٢٥\٥\٢٠١٣
گیان
لەدەستدانی (موخلیس خەلەف) خۆشەویستی کوردانی هودرسفێڵد
بۆشاییەکی
گەورەی لە نێو رەوەندی کوردی بەریتانیا دروست کرد.
بە
داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دوێنێ هەینی ٢٤\٥\٢٠١٣
هونەرمەند و سیاسەتمەداری کورد (موخلیس خەلەف) لە پاش ململانێیەکی سەخت
لەگەڵ نەخۆشیی لە شاری هودرسفێڵدی بەریتانیا گیانی لەدەست دا، هەر
لێرەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بە خانەوادە بەڕێزەکەی و رەوەندی
کوردانی هودرسفێلد و بەریتانیا و تەواوی کوردان رادەگەیەنین.
موخلیس خەلەف لە شاری قامیشلۆی کوردستانی رۆژاوا لە دایک بووە و وەک
هەر کوردێکی ئەوێ لەنێو سیستەمی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەی رژێمی سوریا
گەورە بووە، بەڵام ئەو هەر لە سەرەتای نەوجەوانییەوە خورتێکی هۆشیار و
زیرەک بووە و تێکەڵ بە سیاسەت و فەرهەنگی شۆڕشگێڕیی میللەتەکەی خۆی
بووە و لە خوێندنیشدا توانی سەرکەوتوانە بڕوانامەی ئەندازیاریی وەدەست
بهێنێ.
پاش ئەوەی بە هۆی کارە سیاسییەکانییەوە بەکرێگیراوانی رژێمی سوریای
دیکتاتۆریی و داگیرکەری کوردستان زۆری بۆ دەهێنن ئاوارەی هەندەران دەبێ
و لە شاری هودرسفێڵدی بەریتانیا دەگیرسێتەوە، لێرەش لە بەریتانیا لە
چالاکییەکانی خۆی ناکەوێ؛ جگە لەوەی لە رووی سیاسییەوە لەگەڵ پارتی
یەکیەتی دیموکراتی (پەیەدە) کاری دەکرد تێکەڵی کۆمەڵە کوردییەکانی
بەریتانیاش دەبێ و هەر لە شاری هودرسفێڵدیش دەبێتە ئەندامی دەستەی
سەرپەرشتیی (کۆمەڵەی رۆشنبیریی کوردی - کێرکلیس).. جگە لە ئیشوکارەکانی
خۆی وەک ئەندامێکی کارا لە کۆمەڵەکە.. هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی
دەڕبڕینێک لە پێناو ماف و ئازادییەکانی کوردانی هەر پارچەیەکی کوردستان
و کوردانی تاراوگە لە شارەکە و دەوربەریدا هەبا ئەو
تێیدا رێکخەر و
هەڵسووڕێنەری بوو تەنانەت زۆر جار لە شاری هودرسفێلدەوە چل پەنجا
کەسێکی کۆدەکردەوە و دەچوون لە لەندەن بەشداری خۆپیشاندانەکانی رەوەندی
کوردیان دەکرد دژ بە رژێمە داگیرکەرەکانی سوریا و تورکیا و ئێران،
پاشانیش لە هەڵبژاردنی سێیەمی لێژنەی سەرپەرشتیی دەبێتە سەرۆکی
کۆمەڵەکە، بەڵام بە داخەوە ئیدی کۆمەڵێک نەخۆشیی تەنگی
پێهەڵدەچنێ و لە
کار و چالاکییەکانی دادەبڕێ تا سەرئەنجام لە ٢٤\٥\٢٠١٣
بە یەکجارەکی ماڵئاوایی لە خۆشەویستانی دەکا.
شایانی باسە (موخلیس)ی هێژا و خۆشەویستی رەوەندی کوردی بەریتانیا وەک
هونەرمەندێکی شێوەکار و کاریکاتێریست چەند پێشانگەیەکی کاریکاتێرییشی
کردەوە و کۆمەڵێک بەرهەمی نایابیشی لە دوای خۆی بەجێهێشت، بۆ دیتنی
هەندێک لە بەرهەمە کاریکاتێرییەکانی دەتوانن کرتە لەسەر ئەو لینکە
بکەن:
www.emrro.com/malperimuxlis.htm
لێژنەی سەرپەرشتیی (کۆمەڵەی رۆشنبیریی کوردی -
کێرکلیس)ی پێشان
٢٥\٥\٢٠١٣
- هودرسفێڵد / بەریتانیا
krkkuk@hotmail.com
ماڵپەڕی موخلیس خەلەف
|