په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٩\٢٠١٩

گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!

 

    مەری بوکچین

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر

- بەشی دەیەم -

 

وەھم و ئەفسانەی پارت (حیزب).

شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن حیزبەکان و گروپەکانەوە یاخود کادیرەکانەوە بەرپا نابێت. شۆڕشەکان سەرئەنجامی ھێزێ ڕۆچوی مێژووە و ناکۆکییەکانە کە بەشێکی گەورەی دانیشتوان چالاک دەکەن، ئیدی شۆڕشەکان دەردەکەون و رەوودەدەن. ئەو شۆڕشانە سەرھەڵدەدەن نەک بە تەنھا لەبەر ئەوەی کە " جەماوەر" دەبینن کە کۆمەڵی مەوجود ( وەکو ترۆتسسکی جەدەلی دەکات) قەبوڵناکرێت [تەحەمولناکرێت]، بەڵکو لەبەرئەوەش کە گرژییەکانی نێوان واقیع و ئەوەی کە ئەگەری کردنی ھەیە، ھەروەھا لە نێوانی چی ھەیە و چی دەتوانرێت بکرێت، ئەمانەن کە ڕۆڵدەگێڕن لە ڕوودانی شۆڕشدا. بە تەنھا ناھەمواریی و نەبوونیی و برسێتیی شۆڕش بەرھەمناھێنن، زۆر جار ئاوایە، بەڵکو بێ ئومێدیی، ڕووخان، یاخود خراپتر، تایبەتمەندییە خۆییەکان، ململانێی خودی کەسایەتی لە پێناوی مانەوەدا، ڕۆڵیان ھەیە.

وەزن و بایاخی شۆڕشەکەی ١٩١٧ ی ڕوسیا لە مێشکی ئەوانەی کە دەژین وەکو مۆتەکەیەکە چونکە بە زۆری بەرھەمی " بارودۆخە تەحەمولنەکراوەکان" بوو لە ناھەمواریی و وێرانکاری جەنگی ئیمپریالیستیانە. ئەو شۆڕشە ھەرچی خەونێکی ھەبووبێت لە لایەن جەنگێکی ئەھلی خوێناوییەوە، برسێتیی و نەبوونیی و خیانەتەوە لەناوبرا. ئەوەی کە دەرەنجامی شۆڕشەکە بوو بە تەنھا وێرانکردنی کۆمەڵێکی کۆن نەبوو بەڵکو تێشکانی ھەبوونی ھەرچی ئومێدێکیش، بوو، کە بۆ بەدەستھێنانی کۆمەڵێکی نوێ، بوون. شۆڕشەکەی ڕوسیا زۆر خراپ شکستیھێنا، شوێنی حکومەتی قەیسەری بە سەرمایەداریی دەوڵەتی گرتەوە. [١٣] بەلشەڤیکەکان بوونە قوربانیی تراجیدیانەی ئیدۆلۆجییەکەی خۆیان و لە پاکتاوکردنەکەی ساڵانی سییەکانا، ژمارەیەکی زۆریان بە ژیانی خۆیان باجەکەیان، دا. ھەوڵدان بۆ دەستکەوتنی ھەر حکمەتێکی عاقڵانە لەم شۆڕشە نوقسانە ناتەواوەدا، جێگای پێکەنینە. [ بوکچین لێرەدا مەبەستی ئەوەیە کە گەنجە چەپە نوێیەکان نابێت چاوەڕان و باوەش بۆ مارکسیزم-لینینزم بکەنەوە لە بزوتنەوەکەیانا، چونکە ئەوە کارەساتێکی مێژویی بوو، دەسەڵاتخوازانە و تۆتالیتارستی، بوو، تۆوی ئەمەش لە خودی مارکسیزمدا و لە کۆمەڵی ئەو سەردەمەدا چانرابوو. چەپە نوێیە ئەنارکیستەکان دەبێت خۆیانی لێبپارێزن- وەرگێڕ. لە زاری جانێت بھێڵ، برادەر و ھاوکاری بوکچین] ئەوەی کە دەتوانین لە شۆڕشەکانی ڕابوردووەوە فێربین ئەوەیە کە بزانین ھەموو شۆڕشەکان لە چیدا ھاوبەشن و ھەروەھا سنوورە دیاریکراوەکەیانە بە بەراورد لە تەک گریمانێکی گونجاوی زۆر و گەورەدا کە لە ئێستادا لای ئێمە ئاشکرایە. جەوھەری خەسڵەتەکان و دیمەنی شۆڕشەکانی ڕابوردوو ئاوابووە کە خۆبەخۆیانە/ خۆڕسکیانە دەستیانپێکردووە. ئەمەش ڕوونە گەر ھەر کەسێک بیەوێت قۆناخی دەستپێکردنی شۆڕشی فەرەنسای ساڵی ١٧٨٩ و شۆڕشەکانی ١٨٤٨ و کۆمونەی پاریس و شۆڕشی ١٩٠٥ی ڕوسیا و سەرەوژێڕکردنی حوکمی قەیسەر لە ساڵی ١٩١٧ و شۆڕشی ھەنگاریای ١٩٥٦ یاخود مانگرتنی گشتی ١٩٦٨ی فەرەنسییەکان، بپشکنێت، کە لە ھەر ھەموویانا دەستپێکردنی قۆناخەکان بە گشتی وەک یەک بوون: قۆناخێکی خرۆشانی خۆبەخۆیانە تەقیوەتەوە و بەرەو بازی جەماوەریانە، ملیناوە. ئەو گوڕ و بازدانانە گەر سەرکەوتووبووبێت یا نا، پەیوەستە بە ورە و بڕیار و پلانەکانەوە، ھەروەھا ئایا کە ھێزەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە خەڵک دەجەنگن یا نا.

"پارتی شکۆدار" کاتێک کە ھەیە ھەمیشە لە دوای ڕووداوەکانەوە ھەنگەشەلکێیەتی. لە مانگی شوباتی ١٩١٧ دەدا بەشی ڕێکخستنی پیترۆگرادی پارتی بەلشەڤیک دژ بە بانگەشەی مانگرتنەکان، وەستایەوە، ئەوەش بە دەقیقی سەر لە ئێوارەی پێش شۆڕش بوو کە چارەنوسی تەزاری دیاریکرد و حکومەتەکەی ژێراوژوور کرد، بەڵام خۆشبەختانە کرێکاران " ڕێنماییەکانی" بەلشەفیکەکانی فەرامۆش کرد و مانگرتنی خۆی کرد. لەو ڕووداوانەی کە بە دوای یەکدا ھاتن و شۆڕشی تیادا ڕوویدا ھیچ کەس زیاتر لە پارتە " شۆڕشگێڕەکان'" سەرسامتر نەبوو ، لە نێوانیشیانا پارتی بەلشەفیک، بوو، ھەروەکو Kayurov سەرکردەی بەلشەفیک، وتی:
"بەڕەھایی[موتڵەقەن] ھیچ دەستپێشخەرییەکی ڕێنماییانە لە پارتییەوە دەرنەچوو....ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پیترۆگراد گیران و نوێنەری کۆمیتەی ناوەندیی، ھاوڕێ Shliapnikov, نەیتوانی ھیچ ئامۆژگاری و ڕێنماییەک سەبارەت بە ھاتنی ڕۆژەکانی دوایی، بدات". [٣]

ڕەنگە نەبوونی ڕێنماییەکی ئاوا مایەی خۆشبەختی بووبێت چونکە پێشئەوەی کە کۆمیتەی پیترۆگراد بگیرێن ھەڵسەنگاندنی کۆمیتەکە بۆ بارودۆخەکە و ڕۆڵی خۆیان ئاوا غەمگینانە بوو ئەگەر کرێکاران دووی ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی کۆمیتە بکەوتنایە، کاتێک کە شۆڕش ڕوویدا گومان لەڕوودانی دەکرا.

