په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٣

گۆڕان بۆ لە ھەولێر کۆنگرە دەبەستێ؟
ترس لە یەکێتی یان شکاندنی تەلیسمەکانی پارتی؟


پێشڕەو حەمید      


بە ھۆی پێداگریی و بەرگرییکردن لە شاری سلێمانی ھەمیشە لە لایەن نەیارەکانیەوە "نەوشیروان موستەفا"یان بە شارچی و کەسێکی شارپەرست ناساندوە و ھەوڵیان داوە لە دەرەوەی سنووری شاری سلێمانیییەوە خەڵکی ناوچەکانی تری لێ دووربخەنە و لە دیدی خەڵکەوە وێنەیەکی پێببەخشن کە نەیارەکانی پێیان خۆش بووە!!


بردنی کۆنگرەی گۆڕان لە شاری سلێمانییەوە بۆ شاری ھەولێری ژێردەستی شەریکە تازەکەیان، شکاندنی تەقلیدی باوی پارتی و یەکێتی بووە کە ھەمیشە لە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیان کۆنگرە درەنگ وەختەکانیان بە ئاکام گەیاندوە؟ یان بردنی گۆنگرە بۆ ھەولێر ترس بووە لە یەکێتی و دڵنیانـەبوونیان بوە لە پاراستنی گیانی ئەندامانیان و بارودۆخی کۆنگرەکەیان؟ یان ھەوڵێکی تری بزووتنەوەی گۆڕانە بووە بۆ سڕینەوەی گومانی شارچێتی لەسەر ڕێکخەرە گشتییەکەیان؟ ئەشێ یەکێک لەو سێ ھۆکارە بیانوویەکی بەھێزی ئەوان بێت، دەکرێ ھیچیان نەبَێت و جۆرێک لە تەکتیکی رێکخستنی بزووتنەوەکە بێت بۆ شکاندنی ئەو تەلیسمەی پارتی کە بۆ حیزبەکانی تری کێشاوە، یان ڕەنگە ئەوە نامەیەک بێت بۆ ھەموو لایەک کە بزووتنەوەکە تەنھا بۆ بەشداریکردن لە حکومەت ناڕواتە شاری ھەولێر، بەڵکو ھەولێر دەکاتە کەناڵێکی شلگیرانەی کاری بەردەوامی خۆی و تەلیسمەکانی پارتی تێکئەشکێنێت و پارتی ھەناسەسوار ئەکات و کار بۆ ئەوە دەکات ھەنگاو ھەنگاو خۆی جێگر بکات بۆ لەقکردنی ئەو هەژموونەی پارتی کە لە دوای ٣١ ئابەوە تا ئێستا بەدەستی ھێناوە.


یەکەمین کۆنگرەی بزووتنەوەی گۆران ڕەنگە بۆ زۆر کەس وەھا ببینیرێت کە بزووتنەوەی گۆڕان راشکاوە لە کاری سیاسیی خۆیدا و ئەو پرینسیبانە تێکناشکێنێت کە ئەبَێت بزووتنەوەیەک یان پارتێکی نوێخواز و مۆدێرن ھەیبێت!! بەڵام بە بینیی ئێمەومانان ئەو کۆنکگرەیە توانای یەکلایکردنەوەی زۆر کێشەی ناوخۆی بزووتنەوەکەی نابێت و چارەسەری زۆر شتی پێ ناکرێت و تەنھا شوێنکەوتنی بەڵێنێکە کە پێشتر لە سلێمانی بە ئەندامان و دۆستانی خۆیانیان دابوو کە کۆنگرە ئەبەسترێت؟! ئەگەر نا کۆنگرەیەک نەتوانێت گۆڕانکاریی لە پەیکەری بەرێوەبردنی بزووتنەوەکەدا بکات و بەشێکی لە ئەندامە بەشداربووەکانی بە کۆدەنگیی "تەزکییە" بەشداریان پێبکرێت، ئەو کات کۆنگرە چ واتایەکی ھەیە؟


ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ھەر ٤ ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستێت و راشکاو بن و بڕیار بدەن پەیکەری بەڕێوەبردن بگۆڕن و کار بۆ بەکاریزماکردنی ھیچ سەرکردەیەکی خۆیان نەکەن و لە کایە سیاسیی و ڕۆشنبیرییەکانی خۆیاندا ئەوە بە کردار بەرجەستە بکەن، ئەو کات بە ھۆی کرداری بەرجەستەکراوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە زۆر "پارتی سیاسیی نوێ" دروست ئەبن و زۆر "پارتی سیاسیی تریش" ھەڵدەوەشێنەوە و شێوەی کارکردنی خۆیان دەگۆڕن و بزووتنەوەی گۆڕان پێشەنگییان دەکا.
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک