١٤\٧\٢٠١٢
گۆنا
سهعید:
لە
بنهڕهتهوه ژنان بۆ مەسەلەی رزگاریی و مافەکانی ژنان
پەیوەست نەبوون بە حیزبەکانهوه.
ئا: ئەرسەلان رەحمان
- بهشی
دووەم -
رێکخراوەکانی ژنان:
ئەرسەلان رەحمان:
لەسەردەمی خەباتی شاخدا هەر حیزبێکی سیاسی رێکخراوێکی بەناوی
رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان دروستکردبوو، ئایا بەراستی ئەوە
لەخەمخۆرییان بوو بۆ مافەکانی ژنان یان تەنیا بۆ کەسبکردنی وەلائی
سیاسی ژنان بوو بۆ حیزبەکانییان؟
گۆنا
سهعید: سەردەمی شاخ سەردەمێکی جیاواز بوو لە ئێستە، لە لایەک
بەشێکی زۆر لە خەڵک بە ژنانیشەوە ئەو کاتە چەواشە بوون بە حەقانییەتی
خەباتی میللی ئەم حیزبانە، لە هەمانکاتدا ئەو دەورانە زۆرێک لە
حیزبەکان لەباری فکرییەوە خۆیان بە نزیک بە بیروباوەڕی سۆشیال
دیموکراتی دەزانی کە مۆدێلێکی پێشکەوتوو بوو بۆ رێکخستنی خەڵک.
بۆیە ژنان دەیانویست بە شداری بکەن لە وەی کە پێێ دەوترا "شۆڕش"،
ئەمانە هەندێک لەو هۆکارانەن، کە هەموو ئەم حیزبانە رێکخراوەی حیزبی
ژنانیان درووستدەکرد بۆ درووستکردنی چوارچێوەیەک بۆ ژنان کە تیایدا
چالاک بن، بەڵام هەروەک پێشتر باسم کرد، بە هۆی ناکۆکی ناوەڕۆکی ئەم
حیزبانە لەگەڵ مەسەلەی ئازادی و یەکسانی ژنان، هەر لەسەرەتای
نەوەتەکانەوە، نیازی ئەم حیزبانە بە تایبەت یەکێتی و پارتی بەم
رێکخراوانەی ژنان دەرکەوت، ئەویش هیچ نەبوو، تەنها بەکارهێنانیان نەبێت
بۆ بەرژەوەندی حیزبایەتی خۆیان لە بابەتی بەکارهێنانیان بۆ راکێشانی
دەنگی ژنان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها داپۆشین و چەواشەکردنی
کەیس و ئامارەکانی توندوتیژی لەسەر ژنان، کە خۆیان دەستێکی باڵایان
هەبوو تێیدا، ئەم رێکخراوانە ئەو کاتە سەلماندییان کە نیازیان بە
رزگارکردنی ژنان و بەدیهاتنی مافەکانیان نیە، بەڵکو بوون بە رێکخراوەی
چەند ژنە بهرپرسێک و هیچیدیکه، بهڵام هەر لەو سەردەمەدا بە هۆی
بەهێزی بزوتنەوەی سەربەخۆی ژنان و بە نوێنەرایەتی رێکخراوی سەربەخۆی
ژنان کە فشاری دەهێنا بۆ ئەم رێکخراوە حیزبیانە تا کار بکەن لەسەر
مەسەلەی ژنان، زۆریان لە بەرامبەر گەشە کردنی چالاکییەکانی ئەم
رێکخراوە کەوتنە دانانی پرۆژەی جۆراو جۆر بۆ ژنان لە بابەتی کۆرسی
خوێندن وپرۆژەی کار و دانانی شێڵتەر بۆ ئەو ژنانەی رووبهڕووی
توندوتیژی دەبوونەوە.
لە دەرەوەی ئەم دوو حیزبەدا، حیزبەکانیدیکهش رێکخراوی ژنانیان هەبوو،
بەڵام بە گشتی بچووک وناکارا بوون.
ئەو سەردەمە زانراو بوو ئەو رێکخراوانە سەر بە چ لایەنێکی سیاسین،
هەڵوێستەکانیان رۆشنبوو، بەرامبەر بە مەسەلەی ژنان لە بەرچاوی
کۆمەڵگەدا، ئەو کات هەموو کەس دەیزانی کە کێ بەرگری لە مافەکانی ژنان
دەکات و بە راستی بۆ ئازادی و یەکسانی ژنان هەوڵدەدات و کێش بە
پێچەوانەی ئەوە دەکات و خەریکی گیرفان پڕ کردن و چەواشەکارییە سەبارەت
بە کێشەکانی ژنان، هەروەها حیزبەکان راستەوخۆ هەڵوێستیان لەسەر مەسەلەی
ژنان بۆ کۆمەڵگە لە رێگەی ئەم رێکخراوانەوە رۆشن بوو، بۆیە تا رادەیەک
بواری چەواشەکاری کەمتر بوو.
ئەرسەلان رەحمان:
ئەو رێکخراوانەی حیزبەکان رۆڵ و ئەرکییان لە رابردوودا چی بوو، ئایا
ئێستا دەکرێت ئەوان وەک رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی ژنانی کۆمەڵگە
بناسین؟
گۆنا سهعید: بە داخەوە لە کاتێکدا کە
مەسەلەی ژنان و توندوتیژی لەسەریان زۆر کەس باسی دەکات و وەک سەرەتای
نەوەدەکان نیە، کە تەنها رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و کۆمۆنیستەکان
باسیان دەکرد، ئێستا دەیان رێکخراوە و دەزگای جۆراوجۆر درووستبوون،
بەڵام رهوشی ئەمڕۆی رێکخراوەکانی ژنان بە ئاڵوزتر دەبینم، چونکە بە
گشتی چاک و خراپ تێکەڵ بووە لە بەر چاوی کۆمەڵگە. بۆ ژنان زانراو نیە،
کە دەبێت بۆ رزگاری خۆیان لەگەڵ کێدا خەبات بکەن.
ئێستە هەموو لایەنە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بە دەیان
چالاکوانی مەدەنی و ژنان و رێکخراوەی خێرخوازی و شتیدیکهیان
درووستکردووە، ئەمانە هێشتا هەر بەرژەوەندی حیزبەکان دەبەنە پێش، بەڵام
لە ژێر ناوی سەربەخۆ بوون و کاری خێرخوازی وچالاکی مەدەنیدا کار دەکەن.
بۆ نموونە بڵێم، چەند مانگێک لەمەوبەر ژنێکی سەر بە لایەنێکی ئیسلامی
بە ناوی چالاکی مافی ژنان لێدوانێکیدا و بانگەوازی بۆ لابردنی
رێگرییەکان لەسەر فرەژنی کرد!! ژنێکی سەر بە یەکێتی خۆی بە عەلمانیترین
ژن دەناسێنیت، بەڵام رەخنەیەک لە حیزبەکەی ناگرێت کە ٢١ ساڵە لەسەر
دەسەڵاتە بۆ ژنکوژێکی نەداوەتە دادگا.
لەمانەش هەزەلیتر لەم رۆژانەدا بینیم، (مەلا بەشیر) کە خاوەنی
فەتوایەکی بە ناوبانگە بۆ کوشتن و لێدانی هەڵسوڕاوانی رێکخراوی
سەربەخۆی ئافرەتان، چاوپێکەوتنی کردبوو لەگەڵ ژنە رۆژنامەنووسێکی
بەریتانی سەبارەت بە باشبوونی رەوشی ژنان لە هەرێمی کوردستان،... ئەم
نموونانە چەند دڵۆپێکن لە دەریایەک چەواشەکاری، کە بە ناوی مەسەلەی
ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەکرێت بە بێ ئەوەی تائێستا ژنێک لە کوشتن
رزگار کرابێت یان کچێک لە حاڵەتی خۆکوشتنەوە ئومێدی ژیانی بەبەردا کرا
بێتەوه.
ئەرسەلان رەحمان:
رێکخراوە حیزبییەکانی ژنان بەدرێژایی مێژووی خەباتیی حیزبایەتییان
نەیانتوانییوە ژنانی کارای ناو رێکخراوەکانییان بگەیەننە سەرکردایەتی
حیزبەکانییان ئایا ئەوان دەتوانن ببنە نوێنەری ژنانی کۆمەڵگە؟
گۆنا سهعید: لە بنهڕهتهوه ژنان بۆ مەسەلەی رزگاری و
مافەکانی ژنان پەیوەست نەبوون و نابن بە حیزبە جیاجیاکانەوە، بەڵکو وەک
تاکێکی کۆمەڵگە پەیوەست دەبن بە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیەوە، کە دەکرێت
بزوتنەوەی قەومی، ئایینی یان چەپ و کۆمۆنیستی،...هتد بێت.
بۆ نموونە ئەو ژنانەی لە سەرەتاوە پەیوەستبوون بە پارتی، یان بە
یەکێتیەوە لە ژێر کاریگەری بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمدا بوون و لەگەڵ
کەسوکار و پیاوانی نێو خێزانەکانیان ئینتمایان کردووە، ژنانێکی زۆر لەو
مێژووەدا پەیوەستببون بە حیزبی شیوعی عێراقەوە لە بەر ئینتمایان بە
بزوتنەوەی چەپی بورجوازی و سۆشیال دیموکراتی و ریفۆرمیستی باوی ئەو
کاتە.
ئەرسەلان رەحمان:
ئهی له ئێستادا، ئهو ژنانهی چوونهته ناو حیزبهکانهوه تا چهند
ئامانج و بهرژهوهندی ژنان لهبهر چاو دهگرن؟
گۆنا سهعید: ئێستاش هەروایە، بەرژەوەندی
جیاوازی چینایەتی ژنان ئەوانی دابەشکردووە بەسەر حیزب و رێکخراوی جۆارو
جۆردا، واتە خودی مەسەلەی ژن بوون بە تەنها هیچ کات ژنانی لە نێو
حیزبێکدا کۆ نەکردۆتەوە، هیچ حیزبێکیش بە تەنها بۆ رزگاری و مەسەلەکانی
ژنان دانەمەزراوە، بەڵکو لە بنهڕهتهوه بۆ مەسەلەیەکی دیکه
دامەزراوە.
ئەوەی ژنان چۆن دەبێت بڕواننە بەرژەوەندی جێندەری خۆیان، ئەوا بۆ هەر
ژنێک کە ئەندامی حیزبێکە دەبێت بپرسێت ئەم حیزبە بۆ من وەک ژنێک چی
پێیە؟ بەرنامەکەی لەسەر مافەکانی من وەک ژنێک چی دەڵێت؟ لە کرداریدا،
لە دەسەڵاتدا، یان لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بۆ مەسەلەی ژنان چی دەکات؟
من دڵنیام، ئەگەر ژنان ئەم پرسیارانە بکەن و لەسەر بنهمای ئەمە
حیزبیبوون، یان نەبوونی خۆیان بڕیار لێبدەن، بەشێکی زۆریان دێنە دەرێ
لە ریزی ئەو حیزبانەدا، پێشم وایە تەنها لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا
ژنان دەتوانن نوێنەرایەتی مەسەلەی ژن بکەن، لە نێو حیزبەکانیاندا و لە
نێو کۆمەڵگەشدا، بەڵام ئەوەی روویداوە پێچەوانەی ئەمەیە. بوونی ژنان لە
نێو ئەو حیزبانەی کە کۆنەخواز و خێڵەکی و ئاینیین، بووەتە هۆی ئەوەی،
ئەو ژنانە بەکار بهێنرێن بۆ ئەو مەبەستە، کە لە بزوتنەوە و حیزبەکانی
دیکه بدەن لەسەر مەسەلەی ژنان. پرۆژەی ناشۆڕشگێڕانە درووستبکەن و
مەسەلەکانی ژنان بە لاڕێدا بەرن. جارێکیدیکه دەیڵێمەوە، لە نێو ئەم
حیزبانەدا ژنان ئینتمایان نیە بۆ مەسەلەی جێندەری. بەڵکو ئینتمای
چینایەتی و بەرژەوەندی تایبەتیان هەیە و زاڵە بەسەر کار و
هەڵویستەکانیدا.
من ئەمە وەکو زۆرێک لە رەخنەگرە فیمینیستەکانی دیکه باس ناکەم، بەڵکو
وەک واقعێکی ئەمڕۆی ژنان لە ههرێمی کوردستان باسی دەکەم، من تائێستا
کە ژنێکی کارام دیبێت لەسەر مەسەلەی ژنان لە نێو ئەم حیزبانەدا تەنها
بە شێوەیەکی زۆر کاتی بووە، ئەویش یان پێش لە هەڵبژاردنەکان و بۆ
ڕووسوورکردنی حیزبەکەی بووە لەبەرچاوی ژنان و بۆ دەنگی ژنان، یان
ههڵمهتێکی شەخسی بووە لە نێو ژنانی نێو حیزبەکەیدا بۆ نیشاندانی
ئەوەی کە چالاکە و بۆ سەرکەوتن بووە بەسەر پەیژەی نزیکبوونەوە لە
پۆستێکی نێو دەسەڵاتدا.
________________________________________________
•
بەشی یەکەمی دیمانەکە:
www.emrro.com/gonasehidpartiu1.htm
ماڵپهڕی
گۆنا سهعید
|