دەتوانرێت ھەمان جۆر لەم حیکایەتە سەبارەت بە پێشوەختی ١٩١٧ ھەروەھا ئەوانەی کە بەدوایدا ھاتن بوترێت، یەکێک لەوانە بە شاھید ھێنانەوەی ئەم نزیکانەی ڕاپەڕینی قوتابیان و مانگرتنی گشتی مانگی ئایار و حوزەیرانی ١٩٦٨ ی فەرەنسایە، ئەمە کاتێک کە خواست و مەیلێکی لەبار ھەبوو بۆ لەبیرکردنی نزیکەی دەرزەنێک لە " مەرکەزێتێکی بە شدەت" لە ڕێکخستنی بەلشەفیکئاسا کە لەکاتی خۆیدا لە پاریس ھەبوون. بەدەگمەن باس لە ھەر یەکێک لەو گروپە " پێشەنگانە" دەکرێت کە تا ڕۆژی ٧ ی ئایار کاتێک کە شەڕی شەقامەکان بە جددی دەستیانپێکرد ڕقیان لە راپەڕینی قوتابیان دەبووە. گەنجە ترۆتسکییە شۆڕشگێڕە شیوعییەکان [The Trotskyist JeunesseCommunisteRévolutionnaire ] نەبێت کە جگە لەوان کە بە تەنھا دووی دەستپێشخەرییەکانی بزوتنەوەکەی ٢٢ ی ئازار کەوتن. [١٤]. ھەتا ڕۆژی ٧ ی ئایار ھەموو گروپە ماوییەکان ڕەخنەیان لە ڕاپەڕینی قوتابییان دەگرت کە گوایە ڕووکەش و پەراوێزکەوتوو بێ بایاخن. فییدراسوێنی قوتابییانی شۆڕشگێڕی ترۆتسکییەکان، Trotskyist Fédération des ÉtudiantsRévolutionnaires ، قوتابیان و مانگرتوانیان بە " سەرکێش" [موغامیر] ناودەبرد و لە ڕۆژی ١٠ ی ئایاردا لە ھەوڵی ئەوەدا بوون کە قوتابییان بەست و مەتاریسەکان بەجێبھێڵن، ئەوە باسی پارتی کۆمۆنیست ناکرێت کە بێ گومان ڕۆڵیکی خیانەتکارانەیان بینی. ماوییەکان و ترۆتسکییەکان وەکو دەستبەسەرکرابێتن ئاوابوون، دووربوون لەوەی کە ڕۆڵێ ڕابەرایەتیکردنی ئەو بزوتنەوە پۆپلیستییە بگێڕن.

بە پێچەوانەوە، زۆرێک لە گروپە بەلشەفیکەکان لە زانکۆی Sorbonne بێئابڕوانە گەمەی تەکنیکیانەیان لەناو ئەنجوومەنەکانی قوتابیانا، بەکاردەھێنا و لە ھەوڵی " کۆنترۆڵکردنیا" لە چوارچێوەی شێواندن و ڕوخاندنیا بوون، کە ئەمەش تەواوی لیژنەکەی وێراندەکرد. دواتریش بۆ تەواوکردنی ئەم جۆرە کارانە ھەموو ئەو گروپە بەلشەفیکانە سەبارەت بە پێویستی بووونی " نێوەندگەرایی سەرکردایەتی" چەڵتە چەڵتیان بوو، کاتێکیش کە بزوتنەوە جەماوەرییەکە ھەرەسیھێنا بزوتنەوەیەک بەدەر لە " ئامۆژگاریی و ڕێنمایی" ئەوان و زۆر جاریش دژ بەوان، دەرکەوت.

________________________________________________________
١٣- ڕاستییەک کە ھەرگیز ترۆتسکی تێینەگەیشت ئەوە بوو کە ھیچ وەخت ئەو دووی سەرەنجامی چەمکەکەی خۆی " پێکەوە پێشکەوتن""combined development " لە بەرانبەر دەرنجامە لۆژکیەکانی خۆی ، نەدەکەوت. ئەو ئەوەی ( دروستدەبینی) کە تەزاری [ قەیسەری] ڕوسیا ، لە پرۆسەی پێشکەوتنی بورجوازییە ئەوروپاییەکانا لە دواوە بوو یاخود دواکەوت، کە بارودۆخەکەی ڕوسیای ئەو کاتە ھەر لە سەرەتاوە بە زەروورە داخوازی زۆرترین گەشەی پیشەسازی و فۆرمبوونی چینایەتی دەکرد لەبری دووبارەکردنەوەی پرۆوسەی سەرتاسەری گەشەی بورجوازی. ئەو فەرامۆشی ڕەچاوکردنی ئەوەی کرد کە ڕوسیا بەھۆی ئاژاوەی ناوخۆی زۆر گەورەوە، ھەڵوەشاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە تەنانەت پێشی سەرمایەداریی شوێنەکانی دیکە لە ئەوروپا بداتەوە. ترۆتسکی خەوێکی موغناتیسی قوڵی بە فۆرمیلەی " خۆماڵیکردنی خاوەندارێتی، یەکسانە بە سۆشیالیزم" دەبینی، ئەو شکستی ھێنا لە دەرککردن بەوەی کە خودی سەرمایەداریی ئیحتیکاریی مەیلی یەکگرتنی لە تەک دەوڵەت یاخود ئاوێتەبوونی بەو ھەیە، ئەوەش بە ھۆکاری بونی جەدەلییەتی نێو خودی خۆیەوە. بەلشەفیکەکان فۆرمە ترادیسوێنەکانیان لە ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بورجوازی، پاککردەوە (کە تا ئێستاش ئەو فۆرمانە لە ئەمەریکا و ئەوروپا لە گەشەکردنی سەرمایەداری دەوڵەتییدا، دەستبەکارن)، ئەوان بێ مەبەست زەمینەیان بۆ گەشەکردنی دەوڵەتێکی سەرمایەداریی " پوخت و ڕووت" سازکرد کە دەوڵەت لەو زەمینەیەدا لە کۆتاییدا دەبێتە چینێکی دەسەڵارتدار. بە ھۆی نەبوونی پاڵپشتیی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەوروپاوە، شۆڕشی ڕوسیی بوو بە دژە شۆڕشێکی ناوخۆ، ڕوسیای شورەویی بوو بە فۆرمێکی سەرمایەداریی دەوڵەتیی کە "سوودی بە سەرجەمی خەڵکەکە نەدەگەیاند". پێچواندنەکەی لینین سەبارەت بە " سۆشیالیزم " و سەرمایەداریی دەوڵەتی لە سای ستالین-دا بووە ڕاستییەکی زۆر ترسناک. مارکسییەت چجای کرۆکە مرۆییەکەی شکستیھێنا لەبەرئەوەی دەرکینەکرد و تێنەگەیشت کە چەندێک چەمکە " سۆشیالیزم" کەی لە قۆناخی دوایی خودی کاپیتاڵیزم نزیکدەبێتەوە یاخود نزیکایەتی ھەیە، شکستیھێنا، بە گەڕانەوەی بۆ شێوازی بازرگانی لەسەر ئاستی پیشەسازی باڵا. شکستھێنان لە تێگەیشتنی ئەم پێشەوەچوونە، بزوتنەوەی شۆرشگێڕی سەردەمی بەرەو ڕاچەنینی تیئوریانە، بێ ئومێدیانە، برد، کە کەرتکاری نێوانی ترۆتسکییەکان سەبارەت بەم پرسە، شاھیدن.
[٣] Quoted in Leon Trotsky, The History of the Russian Revolution (Simon & Schuster; New York, ١٩٣٢), vol. ١, p. ١٤٤.
١٤- بزوتنەوەکەی ٢٢ی ئازار دینەمۆیەک بوو لە کڕوکی ڕووداوەکانا کاری دەکرد، وەکو سەرکردایەتیی، فرمانی دەرنەدەکرد، بەڵکو پاڵنەر و جوڵێنەربوو، ئازادانە شانۆگەرییەکەی بۆ ڕووداوەکان بەجێدەھێشت. ئەم شانۆ ئازادە ڕێگای بە قوتابییان دەدا لە ڕێگای ھێزی بزوێنەری خۆیانەوە بەرەو پێشەوە ملبنێن، چونکە نەدەتوانرا لەبەر ھونەری جەدەل و مشتومڕی نێو ڕاپەڕین، دەستبەرداری ببن. لە ڕاستیدا بە بێ ئەوە ھیچ بەست و مەتاریسێک لە ڕۆژی ١٠ ئایاردا نەدەبوو ، ئەویش بەدەوری خۆی خاڵی تەقینەوەی مانگرتنی گشتی کرێکاران بوو.
________________________________________________________

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/giweradereeym9.htm

بەشی هەفتەم و هەشتەم: www.emrro.com/giweradereeym7u8.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/giweradereeym6.htm

بەشی چوارەم و پێنجەم: www.emrro.com/giweradereeym4.htm

بەشی دووەم و سێیەم: www.emrro.com/giweradereeym2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/giweradereeym.htm

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک