٥\١٠\٢٠١٩
گوێڕادێرە ئەی
مارکسیست!

مەری
بوکچین |

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر |
- بەشی
یازدەم -
وەھم و ئەفسانەی پارت /
حیزب.
شۆڕشەکان و ڕاپەڕینەکان بایاخی تێبینی و سەرنجدانن نەک بە تەنھا لەبەر
ئەوەی قۆناخێکی سەرەتاییان ھەیە کە زۆر دیارە بێ سەروبەرەیە، بەڵکو
ڕەوتێکی خۆڕسکیشی ھەیە لە ئافراندنی شێوەکانی خۆبەڕێوەبەریی شۆڕشگێڕانە
کە خۆی دەیەوێت. کەرتە پاریسییەکانی ١٧٩٣-١٧٩٤ بەرچاوترین فۆرمەکانی
خۆبەڕێوەبەریی بوون کە توانرا لە لایەن ھەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە لە
مێژوودا، ئافریندەبکرێت. [١٥]. لیژانەکان یاخود " سۆڤێتاتەکان"ی
کرێکارانی پترۆگراد کە لە ساڵی ١٩٠٥دا دروستیانکرد زۆر نزیکییان لە
فۆرم و شێوازدا لە تەک ئەواندا، واتە کەرتە پاریسییەکاندا، ھەبوو.
گەرچی ئەم لیژان و سۆڤێتاتانە کەمتر دیمۆکراتی بوون لە کەرتە
پاریسییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە لە ژمارەیەک لە شۆڕشەکانی ئەم
دواییەدا دەردەکەوتنەوە. ئەوەتا دەبینین کە فۆرمێک لە شۆڕشی
خۆبەڕیوەبەریی، ئەنجوومەنەکانی کارگەکان بوون کە ئەنارکیستەکان لە
شۆڕشەکەی ئیسپانیای ١٩٣٦ دا، دروستیانکردن. دواتریش کەرتەکان وەکو
ئەنجوومەنەکانی قوتابییان و کۆمیتەکانی چالاکیی لە ڕاپەڕین و مانگرتنە
گشتییەکەی مانگی ئایار و حوزەیرانی پاریسی ١٩٦٨ دا دەرکەوتنەوە. [١٦].
ئا لەم بارەدا دەبێت پرسیاری ئەوە بکەین کە پارتی " شۆڕشگێڕ" لەم
ئاڵوگۆڕ و گەشەکردنەدا چ ڕۆڵێک یاریدەکات. ھەروەکو لە سەرەتادا بینیمان
ڕۆڵێکی سەرکوتکەریان بینیوە، ئەوەش ڕۆڵی " پێشڕەو" نەبوو. ئەم پارتە لە
ھەر شوێنێکدا ھەژموونی خۆی بەکاربھێنێت ئامانجی ھێواشکردنەوەی تەوژمی
ڕووداوەکانە، نەک " کۆمەک و ھاوکاریی" ھێزە شۆڕشگێڕەکان، ئەمەش بە
ڕێکەوت نییە. خودی پارتیی خۆی پێکھاتەیەک یاخود قەوارەیەکی
قووچکەیانەیە و ھێڵێکە کە ڕەنگدانەوەی تەواوی ئەو کۆمەڵەیە کە خۆی
بانگەشەی دژبوونی دەکات. گەرچی بە تیئوریی بانگەوازێکی یاخود
ئیدیعایەکی دیکە دەکات بەڵام ئۆرگانێکی بورجواززییە، دەوڵۆتکەیەکی
بچوکە، لەگەڵ ھەبوونی جیھاز و کادیرەکانیا کە وەزیفەیان گرتنەدەستی
دەسەڵاتە، نەک ھەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات. ڕیشەی پارتیی لە قۆناخی پێش
شۆڕشدایە، ھەموو ئەو فۆرمانەی کە بەخۆیەوە دەیگرێت و تەکنیکەکان و
عەقڵییەتیی، بیرۆکراتیانەیە. ئەندامەکانی لە قوتابخانەی گوێڕایەڵیی و
چەمک و فکرە بەسەرچوەکان لە عەقیدەی وشکھەڵاتوو لەتەک ڕێز و سەرسامبوون
بە سەرکردە، دەخوێنن. سەرکردەکانی پارتیی-ش بە ڕۆڵی خۆیان زادەی
قوتابخانەی خوو و نەریتی کۆماندارانن [ئەوامیر]، ڕابەرێتی،
دەسەڵاتدارێتی، گەمە و نێرجسییەتن. ئەم بارودۆخە خراپتردەبێت کاتێک کە
پارتی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەماندا دەکات. لە سەروبەری
کەمپەینەکانی ھەڵبژاردنا پارتی پێشڕەو لەسەر مۆدێلی فۆرمی بورجوازیی
مەوجود دەڕوات، تەنانەت ھەمان ئامراز و جیھازیش بۆ ھەڵبژاردنی
بەکاردەھێنێت. کاتێکیش کە بەرەو ھەڵمەتی [کەمپەینی] ھەڵبژاردنەکان
دەچێت لە ڕاستیدا بارودۆخەکە ڕووبەڕوی مەترسییەکی ئێجگار گەورە
دەبێتەوە لە کاتێکدا کە حیزب دەبێتە خاوەنی چاپەمەنییەکی بەرفراوان،
چەند بنکەیەکی گرانبەھا، کۆمەڵێک بڵاوکراوەی دەوریی بە سەنتراڵی
کۆنترۆڵکراو لە گەڵ پێکھێنانی ئامێرێکی مووچەخۆردا- بە کورتیەکەی.
بیرۆکراتیەتێک کە ھەڵگری بەرژەوەندی مادییەکانە.
کاتێکیش کە پارتیی گەورە و بەرفراوان دەبێت مەسافەی نێوانی سەرکردایەتی
و خوارییەوە ھەڵدەکشێت و گەورەتردەبێت، سەرکردەکانی نەک بە تەنھا دەبنە
" شەخسیات" بەڵکو پەیوەندییان لەتەک باری ژیانی ئەوانەی خوارەوەدا،
نامێنێت. گروپە لۆکاڵییەکان کە دروست زروفی خۆیان باشتر لە سەرکردە
دوورەدەستەکانیان،دەزانن، ناچارن کە بۆچون و ڕوانگەی خۆیان بکەنە
قوربانی وەرگرتنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی لە سەرەوەی خۆیان. سەرکردایەتی
بێئاگاش لە ھیچ زانیارییەکی ڕاستەوخۆ و لە گرفتە لۆکاڵییەکان، بە
ھێواشی و بە حیکمەتەوە وەڵامدەداتەوە. گەرچی داخوازیەکەی ئەوان لە
لایەن سەرکردەکانەوە " گەورە دەبیینرێت" بۆ نیشاندانی " کارامەییەکی
گەورەی تیئوریستیانە" بەڵام کارامەیی و لێھاتوویی سەرکردە کە بەسەر
پەیژەی ھەرەمییدا بۆ سەرکردایەتی سەردەکەوێت، کەمدەبێتەوە. چەندێک
زیاتر نزیک لەو پلەیە دەبیتەوە کە بڕیارە سەرەکیی و گرنگەکانی تیادا
دەدرێت، ئەوەندە زۆرترین تەحەفوز لە سروشتی پرۆسەی بڕیاردانەکانا
دەکرێت، چەندێک زۆر بیرۆکراتییەت و ناپەیوەستبوونەوە دەبنە ئەو
فاکتەرانەی کە ڕۆڵی خۆیان دەبینن، ئەوەندە زیاتر لەبەرچاوگرتنی ھەیبەت
و شەخسییەت دەبینرێت و ئەمەش زیاتر جێگای دەستپێشخەریی و ئەندێشە
دەگرێتەوە، ھەروەھا زیاتریش خۆتەرخانکردن بە شتی بێبایاخەوە لە جێگای
ئامانجەکانی شۆڕش، جێی سەرنج دەبێت.
کاتێک کە پارت-حیزب لە ڕوانگەی شۆڕشگێڕییەوە بێتوانا و ناچالاک دەبێت،
ئەوەندەش زیاتر لە ڕێگای قوچکەیی و کادیرانی و نێوەندەوە [ مەرکەز]
بەدووی کەفائەت و چالاکییەوەیە. گەرچی ھەمووکەس لە حیزبدا لەشانی
یەکەوە ھەنگاودەنێن، بەڵام فرمانەکان [ئەوامیرەکان] ئاسایانە ھەڵەن، بە
تایبەت کاتێک کە ڕووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن و دەچنە پێشەوە و
شێوازێکی چاوەڕواننەکراو وەردەگرن، ھەر وەکو چۆن لە ھەموو شۆڕشەکانا
ڕوودەدەن. پارت تەنھا لە یەک ڕووەوە چالاک و کارایە ئەویش لە قاڵبدانی
کۆمەڵە لە ڕوانگەی شێوازی قووچکەیی خۆیەوە ئەگەر شۆڕش سەرکەوتو بێت.
بەوەش بیرۆکراتیتەت، مەرکەزییەت و دەوڵەت دروستدەکات و کار لەسەر
چەسپاندنیان دەکات. لە ھەوڵی بیناکردن و ڕاھێنانی ئەو زەمینە
کۆمەڵایەتییانەدایە کە پاساوی بوونی ئەم جۆرە کۆمەڵانە دەکات. لەبری
ئەوەی کە " ھەڵوەشێتەوە" کەچی دەوڵەت کە لە لایەن " پارتی شکۆدارەوە"
دەپارێزرێت، پارێزگاری لەو ھەموو بارودۆخە دەکات کە "دابینی" وجودی
دەوڵەت و ھەروەھا ئەو پارتی-یەی " پاسەوانێتی"، دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەم جۆرە پارتە لە کاتی سەرکوتکردنا زۆر باریخوارە،
بورجوازییەت تەنھا ئەوەندەی بەسە کە سەرکردایەتییەکەی دەستبەسەر بکات
بۆ تێشکانی بزوتنەوەکەی. بە گرتنی سەرکردەکانی یاخود خۆشاردنەوەیان
پارتی توشی شەلەل دەبێت و کەس نامێنێت بۆ ئەندامانی گوێڕایەڵ و
وەلاکارانیی تاکو وەلای بۆ بەرن، ئیدی وەکو ئەو ماسیانە کە بە ھۆکارێک
دەکەونە قەراخی ڕوبارەوە سەرگەردان و سەرلێشێواو و بارخوارن. ئەمەش
دەبێتە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی پارتەکە نەک بە تەنھا لەبەر ھۆکاری
سەرکوتکردن بەڵکو لەبەر ھەژاریی و نەبوونی سەرچاوەکانی ناوخۆش.
.
ئەو باس و خواسانەی کە پێشتر باسکران سەرەنجامی گریمان نیین ،بەڵکو
ئەوە وێنەیەکی ئاوێتەی سەراپای حیزبە مارکسییە جەماوەرییەکانی چەرخی
ڕابوردووە ھەر لە پارتە سۆشیالدیمۆکراتەکان و کۆمۆنیستەکان و ھەروەھا
حیزبە ترۆتسکییەکەی سیلۆن ( کە پارتێکی جەماوەری کەم ھاوتا بووە) [
لەوە ناکات بوکچین زانیاری لەسەر حیزبە شیوعییەکان، کۆمۆنیست و
دیمۆکراتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین ھەبووبێت، دەنا دەیتوانی ئەمانیش بۆ
بەڵگەکانی زیاد بکات - وەرگێڕ].
قسەکردن لەسەر ئەوەی کە شکستی ئەم پارتانە لە وەرنەگرتنی جددیانەی
مەبادیئە مارکسیەکاندایە، تەنھا داپۆشینی پرسیارێکە: بۆچی ئەم شکستە
ھەر لە یەکەم جاردا، لە سەرەتادا ڕوویدا؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەم
پارتانە ھاوبەشیی کۆمەڵی بورجوازییان ھەڵبژاردووە و لەبەرئەوەی کە
لەسەر ھێڵ و بنەماکانی بورجوازیی، پێکھاتبوون یاخود ڕێکخراو بوون، ھەر
لە دروستبوونیانەوە میکرۆبی خیانەتیان ھەڵگرتووە.
________________________________________________________
١٥- بڕوانە " شێوازەکانی ئازادیی" [نیویۆرک ، جێنیوەری ١٩٦٨].
١٦- لەتەک بەخۆنازینێکی زۆردا، کە بەشێکی بە ھۆکاری بێدەربەستییەوە [ئیھمالییەت]
بوو، ژمارەیەک لە گروپە مارکسییستەکان بەکردەوە ناوی یاخود لەقەبی
"شووراکان/ سۆڤێتاتەکان"یان، بەسەر ئەو شێوازانەی سەرەوە لە
خۆبەڕێوەبەریی، دەردەبڕی. ھەوڵدان بۆ دانانی ھەموو ئەم شێوازە
جیاوازانە لەژێر تاکە ناوێکدا یاخود تاکە لەقەبێک تەنھا کارێکی
نەزانانە و کوێرانە نەبوو، بەڵکو بە مەبەستیش بوو. لە ڕاستیدا شووراکان
ئاستی کەمی دیمۆکراتی بووون لە شێوازە/ فۆرمە شۆڕشگێڕەکان،
بەلشەفیکەکان زیرەکانە بەکاریانھێنان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی
پارتەکەیان. شووراکان وەکو کەرتە پاریسییەکان یاخود ئەنجوومەنەکانی
قوتابییانی ساڵی ١٩٦٨ی فەرەنسا لەسەر بناخەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ نەبوون.
نەک ھەر ئەوە بەڵکو لەسەر بناخەی خۆبەڕێوەبەریی ئابووریانەش، وەکو لە
کۆمیتەکانی کارگە ئەنارکیستییەکانی ئیساپانیا [بوکچین مەبەستی
ئیسپانیای ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٩یە- وەرگێڕ] نەبوون. لە ھەقەتا شووراکان
پەڕلەمانی کرێکاران، ڕێکخراوێکی قوچکەیانەیان دروستکرد کە
نوێنەرەکانیان لە کارگەکانەوە و دواتر لە یەکینەکانی میلیتەرییەوە
ھەروەھا جوتیارانی گوندەکانەوە دەھێنا.
________________________________________________________
بەشی دەیەم:
www.emrro.com/giweradereeym10.htm
بەشی
نۆیەم:
www.emrro.com/giweradereeym9.htm
بەشی
هەفتەم و هەشتەم:
www.emrro.com/giweradereeym7u8.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/giweradereeym6.htm
بەشی
چوارەم و پێنجەم:
www.emrro.com/giweradereeym4.htm
بەشی
دووەم و سێیەم:
www.emrro.com/giweradereeym2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/giweradereeym.htm
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|