٢٦\٣\٢٠١٩
گروپی "رووناک"
پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی مۆسیقای "رێگای ھەوریشم"ی چینی بەدەستھێنا.
مەنسوور جیھانی
گروپی "ڕووناک" بە
سەرپەرەستی گۆرانیبێژی کورد "کەیوان عەلی محەمەدی" پلەی یەکەمی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم" لە وڵاتی چینی
بەدەستھێنا.
گروپی
مۆسیقای "ڕووناک" بە سەرپەرەستی موزیکزان و گۆرانیبێژی کورد "کەیوان
عەلی محەمەدی" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە شەشەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم" لە وڵاتی چین بەشداریی
کرد و لە ھۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن و ھەروەھا لە شوێنی سەر ئاوەڵای
شاری "شیان" بە مێژووی زیاتر لە سێ ھەزار سال و یەکێک لە چوار پێتەختی
باستانی و ناوەندی پارێزگای "شا.ئان.شی" کۆنسێرتی پێشکەش کرد و لە
لایەن ھۆگرانی موزیکەوە پێشوازیی لێکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی
دادوەرانی ئەم ڕووداوە ھونەرییەوە پلەی یەکەم بەم گرووپە موزیکە بەخشرا.
بەشداریی ١٢ گرووپی مۆسیقا
لە وڵاتانی جیھان.
"کەیوان عەلی محەمەدی" سەرپەرەست و گۆرانیبێژی گروپی مۆسیقای "ڕووناک"
سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێڕت لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی
مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم" لە وڵاتی چین گوتی: ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداریی
١٢ گرووپی مۆسیقا لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ھێندستان،
بڕازیل، ئیسپانیا، ئازەربایجان، تورکیا، سێربستان، ڕووسیا، گورجستان،
ئێران و چەندین وڵاتی دیکە پێش کۆتایی ھاتنی سەری ساڵی نوێی و جەژنی
نەورۆزەوە بەڕێوەچوو و گروپی مۆسیقای "ڕووناک" لە لایەن ئەندامانی
لێژنەی دادوەرانی ١١ کەسییەوە وەکوو باشترین گرووپی فۆلکلۆری ئەم
فێستیڤاڵە دەستیشانکرا.
مانگێک کۆنسێرت لە شاری "شیان"ی چین.
گوتیشی: ئەم فێستیڤاڵە بە ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو، بەڵام تا ڕادەیەک
کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای "ڕووناک"، گۆرانییەکان و جلووبەرگی کوردیی
و نەتەوەکانی دیکە و ھەروەھا زمان و زاراوە جۆراوجۆرەکانی ئێمەیان پێی
خۆش بوو کە نزیکەی مانگێک لە "شیان" کۆنسێرتمان پێشکەش کرد. شیان
شارێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتیی گرینگی پیشەسازیی، زانستی و تەکنۆلۆژیا،
پەروەردە و کەلتووریی، بازرگانی و ئابووریی وڵاتی چینە و لە لایەن
خەڵکییەوە پێشوازییەکی زۆر باش لە بەرنامەکانمان کرا بە شێوەیەک کە ھەر
ڕۆژ نزیکەی ٥ ھەزار کەس کۆنسێرتەکانی ئێمەیان لە نزیکەوەی دەبینی و بە
بڕوای من، ئەم بەرنامانە یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی
چین بوو.
بینینی ٥ ھەزار کەس لە ھەر کۆنسێرتێکی گروپی مۆسیقای "ڕووناک".
گوتیشی: ئێمە یەکەمین کۆنسێتی خۆمان لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم" لە ھۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن
سازکرد کە ھەندێک لە بەرپرسانی باڵای چین، باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆری
جیھان و ھەروەھا ھۆگرانی موزیک تیایدا بەشدارییان کرد کە پێشوازییان تا
ڕادەیەک بوو کە کۆنسێرتەکانی دواییمان لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری شیان
بەڕێوەبرد، کە لە ھەر کۆنسێرتێکدا نزیکەی ٥ ھەزار کەس لە نزیکەوە
بەرنامەکەی ئێمەیان بینی.
پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان.
ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ھاوکات لەگەڵ
بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم"،
ساڵی نوێی چینییەکانیش بوو کە ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆیان ھەیە و بە ھۆی
بەدەستھێنانی پلەی یەکەمی ئەم ڕووداوە ھونەرییە لە لایەن گروپی مۆسیقای
"ڕووناک"، ئێمەیان بۆ پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری
ساڵی چینییەکان ھەڵبژارد و لەم بەرنامەیەشدا کۆنسێرتمان پێشکەش کرد و
بە ھۆی پێشوازیی باشی خەڵکییەوە، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ کۆنسێرتیان بۆ ئێمە
دانا.
ئاھەنگی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە چین.
گوتیشی: شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم"،
یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو، چونکە توانیمان
بە پێشکەش کردنی گۆرانییە کوردییەکان و ھەروەھا گۆرانی ناوچە
جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئێران و ھەروەھا بڵاوبوونەوەی دیمەنە ناوچە
سەرنجڕاکێش و گەشتیارییەکانی ئێران لە پشت سەرمانەوە بۆ چینییەکان و
گەشتیارە بیانییەکان لە وڵاتانی جۆراجۆری جیھانەوە، دابوونەریتی
کوردەواریی و زمان و ھەروەھا جلووبەرگی خۆمان نمایش بکەین کە لە لایەن
خەڵکییەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا. تەنانەت خەڵکی لە شەوەکانی دوایی
کۆنسێرتدا ھۆگرییان بە گۆرانییەکانی ئێمە بەتایبەت گۆرانی "ڕەعنا"
ھەبوو و ھاوکات لەگەڵ ئێمە گۆرانییەکانیان دەگووتەوە.
ماڵئاوایی چینییەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە.
ئەم ژەنیارە بەئەزموونەی ئامێری دەف لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:
پێشوازیی ھۆگرانی موزیک لە کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" لە
وڵاتی چین تا ڕادەیەک بوو کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ماندوو دەبووین،
بەڵام ناچاربووین کە شەو لە دوای یەک، کۆنسێرت پێشکەش بکەین و
ژمارەیەکی زۆر لە چینییەکان بە ھۆی ئەو ھۆگرییەی کە بە گرووپی ئێمە
بوویان، لە ڕۆژیی کۆتاییدا بۆ ماڵئاوایی ھاتن بۆ فڕۆکەخانە و خۆشەویستی
خۆیان بۆ ئێمە دەربڕیی و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، ماڵئاواییان لێکردین.
پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە فێستیڤاڵی مۆسیقای نەمسا.
عەلی محەمەدی سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێرتی گروپی مۆسیقای "ڕووناک"
لە وڵاتی نەمسا گوتی: دوای بەرنامەی سەرکەوتوانە لە شەشەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم"، بۆ بەشداریی لە
فێستیڤاڵی مۆسیقای ئێرانییەکان لە شاری ڤییەنا لە وڵاتی نەمسا
دەستنیشان کراین و لەوێش کۆنسێرتمان پێشکەش کرد کە لە لایەن
ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نەمساوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.
گۆرانی کوردیی "لە کۆڵانی تەنگەوبەر" لە چین.
سەرپەرەستی گروپی مۆسیقای "ڕووناک" سەبارەت بە پارچە موزیک و
گۆرانییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای ھەوریشم" گوتی: لەم
فێستیڤاڵَەدا گۆرانی کوردیی "لە کۆڵانی تەنگەوبەر"، گۆرانی بەلووچی "چەمەنی
تارا"، گۆرانی گیلانی "ڕەعنا"، گۆرانە لوڕییەکان "تەرە دۆر" و "باروو،
باروو"، گۆرانی خوراسانی "لەیلا دەر واکۆن"، گۆرانی ئازەری "نارگیلە"،
گۆرانی بەندەری "ڕۆژی ھەینی"، گۆرانی بەختیاری "ئەھای گوڵ"، گۆرانی
عەڕەبی "مەیحانە"، گۆرانی ئینگلیزی "بھێڵە ژیان بەسەر بەرم" و ھەروەھا
گۆرانییەکی تێکەڵاوی کوردیی، عەڕەبی و ھیندیی بە ناوی "کەرەندی".
کۆنسێرت لە دوورگەی کیش و بەندەری عەسەلووییە بە بۆنەی نەورۆز.
ئەم موزیکزانە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتەکانی گرووپی مۆسیقای "ڕووناک"
بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گوتی: بڕیاربوو کە رۆژی ١٩ تاکوو ٢٤ی مارسی
٢٠١٩ لە شاری پیکەن لە وڵاتی چین و ھەروەھا دوای ئەویش لە وڵاتی قیبرس
کۆنسێرت پێشکەش بکەین کە بە ھۆی ھاتنی جەژنی نەورۆزی ساڵی پار، لە شاری
مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا و لە درێژەشدا لە فێستیڤاڵی ڕانیە لە ھەرێمی
کوردستان، نەمسا، چین و تورکیا کۆنسێرتمان ھەبوو، ھەر بەم ھۆیەوە زۆرم
پێی خۆشبوو کە ئەمساڵ بۆ ڕێزلێنان بە ھاووڵاتیانی خۆشەویستم، بە پێشکەش
کردنی کۆنسێرت لە خزمەتیاندابم. لە شەو یەکەم و دووھەمی نەورۆزدا واتە
١٩ و ٢٠ی مارسی ٢٠١٩ لە دوورگەی کیش بە بۆنەی ھاتنی ساڵی تازەوە
کۆنسێرتمان پێشکەش کرد و بە گشتیی ٨ شەوی دیکەش لە دوورگەی کیش واتە لە
رۆژانی ٢٨ی مارس تا ٦ی ئەپرێلی ٢٠١٩ و ٥ شەویش لە بەندەری عەسەلووییە
لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٦ی مارسی ٢٠١٩ بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کۆنسێرتمان
پێشکەش دەکەین.
زنجیرە کۆنسێرتی گرووپی "ڕووناک" لە وڵاتانی ئەورووپی لە ساڵی نوێدا.
ئەم گۆانیبێژە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتە بیانییەکانی گرووپی موزیکی "ڕووناک"
گوتی: لە ئێستادا سەرقاڵی بەرنامەداڕێژی بۆ زنجیرە کۆنسێرتە
ئەورووپیەکانی گرووپی "ڕووناک"ین. ھەروەھا لە لایەن سێ شاری وڵاتی چین،
شارەوانی ڤییەن لە وڵاتی نەمسا دوو کۆنسێرت و ھەروەھا دوو کۆنسێرتیش لە
وڵاتی ئەڵمانیا داوەتنامەمان بەدەست گەیشتووە کە بە ئومێدی خودا مانگی
خەزەلوەری ئەمساڵ، کۆنسێرتە ئەورووپییەکانی خۆمان دەست پێدەکەین.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێکی نوێی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز.
"کەیوان عەلی محەمەدی" لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: بە بڕوای من
٢٠١٨ ساڵێکی سەرکەوتوو بوو بۆ گرووپی موزیکی "ڕووناک" بە بەراورد لەگەڵ
چەند ساڵی ڕابردوو و ھیوادارم ئەم ڕووداوە باشە بۆ ئێمە درێژەی ھەبێت و
لەمساڵیشدا بە گڕووتینێکی زیاترەوە ھەنگاو بەرەوپێشەوە ھەڵێنین.
لێرەشدا ئەو مزگێنییە بە ھاووڵاتیانی خۆشەویست دەدەم کە بە کار و
بەرھەمەکانیان خۆشحاڵیان بکەین. ھەر بە بۆنەی ھاتنی ساڵی تازەوە
نوێترین کلیپی خۆمان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێنەمان گرتووە، بە
شانازییەوە پێشکەش بە خەڵکی خۆشەویست دەکەین.
ئەندامانی گرووپی موزیکی "ڕووناک" لە کۆنسێرتی چین.
گرووپی موزیکی "ڕووناک" لە کۆنسێرتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای "ڕێگای
ھەوریشم" بریتی بوون لە: کەیوان عەلی محەمەدی ـ سەرپەرەستی گرووپ،
دابەشکردنی موزیک، ژەنیاری دەف و گۆرانیبێژ، کاویان عەلی محەمەدی ـ
ژەنیاری کەمانچە، حانییە عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری تار، نێدا ڕەزاییان ـ
ژەنیاری نەی ئەنبان، عوود و ئامێرە کوتراوەکان، مریەم مەرزبانی ـ
ژەنیاری دەف و نەقارە، موجتەبا شاداب فەر ـ ژەنیاری گیتار باس و
مێھرداد مەحموودی ـ ژەنیاری کیبۆرد.
"یەکێتی نەتەوەیی" و "ئاشتی و دۆستایەتی".
گرووپی موزیکی "ڕووناک" ساڵی ٢٠٠١ بە بەرپرسیاریی "کەیوان عەلی محەمەدی"
بە مەبەستی "یەکێتی نەتەوەیی" و "ئاشتی و دۆستایەتی" دەستی بە
چالاکییەکانی خۆی کرد، لە سەرەتادا تەرکیزی خستەسەر مۆسیقای نەتەوەکانی
ئێران بە جۆرێک کە ھەر کام لە مۆسیقای ناوچەیی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی
ئێران لەوانە: گۆرانی، ئامێر، زاراوە و جلووبەرگ، توانییان تیایدا
ڕەنگدانەوەی بەرچاوی خۆیان ھەبێت. گرووپی "ڕووناک" تا ئێستا سێ
ئەلبوومی موزیکی بە ناوەکانی "ڕووناک"، "ئێران وڵاتی من" و "حاجی
فیرووز" بڵاوکردۆتەوە و لە تەلاری وەحدەتی تاران و شارەکانی ئێران و
ھەروەھا وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لەوانە: ڕووسیا، تورکەمنیستان، کوەیت،
مالیزی، فەڕەنسا، ئیماڕات، بەحرەین، ئەڵمانیا، تورکیا، نەمسا، ھەرێمی
کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی
ڕاگەیاندنی گشتیی گروپی مۆسیقای "ڕووناک"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|