په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٩\٢٠١٩

گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!

 

    مەری بوکچین

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر

- بەشی هەشتەم -


کرێکار دەبێتە شۆڕشگێڕ نەك بە زیاتریبوونی بە کرێکار، بەڵکو بە لەکارکەوتنی ، بەداماڵینی خۆی لە " کرێکارێتی " کە کاری کرێگرتەیی ناهێلێت. ئەمە هەر بە تەنها کرێکار ناگرێتەوە، بەڵکو کێڵگەوان، قوتابییان، ئەوانەی کاری نوسینگەی ئیداریی دەکەن، سەرباز، بیرۆکرات، پسپۆڕ و شارەزایان، هەروەها مارکسیستەکانیش دەگرێتەەوە. کرێکار کەمتر " بورجوازیی" نییە لە هەر یەک لەوانەی کە ناویان هات . " کاریکرێگرتەییەکەی- کرێکارێتیی" نەخۆشییەکی کوشندەیە کە بە دەستییەوە دەناڵێنێت، موسیبەتێکی کۆمەڵایەتیی چەسپاوە بۆ خۆگەیاندنە تاك. لینین لە کتێبی دەبێت چی بکرێت؟ ئەمە تێگەیشتووە بەڵام ئەو دزەی بەمە کرد بۆ ناو قوچکەییە کۆنەکە لەژێر ئاڵایەکی سوور و هەروەها هەندێك قسەکردن و نوسین و دەربڕینی تەکنیکیدا. کرێکار هەنگاوی شۆڕشگێڕبوونی دەنێت کاتێك کە کارە " کرێگرتەییەکەی- کرێکارێتیی " لەناودەبات.


کاتێك کە کرێکار لێرەوە و لە ئێستادا بێز لە پلەی چینایەتییەکەی دەکاتەوە، کاتێك کە بە تەواوی لەو تایبەتمەندییانەی کە مارکسیستەکان نرخ و بەهایان لەسەر داناون کە ئەخلاقی کارکردنە، کە کاراکتەری کەسایەتییەتی کرێکارە کە لە زەبتوڕەبتی پیشەسازیانەوە ئەنجامیگرتووە، ڕێزگرتنی قوچکەییە، گوێڕایەڵیی سەرکردەکانە، سیفەتی بەکاربردنی شمەكە، پاکیی و خاوێنیی و دەسستپاکییە، ...کاتێك کە لەمانە خۆی دادەماڵێت، ئیدی ئا لەم بارەدا کرێکار تا ئەو پلەیە شۆڕشگێڕدەبێت کە خۆی لە پێگەی چینایەتی خۆی دادەماڵێ و پلەی هۆشمەندی ناچینایەتی بەدەستدەهێنێت تاڕادەی خۆحەلکردنیی و ڕەتکردنەوەی خۆی وەکو کرێکار بەشێوەیەکی جوان و نایاب، بە پساندنی سەراپای ئەو زنجیرەی کە خەسڵەتە چینایەتییەکەیەتی، ئەو خەسڵەتانەی کە بە هەموو سیستەمەکانی پاوانخوازییەوە گرێیداوەتەوە، هەرەها دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییە چینایەتییانە دەبێت کە کردویەتی بە کۆیلە بۆ بەکاربردنی [ ئیستهلاك] ی شمەك و دانیشتن و سووچگرتن لە ڕاگرتنی حساباتی تێچوی شمەك لە ژیاندا [١١]


ئەوەی کە لە کارگەکانی ئەمڕۆدا هەیە و دەبینرێت دەرکەوتنی کرێکارە گەنجەکانە کە حەشیش دەکێشن ، دەربڕینی بێزارییە لە کارەکانیان، هاتنە سەر کار و ڕۆیشتنەوەیەتی، درێژبوون و درێژکردنەوەی قژیانە، داخوازی زیاتری کاتی خۆشبەسەربردنە لەبری پارەی زیادە، دزیی، هەراسانکردنی کەسانی ناوداری دەسەڵاتدار، مانگرتنی کوتوپڕیی، [ لێردا مەبەستی بوکچین لە مانگرتنی هەڕەمەکییانەیە واتە بێ خۆڕێکخستنی خۆیان – وەرگێڕ] و هەڵگەرانەوە و بەگژاچونەوە بەڕوی هاوەڵە کرێکارەکانیانا. لەوێدا تەنانەت بەڵێنی زیاتر هەیە لە پەروەردەکردنی ئەم جۆرە گەنجانە لە خوێندگای بازرگانی و قوتابخانە باڵاکانا، کە جێگا بە گەنجان دەدرێت تاکو پاشەکەوتی [ئیحتیاتی] کرێکارانی پیشەسازیی بۆ ئایندەش بخرێت. پەروەردەکردنیان بەم شێوەیە تا ئەو ڕادەیەی کرێکاران، قوتابییە میهەنییەکان و قوتابیانی خوێندنی باڵا ستایەڵی ژیانیان پەیوەستبکەنەوە بە چەند جۆرێك لە ڕواڵەتەکانی بێ سەروبەرەی کوڵتوری گەنجانەوە. ئایا پرۆلیتاریا لە هێزێکی پارێزەری گوێڕایەڵی دامەزراوە بۆ هێزێ شۆڕش دەگۆڕێت؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، جۆرە هەڵوێستێکی ئاوا لە تازە بارودۆخێکدا دەردەکەوێت کاتێك کە مرۆڤ ڕووبەوڕووی گۆڕانکاری لە کۆمەڵی چینایەتی سەرکوتکەرەوە کە لەسەر بناخەی کەمیی مەتریاڵەکان، کەرەسەکان، بۆ کۆمەڵێکی ئەزموونگەریی ناچینایەتی کە لەسەر بناخەی زۆریی/ زۆرێتی ماتریاڵەکان، دەگوێزرێتەوە. ئەو کاتە لە هەڵوەشاندنەوەی ستراکتوری چینایەتییە ترادیسوێنەکەوە جۆرێکی نوێ لە مرۆڤ دەخولقێت بە ژمارەیەکی زیاتریش : کە شۆڕشگێڕن. ئەم شۆڕشگێڕییە تەنها دەست بە بەرانبەركێی [ چالەنج] ژینگەی ئابوریی و سیاسیی کۆمەڵی قوچکەیی ناکات ، بەڵکو خودی قوچکەیی خۆیشی. ئەمەش بە تەنها پرسی پێویستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەرزناکاتەوە، بەڵکو هەوڵدەدا لەتەك نەریتی شۆڕشگێرانەشدا بژی تاکو ئەو ئاستەی کە ئەمە لە کۆمەڵی مەوجووددا ئەگەری کردنی دەبێت.[١٢]. شۆڕشگێڕ تەنها هێڕشناکاتە سەر فۆرمێك/شێوازێك کە لە ڕێگای میراتی[ بۆماوەیی] پاوانخوازییەوە دروستبووە، بەڵکو فۆرمە نوێیەکانی ئازادیی-ش گەشە پێدەدات کە بزوتنی خونچەکانی لە ئایندە وەردەگرێت
__________________________________________
١١- ئا لەم بارەدا، هەنگاونانی کرێکارانە لە نزیکبوونەوە لە گواستنەوەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی جۆرەکانی مرۆڤگەلێك کە مێژوویان بە زۆرترین تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕییەکانەوە، خستەبەردەست. بەگشتی " پڕۆلیتاریا" لە قۆناخەکانی گواستنەوەدا شۆڕشگێڕترین بوون، کاتێك کە کەمتر بەدەنیان لە لایەن سیستەمی پیشەسازییەوە " پرۆلیتاریایی کراوە " . بە وردی سەرنجدان لە شۆڕشی کلاسیکیانەی چینایەتی کرێکاران، لە پیترۆگراد و بەرشەلۆنە، لەوێ دەبینرێت کە کرێکاران ڕاسستەوخۆ خۆیان لە پاشخانی جوتیاریانە ڕووتکردۆتەوە. کرێکاران لە پاریس دا، هێشتا لە پیشەگەریی، یاخودا لە پاشخانی پیشەگەرییەوە بەرجەستە بووبوون. ئەم کرێکارانە ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتری ڕاهاتن لەتەك هەیمەنەی پیشەسازیدا بووبوونەوە بۆیە سەرجاوەیەکی بەردەوام بوون لە هێزێکی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگیڕی ناسەقامگیر. بە پێچەوانەی ئەوەوە جێگای سەرسوڕمانە کە چینی کرێکاران کە بە میراتی پیشەی کرێکارییان بۆ ماوەتەوە مەیلیان ناشۆڕشگێڕییە. تەنانە لە نموونەی کرێکارانی ئەڵمانیادا کە مایەی دڵخۆشی مارکس و ئەنگلس، بوون، وەکو مۆدێلێکی کرێکارانی ئەوروپی، زۆرینەیان پاڵپشتی ڕاپەڕینی Spartacistsی ١٩١٩ یان، نەکرد [ ڕاپەڕینی Spartacists یاخود جێنیوەری، لە ئەڵمنایا لە نێوانی ڕۆژانی ١/٥ و ١٢/١/١٩١٩ ڕویدا و کرێکاران بانگەشەی مانگرتنی گشتییان کرد ، لەو بارەدا لە هەندێك شوێندا بووە شەڕی چەکداریش – وەرگێڕ] . ئەوان بەشێکی زۆری سۆشیالدیمۆکراتە فەرمییەکانیان، گەڕانەوە بۆ کۆنگریسی ئەنجوومەنەکانی کرێکاران، هەروەها لە ساڵانی دواتریشدا بۆ ڕایستاخ ، بە بەردەوامیش پشتگیریی پارتی سۆشیالدیمۆکراتیان، تا ساڵی ١٩٣٣ دەکرد.
١٢- ئەم ستایەڵە شۆڕشگێڕییە ڕەنگە لە کارگەکان و لە شەقامەکان بەرەو پێشەوە بچێت هەر ئاواش لە قوتابخانەکان و ئەو شوێنانەی کە دەتوانرێت بۆ شەوێك تیایدا هەڵبکەیت، لە قەراغی شار و شارۆچکەکان و گوێ ئاوەکان... ئەمانە لە جەوهەریدا تەحەدایە " پاگەندەیەکە بۆ کردنی کارێك" ی شەخسی کە دژە بە هەموو عورف و نەریت و دەزگەکان هەروەها بیروباوەڕی هەیمەنەکردن. لەتەك نزیکبوونەوەی کۆمەڵ لە دەروازەی سەردەمی شۆڕشگێڕانە ، ئیدی کارگەکان ، قوتابخانەکان هەروەها گەڕەکەکان دەبنە مەیدانی حەقیقی " شانۆگەریی" " شانۆیەکی " شۆڕشگێڕانە کە کرۆکێکی زۆر جددی بۆ ئامانجێك تیادایە. مانگرتنەکان لەو بارودۆخەدا دەبنە دەردێکی کوشندە داخوازی بە خاتری بەرژەوەدنی خودی خۆی دەکا لە شکاندنی سیما و ڕوکاری دەرەوە لە ڕەوتینیات، کاژێر بە کاژێر تەحەدای کۆمەڵ دەکات بۆ تێشکانی مەزاجی حاڵەتی سروشتی بورجوازی . ئەم مەزاجە نوێیەی کرێکاران، قوتابیان و خەڵکانی گەڕەك بۆ چرکەی حەقیقی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە کارێکی پێشمەرجی زیندوانەیە. دەربڕێنێکی زۆری هۆشیارییە، داخوازی " خۆبەڕێوەبەری" یە، لێرەدا کرێکاران ڕەتیدەکەنەوە کە بەڕێوەببرێن، ڕەتیدەکەنەوە کە سەر بە چینێکن. ئەم پرۆسەیە زۆر بە ئاشکرا لە ئیسپانیا لە شۆڕشی ساڵی ١٩٣٥ دەرکەوت کاتێك کە کرێکاران لە زۆربەی هەموو شار و شارۆچکەیەك بانگەشەی مانگرتنیان کرد " بۆ دۆزەخ.." لە دەربڕینی سەربەخۆییانا، لە ژیریی بە ئاگابوونەوەیانا، بۆ شکاندنی نەریتی نیزامی کۆمەڵایەتی و مەرجەکانی ژیانی بورجوازیی. هەر ئاواش هەمان شت سیما و خەسڵەتێکی جەوهەریانە بوو لە مانگرتنی گشتی ١٩٦٨ لە فەرەنسا.
 


- بەشی هەفتەم -

 


پرسیارێك کە دەبێت بپرسین لە ئەم دواڕۆژانەی مێژوودا ئایا شۆڕشی کۆمەڵایەتی کە لە هەوڵی بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی ناچینایەتیدایە دەتوانێت لە ناخی بەیەکادانی نێوانی چینە تەقلیدییەکانا سەرهەڵبدات؟ یاخود ئەم جۆرە شۆڕشە دەکرێت تەنها لە حەلبووون یا بۆگەنکردنی چینە تەقلیدییەکانەوە سەرهەڵبدات، یا بەڕاستی دەکرێت لەسەرهەڵدانی تەواوی "چینێک" کە جەوهەرەکەی ناچینایەتییە، چینێکی گەشەکردوی شۆڕشگێڕن؟ لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا بە گەڕانەوە بۆ ئەو جەدەلە فراوانەی کە مارکس بۆ کۆمەڵی مرۆڤایەتی گەشەی پێدا وەکو گشت، دەتوانین فێری زیاتر بین، زیاتر لەو مۆدێلەی کە وەکو نمونەیەك لە دەرەبەگایەتی بۆ کۆمەڵی سەرمایەداریی قەرز کرد. هەر وەکو چۆن پەیوەندارێتی خزمایەتی خێڵە سەرتاییەکان هەنگاوی جیای بەرەو نێو چینەکان نا، هەر ئاواش لە ڕۆژانی سەردەمی ئێمەشدا مەیل و ڕەوتی چینەکان بەرەو حەلبوون بۆ کولتورێکی نوێی گەورەتر کە لق و پۆپی لێدەبێتەوە، دەڕوات، کە شێوەی فۆرمەکانی پەیوەندی ناسەرمایەداریی دەگرێتە خۆ. لەوێدا ئەم گروپانە چی دی پابەندی تاکە ئابوورییەک نین یاخود پێگەیان ئابوورییەك نیە، لە ڕاستیدا هەموویان ڕەنگدانەوەی ئاراستە و ئامانجی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیین بۆ تێپەڕاندنی ئابووریی توێژاڵەکانی نێو کۆمەڵ کە نوقسانی ئابوررییان هەبووە...لەم بارەشدا ئەوان کە لە کەتواردا لە کولتوری مەدەنیانەوە سەردەگرن و لە کەرەسەی خاوی نادیاری چالاك پێكدێن، لە بزووتنی پڕکردنەوەی کۆمەڵی نوقسانی ئابوریی بەرەو کۆمەڵی دوای نوقسانی ئابووریی.


پرۆسەی هەڵوەشاندەنەوەی [ حەلبوونی] چینەکان دەبێت بە هەموو ڕەهەندەنکانییەوە ڕەچاوبکرێن و تێگەیشتنی لێبکرێت. دەبێت لێرەدا وشەی پرۆسێس، جەختی لەسەربکرێتەوە : چینە تەقلیدییەکان لەناوناچن ، هەر ئاواش ململانێی چیانیەتیش، چونکە هەر تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتییە دەتوانێت ستراکتوری چینی باڵادەست و هۆکارەکانی بەیەکادان ڕاماڵێت. خاڵێك کە لێرەدا هەیە ئەوەیە کە تێکۆشانی تەقلیدی چینایەتی دەوەستێت تاکو بنەما و ناوەرۆکی شۆڕشگێرانەی خۆی ئاشکرا بکات وەکو فسیۆلۆجی [ زانستی وەزیفەکانی ئۆرگانەکان- وەرگێڕ] ، لە کۆمەڵی باودا، نەك وەکو ژانی لە دایکبوونی منداڵ. لە ڕاستیدا تێکۆشانی تەقلیدیانەی چینایەتی، کۆمەڵی سەرمایەداریی سەقامگیردەکات بە " ڕاستکردنەوەی" لە خراپکارییەکانی سیستەمەکە، وەکو ( کرێ، کاژێری سەر کار، هەڵئاوسانی پارە، کارکردن...تد). لە کۆمەڵی سەرمایەداریی دا نقابەکان خۆیان بۆ خەباتی دژ بە" مۆنۆپۆلی" ڕیکدەخەن دژ بە مۆنۆپۆلی [ ئیحتیکاریی] پیشەسازیانە دەوەستنەوە، هەروەها ئاوێتەدەبن بە ئابووریی توێژاڵی بازرگانییەتی وەکو موڵکدارێتی. لە چوارچێوەی ئەم موڵکایەتییەدا بەیاکادانەکان زۆر یا کەم دەردەکەون، بەڵام وەکو گشت، نقابەکان سیستەمەکە بەهێز دەکەن و خزمەتی مانەوەی دەکەن.


بۆ بەهێزکردنی ئەم ستراکتوری چینە، کرێکاران، بە قسەکردنی بەردەوام و دووبارەبوونەوە و خۆشحاڵبوون بە " ڕۆڵی چینی کرێکاران" بۆ پاڵپشتکردنی [تەعزیزکردنی] خەباتی تەقلیدیانەی چینایەتی بە لێدانی لەزگەی ناوەرۆکی " شۆڕشگێڕیی" ، بۆ نەخۆشخستنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەسەردەمی ئێمەدا بە " شکۆدارکردنی کرێکار یا چینی کرێکاران کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە "workeritis" [ کرێکارێتی- کاری کرێگرتە] کرۆکی کۆنەپەرستییە. بۆ چەند جار مارکسیستە مەزهەبییەکان دەبێت بیریان بخرێتەوە کە مێژووی تێکۆشانی چینایەتیی مێژووی دەرد و نەخۆشییە، مێژووی برینەکانە کە کە لەلایەن گرنگی و بەناوبانگیی " پرسی کۆمەڵایەتیی" بە گەشەکردنی یەكلایەنانەی مرۆڤ لە هەوڵدانیا بۆ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی سروشت لەلایەن پیاوانی هاوەڵ و برادەرییەوە؟ ئەگەر بەرهەمی لاوەکی ئەم نەخۆشییە، تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بووبێت، ئەوە بەرهەمە سەرەکییەکان، سەرکوتکردن، ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و هەروەها ترس و خۆفی شێواندنی ڕۆحی خودی مرۆڤە.


کاتێك کە دەردەکە دەگاتە کۆتایی، کاتێك زامەکە، برینەکە لە هەرە قوڵاییەکەیدا دەوەستێ و دەست بەساڕێژبوونەوە دەکات، ئیتر پرۆسەکە ئاشکرا دەبیت و بەرەو تەواوبوون دەڕوات، ناوەرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی تێکۆشانی تەقلیدیانەی چینایەتی وەکو تیئورێکی بنیاتنەرانە و هەروەها وەکو حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتیی، ماناکانی خۆیان لەدەستدەدەن. ئیدی پرۆسەی حەلبوون و هەڵوەشانەوە و ڕووبەڕوووی نەك هەر ستراکتوری تەقلیدیانەی چینەکەدا، دەبێتەوە، بەڵکو بە خێزانی باوکسالاریی، شێوازی پەروەردەکرنی دەسەڵاتخوازانە، هەژمونی دین، دەزگەکانی دەوڵەت و هەروەها نەریتەکانی کە لەسەر چەوساندنەوە و وازهێنان و ڕەتکردنەوە و هەستکردن بە تاوان و ژێوانبوونەوە لە هەست بە تاوانبارێتی [موعەزەبیی] و لەتەك سەرکوتکبوونی جنسیانە. هەر هەموو ئەمانە دەگۆڕێت. پرۆسەی تەفکیك و حەلبوونی نائاوێتەبون لە کراسێکدا ئیدی تا ڕادەیەكی زۆر سەراپای چینە تەقلیدییەکان، بەها و دەزگەکان، هەموویان دەگرێتەوە. بەم شێوەیە پرسە نوێییەکان، شێوازی خەباتکردن و هەروەها فۆرمگەلێك لە ڕێکخراوەکان و بانگەشەی بەرخوردێکی نوێی تەواو بۆ تیئوریی و پراکتیكکردنی بەکردەیی، دەخولقێنێت.


ئەمە بە شیوەیەکی هەستپێکراو و کۆنکرێتیانە چی دەگەیەنەێت؟ باشە با بەراوردی هەردوو بەرخوردەکە بکەین، مارکسیستەکان و شۆڕش. مەزهەبی مارکسیانە داوامان لێدەکەن بە نزیکبوونەوەمان لە کرێکار یا باشتر " چوونە" ناو کارگە ... بە گرنگییدان بە کرێکاێك بە " فەزڵ و ڕێزگرتن " تا هەر یەکێکی دیکە. ئەمە بە هەدەفی چی؟ تاکو کرێکار بکاتە " چینێکی هۆشمەند" ، با لە دیدی چەپی جارانەوە دەستنیشانی نمونە هەرە نیاندەرتاڵییەکانبکەین، یەکێك سەری یەکێکی تر چاك دەکات، خۆ رازاندنەوە بە بەرگی سپۆرتی سەردەم، وازهێنان لە حەشیشە کێشان بۆ جگەرەو بیرە، بە شێوازی نوێ سەماکردن، رەفتارکردن و گوفتارکردن لە شێوەی ' توند و ڕەق'،دا پەیرەوکردنی سەروسیمایەکی بێ کەیفو ووشکو خۆبەزلزان. [١٠]


بەکورتی ، دەتوانرێت بوترێت کە یەکێك ئاوا دەبێتە کرێکار لە خراپترین ئەم شێوازە کاریکاتێرییەدایە " پیتی بورجوازییەکی گۆڕێنراوە " بە دڵنیاییەوە بورجوازییەکی لەیەکهەڵوەشاوەیە. ئەمەش وەکو ئەوەیە کە کەسێك لاسایی کرێکار دەکاتەوە هەر بە قەدەر ئەوەی کە کرێکار لاسایی ماستەرەکانیان دەکەنەوە. لەژێر ناوی گۆڕانی قوتابیی دا بۆ " کرێکار" گاڵتەجاڕییەکی زەرەرمەند خۆی حەشارداوە ، یەکێك دەیەوێت ئەو زەبتوڕەبتەی کە ژینگەی کارگە کە لە مێشکیا چەسپاندویەتی بەکاربهێنێت بۆ زەبتوڕەبتی کرێکاران بۆ ناو ژینگەی حیزب. یەکێك هەوڵی بەکارهێنانی ڕیزی کرێکاران کە بۆ پیشەسازیی قوچکەییان هەیە بۆ هاوجوتبوونی، زەواجی کرێکار لەتەك پارتی قوچکەیی. ئەم پرۆسە بێزراوە ئەگەر بێتو سەرکەوتووبێت گۆڕانێك دەبێت لە جێگرتنەوەی قوچکەییەك بە قوچکەییەکی دیکە، ئەمەش بەناوی پەرۆشبوونەوە بەدەستدەهێنرێت، گوایە ئەمان بەتەنگ داخوازییە ئابوورییە ڕۆژانەکانی کرێکارەوەن . تەنانەت تیئوری مارکسیی ڕازییە بە دابەزینی پلەی کرێکار بۆ ئەم وێنە و شێوەی بێ بەهایی و کەمکردنەوەیە. ( دەکرێت وەکو تەحەدایەك بەوان، تەماشای هەر کۆپییەکی چەپەکان سەبارەت بە شرۆڤەی پرسی قەومی یا نیشتمانی لە لایەن ئەوانەوە، بکەیت. هیچ شتێک ئەوەندەی ئەم جۆرە موحازەراتانە کرێکار بێزار ناکات .) لە کۆتاییدا کرێکار بایی ئەوە زیرەکە تاکو بزانێت کە چ ئەنجامێکی باشتری لە تێکۆشانی ڕۆژانەی چینایەتیدا لە ڕیگای بیرۆکراسییەتی نقابەوە تاکو لە ڕێگای بیرۆکراسی پارتی مارکسیستانەوە، بەدەستدەهێنێت. ساڵانی چلەکان [ بوکچین مەبەستی چلەکانی چەرخی بیستەمە - وەرگێڕ] ئەمەی لە شیوەیەکی زۆر دراماتیکانەدا دەرخست کە لە ماوەی ساڵێك یادوواندا بەدەگمەن ناڕەزایی لەلایەن کەسان و ئەندامانی ئاسایی ڕێکخراوەکانەوە، دەبینرا. نقابەکان سەرکەوتوبوون لە دەرپەڕاندنی هەزارەها لە " مارکسیستەکان" کە زیاتر لە دەیەیەك کاری زۆر گرنگ و سەختیان لە بزوتنەوەی کرێکاراندا دەکرد، تەنانەت لە ڕیکخراوی کۆنی نێونەتەوەیی، هەڵزنان بۆ پلەی سەرکردایەتیش .
درێژەی هەیە.
__________________________________________
١٠- لەم خاڵەدا پێشبینییەکانی چەپی کۆن بۆ وێنەو ڕواڵەتی مرۆڤە سەرەتایەکەی خۆیان [ نیاندەرتاڵ] ئاوایە کەبە بۆچونی خۆیان بە کرێکاری ئەمەریکی دەچوێنن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کڵێشەو ڕاوڵەت و چواندنە زۆر نزیکە لە کاراکتەری کەسێکی بیرۆکراتی نقابەوە یاخود کۆمیسەریی ستالینیی.

__________________________________________

بەشی شەشەم: www.emrro.com/giweradereeym6.htm

بەشی چوارەم و پێنجەم: www.emrro.com/giweradereeym4.htm

بەشی دووەم و سێیەم: www.emrro.com/giweradereeym2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/giweradereeym.htm

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک