکۆڵ) دەمرن.
بە داخەوە نووسەری ئەم دێرانە لە پێوەندی لەگەڵ ڕادەی بەکاردبردنی ئەلکۆڵ لە کوردستان ئامارێکی وەدەست نەکەوت.

٣. مـاددە ھۆشبەرەکان.


بەپێی ڕاپۆڕتی ساڵانەی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNODC) لە ٢٥ی ژووەنی ٢٠٢٠، لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٢٦٩ میلیۆن کەس لە جیھاندا واتە ٣/٥٪ی حەشیمەتی جیھان ماددەی ھۆشبەریان بەکار ھێناوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٩ کە بریتی بوو لە ٢١٠ میلیۆن واتە ٨/٤٪یان لە حەشیمەتی نێوان ١٥ ھەتا ٧٤٦ جێھان، لە سەتا ٣٠ زۆرترە.
بە پێی ئەم ڕاپۆڕتە، پتر لە ٣٥ میلیۆن مرۆف لە ئاستی جیھاندا بەھۆی ماددە ھۆشبەرەکان تووشی ئازار و نارەحەتی بوون؛ ھەروەھا بەپێی ڕاپۆڕتی ئەم ستادە لە ٢٦ی ژووئەنی ٢٠١٩، لە ساڵی ٢٠١٧ لە ئاستی جێھاندا ١١ میلیۆن کەس ماددەی ھۆشبەریان وەشاندوە، لەم ڕێژەیە ٤/١ میلیۆن کەسیان تووشی "ئەچ ئای وی" و ٦/٥ میلیۆنیان تووشی ھێپاتیتی C بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە ڕادەی بە کارھێنانی کانابیس [واتە حەشیش و ماریجوانا] لە تەواوی ماددە ھۆشبەرەکانی دیکە زۆرترە و، ماددەی ‌تریاک‌ئاساکان پڕ مەترسیترین چەشنی ھۆشبەرەکان لە ئاستی جیھان‌دان[ماددە تریاک‌ئاساکان کاریگەرییان وەکو مۆرفینە و، لە زانستی پزیشکیدا بۆ ئازارشکێنێ کەلکیان لێ‌وەردەگیرێ]. بەپێی لێکدانەوەکانی ساڵی ٢٠١٨، کانابیس بە ھۆی بەکارھێنانی لە لایەن ١٩٢ میلیۆن کەس لە جیھاندا، لەنێوان ماددە ھۆشبەرەکان لە ڕیزی یەکەم‌دایە و، تریاک‌ئاساکانی دیکە بە ٥٨ میلیۆن بە کارھێنەرەوە لە شوێنی دووھەم‌دان.
ئەم دوو ماددەیە ھۆی سەتا ٦٦ (١٦٧ ھەزار) مردنی پێوەندیدار بە بەکارھێنانی نابەجێی ماددە ھۆشبەرەکان لە ساڵی ٢٠١٧ بوون. کانابیس لە نێوان ماددە ھۆشبەرەکان‌دا، ھۆی سەرەکی بانگھێشتنی ئەم کەسانە بۆ دەزگای دادوەری سزاییە ‌و، بەپێی زانیارییەکانی ٦٩ وڵات، کانابیس ھۆی پتر لە نیوەی دۆسیەکانی تاوان بە ھۆی ماددە ھۆشبەرەکانی لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٨-٢٠١٥ پێک‌ھێناوە.


بە پێی لێکدانەوەیەکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٩:
• بەکار ھێنانی دەوا ھۆشبەرەکان ھۆی ڕاستەوخۆو ناڕاستەخۆی مردنی ٨/١١ میلیۆن کەس لە جیھاندایە.
• جگەرە، ئەلکۆڵ و دەوا ھۆشبەرەکان ھۆی سەرەکی مردنی زووڕەسی ٤/١١ میلیۆن کەسن.
• پتر لە ٣٥٠ ھەزار کەس لە جیھان‌دا بەھۆی خواردنەوەی لە ڕادەبەدەری ئەلکۆڵ و دەوا ڕێ‌پێنەدراوەکان، گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
• تەمەنی پتر لە سەتا ٥٠ی ئەوانەی بەھۆی خواردنەوەی لەڕادەبەدەری ئەلکۆڵ و ماددە ھۆشبەرەکان دەمرن لە ژێرەوەی ٥٠ ساڵە.
• ئەلکۆڵ و دەوا ھۆشبەرەکان بەرپرسی سەتا یەک و نیوی نەخۆشییەکانن و، لە وڵات‌گەلێک‌دا ئەم ڕادەیە بە سەتا ٥ دەگا.


بەپێی ڕاپۆڕتی بنکەی کاروباری نێونەتەوەیی ماددە ھۆشبەرەکان و بەرێوەبردنی یاسا لە ساڵی ٢٠٢١، ئێران وڵاتێکی ترانزیت و ئامانج بۆ ماددە ھۆشبەرەکان و بەرھەمەکانی کانابیسە. ئەفغانستان سەرچاوەی سەرەکی و بەرچاوی ئەم ماددەیانەیە. بەشێکی بەرچاوی متئامفیتامین وێرای بەرھەم‌ھاتن و بھکارھێنانی لە ئێران، بۆ بازارەکانی نێونەتەوەییش قاچاغ دەکردرێ. زۆربەی ماددە ھۆشبەرەکان و کانابیس لە سنوورە زەوییەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان ھاوردەی ئەم وڵاتە دەکرێ ‌و، پاشان لە ڕێگای سنوورەکانی باکووری ئێران بۆ تورکیە و ئازەربایجان، و بە ئامانجی ناردنی بۆ بازارە نێونەتەوەییەکان لە ڕێگای دەریاوە بۆ ڕۆژھەڵاتی ئەفریقا قاچاغ دەکرێ. بەپێی ڕاپۆڕتی چاپەمەنییەکانی ئێران، بەراوەرد دەکرێ ساڵانە ٩٠٠٠ تۆن ماددەی ھۆشبەر لە ئێران تێپەڕێ. بەپێی ڕاپۆڕتی ھەر ئەم ستادە لە ساڵی ٢٠٢١، نزیکەی ٤٣٪ی بەندکراوانی ئێران (٩٥ ھەزار کەس) بەھۆی تاوانی پێوەندیدار بە ماددە ھۆشبەرەکان لە بەندیخانەدان.
بەپێی ڕاپۆڕتی کازم غەریب‌ئابادی، نوێنەری ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وین لە ڕێ‌وڕەسمی "ڕێزلێنانی ڕۆژی جیھانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە بەکارھێنانی ناڕەوای ماددە ھۆشبەرەکان و قاچاغی نایاسایی لە ٢٦ی ژووئەنی ٢٠٢٠"، لە نێوان مارسی ٢٠١٩ ھەتا مارسی ٢٠٢٠، ئێران ١٨٨٦ تۆڕی چالاکیی نێوخۆیی و جیھانی[ماددە ھۆشبەرەکان] لە نێو بردوە و، پتر لە ٩٥٠ تۆن ماددەی ھۆشبەر و چەشنە جۆراوجۆرەکانی ڕەوانگۆڕ وەکوو ٤٥ تۆن ھرۆئین، ھەروەھا ١٧ تۆن متئامفیتامینی دۆزیوەتەوە. لە ڕەشەمەی ھەر ئەو ساڵە[١٣٩٩] بەپێی ڕاپۆڕتی "ایرنا" و لێدوانەکانی غەریب‌ئابادی، ئاماری ماددە ھۆشبەرە دۆزراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وێرای پەرەسەندنی ٤٠٪ی، بە ڕێژەیەکی بێ‌وێنەی ١١٤٧ تۆن لە ساڵی ٢٠٢٠ زایینی گەیشتوە.
بەپێی لێکدانەوەی "ناوەندی چاکبوونەوەی گیرۆدەیی ئاریزۆنا" لە ٤ی ژووئەنی ٢٠٢٠، ئێران لە پەنای وڵاتانێک وەکو چین، ئەفغانستان، ڕووسیە، بریتانیای گەورە و مالێزی خراپترین کێشەی لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان لە ئاستی جیھاندا ھەیە.
بەپێی قسەکانی جێگیری ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکانی ئێران لە سێپتامبری ١٣٩٩، ڕێژەی فەرمیی گیرۆدەکان لەم وڵاتەدا نزیک بە دوو میلیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەسە. بەراوەرد دەکرێ کە ١ میلیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەسیش دیاریی نەکرابێن. بەپێی وتەکانی سەرۆکی دەرمان و پشتیوانی کۆمەڵایەتییەکانی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان لە ساڵی ١٣٩٨، ٨/١٣٪ی ئەوانەی لە ڕێگای وشاندنەوە ماددەی ھۆشبەر بەکاردەھێنن، تووشی "ئەچ ئای وی" بوون و، نزیکەی ٥٠٪ یش خاوەنی ئانتی بادی ھێپاتیتی c - ن و، نزیکەی ٦٠ ھەزار زیندانیش بە مێتادۆن لەژێر چاودێری و ڕەوتی دەرمان‌کردندان.
بەپێی ڕاپۆڕتی ھەواڵدەریی "تسنیم" لە ٦ی خەرمانانی ١٣٩٩ بە پشت‌بەستن بە ڕاپۆڕتی گرووپی کۆمەڵایەتیی باشگای ھەواڵنێرەکانی "پویا"، و بەپێی ڕاگەیاندنی سازمانی پزیشکی دادوەریی وڵات، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٩، ئاماری تێداچووان بەھۆی بەکارھێنانی نابەجێ و لە ڕادەبەدەری ماددە و دەوا ھۆشبەر و ورووژێنەکان لە ئێراندا، ٧/١٤٪ بەرز بۆتەوە. لەم ماوەیەدا یەک ھەزار و ١٥٣ کەس لە ئێران گیانی خۆیان بە ھۆی گیرۆدەیی لەدەست داوە، ئەمەش لە حاڵێک‌دایە کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ڕابردوویدا یەک ھەزار و پێنج کەس بووە.
بەپێی قسەکانی خاتوو فەرزانە سۆھرابی، مامۆستای زانستگا و بریکاری کۆمەڵایەتیی "موسسە کادراس" لە حەوتووی ململانێ لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان لە پووشپەڕی ١٣٩٩، بەپێی ئامارەکان نزیکەی سێ میلیۆن بەکارھێنەری بەردەوامی ئەم ماددەیانە لە ئێران ھەن و، ژنان نزیکەی سەتا دەیان پێک‌دەھێنن؛ ھەروەھا لە سەتا ٥٠ی گیرۆدەکان تریاک و شیرە، ١٢٪ ماریجوانا و ٩٪ شیشە بەکار دەھێنن. خاتوو سۆھرابی وێرای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەوەی کە ڕادەی پەرەسەندنی گیرۆدەیی لە ئێران سێ کەرەت زۆرترە لە پەرەسەندنی ڕێژەی حەشیمەت، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: لە حاڵێکدا پەرەسەندنی گیرۆدەیی ساڵانە نزیکەی ٨٪ بووە، لە گەشبین‌ترین حاڵەتدا پەرەسەندنی حەشیمەت ٢٪ ە؛ لە ئاکامدا ڕێژەی پەرەسەندنی گیرۆدەکان، ساڵانە پتر لە سەتا ٣ یە. خاتوو سۆھرابی ھەروەھا وێرای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕادەی ڕەوتی گیرۆدەیی لەنێو ژناندا، گووتی: لەوەدەچێ لە ساڵانی داھاتوودا ڕووبەرووی بەرزبوونەوەی ڕەوتی ئۆگریەتی بە ماددەھۆشبەرەکان بین، ... ئامارەکان پیشان دەدەن لە وڵاتدا لە نێوان ٥ ھەتا ٧ میلیۆن کەس، بە لانی‌کەم جارێک ماددەی ھۆشبەریان بەکار ھێناوە.
بە داخەوە لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو چوار پارێزگایەی کە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، ئامارێکی ورد و جێ‌باوەڕ نییە، بەڵام بەپێی بەشێک لەو ئامارانەی بڵابوونەتەوە، دەکرێ ئاماژە بکرێ:
سەرھەنگ شاکری، سەرۆک پۆلیسی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکانی پارێزگای کوردستان دەڵێ گیرۆدەبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان لەم پاڕێزگایە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵەکانی ڕابردوو زۆرتر بووە و لە دەستپێکی ساڵی تازەوە نزیک بە یەک تۆن و ٤٥ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر دۆزراوەتەوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، لە سەتا ١٧ زۆری کردوە.
بەپێی وتەکانی ڕەحمان حەریری، بەرێوەبەری شوڕای ھاوئاھەنگ‌کردنی ململانێ لەگەڵ ماددە ھۆشبەرەکان لە بانەمەڕی ١٣٩٨، لە سەتا ١٠ی ژنانی ئێران و سەتا ٦ی ژنانی پارێزگای کوردستان گیرۆدەی ماددە ھۆشبەرەکانن و لە سەتا ٦٠ی ئەم ژنانە بە پێشنیاری مێردەکانیان ماددە ھۆشبەرەکان بەکاردەھێنن.
فاروق وەفایی، سەرۆکی ئیدارەی سڵامەتی ڕەوانی کۆمەڵایەتی و گیرۆدەیی و جێگیری کاروباری بێھداشتی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە جۆزەردانی ١٤٠٠، لە پارێزگای کوردستان ٣/٢٪ حەشیمەتی تەمەن ١٥ ھەتا ٦٤ ساڵ گیرۆدەن و، ١٦ ھەزار و ٤٣ کەسیش لە حاڵی دەرمان بە مێتادۆنن. لە سەتا ٦٤ی گیرۆدەکان خوێندەواریی ژێر دیپڵۆمیان ھەیە، ١٥٪ خاوەنی بڕوانامەی کاردانی و ٢١٪ سەرەوەی لیسانسن. حەریری ھەروەھا ئاماژە دەکا، لە کوردستان ٨/٩٪ گیرۆدەی ھێرۆئین، ١/٣ حەبی ئیکس، ٦/٢٢ ئەلکۆڵ، ٢/٥٥٪ تریاک و ٢/٢٦٪ شیشە و ماددە سەنعەتییەکانن.
عەلی موستەفەوی، جێگیری سیاسی، ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتیی پارێزگای ورمێ دەڵێ: لە سەتا ٣ێ خەڵکی ئەم پارێزگایە گیرۆدەی ماددەھۆشبەرەکانن و لە سێ مانگی ھەوەڵی ساڵی ١٤٠٠ لە پارێزگای ورمێ ٥ تۆن ماددەی ھۆشبەر دۆزراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، مەسەلەی بەکاربردن و بازرگانی کردن بە ماددە ھۆشبەرەکان یەکێک لە کێشە سەرنجڕاکێشەکانی باشووری کوردستانیشە. د. ئیبراھیم خۆشناو، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی دژ بە ماددە ھۆشبەرەکان پێی‌وایە ڕێژەی بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان لە ھەرێمی کوردستان ٥٠ ھەزار کەس بێ."
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندوە سێ ھەزار و ٨٩ کەس بەھۆی بەکاربردن و بازرگانی‌کردن بە ماددە ھۆشبەرەکان لە زیندانەکانی ھەرێمن، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی زیندانی‌کراوان". ھەروەھا بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، ٥٥٥ کیلۆ و ٧٤٠ گرام ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیراوە، یەک ھەزار و ١٣٣ کەس بە تۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانی‌کردن بە ماددەی ھۆشبەر و دراوی ساختە دەستگیر کراون. زۆربەی ماددەکان و کەسانی دەستگیرکراو لە سنورەکانی نێوان ڕۆژھەڵات و باشوری کوردستان و دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بووە.
سەمەند بەرزنجی، کارگێڕی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی بەرەنگاربونەوەی ماددەی ھۆشبەر دەڵێ: لە ساڵی ٢٠٠٦، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان تەنیا ٣٠ کەس بە تۆمەتی بازرگانی‌کردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر گیراون، بەڵام لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ نزیکەی سێ ھەزار کەس بە ھەمان تۆمەت دەستگیر کراون و، ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە ناوەندەکانی چاکسازی بە تۆمەتی بازرگانی‌کردن و بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر حوکم دراون، کە نزیکەی ٣٨٠ کەسیان بازرگانن، لەنێو ئەو ژمارەیەشدا ئافرەت ھەیە، ھەروەھا زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش بە تۆمەتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر حوکم دراون، لەو ژمارەیەش نزیکەی ١٥ کەسیان ئافرەتن.
ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥١٣ کم سنوری ھاوبەشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەیە و ئێرانیش دوای ئەفغانستان بە پایتەختی ماددە ھۆشبەرەکان ناسراوە، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی خراپی لەسەر ھەرێمی کوردستان داناوە.

پێناسەی گیرۆدەیی.


گیرۆدەیی بە زمانێکی ساکار وەکو خووپێگرتوویی کەسێک بە ماددە یان ڕەفتار و ئاکارێکی تایبەتی پێناسە دەکرێ. گیرۆدە توانای کۆنترۆلی ئەم ڕەفتارەی نییە و، بە چەشنێکی خۆکار درێژەی پێ‌دەدا. بۆ گیرۆدە بەکارھێنانی ئەم چەشنە ماددەیە بە بەراوەرد لەگەڵ ئەو شتانەی کاتێک بایخی بۆی بوون، گەلێک گرینگترە.

قۆناخەکانی شکڵگرتنی گیرۆدەیی.


لەوە دەچی بۆ گەیشتن بە قۆناخی گیرۆدەیی، پێویست بە تێپەربوونی چەند پلە وەکوو بەکارھێنانی جاروباری، کەلک‌وەرگرتنی ئاسایی ڕۆژانە و، بەکارھێنانی نابەجێ و ئازارھێنەری ماددەی ھۆشبەر یا کەیف‌خۆشکەر بۆ سڵامەتی بێ. بۆ وێنە ئەگەر بمانەوێ ئەلکۆڵ وەکوو نموونەیەک لەبەرچاو بگرین، لە حاڵەتی جاروباریدا، مرۆڤ لەکاتی شام خواردن یان ڕابواردن لەگەڵ دۆست و ھاوڕێیانی؛ لە کاتی میوانی و تەعارف پێ‌کراندا یەک یان دوو بتری ئابجۆ یاخود پەرداخێک شەراو دەخواتەوە. لەم حاڵەتدا ئەم کەسە گیرۆدەیی جەستەیی یان ڕووحیی بە ئەلکۆڵ نییە و، خۆی پێ کۆنترۆل دەکرێ.
لە کاتی بەکارھێنانی ئاسایی یان ڕۆژانەی ئەلکۆڵ، بەرە بەرە سازانی بیۆشیمیایی لە جەستەی بەکار‌ھێنەر و بەرزبوونەوەی ئاستی خۆڕاگریی لەش بە ئەلکۆڵ پێک‌دێ، مرۆڤ تووشی ئازاری جەستەیی و ڕووحی دەبێ، سەرەڕای ئەوەش، توانای کۆنترۆلی خۆی ھەیە.
لە کاتی کەلک‌وەرگرتنی نابەجێ و ئازارھێنەر، بەکارھێنەر بۆ ڕزگاربوون لە کاریگەریی گێرە و کێشەکانی ڕوحی و ڕۆژانەی ژیان، پەنا بۆ ئەلکۆڵ دەبا، لەباری ڕووحییەوە بەستراوەیەتی ‌و، ڕێکی‌وپێکی لە کەلک‌وەرگرتنیدا نابیندرێ، بەڵام وێرای ئەوەش جارێ توانایی کۆنترۆلی خۆی لەدەست نەداوە. ئەم چەشنە بەکارھێنانەی مەشرووب تەندروستیی بەکارھێنەر دەخاتە مەترسییەکی جیددییەوە.
لە قۆناخی گیرۆدەییدا، بەکارھێنەر لەباری جەستەیی و ڕوحییەوە بەستراوەی ماددەکەیە، مەیلێکی زۆری بۆ بەکارھێنانی ھەیە، لە دەسپێکردن، درێژەپێدان، ئەندازەی بەکارھێنان یان کۆتایی‌پێھێنانی، توانای کۆنترۆلی خۆی نییە. لەم کەسانەدا ڕادەی خۆڕاگری و سازانی جەستەیی بەم ماددەیە بەرز دەبێتەوە، بەکارھێنەر تووشی ئازار و ناڕەحەتی جەستەیی و ڕوحی واتە سەرھەڵدانی نیشانەکانی تەرکی گیرۆدەیی یان خوماری دەبێ (بۆ وێنە نیشانەکانی تەرکی ئەلکۆڵ بریتین لە: عارەقەکردن، لەرز، دڵەکوتە، بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن، نائارامی، ترس و دڵەڕاوکێ، ھەروەھا پەرێشانی، سەرلەشێواویی و، لە حاڵەتی سەختدا بەرزبوونەوەی تینی لەش، وڕاوەکردن و بزڕکاوی). لەم حاڵەتەدا بۆ پێشگیریی لەم ئازارانە، گیرۆدە ناچار بە کەلک‌وەرگرتنی دووبارەی ئەم ماددەیە دەبێتەوە. بەکارھێنانی بەردەوام و درێژخایەنی ئەلکۆڵ دەبێتە ھۆی تێکچوونی جیددی باری تەندروستی ڕوحی و جەستەیی گیرۆدە، خەمساردی لەھەمبەر سڵامەتی و چارەنووسی خۆ و دەوروبەری، ھەروەھا زۆربەی ڕووداوەکانی نێو بنەماڵە و کۆمەڵگە و، پێشێلکردنی بەردەوامی یاسا کۆمەلایەتییەکان.

ھۆیەکانی گیرۆدەیی.


بەکارھێنانی ئەلکۆڵ، دەوای ڕەوانگۆڕ و ماددە ھۆشبەرەکان دەتوانێ بە ھۆی جۆراوجۆر بێ، وەکوو: چێژوەرگرتن، گەیشتن بە ھەستێکی باش ‌و خۆش، گۆڕانی بارودۆخی ڕوحی و مڵ‌ومۆیی، ھەروەھا لە گەنجاندا گوشاری ھاوتەمەنەکان. گیرۆدەیی حاڵەتێکی درێژخایەنە. لەوە دەچێ لەسەرەتادا بوارەکانێ سەرێ، بە تایبەتیی فاکتەرەکانی ھەستی، ئەنگیزە، وەبیرھاتنەوەی کاریگەریی باش و کەیف‌خۆشکەرەی ماددەی ھۆشبەر و ھتد ڕۆڵی لە پەرەسەندنی ئەم ڕەوتەدا بێ، بەڵام پێشچوون و درێژەی مەیلی بەکارھێنانی ئەم چەشنە ماددەیە تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی بە بەستراوەیی، خووپێگرتوویی و سەرھەڵدانی نیشانەکانی وەلانانی ماددەی ھۆشبەر ھەیە. گیرۆدە بۆ دووربوون لە دووپاتبوونەوەی نیشانەکانی تەرک و ئاڵۆزییەکانی، ناچار دەبێ پەنا بەم ماددەیە بباتەوە.


بە گشتیی سێ فاکتەر لە ڕەوتی شکڵگرتنی گیرۆدەیی بەشدارن:
١. ماددەی ھۆشبەر
٢. تایبەتمەندیی کەس
٣. کاریگەری دەوروبەر


لەوە دەچێ لە کۆمەڵگەیەکدا کە ماددەی ھۆشبەری تێدا نییە، ھیچ کەسیش تووشی گیرۆدەیی نەبێ، بەڵام لە ژیانی ڕاستەقینەدا کۆمەڵێکی ئاوا پاک و خاوێن تەنیا لە خەیاڵدا دەبیندرێ و، ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی جیھان بەچەشنێک کێشەیان لەگەڵ دیاردەی گیرۆدەیی و ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکانی ھەیە.
بەگشتی، کاریگەریی ماددە ھۆشبەرەکان لەسەر ئینسان دەگەڕێتەوە سەر: وەزع و حاڵی مرۆڤ (وەزعییەتی ئێستا، ناسەقامگیریی ڕەوانی، جینس، ھەبوونی بەستێنی ژنێتیکی)؛ ئاقاری دەوروبەر یان بارودۆخی ئێستای کەسەکە (وەکو وەزعی بنەماڵە، شوێنی کار، بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر بە تەنیایی یان کۆیی لە جیژن یان شوێنی کارکردندا، فەرھەنگی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، بارودۆخی نزمی ئابووری و کۆمەڵایەتی، نەبوونی پشتیوانی و پشتگیری لە لایەن بنەماڵەوە، ھەبوونی پێوەندیی لەگەڵ خەڵکی نالەبار، لادەر و تاوانکار، پێشینەی تاڵی دەستدرێژیی جەستەیی و ڕوحی بەتایبەتی لە سەردەمی منداڵیدا؛ چۆنیەتی و ڕادەی کاریگەریی ماددەکە (ورووژێنەر، سوکنایی‌دەر و ھێدی‌کەرەوە، گوماناوەر، ھەروەھا دەستڕاگەیشتنی ھاسان بە ماددەی ھۆشبەر، بڕ و خەستیی ماددەکە).
ئەوانەی تووشی ناڕەحەتیی ڕوحی وەکوو ترس و خەمۆکی یان تیکچوون و سەقامنەگرتوویی کەسایەتی بوون زۆرتر لە مەترسی گیرۆدەبوون‌دان. ھەروەھا لە شوێن و کۆڕو کۆمەڵێکی پیشەیی وەکو فرووشگای ماکی خۆراکی، پیشەی ئازادی ناحرفەیی یان پیشەی میدیایی و ھونەریی، ئەگەری تووشبوون بە ماددە ھۆشبەرەکان بەرزتر لە پیشەکانی دیکەیە.
دەستڕاگەیشتنی ڕاحەت و ھاسان بە ماددەی ھۆشبەر، کاریگەریی ئەرێنیی ئەم ماددەیە وەکوو لەبەین‌بردنی ترس، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، ئێش‌بڕی، سوکنایی‌دەربوون، ھەروەھا ئەندازە و توانای گیرۆدەکردنی ماددەکە(بۆ وێنە میزانی کاریگەریی ھیرۆئین و نیکۆتین لە ڕەوتی گیرۆدەیی بەرزترە لە ئەلکۆڵ و کۆکائین) لەم ڕەوتەھا نەخش دەگێڕن.
نەبوونی متمانەبەخۆیی، گرێی دەروونی، چیژبردن لە کارێکی قەدەغەکراو و مەترسیدار، بێ‌تاقەتی و شێوەژیانێکی یەک‌جۆر و بێ‌ئاڵوگۆڕ، ڕەنگ‌گری، سەرکوتکردن و ڕێ‌پێنەدان بە فیکر، بیرەوەری، ئاوات، مەیل و ئەزمونە تاڵ و ناخۆشەکانی ڕابردوو بۆ نێو مێشک، تێکچونی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ھەوڵ بۆ جێ‌پەسەند بوون لە نێو کۆڕ و کۆمەڵیش ڕۆڵیان لە ڕەوتی گیرۆدەبووندا ھەیە.
ئەم فاکتەرانە و کاریگەریی ماددە ھۆشبەرەکان و ھتد دەبنە ھۆی پێکھێنانی بەستێن و بارودۆخی پێویست بۆ گیرۆدەبوون. بۆ وێنە، کاتێک خواردنەوەی ئەلکۆڵ دەبێتە ھۆی ئارام و ھێدی بوونەوە، ھەروەھا لەبیرچوونەوەی ئیش و ئازاری جەستەیی و ڕوحی ‌و، پێوەندی گرتن ڕاحەت و ھاسان لەگەڵ خەڵکی دیکە، بەئاسانی دەربڕینی بیر، ھەست و ویستەکان لەو کەسانەی تووشی سترێس و ناڕەحەتی ڕوحیین، ئەوکات بەکارھێنەری ئەلکۆڵ بەم ئاکامە دەگات ئەڵکۆڵ ئامرازێکی باش و، یاریدەدەرێکی گرینگ بۆ زاڵبوونی بەسەر کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانیەتی.
مەترسیی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و گیرۆدەبوون لەوانەی تووشی ناڕەحەتی و نەخۆشیی ڕەوانین، بە چەشنێکی بەرچاو بانتر لە کەسانی دیکەیە. لە نزیکەی سەتا ٣٠ی ئەوانەی نەخۆشیی ڕوحییان ھەیە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەبیندرێ، لەم ڕێژەیەدا، سەتا ٢٥یان گیرۆدەی ئەلکۆڵ، سەتا ٤٠یان گیرۆدەی نیکۆتین و سەتا ١٥یان گیرۆدەی ماددە ئەفیوونییەکانن. لە نزیکەی سەتا ٥٠ گیرۆدەکان بەستێنی خەمۆکی و ترس دەبیندرێ.
سترێس یاخود گوشاری ڕەوانی ھۆی بەرزکردنی ئەگەری گیرۆدەبوونن. ھەر ئەم ڕاستییە، شیکەرەوەی ھۆی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی بەشێک لە تازەلاوان، سەرھەڵدانی سترێس و تێکچوونی باری ڕەوانی و، لە ئاکامدا بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسی خووپێگرتن بە ماددەی ھۆشبەر لە بەراوەرد لەگەڵ تەمەنەکانی دیکەدایە.
لەوە دەچێ فاکتەری ژنێتیک نەخشێکی گرینگ لە ڕەوتی گیرۆدەبووندا بگێڕێ. بە پێی لێکدانەوەکان لە سەتا ٤٠ ھەتا ٦٠ی بێ‌بەرگەیی گیرۆدەکان، دەگەڕێتەوە سەر کاریگەریی فاکتەرە ژنێتیکیەکان.
لەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر گیانلەبەرەکان کراوە، ژێنێکی زۆر دیاریی کراون کە ڕۆڵیان لە ڕەوتی گیرۆدەبوندا ھەیە، ھەروەھا توێژینەوەکانی نێو بنەماڵە، زڕمنداڵ و دووانەکان ئاماژە بە ڕۆڵی گرینگیی ژێنەکان لەم پێوەندییەدا دەکەن. بەپێی توێژینەوەکان، ڕادەی کاریگەریی باری ژنێتیکی لە گیرۆدەیی دووانەکان بە نیکۆتین ٣٣ ھەتا ٧١٪، بۆ ئەلکۆڵ ٤٨ ھەتا ٦٦٪ ، بۆ کۆکائین ٤٢ ھەتا ٧٩٪ و بۆ کانابیس ٥١ ھەتا ٥٩٪ ە.
بارودۆخ و ئاقاری دەوروبەریش ھۆی دیکەی گیرۆدەبوونن. بۆ وێنە، لەو وڵاتانەی خواردنەوەی ئەلکۆڵ بەشێک لە پێوەندیی ڕۆژانەی ژیان پێک‌دەھێنێ، خواردنەوەی مەشرووبی ئەلکۆڵی لە کۆبوونەوە و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا شتێکی ئاساییە. لەوەدەچێ کەلک‌وەرگرتن لە کۆکائین لەنێو کۆڕ و کۆمەڵێکی تایبەتیدا وەکوو دیاردەیەکی لووکس و شیک لەبەرچاو دەگیرێ و منداڵ بە ھۆی بەشداری لەگەڵ دایک ‌و باوک لەم شوێنانەدا فێری ئەم چەشنە ھەڵسوکەوتانە لە کاتی ڕابواردن، جێژن و کۆبوونەوەکان دەبێ.
بارودۆخ و چارەنووسی بنەماڵە، بە تایبەتیی ڕەفتار و ئاکاری ناشیاو، توندوتیژی دایک و باوک لەگەڵ یەک و لەگەڵ منداڵان، دەستدرێژیی جینسی لە لایەن ئەندامێکی بنەماڵە یان دۆست و نیزیکی ئەوان لە کاتی منداڵی، بوونی دیاردەی گیرۆدەیی لە بنەماڵە، ھەروەھا لەیەک‌جیابوونەوێ دایک و باوک ڕۆڵێکی نەرێنیی لە ڕەوتی گیرۆدەبوونی منداڵ و تازەلاوان لە داھاتووی ئەواندا دەگێڕێ لە ئاڵمان، لە سەتا ٥٠ی گیرۆدەکان ئەندامی بنەماڵەیەکن کە دایک و باوکیان تەڵاقیان وەرگرتووە یان جیا لەیەک دەژین. لە ئاڵمان ئەم بنەماڵانە سەتا ٣٠ی حەشیمەتی ئەو وڵاتە پێک دەھێنن.
دیاردەی پێوەبەستراویی(Codependency) واتە کاردانەوە و ھەڵسوکەوتی ئەندامی بنەماڵە لەگەڵ گیرۆدە ھۆیەکی دیکەی دەوام و درێژدانی ڕەوتی بە کارھێنانی ماددەی ھۆشبەرە. خۆتێھەڵقوتاندنی ئەندامی بنەماڵە یاخود ھاوژین و دۆستی گیرۆدە کاریگەرییەکی نەرێنیی لەم ڕەوتەدا ھەیە. لەم ڕەوتەدا چوار قۆناخ جیا دەکرێتەوە: ١) پشتگیری ٢. کۆنترۆل ٣. سەرکۆنە و لۆمە کردن و ٤. قەبووڵ و سازان لەگەڵ گیرۆدەیی. لە تەواوی ئەم قۆناخانەدا کاردانەوەی بەکارھێنەر بە خۆتێھەڵقوتاندنی ھاوبنەماڵە لە ڕێگای زۆرتر بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەرە، لەم خولە شەیتانییەدا، ھەرچی گیرۆدە زۆرتر ماددەی ھۆشبەر بەکار بێنێ، ئەندامی بنەماڵە زۆرتر خۆی تێ‌دەگەیەنی، و ھەرچی ئەم خۆتێھەڵقوتاندنە زۆرتر بێ، گیرۆدە ماددە ھۆشبەرێکی زۆرتر بەکار دەھێنێ.

میکانیزمی کار و کاریگەریی ماددە ھۆشبەرەکان.

 
بەگشتی و کورتی، جگەرە، ئەلکۆڵ و ماددە ھۆشبەرەکان لە ڕێگای سیستمی دەمارییەوە دەبنە ھۆی گۆڕانکاری لە ئاستی سیللول و وەرگرەکانی مێشک. کاریگەریی ماددە ھۆشبەرەکان بە پێی پێکھاتەی شیمیایی و کاریگەریی نۆیرۆبیۆلۆژیکیان لە ئاستی مولوکوولی و شوێنی لکاوی سیللولە دەمارییەکانە. بۆ وێنە، سیستمی لیمبیکی (Limbic System) مێشک بەرپرسی بەشی پاداشدانی مێشکە و پێوەندیی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە ھەستەکانی مرۆڤ ھەیە و، تا ڕادەیەکی زۆر لە شکڵگرتنی بیرەوەریی و ھەستەکاندا ڕۆڵ دەگێڕێ.
بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر دەبێتە ھۆی چالاکبوونی لە ڕادەبەدەری ئەم بەشە ‌و، مەسەلەی پاداش ڕۆڵێکی بەرچاو لە سەرھەڵدان و دەوامی گیرۆدەیی دەگێڕێ. ماددە ھۆشبەرەکان لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی دۆپامین، دەبنە ھۆی چالاکبوونی سیستمی پاداشدان. دۆپامین بە ھۆی کاریگەریی لەسەر کۆیاد و خولگەی کارکردنی مێشک دەبێتە ھۆی دووپاتبوونی ھەست و ئەزمونێکی خۆش و، لە ئاکامدا کەسەکە بۆ گەیشتنەوەی دووبارە بەم ھەستە خۆشە ھەوڵ دەدات ئەم ماددەیە زۆرتر بەکار بھێنێ. بەرزبوونی ئەم ھەستە خۆشە و چێژوەرگرتن لەو، سەرخۆش و کێف‌خۆش بوون، ھەروەھا دابەزینی ئاستی ئێش و نارەحەتی و لەبیرچوونەوەی کاتیی کێشە بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتییەکان و ھتد دەبێتە ھۆی بەکارھێنانی ھەرچی زۆرتری ماددەکە و، بەرزبوونەوەی ئاستی خۆڕاگریی و سازان لەگەڵ ماددەی ھۆشبەر. وەلانانی ماددەی ھۆشبەر دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ناڕەحەتی جەستەیی و ڕەوانی، ھەرلەبەر ئەوەش گیرۆدە سەرلەنوێ پەنا بۆ ماددەکە دەباتەوە.

دەرمان.


گیرۆدەیی نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستی بە دەرمانکردن ھەیە. ئامانجی سەرەکیی دەرمان بریتییە لە:
- پاراستنی ژیانی نەخۆش و، پێشگیری لە مردنی گیرۆدە بە ھۆی بەکارھێنانی لەڕادەبەدەر و نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە ماددەی ھۆشبەر.
- دابینکردنی سڵامەتی و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی درێژخایەنی عفوونی وەکو ئەیدز و ھێپاتیتەکان (ھەوکردنی جەرگ).
- دابەزاندنی ئاستی مەترسی و ئازاری پێوەندیدار بە ڕەفتار و ئاکاری ناکۆمەڵایەتی، ناتەندروست، نایاسایی، ھەروەھا تاوانکاری ئەم کەسانە لە کۆمەڵگەدا.
- دابەزاندنی پەیتاپەیتای ڕادەی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان.
- درێژترکردنی مەودای بەکارنەھێنانی ماددەی ھۆشبەر.
- پێ‌تەرکدانی گیرۆدەیی، وازھێنانی یەکجاریی لەبەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر و پێشگیری کردن لە سەرھەڵدانەوەی گیرۆدەیی.
- دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی لە بوارەکانی بنەماڵەیی، کارو پیشەیی، کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەی گیرۆدەکان بۆ ژیانی ئاسایی و بەقازانجی نێو کۆمەڵ.

تەرکدانی گیرۆدەیی لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی چەند قۆناخی‌دا وەدی دێ:


١- ‌ھەڵسەنگاندن، ٢- ژەھرسڕینەوە، ٣- لە عادەت خستن و ٤- بووژاندنەوە.
بەپێی وەزعییەتی گیرۆدە، پێشچوون و بەڕێوەبردنی ئەم قۆناخانە لەباری زەمەنییەوە جیاوازن و، لەوە دەچێ تەنانەت ھاوکات پێکەوە ئەنجام بدرێن.
لە قۆناخی یەکەمدا وێرای دیاریکردن و ھەڵسەنگاندنی وەزعییەتی سڵامەتیی جەستەیی و ڕوحیی نەخۆش، ھەروەھا چۆنیەتی وەزعییەتی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی، ئەنگیزە و دەرفەتەکانی دەرمانکردن لێک دەدرێتەوە. لەم قۆناخەدا بۆ سەقامگیری سڵامەتی ئەوانەی گیرۆدەی نیکۆتین یاخود ماددە ھۆشبەرەکانن لە دەواگەلێ جێگیر وەکو مێتادۆن، لوومێتادۆن، بۆپرۆنۆرفین، کەپسوولەکانی مۆرفین بە کاریگەریی خاوەوە وەکوو سووبستیتۆل یان کۆمپێنسان؛ ھەروەھا ھیرۆئینی بێ‌گەرد بە ناوی دیامۆرفین (Diamorphine) کەلک وەردەگیرێ. لە نێو ئەم دەوایانەدا، تەنیا دیامۆرفین بە چەشنی وشاندن لە ڕێگای خوێنبەرەکانەوە کەلکی لێ وەردەگیرێ. دیامۆرفین ھیرۆئینێکی بێگەردە و ٥ ھەتا ١٠ کەرەت بەھێزتر لە مۆرفینە. ھیرۆئین‌دەرمانی لە ساڵی ١٩٩٦وە لە سویس، لە ساڵی ١٩٩٨ وە لە ھۆلەند و لە ساڵی ٢٠٠٩ وە لە ئاڵمان بۆ ئەو کەسانەی گیرۆدەییەکی سەختیان ھەیە و دەرمانکردن بە مێتادۆن و بۆپرۆنۆرفین کاریگەریی لەسەر ئەوان نییە، بە کار دەبردرێ. ئەم شێوە دەرمانییە پێویستیی بە ناوەندێکی تایبەتیی بە ئاستی باڵای ئەمنییەتی و ڕێکخراوەیی ھەیە.


توێژینەوەکان پیشانیان داوە کەلک‌وەرگرتن لە دیامۆرفین، شێوەدەرمانێکی باشە بۆ:
 بۆ پێشگیریی لە تووشبوون و پەرەسەندنی نەخۆشیی ئەیدز، ھێپاتیت و ھتد لەنێو گیرۆدەکان،
 کۆنترۆلی باشتری ڕادەی بەکارھێنان و ھەڵبژاردنی ماددەی ھۆشبەر،
 کەمکردنەوەی ڕێژەی کەلک‌وەرگرتنی ھاوکات لە چەند ماددەی ھۆشبەر،
 سەقامگیریی ڕوحی،
 و دابەزینی ئاستی ھەڵەکاریی و تاوانکاریی گیرۆدەکان لە کۆمەڵ.


بەراوەردێک لە ئاڵمان لەنێوان ئەو نەخۆشانەی کەلک لە مێتادۆن یاخود دیامۆرفین دەگڕن، نیشانی داوە، جێگیردەرمانی بە دیامۆرفین بە تایبەتی لە ساڵی دووھەمی بەکارھێنانی کاریگەرییەکی بەرچاوی لە ڕەوتی بەرزبوونەوەی ئاستی سڵامەتی جەستەیی و ڕوحی، خۆگونجانی گیرۆدەکان لە کۆمەڵ ‌و، تەنانەت چوونە نێو بازاری کار، ھەروەھا بەکارنەھێنانی ھاوکاتی چەند ماددەی ھۆشبەر، دابەزینی ڕادەی خواردنەوەی ئەلکۆڵ و دەوا ڕەوانگۆڕەکان یان کەڵک‌وەرگرتن لە ھیرۆئین لە بازاری ڕەش و مردن بەم ھۆیەوە بووە.
ژارسڕینەوە بە گشتی لە بەشی ڕەوانپزیشکی، نەخۆشییەکانی ھەناو یان دەماریی نەخۆشخانە ئەنجام دەدرێ. لەم قۆناخەدا ماددەی ھۆشبەر بە یەکجاری وەلا دەندرێ و نیشانەکانی پێ‌تەرکدان بە پێدانی دەوای شیاو و پێویست دەرمان دەکرێ. لەوە دەچێ لە حاڵەتی گیرۆدەیی سووک و ئاستی بەزری خۆھاوئاھەنگ‌کردن و سازانی کۆمەڵایەتیی نەخۆش، گیرۆدە بە چەشنێکی نیوە سەرپێی و خەواندن لە نەخۆشخانە دەرمان بکرێ.
بە گشتیی بۆ دەرمانی گیرۆدەکان پێویستی بە کارێکی کۆیی و گرووپی تەواولایەنەی پسپۆڕانی پزیشکی لە بواری نەخۆشیی ھەناو، ڕەوانی، عفوونی و جینسی، ھەروەھا ئاریکاری کۆمەڵایەتی ھەیە. ھەوڵ و ھەنگاوە دەرمانی و نادەرمانییەکان دەبێ ھاوئاھەنگی لەگەڵ پێداویستیەکانی گیرۆدە ھەبێ. لە عادەت خستن و بووژاندنەوەی نەخۆش پاش تەواوبوونی دەورەی دەرمانکردن لە نەخۆشخانە، بۆ بەرزکردنەوەی توانایی نەخۆش بۆ دەست‌پێکردنی ژیانێکی نوێ و ئاسایی، لە ناوەندێکی ھێزدەری ڕوو دەدات.

پێشگیری لە گیرۆدەیی.


بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر، ئەلکۆڵ و دەوای ڕەوانگۆڕ نەک تەنیا ھۆی سەرھەڵدانی نەخۆشیی گیرۆدەیی، بەڵکوو ھاوکات ھۆیەکی بەرچاو و گرینک بۆ سەرھەڵدانی نەخۆشیی جیددی و مەترسیدار بۆ ژیان وەکوو نەخۆشیی دڵ و دەمارەکان، ھەناسەیی، ھەرسەکی، شێرپەنجە و عفوونی، ھەروەھا گێرەوکێشە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییە.
بەرنامە جۆراوجۆرەکانی پێشگیریی لە گیرۆدەیی لە پێناوی بە ھێزکردنی فاکتەرە بەرگەرییەکان، دابەزین و تەرکدانی ماددەی ھۆشبەر، ھەروەھا بەرگری لە سەرھەڵدان و پەرەسەندنی گیرۆدەیی لە کۆمەڵگەدایە. بەرنامەی پێشگیری بەپێی تەمەن، ئاستی پەرەسەندنی ئەم کێشەیە لە کۆمەڵگە، بە سێ چەشن دابەش دەبێ:


* بەرنامەی گشتی بۆ تەواوی منداڵانی قوتابخانە یاخود ئەندامانی کۆمەڵگە، بێ ھەرچەشنە جیاوازییەک و جیاکردنەوەیەک.
* بەرنامەی ھەڵبژێردراویی بۆ بەشێک لە مندالان و تازەلاوان کە بەپێی ھۆکارێکی تایبەتی زۆرتر لە مەترسی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەردان.
* بەرنامەی کاربۆکراوی تایبەت بۆ ئەو گەنجانەی ماددەی ھۆشبەر بەکاردەھێنن.

بۆ پێشگیریی لە سەرھەڵدان و پەرەسەندنی گیرۆدەیی پێویستە لە تەواوی ئەو چار و ھەنگاوانە کەلک وەربگیرێ کە دەبنە ھۆی دابەزاندنی ئاستی بەکارھێنان و بڵاوبوونەوەی ماددەی زیاندار لە کۆمەڵ. کاری ڕووناکبیری لە نێو بنەماڵە، قوتابخانە و شوێنی کار و ھتد ڕۆڵێکی بەرچاو و گرینگ لە بەربەرەکانی لەگەڵ دیادەی گیرۆدەیی دەگێڕێ. سازکردنی فیلمی فێرکاریی کورت و بەڵگەدار، نووسین و بڵاوکردنەوەی نامیلکەی فێرکاریی بە زمانێکی ساکار و بەکەلک، یارمەتی بەم ڕەوتە دەدەن.
دایک و باوک و ھێزە پەروەردەییەکان (ڕاھێنەری باخچەی منداڵان، مامۆستای قوتابخانە و ھتد) دەتوانن ڕۆڵێکی باش لە پێشچوونی ئەم ڕەوتە بگێڕن. شێوەکانی ڕاھێنان و ھەڵسوکەوتی دایک و باوک، مامۆستا و گشت سیستمی ڕاھێنان و پەروەردەکردنی کۆمەڵ دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی یاخود نەرێنی سەرەتایی لەسەر منداڵ ھەبێ و داھاتووی ئەوان دیاریی بکات.
دانپێدانان بەو ڕاستییە کە منداڵ بوونەوەرێکی سەربەخۆیە و کەسایەتییەکی جیاوازی ھەیە، دەتوانێ لە ڕەوتی پەروەردەکردن و ڕاھێنانی ئەرێنی ئەوان ڕۆڵێکی زۆر گرینگ بگێری و یاریدە بە بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بە خۆیی لە تەمەنی خوارەوە، بە ھێزترکردنی توانایی جەستەیی و ڕووحیی بۆ ڕووبەڕووبوون لەگەڵ گێڕەوکێشەکانی ژیان و پارێزکردن و دووری لە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر بۆ چارەکردنی ناڕەحەتییەکان بدات.
قسەکردن لەگەڵ منداڵ، شیکردنەوەی دیاردەی گیرۆدەیی بە شێوەیەکی دروست و زانستی لە ماڵ و قوتابخانە، خۆپاراستن لە ھەر چەشنە توندوتیژی و سەرکۆنەکردنی نابەجێ، یاریدە بە شکڵگرتنی کەسایەتییەکی قایم و بە ھێز، بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەبەخۆیی لە منداڵ دەدا و بەپێی ئەزمون، ئەم چەشنە ھەڵسوکەوت‌کردنە بە قازانجی منداڵ، بنەماڵە و کۆمەڵگە تەواو دەبێ.
لە ئاستی کۆمەڵگەشدا، ھەبوونی سیستمێکی سێکولار و دادپەوەر، دابەشکردنی دادگەرانەی سەروەت و سامان لەنێو خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆش‌بژیوی و ڕاحەتیی ژیان، دابینکردنی بارودۆخی پێویست بۆ دەرس خوێندن ھەتا ئاستی زانستگا، یەکسانی ژن و پیاو لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا، بەربەرەکانی لەگەڵ دیاردەی بێکاری، پێکھێنانی سیستمی باش و پێشکەوتووی تەندروستی، دابینکردنی بیمە بۆ ھەموو کەس ‌و، بە گشتی ھەنگاوگەلی پێویست بۆ لەنێوبردنی نابەرابەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەمکردنەوەی کەلێنی چینایەتی و نەتەوەیی یاریدە بە لەبەین بردنی بارودۆخ و بەستێنی سەرھەڵدانی دیاردەی گیرۆدەیی دەدا.
___________________________________________

سەرچاوەکان:
١. (دکتر کامران امین آوە، مبانی پزشکی اعتیاد، نشر تافگه، چاپ اول سنندج ١٤٠٠).
٢. (اعتیاد در کردستان رنگ عوض کرده است. ٣٠ آذر ١٣٩٩، ایسنا). https://www.isna.ir

٣. (٦ درصد زنان در کردستان اعتیاد دارند. ایرنا. سنندج. ٢٩ اردیبهشت ١٣٩٨). www.irna.ir

٤. (حدود ۴۰ درصد معتادان کردستان، کارمند دولت هستند، ایرنا ٦ خرداد ١٤٠٠).
٥. (۳ درصد جمعیت آذربایجان غربی درگیر اعتیاد هستند، خبرگزاری مهر ٢٣ مرداد ١٣٩٨). https://www.mehrnews.com

٦. (امسال بیش از ۵ تن مواد مخدر در آذربایجان‌غربی کشف شد، خبرگزاری تسنیم ١ تیر ١٤٠٠). https://www.tasnimnews.com
٧. تیرۆری سپی، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەرێم نیوز. ٣.٧.٢٠٢١.
https://www.haremnews.com/details/19943
 
٨. دانا عومەر، ماددە هۆشبەرەکان؛ شەڕی داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕوداو، ٥.١.٢٠٢١.
https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/05012021

٩. Nearly half of Kurdish youth smoke, survey finds, 29-11-2016.
https://www.rudaw.net/english/kurdistan/291120161

١٠. Nasih Othman,1 Attallah O. Kasem,2 and Faisal A. Salih3Waterpipe Smoking among University Students in Sulaimaniyah, Iraqi Kurdistan: Prevalence, Attitudes, and Associated Factors. 2017.

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5960227
 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک